بزوتنەوەی گۆڕان؛ لەهاوبەشی جەماوەرەوە بۆ هاوبەشی دەسەڵات

بزوتنەوەی گۆڕان، لەهەڵمژینی ناڕەزاییەكانی شەقامەوە بۆ  بەكارتكردنی لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە

بزوتنەوەی گۆڕان؛ لەهاوبەشی جەماوەرەوە بۆ هاوبەشی دەسەڵات

329 خوێندراوەتەوە

 شاهۆ عەبدوڵا

مێژووی دەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەم نەوەیە كۆن نیە، تا لەكات و ساتی دەركەوتنی بەڵگەی مێژووی بۆ بهێنییەوە. دەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئان و ساتێك بوو پرۆسەی مەدەنی لەباری سەرپێگرتنی خۆیدا بوو. ناڕەزاییەتییەكان لەچەشنی خۆپێشاندان و  گردبوونەوە و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تیڤیە و ڕێكخراوە سەربەخۆكان ئامادەییان لەشەقمان بوو، شەقامەكانیش بەدەستی گەنجان و ناڕازی و گۆشە و بابەت نووسەكانی ڕۆژنامە لۆكاڵی سەرتاسەرییەكان دیدی بۆچوونی خۆیانیان بەیان دەكرد وەك ئەوەی هەریەكە و ڕێبەری ماڵ و كوچە و گەڕەك و شارەكەی خۆی بێت. لەڕوشێكی وادا پرۆسەی مەدەنی لەهەرەتەمەنە كارێگەرییەكانی خۆی تێپەڕ دەكرد و هەموو ئەمانەش بەبێ بوونی پارتێك یان ڕێبەرێكی سیاسی چالاك بوون.

 

 

بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵمژینی ناڕەزاییەكانی شەقام

گومان لەوەدا نیە بزوتنەوەی گۆڕان لە چەند لایەنێكەوە بەسودبوو بۆ هەرێمی كوردستان و تاقیكردنەوەی ئەزموونی ئۆپۆزسیۆن بوون و كاڵكردنەوەی ئەو وێنە گشتییەی كە تەنیا پارتی و یەكێتی حاكم و دەسەڵاتداری ئەم هەرێمەن و تاكۆتایش هەروا دەمێنێتەوە.

ئەمە هەموو باسەكەی ئێمە نیە، بەڵكو ئەوەی بۆ ژیانی خەڵكی و چالاك و زیندوو هێشتنەوە شەقام گرنگ بوو، ئەو پرۆسە مەدەنییە نەرم و لەهەمان كاتدا خێراییەی لەئان و ساتی سەرپێگرتندا بوو، كەچی چالاكانی مەدەنی و كەسایەتییەكان و ڕۆژنامەنووسان بەبێ لەبەرچاوگرتنی درێژەدان بەپرۆسەی مەدەنی بەدەر لە پارتی سیاسی دوای بانگەشە و هەڵچوونی حەشامەتی كۆمەڵگا كەوتن، لەكاتێك دا پێویستی دەكرد خوێندنەوەیەكی وردیان جیاواز لەكۆمەڵگا هەبێت بۆ ڕوودا و پێشهاتەكان، ئەمەش وای كرد زۆرینەی هەرەزۆری پرۆسەی مەدەنییە سەربەخۆكان تەسلیمی بزوتنەوەی گۆڕان بكەن و لەشەقامەكەدا دەنگێك نەبێت بانگ لەماف و داوای خەڵكی بكات.

,,

گۆڕان، دەستی نەپاراست لەهەڵمژینی هەرچی كەسایەتی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامە و گۆڤار و چاكییە مەدەنییەكانی نێو شەقام و كۆمەڵگای دابەش كرد بۆ دوو بەرەی دژ بەیەك

هەرچی لەباری بزتنەوەی گۆڕانیشەوە، دەستی نەپاراست لەهەڵمژینی هەرچی كەسایەتی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامە و گۆڤار و چاكییە مەدەنییەكانی نێو شەقام و كۆمەڵگای دابەش كرد بۆ دوو بەرەی دژ بەیەك، تەنانت وەك چۆن لەئایندەكاندا دابەش كراوە بەسەر خێر و شەڕدا. ئەمەش ئەو ئەنجامەی لێبوویەوە هەموو پرۆسە مەدەنییەكانی بەدەر لە پارتەكانی هەرێمی كوردستان دابەش ببەن بەسەر هەردوو بەرەكەدا و شەقامەكەش بەچۆڵی بمێنێتەوە.

 

بزوتنەوەی گۆڕان و بەشداریكردن لەحكومەت و دەسەڵات

هەر لەسەرەتا و پێش بەشداری كردنی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی لە پێكهاتەی حكومەت و دەسەڵاتدا، ئەوە ڕوون بوو بزوتنەوەی گۆڕان بەو ژمارە كورسییە پەرلەمانییەی هەیە ناتوانێت ئەوەی دەیەوێت و بەتامایەتی جێبەجێ‌ بكات. هەرچی لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستانە مەبەستی بەشداری پێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت و دەسەڵات دا هەم وەك كارتێكی سیاسی بەرامبەر بەیەكێتی و هەم وەك بێ دەنگكردنی ڕاگەیاندنی بزتنەوەی گۆڕان و هێڵی ئۆپۆزسیۆن بوون بەكارهێنا و لەوەشدا سەركەتوو بوو، بەتایبەت دوای ڕێگری كردن لەسەۆركی پەرلەمان و ئەوەی بەئاسانی بۆ چووە سەر.

,,

گۆڕان بەهۆی پەلەكردنی بۆ بەشداری كردنی لەحكومەت و بەشداركردنی لەتەك هێزێكی سیاسی وەك پارتی كەزۆرترین دەسەڵات و زۆرترین هێز و زۆرترین مەلەفی ئابوری لایە، توشی سەرلێشێوان بوە

لە وەها ڕەوشێكدا بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی پەلەكردنی بۆ بەشداری كردنی لەحكومەت و بەشداركردنی لەتەك هێزێكی سیاسی وەك پارتی كەزۆرترین دەسەڵات و زۆرترین هێز و زۆرترین مەلەفی ئابوری لایە، توشی سەرلێشێوان بوون و لەلایەك پەنای بۆ یەكێتی هێنایەوە و خودی یەكێتیش توانای بەئاستی ویستی خۆی ئستغلای ڕاگەیاندنی بكات و لەقازانجی خۆی بەكاری بهێنێت، هەروەها لەناوخودی بزوتنەوەكەش دا چەندین دەنگی جیاواز و بەری جیاواز دەركەوتن كە بەئاسانی پیپَكەوە نایان كرێ‌ هەركات بیانەوێت ناوی ناوشیروان و خودی بزتنەوەكەش بەكاردهێنن بۆ ویستی و بەرژەوەندی خۆیان.

،،

ئەم بزتنەوەیە ئەوەندەی هەوڵی گەیشتنی بوو بەدەسەڵات، ئەوەندەی پلانێكی ستراتیژ و گرنگی نەبوو بتوانێت چەند ساڵێك خۆ ڕاگرێت و بەزۆرترین كورسی و بەزۆرترین هێزی جەماوەرییەوە بچێتە دەسەڵات

كەواتە ئەوە ڕوون بوویەوە ئەم بزتنەوەیە ئەوەندەی هەوڵی گەیشتنی بوو بەدەسەڵات، ئەوەندەی پلانێكی ستراتیژ و گرنگی نەبوو بتوانێت چەند ساڵێك خۆ ڕاگرێت و بەزۆرترین كورسی و بەزۆرترین هێزی جەماوەرییەوە بچێتە دەسەڵات و لایەنەكانی دیكە بخاتە ژێركاریگەری خۆیانەوە.

 

پێكهێنانی حكومەت و ئایندەی ئۆپۆزسیۆن

بزوتنەوەی گۆڕان لەهەرە كاریگەرترین ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان بوون لەچەند ساڵی ڕابردوودا، بەڵام بەپشووی كورتەوە و بەزووی بەشداری دەسەڵات دەكاتەوە بۆ جاری دووەم. ئەوەی لێرە پرسیارە، ئایا ئەو هێزانەی نایانەوێت بەشداری دەسەڵات بكەن یان بەشداریان لەپێكهێنانی حكومەت پێناكرێت دەتوانن ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببین و شەقامەكە بەجێنەهێڵن؟، ڕەنگە وەڵامێكی كورت بەس بێت بۆ ئەوەی هەر هێزێك بیەوێت ببێت بەئۆپۆزسیۆن پێویستە بای ئەوە پشوو درێژ و وزەی مادی و مەعنەوی هەبێت بتوانێت لە چەند ساڵی ئایندە ڕیّژەی كورسیییەكانی هێندە زۆر بێت بەتەنیا حكومەت پێك بهێنێت، ئەو كات دەتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت لەهەنگانان بۆ جێبەجێ‌ كردنی پلانەكەی.

 

 

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك