چونه‌ ناو حكومه‌ت, گۆڕان پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات

چونه‌ ناو حكومه‌ت, گۆڕان پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات

646 خوێندراوەتەوە

له‌هه‌نگاوى سه‌ره‌تادا كێكه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتیدا له‌تكردوه‌,پارووه‌كه‌ى خۆى پچڕاندوه‌ و خه‌ریكه‌ به‌ره‌و ده‌مى ده‌یبات, ڕه‌خنه‌گرانیشى ده‌ڵین ڕه‌نگه‌‌ پارتى و كێشه‌كانى ناو خۆیان  هەنگوینى ڕێکەوتنەکەیان لێبكه‌ن به‌ژه‌هر , چونكه‌ تادێت كاردانه‌وه‌ى ڕێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ى گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتیدا به‌رفراوانتر ده‌بێت. دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند ئه‌ندامێكى هه‌ردو جڤاتى ئه‌و حزبه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند.

 

كه‌نعان ئیسماعیل یه‌كه‌مین ئه‌ندامى جڤاتى گشتى بو هه‌ڵویستى به‌رامبه‌ر ڕه‌شنوسى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوان پارتى و گۆڕان وه‌رگرت و له‌كۆبونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتیمانى حزبه‌كه‌ى دا به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه‌, هۆكاره‌كه‌ى بۆ نامه‌نتیقى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ وجۆرى مامه‌ڵه‌ى به‌رپرسانى گۆڕان به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ده‌ستێوه‌ردانى كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ نێو بڕیاره‌كان گه‌ڕانده‌وه‌ و ڕێكه‌وتنه‌كه‌شى به‌شتێكى خراپ وه‌سف كرد كه‌ هیچ ئاینده‌یه‌كى نابێت وبه‌لادانیشى له‌ستراتیژى گۆڕان زانى.

به‌دواى كه‌نعان ئیسماعیل یش دا , د. سه‌لیم ڕه‌شید ئه‌ندامى جڤاتى گشتى و هاوكات مامۆستاى زانكۆى سه‌لاحه‌دینه‌ له‌هه‌ولێر له‌نامه‌یه‌كدا ده‌ستله‌كێشانه‌وه‌ خۆى له‌بزوتنه‌وه‌كه‌ ڕاگه‌یاند.

توندتر له‌و دو ئه‌ندامه‌, له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕەمزی مجید فەردە، ئه‌ندامى جڤاتى گشتى گۆڕان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى له‌گۆڕان ڕاگه‌یاند.
هه‌ر له‌نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى دا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ش كردوه‌, زیاتر لە ١٠ ساڵە بەشدارى بزوتنەوەكه‌ى كردوە بە هەموو توانا مەعنەوی و توانا ماددیە كەمەی هەى بووه‌ درێخی نەكردوە ، بەرگەی هەمو ئازار و هێرشە ناحەقیەكانى گرتوە سڵیشى لە هیچ نەكردۆتەوە. بەڵام ئەمڕۆی گۆڕان نە دوێنێ و ئەوێ ڕۆژێی گۆڕانە نە هیچ پەیوەندیەكی ماوە بە ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفاوه‌ .

,,

ڕەمزی مجید فەردە، ئه‌ندامى جڤاتى گشتى گۆڕان:

گۆڕانى ئێستا جگە لە تیمێكی ئینتیهازی و هەڵپەرست و گروپێكی شێوە ئیخوانی دابڕاو لەتەواوی بنەماكانی بزوتنەوەكە هیچیتر نیە ,گۆڕان خەریکە بەو گروپە و ڕێگا سیاسیە هەڵەیە بەرە و پوکانەوە دەچێت ، وە بەرە و خاڵی بونەوە دەچێت لە هەڵسوراو و ئەو ئەندامە دڵسۆزانەی كه‌ دامەزرێنەری بون"


ئه‌ندامه‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كه‌ى جڤاتى گشتى گۆڕان ده‌شلێت "گۆڕانى ئێستا جگە لە تیمێكی ئینتیهازی و هەڵپەرست و گروپێكی شێوە ئیخوانی دابڕاو لەتەواوی بنەماكانی بزوتنەوەكە هیچیتر نیە ,گۆڕان خەریکە بەو گروپە و ڕێگا سیاسیە هەڵەیە بەرە و پوکانەوە دەچێت ، وە بەرە و خاڵی بونەوە دەچێت لە هەڵسوراو و ئەو ئەندامە دڵسۆزانەی كه‌ دامەزرێنەری بون"


ڕه‌مزى مه‌جید به‌هه‌مان شێوه‌ى زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ ده‌ستله‌كار ده‌كیِشنه‌وه‌ له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ئه‌ویش خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن كه‌ به‌كلاسیكى و عه‌قڵ دۆگما ناویان ده‌بات و هه‌روه‌ها كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا و كه‌سانى ده‌وروبه‌ریان كه‌ به‌وته‌ى ئه‌و سه‌ره‌تا ده‌ستیان به‌سه‌ر میدیادا گرت و په‌لى تریان بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌دا هاویشت و حاڵیان به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاند به‌هۆكار ده‌زانێت.


جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌و كارانه‌ى كوڕه‌كانى و ده‌روبه‌رى ده‌یكه‌ن لێى بێ به‌رییه‌. ده‌شلێت " چیتر شیاوی ئەوە نین پشتیوان بكرێن وە دڵنیا بن كە ئەوانەی وازدێنن هەر بەتەنها نین"

به‌پێى زانیارییه‌كانى (دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ) ئه‌ندامێكى تری جڤاتى نیشتیمانى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پێشكه‌ش كردوه‌ به‌ڵام هێشتا ئاشكرای نه‌كردوه‌ و پێده‌چى كه‌سانى تریشیان به‌دوادا بێت, به‌ره‌ى به‌رگریكارانیش له‌ ڕیكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانیان توندتر ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌دژى ئه‌وانه‌ى ڕه‌خنه‌ى لێى ده‌گرن, به‌جۆرێك ده‌سته‌واژه‌ى تیرۆرى فیكرى له‌نوسینه‌كانیاندا ئه‌مجاره‌یان بۆ دژى هاوبیره‌كانى دوینێنیان و بیرجیاوازه‌كانى ئه‌مڕۆیان به‌كار ده‌هێنن,ئێستا شانۆى سیاسی گۆڕان به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره‌یه‌كدا دابه‌ش بوه‌, ئه‌وانه‌ى به‌رگرى له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌كه‌ن,ئه‌وانه‌ى به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ست له‌كاركردن له‌گۆڕان ده‌كێشنه‌وه‌‌, ئه‌وانه‌ى له‌دژى ده‌وه‌ستنه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر له‌ناوه‌وه‌ن, له‌سه‌رئاستى ده‌نگده‌ر ولایه‌نگرانیشیان هه‌م پشتگیریه‌كى كه‌م و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ش ده‌بینرێت.

,,

له‌گه‌ڵ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى هه‌ر هه‌ڵسوڕاو و به‌رپرس ته‌نانه‌ت یان كارمه‌ندێ یه‌كێك له‌ده‌زگاكانى گۆڕاندا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئاشكرا بكات ئه‌و دروشم و وتانه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ى كه‌‌ له‌گرده‌كه‌ كارده‌كه‌ن له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌

له‌گه‌ڵ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى هه‌ر هه‌ڵسوڕاو و به‌رپرس ته‌نانه‌ت یان كارمه‌ندێک یه‌كێك له‌ده‌زگاكانى گۆڕاندا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئاشكرا بكات ئه‌و دروشم و وتانه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ى كه‌‌ له‌گرده‌كه‌ كارده‌كه‌ن له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌, (به‌ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه‌ى چه‌ند كه‌سێك بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ناو ناچێ و به‌رده‌وام ده‌بێت, هه‌تا ئاڵایه‌كى نیلى به‌ده‌ست گه‌نجێكى حه‌ماسى بشه‌كێته‌وه‌ گۆڕان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت).

.وتنه‌وه‌ى دروشمه‌كان زۆرن, هه‌ر له‌وه‌ ده‌چێ كه‌پێوایه‌ سه‌فین له‌بن بێت یه‌كێتى له‌بن نایه‌ت, به‌ڵام تاچه‌نده‌ فریاى دۆخى پڕقه‌یراناوى ئه‌م حزبانه‌ ده‌كه‌ون ئه‌وه‌یان شتێكى تره‌...!

,,

ڕێبین هەردی پێوایه‌ هیچ گومانی تێدا نیه‌ لە ئێستادا گۆڕان بە ته‌واوی پشتی كردۆته‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ کانی. جگه‌ له‌وه‌ واى ده‌بینیت شاده‌مارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان, گۆڕینى سیستمى سیاسیه‌ بۆ په‌رله‌مانى كه‌ به‌وته‌ى ئه‌و پشتى له‌و دروشمه‌ كردوه‌

كاردانه‌وه كان‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌ت ومامه‌ڵه‌ى هه‌ندێك له‌برپرسانى ئه‌و حزبه‌ به‌تایبه‌ت له‌دواى ڕیكه‌وتنه‌كه‌ى پارتى هه‌ر به‌ هه‌ڵسوڕاوه‌ حزبیه‌كانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌, به‌ڵكو ئه‌وانه‌شى هێناوه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت كه‌ دۆست و دڵسۆزى بزوتنه‌وه‌كه‌ و خودى نه‌وشیروان مسته‌فا بون و هه‌ندێكیان به‌عه‌قڵى گۆڕان و ڕاوێژكارى تایبه‌تى ڕیكخه‌رى كۆچكردو ناسراون و ڕۆلێان له‌ئه‌ده‌بیاتى سیاسى و ڕۆشنبیری كوردییشدا دیاره‌, له‌وانه‌ ڕێبین ئه‌حمه‌د هه‌ردى.

 
هەردی پێوایه‌ هیچ گومانی تێدا نیه‌ لە ئێستادا گۆڕان بە ته‌واوی پشتی كردۆته‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ کانی. جگه‌ له‌وه‌ واى ده‌بینیت شاده‌مارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان, گۆڕینى سیستمى سیاسیه‌ بۆ په‌رله‌مانى كه‌ به‌وته‌ى ئه‌و پشتى له‌و دروشمه‌ كردوه‌ , ده‌شلێت " من وای ده‌بینم گۆڕان هچ پاساوێكی مه‌نتقی و قبوڵكراوی بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى نیه‌، ئه‌وه‌ نه‌بێت به‌راست ئه‌مجاره‌ براده‌رانی پارتی زۆر سه‌خی بوون و به‌ 12 كورسیه‌وه‌ پۆستی وای داونه‌تێ كه‌ به‌ 24 كورسیه‌كه‌وه‌ وه‌ریان نه‌گرت”

له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌خنه‌كانى هه‌ردیشدا عه‌لى حه‌مه‌ساڵه‌ح جگه‌ له‌وه‌ى سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى كوردستانه‌ هاوكات كه‌سێكى نزیكى چیاو نماى نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ و ئه‌وانه‌ى كه‌ ڕه‌خنه‌ى لێده‌گرن به‌كارێزمایه‌كى سه‌ره‌كى چه‌سپاندنى حوكمى بنه‌ماڵه‌ى و خێزانى له‌ناو گۆڕاندا تۆمه‌تبارى ده‌كه‌ن, عه‌لى حه‌مه‌ساڵه‌ح " نووسه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ته‌ندروست ڕه‌خنه‌کان ئاراسته‌ بکات.لام سه‌یره‌، گۆڕان تۆمه‌تبار ده‌که‌ن به‌وه‌ی جێگری دووه‌می په‌رله‌مانی داوه‌ به‌ پێکهاته‌کان، به‌ڵام له‌ ڕێککه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌ ٥ی ٢ ئه‌م پۆسته‌ بۆ پێکهاته‌کان ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر کرابوو، دواتر یه‌کێتی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ ناکۆک نه‌بوو! ئه‌و کات کاک ڕێبین و هاوڕێکانی بۆ ڕه‌خنه‌یان نه‌گرت"

 

حه‌مه‌ساڵح ئه‌وانه‌ى بایكۆتى هه‌ڵبژاردنیان كرد به‌هۆكارى به‌هێزبون و ده‌نگهێنانى زۆرى پارتى تۆمه‌تباریان ده‌كات و له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵیت " ئه‌وانه‌ی خه‌ڵکیان ساردده‌کرده‌وه‌ و داوای بایکۆتیان ده‌کرد، ئێستا ده‌ڵێن: پارتی پۆسته‌ گرنگه‌کانی برد، ئه‌وه‌ ئێوه‌ بوون واتان کرد پارتی ٤٥ کورسی بهێنێت و دۆخه‌که‌ به‌م شێوه‌ بێت .


پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌, بۆچى گۆڕان بانگه‌شه‌ى ساخته‌و ته‌زویرى له‌هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى مانگى ئایار و ته‌موزى ساڵى ڕابردودا ده‌كرد و سوربو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌نگى یه‌كێتى و پارتى حه‌قیقى نیه‌ و ته‌زویر ده‌نگه‌كانى به‌رزكردونه‌ته‌وه‌ و ده‌نگى گۆڕانیشیان بردوه‌؟ پارتى و یه‌كێتى به‌ته‌زویر به‌هێز بون یان به‌بایكۆت..؟ گریمان به‌هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ پارتى به‌هێز بوبێت , ده‌كرێت به‌و شێوه‌یه‌ بیانو بۆ سازشى كردن بۆى بهێنریته‌وه‌ و حزبێكى وه‌كو گۆڕانى ته‌سلیم بكرێت..؟

به‌ره‌ى به‌رگریكارى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ى میدیاى گۆڕان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ گه‌رچى به‌شێوه‌یه‌كى زۆر سنوردار له‌چاو جاران ده‌رده‌كه‌ون, ڕێكه‌وتنه‌كه‌ شه‌ن و كه‌و ده‌كه‌ن و بڕگه‌كانى ڕونده‌كه‌نه‌وه‌ و وه‌كو موژده‌یه‌ك به‌خه‌ڵكى ده‌ده‌ن, به‌شێوه‌یه‌ك به‌رگرى لێده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێت هه‌مو خه‌ڵكێك وه‌كو ئه‌وان جوان و قه‌شه‌نگ بیبینێت و ئومیدى له‌سه‌ر هه‌ڵبچنن, ئه‌مانه‌ش چه‌ند گروپێكن, یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن كه‌سانى حزبى دیارن و وه‌كو پابه‌ند بونییان به‌ پره‌نسپیى حزبى خۆیانه‌وه‌ به‌ئه‌ركى خۆیانى ده‌زانن وه‌كو بیلبیه‌ى چاویان بىپارێزن, گروپى دوه‌میشیان زیاتر ئه‌وانه‌ن كه‌ ناویان بۆ پۆسته‌ باڵاكان هاتوه‌ , یاخود ئه‌وانه‌ن كه‌ سیڤیان پڕكردۆته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌كابینه‌ى نوێ دا پۆستێك وه‌ربگرن, ئه‌م گروپه‌ ئه‌مه‌نده‌ خۆیان ته‌رخانكردوه‌ بۆ پاراستنى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ و باشانو بالێدا هه‌ڵده‌ده‌ن, ته‌ركیزیان لاى ئه‌وانه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ تێبنی و ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌رى هه‌یه‌, خه‌ریكى پۆلێنكارین و زیاتر ئه‌وانه‌ى توندترلایه‌نه‌ سه‌لبیه‌كانى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو به‌ر هه‌ڵمه‌تى ڕه‌خنه‌ و بگره‌ زمانى توند و تۆمه‌تى ئه‌م گروپه‌ ده‌بێته‌وه‌, ته‌نها ڕه‌ش و سپى له‌مه‌دا ده‌بینن, ئه‌و هه‌ڵسوڕاوانه‌ى له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا ماون و ڕه‌خنه‌ش له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌گرن ئه‌م دۆخه‌ى كه‌ گروپى سیڤى به‌وته‌ى ئه‌وان دروستیان كردوه‌, كاریگه‌رى له‌سه‌ر ڕاى ئازاد هه‌یه‌ پێشیانوایه‌ به‌ته‌واوه‌تى پاشه‌كشه‌ى به‌ بیرجیاى ناو گۆڕان كردوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ كاوه‌ محه‌مه‌د كه‌ په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى گۆڕانه‌ له‌په‌رله‌مانى عێراق و یه‌كێكه‌ له‌و هه‌ڵسوڕاوانه‌ى دژى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ بوه‌, نوسیویه‌تى " ئەو فیگەرانەن کە پێشتر لەهەموان دژە پارتی-تر بون و هەمیشە کە قسەیان لەسەر دۆخی هەرێم دەکرد، بەقەد سەری دەرزیش مەجالی نزیکبونەوە لەپارتی-یان نەدەهێشتەوە، ئێستاش تەواو پێچەوانە، دنیایەکی هاوبەشی گوڵگوڵینی وایان لەنێوان گۆڕان و پارتی نەخشاندوە، کە قەد پێشبینی نەکرێت ئەو دنیایە تۆزی لێ بنیشێت. واتە نە لەشەڕدا بواری ئاشتی دەهێڵنەوە و نە لەئاشتیشدا، بواری شەڕ دەهێڵنەوە، هەر بۆیەش ئێستا لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەر بە بەراوردکردنی قسە و لێدوانەکانی پێشو و ئێستایان، جیاوازیی جەوهەری و مەبدەئی لەهەڵوێستەکانیان دەردەخەن"


كاوه‌ محه‌مه‌د پێوایه‌ ئه‌و گروپه‌ كه‌ ده‌ستیانداوه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ئیعلامى مه‌ترسیدار نه‌فه‌سێكه‌ ڕێك وه‌كو پارتى و یه‌كێتى قسه‌ى پێى ده‌كه‌ن و هەرچی نوسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنوس و کەناڵی میدیایی هەیە لێیان بۆتە دوژمنی گۆڕان و پێیانوایە ئەوانەی رەخنە لەرێککەوتنەکە دەگرن، دەستی خەڵکانی دیکە لەپشتیانەوەیە و پیلان لەگۆڕان دەگێڕن و بونەتە پیاوی ئەم لایەن و ئەو لایەن .

له‌به‌رامبه‌ریشدا هۆشیار عه‌بدوڵا كه‌ په‌رله‌مانتارى ئه‌و حزبه‌یه‌ و نزیكه‌ له‌ كوڕه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ چه‌سپێنه‌رى سیستمى حزبى بنه‌ماڵه‌ له‌ناو گۆڕان له‌لایه‌ن نه‌یاره‌ فیكریه‌كانیه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت, له‌نوسێنیكدا هێرشیى توند ده‌كاته‌ سه‌ر هاوڕێكه‌ى و وه‌كو مایع و پۆست په‌رست پیشانى ده‌دات.
له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌بدوڵا ده‌نوسێت " لە ژیانی سیاسیدا ئەگەر لێم بپرسیت بێزراوترین هەڵویست یا خوی سیاسیی چیە ؟! بێ سێ و دو ئەڵێم هەڵوێستی ئەوانەیە کە لێیان تێناگەی ، جورئەتی گوتنیان نیە ، یەکلانین لە هەڵوێستا ، لە عەرەبیدا بەوانە دەگوترێت مایع"

هه‌ر له‌نوسینه‌كه‌ى دا هۆشیار عه‌بدوڵا چه‌ند وێستگه‌یه‌كى له‌ژیانى سیاسى خۆى له‌ناو گۆڕاندا باس ده‌كات و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ كه‌چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێكه‌وتنانه‌دا نه‌بوه‌ گۆڕان كردونى و پێشتر ڕه‌خنه‌ى لێگرتوه‌ به‌ڵام كه‌ بوه‌ به‌ بڕیارى جڤات و گۆڕان ئه‌و بێده‌نگى لێكردوه‌.


بێ ناوهێنانى وه‌كو ئاماژه‌یه‌كیش بۆ كاوه‌ محه‌مه‌د لاده‌كات به‌وته‌ى ئه‌و له‌به‌ر خاترى پۆست چوه‌ته‌ ‌ ناو گۆڕانه‌وه‌ نوسیویه‌تى " جارێک کاک نەوشیروان مستەفا برادەرێکی لە قیادەکانی گۆڕان راسپاردبو کە بە کەسێکی بۆڵەبۆلکەری ناو یەکێتی بڵێ تاکەی خەریکی پرتە و بۆڵەیە با خۆی یەکلا بکاتەوە و ئیعلانی بکا کە گۆڕانە ،کاتێک پێیان گوتبو رەتیکردبۆوە و گوتبوی رەخنە و سەرنجم زۆرە لەسەر گۆڕان ، پاش ماوەیەکی کەم کاتێک پێیان گوت ئەی ئەگەر کاندیدی گۆڕان بیت ، گوتبوی بە خۆشحاڵیەوە ئامادەم"

به‌ره‌كانى گۆڕان دواى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتیدا جیاوازترن,ئاكامى باش و خراپى ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى كه‌ گۆڕان یان هه‌ر حزبێكى ترى سیاسى ده‌ێنین, شه‌قام و ده‌نگده‌ره‌كانى یه‌كلاى ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

author photo

توێژه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس