پەرلەمانتارێكی گۆڕان: ئەگەر یەكگرتوو كاندیدیی هەبوایە دەنگمان پێدەدا

پەرلەمانتارێكی گۆڕان: ئەگەر یەكگرتوو كاندیدیی هەبوایە دەنگمان پێدەدا

487 خوێندراوەتەوە

دابان موحەمەد،ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان، لەڕێگەی دیبلۆماتیكەوە دیوە شاراوە و باسنەكراوەكانی كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان دەخاتەڕوو.

دابان مەحەمەد دەڵێت، وەكو بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی لیژنەی یاسایی لەدەرەوەی خواستی بزوتنەوەی گۆڕان بوە و فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدابوە كە هیچ حیزبێك زۆرینەی لیژنەكە قۆرخ نەكات بۆخۆی،بەڵكو هاوسەنگی هەبێت لە لیژنەكەدا و هەموان بەشداربن.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان ئاشكرای دەكات: نیگەران بون لەوەی كە پارتی ویستویەتی هەژمونی خۆی بەسەر لیژنەكەدا بسەپێنێت، هەروەها فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ و كۆمەڵ بڕیاریاندابوو بەشداری بكەن.

بەبڕوای دابان موحەمەد لایەنەكانی دەرەوەی پارتی دەبوایە هەماهەنگی زیاتر لە نێویاندا هەبوایە و فشاریان تا ئاستی بایكۆت لە دانیشتنەكەدا بكردایە، وەك نارەزایەتیەك بەرامبەر بەكارهێنانی زۆرینە لە لیژنەی یاساییدا كە گرنگترین لیژنەی پەرلەمانە.

ئەو نایشارێتەوە كەمترین هەماهەنگی لە نێوان لایەنەكان هەیە و هەریەكە بۆخۆی دەچێت رێكدەكەوێت بەجیا و ئەوەش بۆتە هۆی زاڵكردنی پارتی لە هاوكێشەكەدا، بۆ نمونە نەوەی نوێ‌ و یەكگرتو كە دوهێزی ئۆپۆزسیۆنن، یەكێكیان لە دەرەوە كۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی دەبەست و ئەوی تر لە ژورەوە دەستی بەڵێی هەڵدەبڕی.

سەبارەت بە بێبەشكردنی یەكگرتوو لە لیژنەی یاسایی، دابان مەحەمەد ووتی" ئێمە بە هەموو جۆرێك لەگەڵ ئەوەبوین كە نوێنەری یەكگرتوش لە لیژنەی یاسایدا بێت و پێشمان وتوون كە ئێمە پشتگیریان دەكەین. بەڵام كە لە كۆبۆنەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكاندا ڕێكنەكەوتن و ئەوان دور خرانەوە. دەبوایە لەناو دانیشتنەكە نوقتەی نیزامیان هەبوایە و لە دەرەوەی ئەو ڕێكەوتنە خۆیان كاندیدبكردایە ئەوكاتە ئێمە دەنگمان پێدەدات و دەریشدەكەوت كە كێ‌ دەنگیان پێنادات، بەڵام ئەوان كاندیدیان نەبوو، تەنها رەخنەیان لە ڕێكەوتنەكە و جێبەجێنەكردنی پەیڕەو هەبوو.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك