بۆچی تورکیا هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان ناکشێنێتەوە؟

مانەوەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان چ ئامانجێكی لەپشتە؟

بۆچی تورکیا هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان ناکشێنێتەوە؟

374 خوێندراوەتەوە

ساڵح ڕەحمان

نزیكەی چارەكە سەدەیەكە سوپای توركیا خاكی باشوری كوردستانی بەزاندوە‌و بەتێپەڕبوونی كاتیش ژمارە‌و قەبارەی هێزەكانی زیاتر دەكات‌و بنكە‌و بارەگای نوێ‌ لە ناو باشوردا دادەمەزرێنێت.

ساڵی 1992 سوپای توركیا بۆ جاری یەكەم خاكی باشوری كوردستانی بەزاند‌و چەند بارەگایەكی كردەوە، دواتریش ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ هێرشكردنە سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامدا، دواتر‌و لەساڵی 1995دا چەندین ئۆپەراسیۆنی دیكەی لەناو خاكی باشور ئەنجامدا، كە ماوەی زیاتر لەسێ‌ ساڵی خایاند.

لەدوای ساڵی 1992شەوە، بەبەردەوامی هێرشی ئاسمانیی كردۆتە سەر ناوچە جیاوازەكانی باشوری كوردستان، بەتایبەت ناوچە سنورییەكان، هەتا لەساڵی 2015دا گەورەترین هێرشی سەربازیی‌و فڕۆكەی كردە سەر ناوچەكانی بناری قەندیل‌و سنورەكانی نێوان هەرێم‌و توركیا، كە هەتا ئێستا ئۆپەراسیۆن‌و هێرشەكانی درێژەیان هەیە.

،،

ژمارەی هێزە جێگیرەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمدا، زیاتر 2 هەزار سەربازن، كە بەتانك‌و زرێپۆش‌و چەكی قورس‌و مامناوەند پڕچەك كراون‌و هێزی ئاسمانییش پشتیوانییان لێدەكات

 

ئێستا سوپای توركیا زیاتر لە 15 بنكە‌و بارەگای سەربازیی ئاشكرای لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، بێجگە لەوەش لەچەند ناوچەیەكی هەرێم، بنكەی هەواڵگریی هەیە، كە ژمارەیان نزیكەی 5 بنكەیە، هێزەكانیشی لەهەندێك ناوچەی سنوریی، بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر هاتونەتە ناو خاكی هەرێم، لەسەر سنورەكانیش بەدرێژایی زیاتر لە 100 كیلۆمەتر هێزێكی گەورەی بەچەك‌و كەرەستەی سەربازییەوە جێگیر كردوە.

بەشێكی زۆری بنكە‌و بارەگاكانی هێزەكانی سوپای توركیا، لەناوچەكانی ئامێدی‌و شێلادزێ‌‌و سیدەكان‌و باشیك ‌و زاخۆ‌و باتیفا جێگیر كراون، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكانیش ژمارەی هێزەكانی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمدا، لەكاتێكەوە بۆ كاتێكی تر گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەڵام لەسەرجەم بنكە‌و بارەگاكاندا ژمارەی هێزەكان لە نێوان 100 بۆ 150 سەرباز بەجێگیری دەمێننەوە، بەو پێیەش بێت ژمارەی هێزە جێگیرەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمدا، زیاتر 2 هەزار سەربازن، كە بەتانك‌و زرێپۆش‌و چەكی قورس‌و مامناوەند پڕچەك كراون‌و هێزی ئاسمانییش پشتیوانییان لێدەكات، دەزگای هەواڵگریی میتی توركیاش بەبەردەوامی زانیارییان بۆ دەگوێزێتەوە سەبارەت بەجموجۆڵ‌و چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان‌و بوارە ئەمنییەكانی ناوچەكە.

 

ووتەکان

ئەنكەرە دەیەوێت پێگەی خۆی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراقدا بەهێزتر بكات، كردنەوەی بارەگا سەربازییەكانیش ئامادەكارییە بۆ لەشكركێشییەكی فراوان، كە سوپای توركیا لەداهاتوودا بەڕێوەی دەبات.

 

هەرچەندە لەساڵی 2003دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا بەدەركردنی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمدا‌و پەرلەمانی عێراقیش ساڵی 2008 داوای لەتوركیا كرد، هێزەكانی لەناو خاكی عێراق بباتە دەرەوە، بەڵام توركیا پاساوی بۆ بەزاندنی خاكی عێراق‌و هەرێم، رێكەوتنێكە كە ساڵی 1982 لەگەڵ رژێمی بەعس كردویەتی، بۆ لەشكركێشی بۆ ناو خاكی عێراق، كە بوار بەهێزەكانی توركیا دەدات لەناوچە سنورییەكان بەقوڵایی 10 كیلۆمەتر خاكی عێراق ببەزێنن.

ئاژانسی سپۆتنیكی روسی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، ئەنكەرە دەیەوێت پێگەی خۆی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراقدا بەهێزتر بكات، كردنەوەی بارەگا سەربازییەكانیش ئامادەكارییە بۆ لەشكركێشییەكی فراوان، كە سوپای توركیا لەداهاتوودا بەڕێوەی دەبات.

بەگوێرەی ئاژانسەكە، توركیا پارتی كرێكارانی كوردستانی كردووە بە بیانوو بۆ بەزاندنی خاكی هەرێمی كوردستان‌و لەشكركێشی، بەڵام نیازی راستەقینەی ئەنكەرە بۆ رێكەوتننامەی لۆزانی ساڵی 1923 دەگەڕێتەوە، كە توركەكان لەمیانی پێكهێنانی دەوڵەتی عێراقدا، بەمەرجی پێدانی رێژەی لەسەدا 10ی نەوتی كەركوك، واژۆیان لەسەر رێكەوتننامەكە كرد‌و ئەو مەرجەش لەناو رێكەوتننامەی لۆزاندا هەیە، كە دوای سەد ساڵ چاوی پێدا دەخشێنرێتەوە، بۆیە لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەو وادەیە، كە تەنها چوار ساڵی ماوە، ئەردۆغان‌و نەتەوەپەرستەكانی توركیا دەیانەوێت، دەستكەوتیان لەناوچەكەدا هەبێت‌و چاویان لەویلایەتی موسڵە، كە لەدەوڵەتی عوسمانی سەنرا‌و خرایە سەر عێراق.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك