رێكەوتنی پارتی و گۆڕان

تێپەڕاندنی كولتورێكی قەڵب

رێكەوتنی پارتی و گۆڕان

349 خوێندراوەتەوە

عومه‌ر عه‌لى غه‌فور

ئەگەر ناوێك لە قۆناغی دە ساڵی رابردوی پرۆسەی سیاسیی كوردستان بنێین، ئەوا دەكرێ بڵێین " قۆناغی ململانێ و مرخێش مرخێشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان"

،،

هەمیشە لەمبەر چەق و داینەمۆی ئۆپۆزسیۆن گۆڕان بووە، لەوبەریش سەری رمی دەسەڵات پارتی بووە، زۆرترین كێشمەكێش و قسەی زبر و سوك بەیەكتر وتن لەنێوان ئەو دوانەدا بووە.

راستە گۆڕان لەگەڵ یەكێتیش گیروگازی هەبووە، بەتایبەت لە یەك دوو ساڵی سەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەكەدا، بەڵام لەگەڵ یەكێتی بەو شێوەیە ستراتیژی و توند نەبووە، هەندێكی لەو رووەوە یەكێتی پاش جیابوونەوەی گۆڕان و دابەزینی بۆ پلەی سێیەم و پاشتر نەخۆشكەوتن و مردنی بەڕێز مام جەلال و فرەمەرجەعیی حزبەكە، وەك حزبی هاوتای پارتی نەما، هەندێكیشی لەو رووەوە یەكێتی و گۆڕان كابرا وتەنی (دوو چڵی دارێكن) و خزمن، كوردیش دەڵێ: "خزم گۆشتیشت بخوا ئێسكت ناشكێنێ"، لەبەرئەوە دوای هەندێ گیروگازی كاتی، هەر زوو ئاشت دەبوونەوە و رێكەوتنامە و تەنسیقیان لە كارەكانیاندا دەكرد (رێكەوتنی دەباشان وەك نمونە).

بەڵام وەك وتمان سیمای زاڵی دیمەنەكە شەڕەقۆچانی پارتی و گۆڕان بوو، بەتایبەت كە گۆڕان پێیوابوو جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی راستەقینە لای پارتییەو یەكێتی بووەتە پاشكۆی پارتی، لەبەرئەوە بەپێی ئەو پەندە كوردییەی دەڵێ (تۆ پادارەكان بگرەو بێ پاكان هی خۆمانە)، پێیوابوو پارتی "پادار"ەكەیەو ئەگەر ئەوی گرت، ئەوا یەكێتی بلجێبە!!.

هەروەها ئەگەرچی دوو حزبەكەیتریش (كۆمەڵ و یەكگرتوو) زۆر تاكەم ململانێی دەسەڵاتیان كردوە، بەتایبەت لە خولی پێشتر (2009-2013) كە لەگەڵ گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام هەمیشە لەمبەر چەق و داینەمۆی ئۆپۆزسیۆن گۆڕان بووە، لەوبەریش سەری رمی دەسەڵات پارتی بووە، زۆرترین كێشمەكێش و قسەی زبر و سوك بەیەكتر وتن لەنێوان ئەو دوانەدا بووە.

،،

رێكەوتنەكەی ئەم دواییەی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەشێكی بۆ بێئومێدبوونی سەركردە تەقلیدییەكانی گۆڕان دەگەڕێتەوە لەوەی بەو سەنگەی ئێستا و بەو تۆرانە بەلێشاوەی ئەندامە زرت و زیندو و پەیامدارەكانی جارانیان، ناتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز

 

گۆڕان لە 2009 شۆڕشێكی بەرپا كرد، هەم خەڵكی وریا كردەوە، هەم دەسەڵاتی لە خەڵك و لە ئۆپۆزسیۆن بەجدی ترساند، بەتایبەت چوار ساڵی یەكەم، كە بەشێكی كەوتە سەروەختی راپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی و ئەوەیش گوڕ و تینێكی زیاتری پێ بەخشی. بەڵام مخابن نەیتوانی درێژە بەو سەرەتا بەهێزەی بدا و بەشێكی هێزی ئەویش بەسترابوو بەكاریزمای شەخسی بەڕێز نەوشیروان مستەفاوە، كە ئەو نەخۆش كەوت بزوتنەوەكەیش دای لەكزی و بەمردنیشی نیوەی هێزی لەدەست دا، بەشێوەیەك دوای دەساڵ، ژمارەی كورسییەكانی 50% دابەزی.

بەندە پێموایە رێكەوتنەكەی ئەم دواییەی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەشێكی بۆ بێئومێدبوونی سەركردە تەقلیدییەكانی گۆڕان دەگەڕێتەوە لەوەی بەو سەنگەی ئێستا و بەو تۆرانە بەلێشاوەی ئەندامە زرت و زیندو و پەیامدارەكانی جارانیان، ناتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، ئەگینا مەعلومە ئەوان ئەگەر خولی پێشوو، بە 24 كورسییەوە و لە بارێكدا پارتی خواخوای بوو گۆڕان بەشداری حكومەت بێ، نەیانتوانیبێ كارنامە و بەرنامەی خۆیان بەسەر حكومەتی پارتیسالاردا بسەپێنن، لەم قۆناغەدا كە پارتی نەشوەی سەركەوتنێكی نەوعی گرتویەتی و بەمەرجی خۆی حزب بەشداری كابینەی نوێی دەكا، مەحاڵە بتوانن دەنگێكی بیستراوی بەهێز بن لە حكومەتدا.

،،

من ئەو رێكەوتنەم پێ خۆشە لەو رووەوە كە –ئەگەر سەركەوتوو بێ- سنوورێك بۆ كولتورێكی قەڵب دادەنێ، كە ئەو دوو حزبە هەردووكیان بەبێ جیاوازی، لە دە ساڵی رابردوودا دروستیان كرد و ویژدان و ناخ و میزاجی جەماوەری خۆیان و هاوڵاتی ئاساییشیان پێ نەخۆش خست

 

 

بەهەرحاڵ من ئەو رێكەوتنەم پێ خۆشە لەو رووەوە كە –ئەگەر سەركەوتوو بێ- سنوورێك بۆ كولتورێكی قەڵب دادەنێ، كە ئەو دوو حزبە هەردووكیان بەبێ جیاوازی، لە دە ساڵی رابردوودا دروستیان كرد و ویژدان و ناخ و میزاجی جەماوەری خۆیان و هاوڵاتی ئاساییشیان پێ نەخۆش خست، ئەویش ئەو چاویلكە رەش و تەئامورییە بوو هەرلایەك لەپشتیەوە بەرانبەرەكەی پێ دەبینی و تۆسقاڵێك سپیایەتی لە سیمایدا نەدەبینی، كە بكرێ لەسەر خاكێكی هاوبەش لەگەڵیدا بژی، لەبەرئەوە قسەی سووك نەما ئەمیان بەویانی نەڵێ، ئەمە بۆ ناو جەماوەری خوارەوەیش دابەزی، بەتایبەت ئەوەی پێی دەوترێ گەنج و نەوەی نوێ، كە ئەسڵ ئەوەیە بیركردنەوەی دوور بێ لە بیركردنەوەی پڕ گرێی دەروونیی نەوەكانی پێشوو.

،،

ئەخلاق و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی مەشێوێنن و ژەهری حیقد و كینەی مێژوویی نێوانتان مەكەنە خوێنی نەوە دوای نەوەی ئەم گەلە.

ئەم حاڵەتە بۆ ئێمەمانان كە بێلایەن بووین و بەدڵنیاییەوە لەو بیركردنەوە ئیقساییەدا هاوڕای هیچ لایەكیان نەبووین، دژوار بوو، بەتایبەت كاتێ لە مەجلیسێكی ئەملا یان ئەولادا دەمەتەقێ دروست دەبوو و تۆیش رێك دەكەوت –وەك كفرێكی گەورەت كردبێ- قسەیەكت لە بەرژەوەندیی لایەنی بەرانبەر دەكرد. چەندین جار كەوتومەتە هەڵوێستی لەم جۆرە، كە دڵنیام چەندین كەسی ئەمبەر وتویانە فڵان گۆڕانە، چەندینی ئەوبەریش –كە رەنگە خزم و دۆستیش بووبن- وتویانە فڵان پارتییە!!، كە هیچیان نەبووم و نیم (عەلی شەریعەتی دەڵێ وتارم بۆ شیعەكان دەدا دەیانوت ئەمە پیاوی سعودیەیە، وتارم بۆ سوننەكان دەدا، دەیانوت ئەمە پیاوی ئێران و شیعەیە).

كاكە هەركەس بگری دەیان كێشەی تایبەتی شەخسی هەیە، مێشك و رۆحی ماندووە، حزبەكان تكایە لێی گەڕێن خەڵك بژی، كوڕ و كچی ئەم وڵاتە مەكەنە بوق و سوتەمەنی شەڕە كورسیی خۆتان، كە لەپێناویدا برای دوێنێ دەكەنە دوژمنی ئەمڕۆ و خائینی دوێنێ دەكەنە برای ئەمڕۆ!. هەرچی دەكەن، بەململانێكانتان باری سەر گیان و ژیانی خەڵك قورستر مەكەن، ئەخلاق و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی مەشێوێنن و ژەهری حیقد و كینەی مێژوویی نێوانتان مەكەنە خوێنی نەوە دوای نەوەی ئەم گەلە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك