کەیسی ئیخوانەکانی میسرو زمان و نۆڕمە ھاوبەشەکانمان؟

کەیسی ئیخوانەکانی میسرو زمان و نۆڕمە ھاوبەشەکانمان؟

261 خوێندراوەتەوە

عەبدوڵا ڕێشاوی

کەیسی ئیخوانەکانی میسر کەیسێکی ستەمکارانەیە، ئەوەی حکومەت و دەوڵەتی میسر بەو جەماعەتەی دەکات بەھیچ لۆژیکێک قبوڵکراو نییە.ئەوەی رودەدات لەئەشکەنجە و پاکتاوی سیاسی وجەستەیی ، بە لۆژیکی ترس و تۆقین لە جیاوازیی سیاسیی و جیاوازی ئایدۆلۆژیی نەبێ ، بە ھیچ لۆژیکێکی تر تەفسیر ناکرێ.

ئەوەی دەوڵەتی شکستخواردوی میسر لە زیندانەکاندا دەیکات بەرامبەر ئەو جەماعەتە پێناچێ لە ناوچەکەدا نمونەی ھەبێت.بەڵام کەمترین قسەشی لەبارەوە دەکرێت.

یەکێک لەو کەسانەی لەو جەماعەتە لەم یەک دوو رۆژەدا لەسێدارە دراون بە دادوەرەکەی وتووە «ئەو بڕەکارەبایەی لەلەشی من دراوە لەتۆ بدرێ دان بەوەدا دەنێیت کەتۆ ئەنوەر سادات کوشتوە،ئەوبڕەکارەبایەی لەئێمە دراوە بەشی ھەموو میسر دەکات بۆ ماوەی بیست ساڵ»

ئەوەی لەمیسر روودەدات کەیسێکە دەبێت بەزمانی قانون و ویژدان و ئینسانییەت قسەی تیا بکرێت تا ھەمووان لێی تێبگەن ئەم کەیسە کەیسێکی سیاسی و دینی نییە ، بەڵکو کەیسێکی ئەخلاقی و ویژدانی وقانونییە.

کارەساتە لەم کەیسەدا بەزمانی سیاسەت و مقاوەمەت و جیاوازیی سیاسیی و ئایدۆلۆژی قسە بکرێت ، ئەم کەیسە بە تەواوی ئینسانییە و دەبێت بە نۆرمە ئینسانیە باوەکان بھۆنرێتەوەو شەرح بکرێت و قسەی تیا بکرێت.

واتە بۆ دنیا و بۆ ئەوانی تر ، ئەو کەسانەی ئیخوان کە بە ناھەق ئەشکەنجە دەدرێن و لەسێدارە دەدرێن نە کۆمەڵێک موجاھیدو خەباتگێڕن نە کۆمەڵێک تیرۆریست و گێرەشێوێنیشن ، بەڵکو ئەوانە چەند دانە ئینسانێکن کە نەک تەنھا لە مافە مەدەنی و سیاسیەکانیان بێبەشکراون بەڵکو لە مافی ژیانیش مەحرومکراون.

لەم سەردەمەدا کە لانیکەم کۆمەڵێک نۆڕم و بەھا ھەن گوایە لەسەری ڕێککەوتوین دەبێت بەوزمانە ھاوبەشە لە کەیسی ئیخوانەکاندا ھەموومان قسەبکەین تا لەیەکتر تێبگەین.

بەڵام بەڕاستی مرۆڤ لەبەردەم کەیسێکی ئاوادا دەکەوێتە گومان ، ئایا بەڕاست ئێمە وەکو ئینسان زمان و بەھاو نۆڕمی ھاوبەشمان ھەیە؟!

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك