كۆسرەت ڕەسوڵ یاری سێیەم و كۆتایی دەباتەوە ؟

كۆسرەت ڕەسوڵ یان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كامیان خاوەندارێتی یەكێتی دەبەنەوە ؟

كۆسرەت ڕەسوڵ یاری سێیەم و كۆتایی دەباتەوە ؟

3292 خوێندراوەتەوە

نامەكانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵ، ناكۆكیەكانی یەكێتی دەبەنە ئاستێكی باڵاتر و هیوای جەماوەری یەكێتی بە ئەنجامدانی كۆنگرە و چارەسەری كێشەكان دەپوكێننەوە و گورزێكی كوشندەش لە یەكێتی دەدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

جارێكی تریش ئەوە بەگوێی خەڵكی دا دەدەن كە لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر بەریەكەوتنی چەكداریش ڕوو نەدات، ئینشقاقێكی تر لە یەكێتی چاوەڕێ‌ كراوە، مەسەلەكە تەنها پەیوەندی بە كاتەوەیە.

 

،،

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، دەبێت بزانێت ئەمجارەیان ڕووبەڕوی یاریزانێكی بە ئەزموون دەبێتەوە،  بەڵام مەرج نیە هەمیشە ئەزموون بیباتەوە، بەوپێیەی یاریەكە ئەمجارە جیاوازە و كۆسرەت رەسوڵ روبەروی كەسێك دەبێتەوە " كۆنتڕۆڵی دارایی و هێز و پەیوەندییەكانی یەكێتی كردوە"

 

شەڕی خاوەندارێتی


لەو كاتەوە جەلال تاڵەبانی، بەهۆی نەخۆشیەوە بەتەواوەتی لە شانۆی سیاسی كوردستان و عێراق دوور كەوتەوە، شەڕی خاوەندارێتی لەناو یەكێتیدا دەستیپێكرد، لەدوای كۆچی دوایی تاڵەبانیش كێشەكان زەقتر بونەوە، بەو هۆیەوە د. بەرهەم ساڵح، لەیەكێتی هاتە دەرەوە و حیزبێكی نوێی دروست كرد.

لەئێستادا ئەگەرچی هێشتا چەندین باڵ و هێڵی جیاواز لەناو یەكێتیدا هەیە، بەڵام دیارترین دوو جەمسەری ململانێكە لەنێوان كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدایە، كە هەردوولا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەكێتی و كردنی یەكێتی بە حزیبی بنەماڵە.

 

داهاتووی كوڕەكان لە نێوانیاندا


بەشێكی گەورەی ململانێی ئەو دوو سەركردەیەی یەكێتی لەسەر كوڕەكانیانە، كۆسرەت رەسوڵ، دوو كوڕی هەیە بەناوەكانی دەرباز و شاڵاو كە یەكەمیان وەزیرە و دوەمیان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە، بەهەمان شێوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، دوو كوڕی هەیە بەناوەكانی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، كە یەكەمیان جێگری سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستانە، دووەمیان ئەگەرچی هیچ پۆستێكی حكومی و حیزبی نیە بەڵام دەسەڵاتی زۆری لە ناو هێزەكانی دژە تیرۆردا هەیە و لەئێستاشدا زۆرێك لە پەیوەندییەكانی یەكێتی بەتایبەت لەسەر ئاستی هەواڵگریی بە فلتەری ئەودا تێپەڕ دەن.

شەڕ لەسەر كوڕەكان، راستەوخۆ دەچێتە چوارچێوەی شەڕ لەسەر بنەماڵە، دواجار ئەوانەی یاریەكە دەبەنەوە خاوەندارێتی یەكێتی دەگرنە دەست، بەئاسانی دەتوانن یەكێتی بكەن بە حیزبی بنەماڵە، بەوپێیەی ئەوانی تر كە ئێستا لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدان هێندەی لەچوارچێوەی سێبەری ئەم دوو ئاراستەیەدا دەجوڵێن هێندە نەیانتوانیووە ببنە جەمسەرێك لە یارییەكەدا.

 

 

كۆسرەت رەسوڵ هەمیشە براوە بووە، بەڵام!


كۆسرەت رەسوڵ، خاوەنی ئەزمونێكی گەورەیە لەم یارییانەدا، ئەو توانیویەتی لە دوو یاری پێشوتردا سەركەوتو بێت، كاتێك لە 2006 دا هاوشانی نەوشیروان مستەفا واژۆی نامەی نارەزاییەكانی كرد بۆ تاڵەبانی، بەڵام ئەنجام دوای سەردانێكی بۆ بەغدا بۆ لای تاڵەبانی بەهەڵوێستێكی پێچەوانەوە گەڕایەوە و مانەوەی لەناو یەكێتی هەڵبژارد و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و هاوڕێكانی نەچوە دەرەوە.

لە دووەم یاریشدا د. بەرهەم ساڵح، جێگری دوەمی سكرتێری یەكێتی جێهێشت و لەگەڵیدا نەچووە دەرەوەی یەكێتی، لەكاتێكدا پێشتر لەزۆرێك لە هەنگاوەكانیاندا هاوبەش بوون و پێكەوە ناوەندی بڕیاریان دروستكرد.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، دەبێت بزانێت ئەمجارەیان ڕووبەڕووی یاریزانێكی بە ئەزموون دەبێتەوە لە شەڕی خاوەندارێتی یەكێتیدا، بەڵام مەرج نیە هەمیشە ئەزموون بیباتەوە، بەوپێیەی یارییەكە ئەمجارە جیاوازە، كۆسرەت رەسوڵ روبەروی كەسێك دەبێتەوە كە بە وتەی خۆی" كۆنتڕۆڵی دارایی و هێز و پەیوەندییەكانی یەكێتی كردووە"، ئەمە جگە لەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی هاوشێوەی نەوشیروان مستەفا و بەرهەم ساڵح دەستبەرداری یەكێتی نابن و خۆیان بە میراتگری مام جەلال دەزانن، هەروەها یەكێتیش لە خەیاڵدانی ئەواندا حیزبی تاڵەبانیە.

 

،،

كێشەی هێرۆخان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتین كە زۆرینەیان لەگەڵ بەستنی كۆنگرەدا نین، بەوپێیەی چاوەڕێ‌ ناكرێت زۆرینەیان چانسی مانەوەیان هەبێت لە كۆنگرەدا


كۆنگرە وەك شیری دوو سەر

 
هەردوو یاریزانەكە باش تێگەیشتون، كە بەشێكی گەورەی ئەنجامەكان كۆنگرە یەكلای دەكاتەوە، بۆیە لەئێستادا شەڕی هەردولا لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی كۆنگرە و ئەنجامەكانیەتی، كۆسرەت رەسوڵ باش تێگەیشتوە كە لەئێستادا بەستنی كۆنگرە لەبەرژەوەندی نیە، بەوپێیەی كۆنتڕۆڵی دارایی و هێز لای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، كە بەم دوو هێزە دەتوانێت باڵانسی كۆنگرە بەلای خۆیدا بشكێنێتەوە، بەپێچەوانەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سورە لەسەر ئەوەی بە زوترین كات و هەر لەمساڵدا كۆنگرە ببەسرێت.


كێشەی هێرۆخان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتین كە زۆرینەیان لەگەڵ بەستنی كۆنگرەدا نین، بەوپێیەی چاوەڕێ‌ ناكرێت زۆرینەیان چانسی مانەوەیان هەبێت لە كۆنگرەدا، هەر بۆیە زیاد لەجارێك لە لایەن ماڵی تاڵەبانیەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی دراوە لەرێگای ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیەوە.

ئاماژەكان ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە یەكێتی بەمزوانە نەتوانێت كۆنگرە ببەستێت، رەنگە لە باشترین حاڵەتدا پلینیۆم ببەسرێت، بەوەش ململانێی كۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد درێژە دەكێشێت، بێگومان جۆری ململانێكە چەندین بەرز و نزمی تر بەخۆیەوە دەبینێت.

 

یەكێتی لەسایەی ئەم یاریەدا


لەئێستادا یەكێتی بە دۆخێکی نائاساییدا تێپەڕ دەبێت، كە پێشتر هەرگیز بەم ئەندازەیە روبەروی تەحەدای گەورە نەبۆتەوە، راستە لە دوای نەوشیرون مستەفاوە گورزێكی گەورە بەر یەكێتی كەوت، بەڵام یەكێتی بە هۆی ئامادەبونی تاڵەبانیەوە توانی بەردەوامی بدات و زۆرێك لە دەسەڵاتەكانی لە حكومڕانی هەرێمدا بپارێزێت، بەڵام لەئێستادا و بەتایبەت لەدوای هاتنە دەرەوەی بەرهەم ساڵح و هاتنی هێزی نوێ‌ بۆ گۆڕەپانی سیاسی  سنوری سلێمانی، مەترسیەكانی لەسەر یەكێتی زیاتر كردوە، چاوەڕێ‌ دەكرێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا کاریگەی بەرچاو لەسەری جێبهێڵێت.

 

،،

ئەگەرچی پێشتریش شەڕی ڕاگەیاندن كەوتووەتە نێوان كۆسرەت ڕەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە بەڵام پێدەچێت شەڕەنامەی ئەمجارەی نێوانیان جیاواز بێت و گەیشتبنە دوا خاڵی ململانێكەی نێوانیان.

ئایا ئەم جارە كۆتایی یاریەكەیە ؟


ئەگەرچی پێشتریش شەڕی ڕاگەیاندن كەوتۆتە نێوان كۆسرەت ڕەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە بەڵام پێدەچێت شەڕەنامەی ئەمجارەی نێوانیان جیاواز بێت و گەیشتبنە دوا خاڵی ململانێكەی نێوانیان.

لەوانەیە ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ گەیشتبنە ئەو بڕوایەی چیتر ناتوانن پێكەوە درێژە بەكاری سیاسی بدەن، هەروەها ئەو مەیلەش هەستپێدەكرێت كە ماڵی تاڵەبانی بیانەوێت كێشەكانی ناو یەكێتی بە یەكجاری كۆتایی پێبهێنن، لەڕێگەی رێكخستنەوەی یەكێتی بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت، تەنانەت ئەگەر كۆسرەت رەسوڵیشی تێدا نەمێنێت.

ئەگەرچی هێشتا نازانرێت كۆسرەت رەسوڵ چی دەكات لە بەرامبەر ماڵی تاڵەبانی و بەنیازی چییە؟ بەڵام ناوەرۆكی نامەكە و تۆمەتباركردنی راستەوخۆی ماڵی تاڵەبانی بە كۆی كێشەكان و تەنانەت ئاماژەكردن بۆ ڕووداوەكانی كەركوك و ناوهێنانی بە خیانەتی نەتەوەیی نیشانی دەدات كە چیتر كۆسرەت رەسوڵیش نایەوێت بە بێدەنگی بمێنێتەوە,


ڕۆژانی ئایندە زیاتر سیناریۆ تازەكانی ئەم ململانێیە ڕوون دەبنەوە.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو