ئایا یەكێتی پۆستە حكومییەكانی سلێمانی لە گۆڕان دەسەنێتەوە؟

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر بۆ دیپلۆماتیك: ئاگاداری هیچ كێشەیەكی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی نیم

ئایا یەكێتی پۆستە حكومییەكانی سلێمانی لە گۆڕان دەسەنێتەوە؟

495 خوێندراوەتەوە

 دوای بایكۆتكردنی كۆبونەوەكەی 18 مانگی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن یەكێتییەوە، پەیوەندییەكانی ئەو هێزە لەگەڵا بەشێكی زۆری لایەنەكانی بەشدار لەو كۆبونەوەیەو بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان چووەتە دۆخێكی دژوارەوە، پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیش لە فراكسیۆنی سەوز دەڵێت:" ئەگەر گۆڕان ڕێز لەڕێكەوتنامەی دەباشان نەگرێت، سەرجەمی پۆستەكان كە یەكێتی پێی بەخشیوە لێی وەردەگرێتەوە".

  سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئاقارو ئاییندەی ڕێكەوتنامەی نێوان ئەو دوو لایەنەو پرسی حكومەتە خۆجێییەكان‌و پۆستە حكومییەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت پۆستی پارێزگاری سلێمانی، " لەم ڕاپۆرتەدا " دیپلۆماتیك مەگەزین" هەریەكە لە دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی‌و خەڵەف ئەحمەد پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی سەوز و مەحمودی حاجی عومەر پەرلەمانتاری خولی پێشوو لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان دە دوێنێت.

 

خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د شاتوانی  په‌رله‌مانتار خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی سه‌وز

 

 

،،

ئەگەر بێت‌و گۆڕان بیەوێت لە پارێزگاكان لەگەڵا یەكێتی بێت و لەسەر ئاستی سیاسی هەرێم لەگەڵمان نەبێت، ئەوا پۆستی پارێزگارو تەنانەت ناحیەكانیش لێوەردەگرینەوە.

 

 

 دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014 بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و بەدەست هێنانی 24 كورسی پەرلەمانی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و بوون بەهێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان‌و پێش یەكێتی نیشتیمانی كەوت، بەڵام ئەم دەنگانە نەبوونە هۆكاری وەرگرتنی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەو بزوتنەوەیەو بەناچاری گۆڕان قایل بوو دوو ساڵا بەدوو ساڵ پۆستی پارێزگار لەگەڵا یەكێتیدا دابەش بكات، لە ئێستاش دووساڵی كۆتایی هەڤاڵا ئەبوبەكر نوێنەرەكەی گۆڕانە لەپۆستی پارێزگاری سلێمانیی، بەڵام دوای نزیكبونەوەی گۆڕان لەبەرنامەی سیاسی پارتی‌و بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی حكومەت‌و بایكۆت نەكردنی كۆبونەوەكەی 18 مانگی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتی نیگەران كردووە، خەڵەف ئەحمەد شاتوانی پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی، هۆشداری بەگۆڕان دەدات‌و دەڵێت:" ئەگەر بێت‌و گۆڕان بیەوێت لە پارێزگاكان لەگەڵا یەكێتی بێت و لەسەر ئاستی سیاسی هەرێم لەگەڵمان نەبێت، ئەوا پۆستی پارێزگارو تەنانەت ناحیەكانیش لێوەردەگرینەوە، وتیشی :" بەراورد بەچەند ساڵی ڕابردوو پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و گۆڕان ساردیان تێكەوتووەو پێویستە بۆ سەقامگیری هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی ئەم دوو هێزە پەیوەندییەكانیان توندو تۆڵ بكەنەوە".

  

،،

ئەو سەردەمە گوزەشت، لایەنێك بتوانێ بەچەك ڕێگری لەكەسێك بكات، سزای حیزبێك بدات لەكاری سیاسی.

 

 

 لە بەرانبەردا مەحمودی حاجی عومەر ئاماژە بەوە دەدات كە سیاسەتی گۆڕان سیاسەتێكی سەربەخۆیەو هیچ پەیوەندییەكی بە یەكێتییەوە نییەو یەكێتی تەنها دەتوانێ نیگەرانی خۆی نیشان بدات، نەوەك هەڵوێست لەسەر بڕیارە سیاسییەكانی گۆڕان دەرببڕێت، پەرلەمانتارەكەی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت:" ئەو سەردەمە گوزەشت، لایەنێك بتوانێ بەچەك ڕێگری لەكەسێك بكات، سزای حیزبێك بدات لەكاری سیاسی، ئەو لایەنانەشی هەوڵی كاری لەوشێوەیان دابێت، باجەكەیان داوەو جارێكیتر ناتوانن كاری لەو چەشنە دوبارە بكەنەوەو ئەو گرفتانەی یەكێتی لەگەڵا ئێمە هەیەتی لەگەڵ پارتی بیبوایە كە هەردوو لایەن خاوەنی هێزی چەكداری خۆیانن، ئەوا چارەنووسی هەرێمی كوردستانیان بە ئاقارێكی ناڕوون‌و مەترسیداردا دەبرد".

 

مه‌حمودی حاجی عومه‌ر په‌رله‌مانتاری خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی گۆڕان

 

 دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، سەرباری ئەوەی سەرسوڕمانی، دەشڵێت:"من نەك لەمپەرم بۆ درووست نەكراوە، بەڵكو پشتیوانی لەكارەكانیشم دەكرێت".

 

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی له‌سه‌ر پشكی گۆڕان

 

 دوای واژۆكردنی ڕێكەوتنامەكەی نێوانیان لەدەباشان، یەكێتی‌و گۆڕان بەردەوام یەكتریان بەپێشێلكردنی بەندەكانی ناو ڕێكەوتنامەكە تۆمەتبار كردووە، مەحمودی حاجی عومەر دەڵێت:" یەكێتی هێزی چەكداری هەیەو پێیوایە بەشێك لەكێشەكان بەهێز یەكلایی دەكرێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە گۆڕان كەهێزێكی مەدەنی بێچەكەو لەپێناو ئەو بیرو باوەڕەشیدا باجی زۆری داوە، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت یەكێتی‌و هەر لایەنێكیتر وا لەگۆڕان تێبگەن ناتوانێت ڕكابەرێكی سیاسی بەهێزیان بێت، بەڵكو گۆڕان پشت بە ڕای گشتی‌و تێگەیاندنی وڵاتانی نێودەوڵەتی داكۆكیكار لە دیموكراسی و مافەكانی مافی مرۆڤ لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەدات".

 

 پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئەو وتانەی مەحمودی حاجی عومەر ڕەت دەكاتەوەو دەڵێت:" ئەو كاتەی یەكێتی هەوڵی دەدا حكومەتی خۆجێی بەبەشداری گۆڕان پێك بهێنێت، یەكێتی لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو ڕێكەوتبوو، ئەگەر باوەڕمان بەچەك بوایە گۆڕانمان بەشداری پێنەدەكردو، گۆڕانێك نەدەبوو بە پارێزگاری سلێمانی".

  

 

 "ئێمە هیچ شتێكمان نەبیستووە، لەسەر دورخستنەوەمان و ئێستا كە من قسەتان لەگەڵا دەكەم سەر قاڵی كار كردنم، ئاگاداری هیچ كێشەیەكی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی نیم‌و هەركێشەیەكیش هەیە پەیوەندی بە خۆیانەوە بكەن‌و پەیوەندی بەمنەوە نییە".

 هەڤاڵا ئەبوبەكر وای وت. بەشێكی زۆری نیگەرانییەكانی یەكێتی لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەشداریكردنی گۆڕان بوو لە كۆبوونەوەكەی 18 مانگی پەرلەمانی كوردستان، لەم پرسەیاندا هەردوو پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی نیل‌و سەوز هاوڕابوون، لەئاسایبوونی دواخستنی كۆبونەوەكەی پەرلەمان بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو، مەحمودی حاجی عومەر دەڵێت: "یەكێتی ناتوانێت ئۆپۆزیسیۆن بێت‌و هیوا خوازین یەكێتی بەزووترین كات بەشداری كابینەی نوێ بكات".

 پەرلەمانتارەكەی پێشووی گۆڕان، بێمتمانەیی نێوان یەكێتی‌و پارتی بە هۆكاری قوڵا بوونەوەی كێشەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە دەزانێت، لایشیوایە هەر لایەنێك لەیەكێك لەم دوو پارتە نزیك بێتەوە ئەوا ڕاستەوخۆ لایەنەكەیتر بە پیلان‌و دژایەتی خۆی دەزانێت. دوای كۆتای هاتنی شەڕی ناوخۆو یەكگرتنەوەی هەردوو حكومەتی سلێمانی‌و هەولێر، بۆ یەكەمجارە كۆبونەوەی پەرلەمان بەبێ بەشداری یه‌كێتی ده‌به‌سرێت و ڕوداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ریش په‌یوه‌ندێكانی ئه‌و دوو حیزبه‌ی برده‌ قۆناغێكی مه‌ترسیداره‌وه‌ و به‌شێكی گرفتی نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌ بۆ پرسی ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌مان  و به‌تایبه‌ت پرسی كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

 

author photo

رۆژنامەنووس