لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ كه‌یسى سێوان قادر به‌ كوێ گه‌شتووه‌؟

       پۆلیسی سلیمانی: هێشتا زووه‌، بڵێین كێ تۆمه‌تباری ڕوداوه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌

 لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ كه‌یسى سێوان قادر به‌ كوێ گه‌شتووه‌؟

635 خوێندراوەتەوە

 دوای نزیكه‌ی دوو مانگ له‌ سووتان‌و كاره‌ساتى سێوان‌و سێ منداڵه‌كه‌ی، تائێستا ئه‌و كه‌یسه‌ له‌دادگا به‌كراوه‌ی ماوه‌ته‌وه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش دیاریكردنی كاتێك بۆ ئاشكراكردنی تاوانبارانی  كه‌یسه‌كه‌  به‌قورس ده‌زانن.

 

 

به‌مه‌به‌ستی به‌ دواداچوون‌و بۆ كه‌یسی سێوان قادرو سێ منداڵه‌كه‌ی، له‌م ڕاپۆرته‌دا " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین" هه‌ریه‌ك له‌ خانه‌وه‌ده‌ی سێوان قادرو ڕه‌مك ڕه‌مه‌زان قایمقامی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی سلێمانى ده‌دوێنێت.

سێوان قادر و منداڵه‌كانی

 

،،

 ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی ئێستا له‌سوچی زینداندایه‌، تاوانباره و بكوژی سێوان و سێ منداڵه‌كه‌یه‌.

 

 

 

 به‌هۆی گه‌وره‌ی ڕوداوه‌كه‌وه‌، به‌شێكی زۆری هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و خودی قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵى شاری ئه‌نفالكراوانی نیگه‌ران كرد، هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش فشارێكی مه‌ده‌نی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی زۆرى له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و لایه‌نی دادوه‌ری  دروستكردووه‌، كه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ ئاشكراكردنی بكه‌رانی ئه‌و ڕوداوه‌.

 

 

خانه‌واده‌ی باسله‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ڵگه‌كان حاشا هه‌ڵنه‌گرن‌و ده‌ڵێن ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی ئێستا له‌سوچی زینداندایه‌، تاوانباره و بكوژی سێوان و سێ منداڵه‌كه‌یه‌.

 

 شوانه‌ قادر برای سێوان قادر ده‌ڵێت:" هیوادارین دادگا كه‌یسه‌كه‌ به‌لاڕێدا نه‌بات ، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان لایه‌ كه‌ تاوانباری باوكی منداڵه‌كان ده‌سه‌لمێنێت".

 

خانه‌واده‌ی سێوان قادری كۆچ كردوو

 

 

ڕه‌مه‌ك ڕه‌مه‌زان، قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ، داوا له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و خودی بنه‌ماڵه‌ی سێوان ده‌كات دان به‌خۆیاندا بگرن و چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگا بن،:" بڕیارمانداوه‌ بۆ پاراستنی ئاشته‌وای كۆمه‌ڵایه‌تى هیچ قسه‌و لێدوانێك نه‌درێت كه‌ بزانرێت سوود به‌كه‌یسه‌كه‌ ناگه‌یه‌نێت".

 

،،

بڕیارمانداوه‌ بۆ پاراستنی ئاشته‌وای كۆمه‌ڵایه‌تى هیچ قسه‌و لێدوانێك نه‌درێت كه‌ بزانرێت سوود به‌كه‌یسه‌كه‌ ناگه‌یه‌نێت.

 

 

 

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی  سلێمانی ئاشكراكردنی تاوانبارانی كه‌یسێكی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ ئاسان نازانێت‌و به‌گوته‌ی ناوبراو پێویستی به‌كاته‌، وتیشی:" له‌سه‌ر هه‌مان پرس هاوشانی هاوسه‌ری سێوان، ئافره‌تێكی دانیشتووی چه‌مچه‌ماڵ ده‌ستگیركراوه‌".

 

 

له‌ماوه‌ی ڕابردوودا، چه‌ندجارێك له‌ میدیاكانه‌وه‌ باس له‌ بێتاوانی هاوسه‌ری سێوان قادر له‌ كرده‌ى ( ئاگرتێبه‌ردانی خانه‌واده‌كه‌ی) كراو پاڵپشت به‌وته‌ی دادگا، سێوان قادریان به‌ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی خانه‌واده‌ی سێوان به‌دوای خۆیدا هێناو گومانی خۆیان له‌خانه‌واده‌ی هاوسه‌ری كچه‌كه‌یان و حكومه‌ت نه‌شارده‌وه‌، كه‌به‌مه‌به‌ست ئه‌و هه‌واڵانه‌ بڵاو بكه‌نه‌وه‌.

 

 

 شوان قادر خاڵی سێ منداڵه‌ سوتاوه‌كه‌  ده‌ڵێت:" ئێمه‌ وه‌ك خانه‌واده‌ی سێوان قادر ئاماده‌نین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چاومان به‌ خانه‌واده‌ی هاوسه‌ری سێوان بكه‌وێت‌و له‌دادگاش جگه‌ له‌سێداره‌دانی تاوانباری ڕوداوه‌كه‌ (هاوسه‌ری سێوان) به‌هیچ بڕیارێكی دیكه‌ قایل نابین".

 

 

،،

 كه‌یسه‌كه‌ كه‌یسێكی ئاسان نییه‌و پێوویسته‌ چاوه‌ڕوانی دادگا بین بۆ ئه‌وه‌ی به‌وردی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كه‌یسه‌كه‌ بكه‌ن.

 

 

قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ گه‌شبینه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كه‌ بتوانن به‌زوترین كات تاوانباران ده‌ستنیشان بكه‌ن‌و ئه‌و وتى:" كه‌یسه‌كه‌ كه‌یسێكی ئاسان نییه‌و پێوویسته‌ چاوه‌ڕوانی دادگا بین بۆ ئه‌وه‌ی به‌وردی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كه‌یسه‌كه‌ بكه‌ن".

 

 

 

،،

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دادوه‌ر داوای تۆمه‌تباری دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌و كه‌یسه‌ بكات.

 

 

 پۆلیسی سلێمانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ دادوه‌ر هه‌ر تۆمه‌تبارێكی ده‌ستنیشان كردبێت، ڕاسته‌وخۆ تۆمه‌تبارمان په‌لكێشی به‌رده‌م دادگا كردوه‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دادوه‌ر داوای تۆمه‌تباری دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌و كه‌یسه‌ بكات، پۆلیسى سلێمانى ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات كه‌ جارێ زووه‌ تۆمه‌تباری ڕووداوه‌كه‌ ده‌سنیشان بكرێت، سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت:" دادگا پێی وایه‌ (ده‌)  تۆمه‌تبار له‌ده‌ره‌وه‌ بن، به‌ڵام بێ تاوانێك له‌زیندانا نه‌بێت، و له‌به‌ر ئه‌وه‌ ته‌نها  هاوسه‌ری سێوان‌و ئافره‌تێكی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ده‌ستگیر كراون به‌كافاله‌تیش ئازاد ناكرێن".

 

 

وه‌كو وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى ده‌ڵێت، ڕێڕه‌وى لێكۆلینه‌وه‌و به‌ دواداچوونه‌كان به‌ ئاڕاسته‌ى بێتاوانى سێوان قادره‌و " پێده‌چێ كه‌یسه‌كه‌، تائێستا له‌به‌رژه‌وه‌ندی سێوان قادر بێت".

 

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د  به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی سلێمانی

 

 

له‌سه‌ر ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان‌و كاتی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی كه‌ تائێستا ڕوون نییه‌، ڕه‌مك ڕمه‌زان قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ سه‌ره‌ڕای دیارینه‌كردنی سه‌قفێكی زه‌مه‌نی بۆ ئاشكراكردنی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان، ده‌ڵێت:" هه‌ركات ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵێنه‌وه‌كانی دادگا ده‌رچوو، ئه‌وانیش وه‌ك به‌رپرسی لیژنه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌، به‌ئاماده‌بونی هه‌ردوولایه‌نی كه‌یسه‌، له‌كۆنگۆه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌نجامه‌كان بۆ ڕای گشتی ئاشكراده‌كه‌ن".

 

 

،،

ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌دڵی خۆمان نه‌بێت هه‌ڵوێستی جدیمان ده‌بێت‌و بێده‌نگ نابین.

 

 

شوانه‌ی برای سێوان ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌دڵی خۆمان نه‌بێت هه‌ڵوێستی جدیمان ده‌بێت‌و بێده‌نگ نابین، چونكه‌ به‌گوته‌ی ناوبراو، به‌ڵگه‌كانی ئه‌وان حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، وه‌ك ڕۆژی ڕوناك ده‌زانن كه‌سه‌ تاوانباره‌كه‌ كێیه‌ ".

 

گۆری سێوان قادر و سێ منداڵه‌كه‌ی

 

له‌ڕوداوێكی گوماناویدا شه‌وی 16ی 12 ساڵی ڕابردوو ئاگر له‌ماڵی سێوان قادر له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ كه‌وته‌وه‌و سێ منداڵ، كه‌  ته‌مه‌نیان له‌نێوان یه‌ك بۆ پێنج ساڵی  بوو گیانیان له‌ده‌ستداو دوای هه‌شت ڕۆژ له‌ ئازاری سوتاوی له‌سه‌دا 90 جه‌سته‌ی، سێوانی دایكی دارین و كاروون و ده‌روون گیانی له‌ده‌ستداو پێش گیان له‌ده‌ستدانیشى، هاوژینه‌كه‌ی خۆی به‌ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ تۆمه‌تبار كردو وتی:" ئافره‌تێك شیرازه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی تێكدام".

 

 

author photo

رۆژنامەنووس