یەک ئیدارەیی یان دوو ئیدارەیی؟

لە دوو ئیدارەی داپۆشراوەوە بۆ دوو ئیدارەی سادەی ئاشتیانە

یەک ئیدارەیی یان دوو ئیدارەیی؟

256 خوێندراوەتەوە

بەهادین نوری

لەم ماوەیەی دواییدا کە خیلافات لەنێوان پارتی و یەکێتیدا توندتربوو، پرسی ( یەک ئیدارەیی ) و ( دوئیدارەیی ) کەوتە سەرزاری زۆرکەس لە هەرێمدا.

کەباس لەم پرسە دەکرێ، زۆرینەی خەڵک دوو ئیدارەیی سەردەمی نەوەدەکانی سەدەی پێشوویان بیردەکەوێتەوە کە لە ئەنجامی شەڕی چڕی براکوژیدا هەرێم بەم بچوکيیەی خۆی بوو بە دوو دەوڵەتۆکە لە بواری سەربازی و جوگرافی و ئابووری و ئیداریدا، سەرۆکێکیان مسعود بەرزانی و ئەویدی جةلال تاڵەبانى.

پێش نەوەدەکاننیش، لەساڵانی خەباتی چەکداریدا، ئەم دوئیدارەییە پێشینەی هەبوو، لە شەڕی براکوژی نێوان مەلایی و جةلالیدا، لەساڵی ١٩٦٤، مەلایی سەرکەوتن و جةلالی هیچ جێگەیەکیان لە کوردستاندا بۆنەماو ناچار چوون بۆ ئێران – هەمەدان.

دواتر بوو بە یاسا کە لایەنی سەرکەوتوو، لە جەولەکانی شەڕدا، دەستبگرێ بەسەر ئەوناوچەیەداو لایەنی دۆڕاویش هەڵبێت.

،،

ئەو دوو ئیدارەییەی لە نەوەدەکانی شەڕی براکوژیدا لەم هەرێمەدا بەرپاکرا تا ئەم چرکەیەش هەر زیندووە

 

ئەوەی ڕوویدا دوای ڕاپەڕینی ،١٩٩١ هەر درێژەی ئەو شەڕانەبوو ، کە پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١ دوو ناوچەیی لێدروستبوبوو، بەڵام لە دۆخێکی دیکەدا کە دەسەڵاتی سەددام لەشارەکانی هەرێم نەمابوو، تائێستە، کە باسی دوو ئیدارەیی بکرێ ئەم خەڵکە شێوازی دووئیدارەیی نەوەدەکانیان دێتە بیرو مووچرکە بە لەشیاندا دێت، لەمەدا هەقیانە و دەبێ ئەوجۆرە لە دوئیدارەیی ڕەتبکرێتەوە. بەڵام دەپرسرێ ئایا هیچ شێوازێکیتر لە دوئیدارەیی نیيە؟ بۆچی ناکرێ بەبێ شەڕی براکوژی دووئیدارەیی دامەزرێندرێ؟

ئەو دوو ئیدارەییەی لە نەوەدەکانی شەڕی براکوژیدا لەم هەرێمەدا بەرپاکرا تا ئەم چرکەیەش هەر زیندووە لە چەند پێگەیەکی سەرەکیدا لە نێو ئەم کۆمەڵگەیەدا :

  • هەردوولا هێزی چەکداری - میلیشیای - خۆیان پاراستووەو هەرکات پێویستبێ بەکاری دێنن بۆ بەرگری لەدەسەڵاتی خۆیان .
  •  هەروەها ناوچەی جوگرافی - ئیداری خۆیان پاراستووە - زۆنی زەرد و زۆنی سەوز .
  • سیستەمی بانکی و ئابووری و کۆمپانیای تایبەت و ..هتد . پاراستووە.

،،

ئەم یەک ئیدارەییە ڕووکەشە، کە هەر بەناو یەک ئیدارە بوو، بە ناوەڕۆک دوئیدارەیی بووە، تەنها لە خزمەتی دەسەڵاتداراندا بووە، هیچ کەڵکێکی بۆ ئەم میللەتە بەشخوراوە نەبوو .

خۆشبەختانە ئێستە بەس شەڕە تفەنگ نیيە. ئەگینا هیچ کام لەو دوو لایەنە دەسەڵاتی گواستنەوەی پۆلیسێکی نيیە لە زۆنەکەیتر .

ئاخر ئەمە چیە ئەگەر دوئیدارەیی نەبێ؟ ئایا ئێمە، هەموو هاوڵاتیانی هەرێم ، بە درێژایی ئەم ٢٨ ساڵەی ڕابوردوو لە سایەی دوو ئیدارەییدا نەژیاوین؟ ئایا لەم ٢٠ ساڵەدا هیچ چاکسازیەکمان بۆ کرا ؟ حکومڕانی قەرەقوشی گۆڕدرا بە دیموکراسی ؟ ئەم یەک ئیدارەییە ڕووکەشە، کە هەر بەناو یەک ئیدارە بوو، بە ناوەڕۆک دوئیدارەیی بووە، تەنها لە خزمەتی دەسەڵاتداراندا بووە، هیچ کەڵکێکی بۆ ئەم میللەتە بەشخوراوە نەبوو .

هەموو کەسێ دەزانێ کە باشترین بژاردە یەک ئیدارەی دیموکراتی شارستانیيە، دوور لە قۆرخکاری و خۆسەپاندن و گەندەڵکاری، دەبێ خەبات بەردەوام بێ بۆ ئەم جۆرە حکومڕانیيەو حەتمەن لە کۆتاییدا هەرئەمەش سەردەکەوێ.

بەڵام دوپاتی دەکەمەوە کە ئەم هەرێمە لەنەوەدەکانەوە و تا ئەم چرکەیەش بە قۆناخی دوئیدارەییدا تێدەپەڕێت. ئاخر کە دوو تاقمی جیا جیا لە وڵاتدا حوکمبکەن، بە دوهێزی چەکداری جیاوازەوە، لە دوناوچەی جوگرافی جیاوازدا، بە دوسیستەمی بانکی – ئابووریەوە، بە هەوڵ و کۆششێکی چڕەوە هەرکەسێ لە پێناوی قورخکردنی سەنگی خۆیدا دژ بەویتر، ئەگەر ئەمە دوئیدارەیی نەبێ ئەی چی دوو ئیدارەییە ؟

،،

دوئیدارەیی ڕۆژانی شەڕی براکوژیمان تاقیکردەوە، دوئیدارەیی بێشەڕی سەرپۆش بەسەرمان تاقیکردەوە، دەبا دوو ئیدارەیی سادەی ئاشتیانەش تاقیيکەینەوە.

بەڵێ برادەرینە ئەمە بەکردار دوئیدارەییەکی زەق و زیندووە، بەڵام بەسەرپۆشێکی چڵکن و خولاوی داپۆشراو، بەهیوای شاردنەوەی، هیچ سوودێکیش لەم شاردنەوەدا نابینرێ، بەپێچەوانەوە سوودی بۆ حوکمڕانان بووە و بەس، بارزانی سوودی لەو سەرپۆشە وەرگرت بۆ تێپەڕاندنی بڕیاری ڕیفراندۆمە کارەساتەکەی ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧، لەژێر ئەو سەرپۆشە چڵکنەدا بەرپرسیارێتی لە هێندێ هەڵەو پۆخڵەواتی گەورە بزرکراوە و دەکرێ، لە هەموو شتیش خراپتر ئەوەیە کە ئەو سەرپۆشە تۆزاویە ڕێگرە لە هەموو کێبڕکێیەکی سوود بەخش لە نێوان هەردوو تاقمی حوکمڕاندا کەبەرژەوەندی ئەم جەماوەرەی تێدابێ، بۆنموونە کام لایەن دەتوانێ کێشەی کارەبا چارەسەربکات، یان لانیکەم سووکتری کات.

من لە قۆناخی ئێستەدا دوو ئیدارەییەکی بێسەرپۆشی ئاشکرام پێباشترە لەمەی ئێستە هەیە، ئەوە لەبەرژەوەندی میللەتدایەو، تەنانەت بەرژەوەندی هێندێ دەسەڵاتداریشی تێدایە، ئەمە ڕێگە بەرەو دیموکراسی کورت دەکاتەوە. ئەمە دوو ئیدارەیی داپۆشراو دەکات بەدوو ئیدارەییەکی سادەو ئاشکرا وەکو لەواقیعدا هەیە.

دوئیدارەیی ڕۆژانی شەڕی براکوژیمان تاقیکردەوە، دوئیدارەیی بێشەڕی سەرپۆش بەسەرمان تاقیکردەوە، دەبا دوو ئیدارەیی سادەی ئاشتیانەش تاقیيکەینەوە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك