له‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینه‌وه‌ رای ته‌واوی حزبه‌كان بزانه‌

لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 18ی مانگ چی ده‌ڵێن؟

له‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینه‌وه‌ رای ته‌واوی حزبه‌كان بزانه‌

412 خوێندراوەتەوە

تا دێت دۆخی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دانیشتنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 18 مانگ ئاڵۆزتر ده‌بێت، تاكو ئێستاش پارتی و یه‌كێتی هیچ رێكه‌وتنێكی واژۆكراویان ئه‌نجام نه‌داوه‌.

 

سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی راو سه‌رنجی حزبه‌كان له‌مباره‌وه‌، دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین وتوێژی له‌گه‌ڵ هه‌ر شه‌ش حزبه‌ دیارو سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ ( پارتی و یه‌كێتی و گۆران و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ی نوێ).

پێشه‌وا هه‌ورامی  په‌رله‌مانتاری زه‌رد

پارتی: چاوه‌روانی یه‌كێتی ده‌كه‌ین.

 

 
پێچه‌وانه‌ی خولی پێشووی په‌رله‌مان، زیاتر له‌ لایه‌ناكانی دیكه‌، پارتی خۆشحاڵ ده‌بینرێت بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان، پێشه‌وا هه‌ورامی ئه‌ندامی فراكسیۆنی زه‌رد له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دیپلۆماتیك ده‌ڵێت: ئێمه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 18 مانگ ده‌كه‌ین.

 
وتیشی: ئه‌وان چاوه‌ڕوانی یه‌كێتی ده‌كه‌ن كاندیدێكیان بۆ ده‌سنیشان بكه‌ن و ئه‌مانیش وه‌ك ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی ده‌نگی پێبده‌ن.

 


یه‌كێتی: كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌بێت له‌یه‌ك كاتدا بێت.

،،

یه‌كێتیش به‌فه‌رمی به‌پارتی وتووه‌ پێش ڕێكه‌وتنی سیاسی ناچنه‌ نێو هۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان.

 
سه‌ره‌ڕای یه‌كلابونه‌وه‌ی به‌شداری كردنی یه‌كێتی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی 18 مانگ، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م حیزبه‌ كاندیده‌كانی(بێگه‌رد تاڵه‌بانی،ڕێواز فایه‌ق)یه‌كلای نه‌كردۆته‌وه‌،یه‌كێتیش به‌فه‌رمی به‌پارتی وتووه‌ پێش ڕێكه‌وتنی سیاسی ناچنه‌ نێو هۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان.

 
سه‌لمه‌ فاتیح په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر فراكسیۆنی سه‌وز، سه‌رسوڕمانی خۆی له‌و ده‌نگۆیانه‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌باس له‌ خراپی ڕه‌وشی ناوخۆی یه‌كێتی ده‌كه‌ن به‌هۆی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

 
"نه‌ یه‌كێتی و نه‌ پارتی ڤیتۆیان له‌سه‌ر هیچ كاندیدێكی یه‌كتریی نییه‌،5ی2 ڕێكه‌وتین له‌گه‌ڵ پارتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌یه‌ك كاتدا ئه‌نجام بدرێت ". سه‌لمه‌ وایوت.

 

وتیشی"بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌، ئافره‌تێك ده‌بێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی شانازییه‌ بۆ یه‌كێتی".

سه‌لمه‌ فاتیح په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر فراكسیۆنی سه‌وز

 

گۆڕان: له‌به‌ر پارتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی 18ی مانگ ناكه‌ین.

،،

 تا ئێستا نازانین به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ین یاخود نا.

 

 
زیاتر له‌لایه‌نه‌كانی تر،ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ نزیك تر له‌ بڕیاره‌كانی پارتی ده‌بینرێت و دواین كۆبوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ پارتی به‌ئیجابی و سه‌ركه‌وتوو ناوبرد.

 
هه‌ندێك پێیان وایه‌ گۆڕان له‌ئێستادا ده‌یه‌وێت ببێته‌ جێگره‌وه‌ی یه‌كێتی لای پارتی، له‌مباره‌وه‌ به‌ڵێن ئیسماعیل په‌رله‌مانتاری له‌فراكسیۆنی نیلی ده‌ڵێت:" ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ بكه‌ین له‌به‌ر پارتی نییه‌،هه‌ر وه‌ك چۆن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بایكۆت كردنیشی له‌به‌ر دڵی یه‌كێتی نابێت.

 
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان وتیشی:"وه‌ك گۆڕان له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ی 18 مانگ داین،به‌ڵام تا ئێستا نازانین به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ین یاخود نا،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چاوه‌ڕوانی كۆبونه‌وه‌ی چڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانین كه‌ربڕیاره‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ كۆ ببنه‌وه‌ و بڕیار بده‌ن".

به‌ڵێن ئیسماعیل په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر فراكسیۆنی نیلی

 

 


نه‌وه‌ی نوێ: له‌ كاتی خۆیدا قسه‌ ده‌كه‌ین.

ووتەکان

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان به‌نایاسای ده‌زانین.

 
پارتێكی سیاسی نوێیه‌و خۆی واناساندووه‌،بێ سڵه‌مینه‌وه‌ بڕیار ده‌رده‌كه‌ن و له‌ژێر كاریگه‌ریی و هه‌ژموونی هیچ حزب و پارتێكی هه‌رێمی یاخود نێوده‌وڵه‌تی نین،به‌ڵام سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌یان ئاماده‌نییه‌ هه‌ڵوێستیان له‌ده‌نگدان یاخود ده‌نگنه‌دانیان به‌كاندیده‌كانی یه‌كێتی ئاشكرابكات و و ده‌ڵێت: له‌كاتی خۆیدا بڕیاره‌كه‌مان ئاشكرا ده‌كه‌ین.

 
كازم فاروق سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌شلێََت:"كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان به‌نایاسای ده‌زانین،و سه‌رۆكێكی كاتی په‌رله‌مان ناتوانێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌وشێوه‌یه‌ گرێبدات،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌مان كرد".

كازم فاروق سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ

 

 
كۆمه‌ڵ: یه‌ك شه‌ممه‌ بریار ئه‌ده‌ین.

 

،،

بڕیارمان به‌دانگدان یاخود ده‌نگ نه‌دان به‌كاندیده‌كانی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌داوه‌.

 
به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانی پێشووترییه‌وه‌،به‌حیزبێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست ناوده‌برێت،به‌ڵام ئه‌مانیش به‌هه‌مانشێوه‌ی نه‌وه‌ی نوێ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نه‌داوه‌ كه‌ئایا ده‌نگ به‌كاندیده‌كانی یه‌كێتی ده‌ده‌ن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یاخود نا؟

 
عبدالستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی پرته‌قاڵی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌دیپلۆماتیكی ڕاگه‌یاند:"وه‌ك فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین،به‌ڵام تائێستا بڕیارمان به‌دانگدان یاخود ده‌نگ نه‌دان به‌كاندیده‌كانی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌داوه‌".

 
عبدالستار وتیشی:"بۆ یه‌كلای كردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ وه‌ك فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ كۆده‌بینه‌وه‌ و میكانیزمی به‌شه‌داری كردنمان له‌كۆببونه‌وه‌كه‌ دیاری ده‌كه‌ین".

عبدالستار مجید سه‌رۆكی فراكسیۆنی پرته‌قاڵی

 

 
یه‌كگرتوو: متمانه‌ به‌ كاندیده‌كه‌ی یه‌كێـتی ناده‌ین.

 
پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی حیزبه‌كانی دیكه‌، یه‌كگرتوو بڕیاری به‌شداری كردنی كۆبونه‌وه‌كه‌ و میكانیزمه‌كانی نێو كۆبونه‌وه‌كه‌ی دیاری كردووه‌.

 
شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی فراكسیۆنی قاوه‌یی بۆ دیپلۆماتیك:"متمانه‌ی خۆمان به‌كاندیده‌كانی یه‌كێتی،بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان نابه‌خشین،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ڕابردوودا سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداری ئه‌و حیزبه‌مان بینیوه‌ كه‌شایه‌نی متمانه‌ی ئێمه‌ نین".

شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی فراكسیۆنی قاوه‌ی

 

 
به‌شێك له‌هۆكاری دواكه‌وتنی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌هۆی ڕێك نه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،جه‌وده‌ت ئه‌و هۆكاره‌ به‌ مێژوویه‌كی تاڵی حكومڕانی كوردی ده‌زانێت كه‌هه‌میشه‌ حیزب ده‌ستی له‌ كارووباره‌كانی حكومه‌ت وه‌رداوه‌ و ده‌ڵێت:"تائێستا سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ژێر هه‌ژموونی حیزبدایه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان دوور له‌ده‌س تێوه‌ردانی حیزبی ده‌سپێبكات و فراكسیۆنه‌كه‌ی ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ وه‌ك فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن چوار ساڵی پڕ چالاكی به‌ڕێ بكه‌ین".

 

هه‌رچه‌نده‌ دوێنێ دوای كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی وپارتی له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا هه‌ردوو حیزب جه‌ختیان له‌ به‌شداری كردنیان له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی 18 مانگدا كرده‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی هه‌مان ڕۆژ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كركوك ساز بكرێت و سه‌رجه‌م پرسه‌كان بكرێن به‌پاكێجێك، به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆی یه‌كێتی ئه‌وه‌ به‌دی كرا كه‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ تاكو ئێستا رێك نه‌كه‌وتوون.

 

author photo

رۆژنامەنووس