کوڕی شای ئێران چاوى لە گۆڕانکارییە

لەڕێگەى پرۆژەى“قەقنەس”ەوە هێرش دەکات

کوڕی شای ئێران چاوى لە گۆڕانکارییە

733 خوێندراوەتەوە

رەزا پەهلەوی کوڕی محەممەد رەزا پەهلەوی شای پێشووی ئێران و نەوەی رەزا شای ئێران، یەکێکە لە سەرکردە بەناوبانگەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە بەمدواییە پرۆژەیەکی لە ژێر ناوی (قۆقنووس ـ قەقنەس) راگەیاندووە و وەک دەڵێت مەبەست لێی کارکردنە بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی وڵاتی ئێران لە دوای رووخانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی کە ئێستا دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیە.


قەقنەس باڵندەیەکی ئەفسانەییە کە هەزار ساڵ ئەژی، ئەو باڵندەیە جووتی نییە و لە داویین رۆژەکانی تەمەنی چیلکەی زۆر کۆ دەکاتەوە و لە سەری هەڵدەنیشێت، ئینجا هێندە باڵەکانی لێکدەدات و ئاواز دەچڕێ تا پریشکی باڵەکانی دەکەوێتە ناو چیلکەکان و ئاگر دەگرن و خۆیشی تیایدا دەسووتێت، ئیدی لە خۆڵەمێشی ئەو ئاگرە هێلکەیەک دروست دەبێت کە قەقنەسێکی دیکەی لێ دێتە دنیا.

پەهلەوی سێیەم بە هەڵبژاردنی ئەو ناوە، دەیەوێت بڵێت لە سەر ئێرانی بە خۆڵەمێشبووی ئێستا، ئێرانێکی نوێ بونیات دەنێتەوە.

،،

پەهلەوی سێیەم بە هەڵبژاردنی ناوی قەقنەس، دەیەوێت بڵێت لە سەر ئێرانی بە خۆڵەمێشبووی ئێستا، ئێرانێکی نوێ بونیات دەنێتەوە.


پرۆژەی قەقنەس، ۲۲ی فێبریڤەری لە کۆنفرانسێکدا لە زانکۆی جۆرج واشنتنی ئەمریکا بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک زانای ئێرانی راگەیەندرا و تێیدا جەخت کرا لە هەموو بوارەکاندا کار بۆ بووژاندنەوەی ئێران دەکەن بە بێ ئەوەی پێوەندییان بە کاروباری سیاسییەوە هەبێت. لەو پێناوەشدا سوود لە تواناکانی زانایانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران وەردەگرن.

رەزا پەهلەوی کە لایەنگرەکانی بە شازادە پەهلەوی ناوی دەهێنن، ئاشکرای کرد ساڵانێکە بە راوێژ لەگەڵ زانایان کار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکەن کە بەو جۆرەی باس کراوە ئیجگار فراوانە و هیچ بوارێک نامێنێ پێوەی سەرقاڵ نەبن، تەنانەت بواری سەربازیی، واتە بە شێوەیەک بە دیار دەکەوێ کە زیاتر وێنەی دەوڵەتێک لە تاراوگە پێشان دەدات تاوەکوو رێکخراوێکی توێژینەوەی زانستی بە ئامانجی پێشنیارکردنی رێکار بۆ بووژاندنەوەی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی.

ئەم پرۆژەیەی رەزا پەهلەوی لە کاتێکدا راگەیەندراوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دۆخێکی سیاسی ـ ئابووری پڕقەیراندایە و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرچی زیاتر فشارەکانی لە سەر چڕ کردووەتەوە و بەمدوایە ئەگەری هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە ناوچەکەدا جدیتر باس دەکرێ.

،،

لە ناوخۆی ئێرانیشدا ئاستی ناڕەزایەتی لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، کۆمەڵانی خەڵکی تێپەڕاندووە و تەنانەت گەیشتووەتە ئاستی کەسانێک کە دەستیان لە رووخاندنی شای ئێران و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە، بە جۆرێک کە لە کردنی شۆڕشی ۷۹ پەشیمانی دەردەبڕن

لە ناوخۆی ئێرانیشدا ئاستی ناڕەزایەتی لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، کۆمەڵانی خەڵکی تێپەڕاندووە و تەنانەت گەیشتووەتە ئاستی کەسانێک کە دەستیان لە رووخاندنی شای ئێران و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە، بە جۆرێک کە لە کردنی شۆڕشی ۷۹ پەشیمانی دەردەبڕن. ئەو پەشیمانیدەربڕینە بە رادەیەکە کە بە شەپۆلی پەشیمانی ناوی دەهێندرێت بە تایبەت لە ناو کەسانێکدا کە بە رێڕەوانی هێڵی ئیمام خومەینی ناسراون، یەکێک لەوانە بە ناوی مورتەزا ئەلویری کە چەندین بەرپرسیارێتی باڵای لە ئاستی ئەندامی پەرلەمان و باڵیۆزدا هەبووە، دەڵێت "ئەگەر شای ئێران زووتر دەنگی شۆڕشی خەڵکی ببیستایە و لە هەندێک بواردا چاکسازی بکردایە، ئەوا شۆڕش نەدەکرا و وڵات پێشکەوتنی هاوسەنگی بە خۆیەوە دەبینی".


لە لایەکی دیکەوە لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران کە زیاتر ناڕەزایەتی دەربڕین بوو لە دۆخی نالەباری ئابووری، لێرە و لەوێ دروشم لە پەسنی سیسەتمی پێشووی پاشایەتی ئەو وڵاتە بەرز دەکراوە و بەشێک لە خۆپێشاندەران هاواریان دەکرد: "رەزا شا رۆحت شاد".

رەنگە ئەمانە کۆمەڵێک ئاماژەی هەرچەند بچووک لە هۆگری بەشێک لە خەڵکی ئێران بۆ پەهلەوییەکان پێشان بدەن، بەڵام لە راستیدا کۆماری ئیسلامی دوو ئۆپۆزسیۆنی رێکخراو و بەهێزی لە بەرامبەردا هەیە کە ئەوانیش پاشایەتیخوازەکان بە سەرۆکایەتی پەهلەوی و موجاهیدینی خەلق بە سەرۆکایەتی رەجەوی ـ ن، کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و بە تایبەت لە لایەن ئەمریکاوە گرنگییان پێ دەدرێت.


بۆیە دەکرێت لە وەها بارودۆخێکدا پرۆژەکەی پەهلەوی سیێەم بە هەند وەربگیرێت، چ وەک مانۆڕێکی سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی، چ وەک ئامادەکردنی دەوڵەتێک بە مەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانی پشێوی لە ئەگەری رووخانی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت کە لە هەندێک کۆڕ و کۆمەڵی سیاسیدا پرۆژەی قەقنەس بە کابینە ناوزەد دەکەن و ئەو زانایانەیش کە بە سەرۆکی کارگرووپەکانی داندراون بە وەزیرەکانی کابینە ناو دەهێنن.

،،

ئەردەشێر زاهیدی وەزیری دەرەوە و دوایین باڵیۆزی شای ئێران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بە پێچەوانەی رەزا پەهلەوی، ستایشی پێشکەوتنەکانی ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی دەکات و سیاسەتی دەرەوەی بە سەرکەوتوو دەزانێت


بەم حاڵەیشەوە هێشتا بۆچوونی پێکدژ لە ناو کەسایەتییە سیاسییەکانی دەرەوەی ئێران سەبارت بە رووخانی کۆماری ئیسلامی هەیە، ئەبولحەسەنی بەنیسەدر یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران لە دوای شۆڕسی ئیسلامی کە بە هۆی ناکۆکی لەگەڵ خومەینی و مەترسی کوشتنی لە ئێران رایکرد و پەنای بردە بەر فەڕەنسا، لە دوا دیداری رۆژنامەوانیدا کاتێک لێی دەپرسن ئایا پێتوایە ئێران دەڕوخێت؟ دەڵێت پێموانییە، دڵنیام کە دەڕوخێت. بەڵام ئەردەشێر زاهیدی وەزیری دەرەوە و دوایین باڵیۆزی شای ئێران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بە پێچەوانەی رەزا پەهلەوی، ستایشی پێشکەوتنەکانی ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی دەکات و سیاسەتی دەرەوەی بە سەرکەوتوو دەزانێت، بە جۆرێک کە هەژمۆنی ئێرانی لە ئاستی جیهاندا پەرە پێداوە، ئەو رووخانی کۆماری ئیسلامی بە دوور دەبینێ و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە زۆر لاواز باس دەکات.


تا ئێستا کۆماری ئیسلامی هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر پروژەی قەقنەس نەبووە، بەڵام پرۆژەیەکە کە بە هاوئاهەنگ و هاوتەریب لەگەڵ فشارەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەبیندرێت. ئەو فشارانەی هەم دەکرێت تەنیا بۆ ئیمتیاز وەرگرتن بن لە ئێران، هەم دەکرێت بۆ رووخاندنی بن، دەمێنێتەوە کامیان بۆ ترەمپ دەست ئەدات.

قەقنەس رایگەیاندووە کۆنفرانسەکانی داهاتووی لە کەنەدا و لەندەن بەڕێوە دەبات.

شیكاری دیپلۆماتیك مەگەزین

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك