یەکگرتوو دژى کاراکردنەوەى سەرۆکایەتى هەرێمە، لەلایەن پارتى و گۆڕانەوە

یەکێک لە بڕگەکانى رێکەوتنەکەیان کاراکردنەوەى سەرۆکایەتى هەرێمە

یەکگرتوو دژى کاراکردنەوەى سەرۆکایەتى هەرێمە، لەلایەن پارتى و گۆڕانەوە

358 خوێندراوەتەوە

 

پارتى پەلەیەتى لە کاراکردنەوەى سەرۆکایەتى هەرێم و گۆڕانیش پاڵپشتى دەکات، یەکگرتووى ئیسلامیش دژى ئەم کارەیان دەوەستێتەوە و پۆستەکە بە زیادە دەزانێت.

 

 

یەکێک لە بڕگەکانى رێکەوتنامەکەى نێوان پارتى و گۆڕان کە شەوى ١٦ى شوبات لە گردى زەرگەتە رێککەوتن لەسەرى و ١٨ى شوباتیش لە پیرمام واژۆیان کرد، بریتییە لە کاراکردنەوەى سەرۆکایەتى هەرێم.

 

،،

پێ دەچێت گرنگى ئەم پۆستە لە بنەماڵەى بارزانى دەرنەچێت، چونکە تەنها بۆ تەسفییە حساباتى ناوخۆیى و دابەشکردنى پۆستەکانە لەنێوان کوڕوبرازاى سەرۆکدا.

 

 

 

واتە دەبێت گۆڕان بۆ ئەم پرسە پشتگیرى تەواوى پارتى بێت و هاوکارى بکات لە رووى یاسایی و بەدەستهێنانى دەنگەوە لەنێو پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەى ئەم پۆستە.

 

 

 

 

گرنگى ئەم پۆستە؟

پێ دەچێت گرنگى ئەم پۆستە لە بنەماڵەى بارزانى دەرنەچێت، چونکە تەنها بۆ تەسفییە حساباتى ناوخۆیى و دابەشکردنى پۆستەکانە لەنێوان کوڕوبرازاى سەرۆکدا، (سەرۆکى پارتى).

 

نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت کە کاندیدکردنى مەسرور بارزانى بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەت، لەبەرامبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى هەرێمە بە نێچیرڤان بارزانى.

 

،،

کەواتە گرنگى ئەم پۆستە لەوەدایە کە پارتى هەموو سازش و رێکەوتنێکى بۆ بکات تاکو دەنگى پێویستى پەرلەمانى بۆ بەدەست بهێنێت و کاراى بکاتەوە.

 

 

هەربۆیە هەر دواکەوتن و کارانەکردنەوەیەکى پۆستى سەرۆکى هەرێم لەسەر حسابى پۆستى سەرۆکى حکومەت دەکەوێت و کێشە دەکەوێتە ماڵى بارزانى.

 

ئەمەش وا دەکات پارتى ئەم پۆستە بەتەواوى دەسەڵاتەکانى کارابکاتەوە و رادەستى نێچیرڤان بارزانى بکات، گەرنا بە پێچەوانەوە نێچیرڤان بارزانى لەبەرامبەر لێسەندنى پۆستى سەرۆکى حکومەت هەڵوێستى دەبێت.

 

کەواتە گرنگى ئەم پۆستە لەوەدایە کە پارتى هەموو سازش و رێکەوتنێکى بۆ بکات تاکو دەنگى پێویستى پەرلەمانى بۆ بەدەست بهێنێت و کاراى بکاتەوە.

 

،،

 پاڵەپەستۆى ناوخۆیی نێو بنەماڵە و پەلەکردنى پارتى لەسەر کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم وا دەکات پارتى لەوە زیاتر چاوەروانى یەکێتى نەکات و لەگەڵ گۆڕان ئەم کارە بکات.

 

 

چۆن کارا دەکرێتەوە؟

کاراکردنەوەى ئەم پۆستە پێویستى بە پرۆژە یاسایەک هەیە تاکو لەنێو پەرلەمان بخرێتە دەنگدان و بەپێى دیاریکردنى دەسەڵاتەکان بۆ دامەزراوەکە کارا بکرێتەوە و کەسى یەکەمى دامەزراوەکەش کە نێچیرڤان بارزانییە لەنێو پەرلەمان بەدەنگدان هەڵبژێردرێت، تاکو ببێت بە سەرۆکى هەرێم.

 

 

 

 

 

پارتى زۆر چاوەڕوانى کرد تاکو یەکێتى رێک بکەوێت لەگەڵیداو دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێرن  و دواتر لەرێگەى پێکهێنانى لیژنەکانەوە هەوڵى کاراکردنەوەى ئەم دامەزراوە بدات، بەڵام یەکێتى نەهاتە پێش.

 

هەربۆیە پێ دەچێت پاڵەپەستۆى ناوخۆیی نێو بنەماڵە و پەلەکردنى پارتى لەسەر کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم وا دەکات پارتى لەوە زیاتر چاوەروانى یەکێتى نەکات و لەگەڵ گۆڕان ئەم کارە بکات.

 

ئەگەرى زۆرە رێکەوتنێکیش لەنێو ماڵى بارزانى کرابێت لەسەر ئەوەى کە پۆستى سەرۆکى حکومەت نادرێت بە مەسرور بارزانى تاکو سەرۆکى هەرێم بە فعلى دەست بەکار نەبێت، بۆیە ئەمەش کارەکە خێراتر دەکات.

 

 

پارتى و گۆڕان کاراى دەکەنەوە

هەربۆیە پارتى تەنها رۆژێک دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان، بە پەلە لیژنەى یاسایی نێو پەرلەمانى پێکهێنا تاکو بەزووترین کات ئەم بابەتە بچێتە نێو هۆڵى پەرلەمان و یەکلایی بکرێتەوە.

 

بۆ ئەم بابەتەش گۆڕان دەبێت پشتگیرى تەواوى پارتى بێت، چونکە لە رێککەوتنەکەى نێوانیان، لە بڕگەى (دەسەڵاتى جێبەجێکردن) لە خاڵى (١) ئەوە هاتووە کە: کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم و هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لەلایەن پەرلەمانى کوردستان، یەکێکە لە مەرج و خاڵە گرنگەکانى نێوانیان.

 

 

 

 

هەربۆیە لە ئێستادا دەبێت هەردوولا (پارتى و گۆڕان) بەخێراى ئەم پۆستە بۆ نێچیرڤان بارزانى کارا بکەنەوە تاکو بتوانن پۆستەکانى حکومەت لەنێوان خۆیان دابەش بکەن.

 

 

،،

بیانووى فراکسیۆنى یەکگرتوو ئەوەیە کە پۆستەکە زیادەیەوپێویست ناکات هەبێت و مانگانە پارەیەکى زۆرى لە خەزێنەى حکومەت بۆ دابین دەکرێت.

 

 

بۆچى یەکگرتوو دژى ئەم کارەیە؟

لە نوسینێکدا ئەبوبەکر هەڵەدنى ئەندامى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان، باس لەوە دەکات ئەوان وەک فراکسیۆنەکەیان بە هەموو شێوەیەک دژى ئەم کارەى پارتى و گۆڕان دەوەستنەوە دەنگ نادەن بە پرۆژە یاسایەکى لەو شێوەیە.

 

 

بیانووى فراکسیۆنى یەکگرتوو ئەوەیە کە پۆستەکە زیادەیەوپێویست ناکات هەبێت و مانگانە پارەیەکى زۆرى لە خەزێنەى حکومەت بۆ دابین دەکرێت، لەبرى ئەوە پۆستێک یان شوێنێکى دیکەى حکومەتى پێ پڕ بکرێتەوە کە پێویستە بۆ هاوڵاتیان، نەک تەنها لە پێناو پۆستى حزبى و شەخسى زیندوو بکرێتەوە.

 

 

نزیکەى ٥ مانگە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان ئەنجام دراوە، بەڵام تاکو ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان پێک نەهاتووە.

 

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك