‎ مه‌لا مسته‌فا و ئه‌فه‌ندییه‌كان

‎ مه‌لا مسته‌فا و ئه‌فه‌ندییه‌كان

353 خوێندراوەتەوە

ڕێبین موسته‌فا

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كاریگه‌ری ته‌واوی به‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی كوردی له‌ سه‌ده‌ی بیست و سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك هه‌بووه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌ مه‌لا مسته‌فایه‌,ڕه‌نگه‌ مه‌لا مسته‌فا تاكه‌ فیگه‌ر بێت ناخوێنرێته‌وه‌,هه‌وڵ نادرێت شیكار بكرێت,كاریگه‌ریه‌ به‌رچاوه‌كانی به‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی لێك نادرێنه‌وه‌ !‎یان دژایه‌تی ده‌كرێت یان دۆستایه‌تی.

‎له‌نێو كێڵگه‌ی ڕۆشنبیری ئێمه‌ هه‌تا ئێستا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌ بۆچی بارزانی توانیویه‌تی جڵه‌وی سیاسه‌تكردن له‌نێو ئه‌و هه‌موو ئه‌كادیمی وسیاسیه‌دا بگرێته‌ ده‌ست ؟!

‎بۆچی بارزانی گره‌وی له‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی و باڵی سلێمانیه‌كان و ئه‌فه‌ندیه‌كانی دونیای ئێمه‌ برده‌وه‌ ! ‎چی وایكرد خێڵ و بنه‌ماڵه‌ سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر ئه‌فه‌ندیه‌كانی دونیای ئێمه‌ ؟

،،

كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌باره‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی دابه‌شی دوو به‌ره‌ی دۆست و دژ بوون

‎كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌باره‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی دابه‌شی دوو به‌ره‌ی دۆست و دژ بوونه‌,‎دۆسته‌كانی تا ئاستی په‌رستن پێی كاریگه‌رن نازناوی " باوكی نه‌ته‌وه‌ی , باوكی ڕۆحی كورد ,جه‌نه‌ڕال بارزانی ..هتد بۆ داده‌تاشن.

‎ئه‌مانه مه‌لا مسته‌فا‌ بارزانی وه‌كو ئایدیال تایپی خۆیان بۆ سیاسته‌كردن ده‌بینن,وه‌كو نمونه‌یه‌كی پاقژی سیاسه‌تكردن سه‌یری بارزانی ده‌كه‌ن.

‎ئه‌مانه‌ ڕۆژانه‌ و به‌ به‌رنامه‌ خه‌ریكی پیرۆزكردن وبه‌ ئه‌فسانه‌ كردن و به‌كارێزما كردنی مه‌لا مسته‌فان,بێ ئاگا له‌وه‌ی كارێزما پێویستی به‌ دروستكردن نییه‌ به‌ڵكو خۆی خۆی دروست ده‌كات !‎ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌بارزانیدا بۆ كارێزمایه‌ك و سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌فسانه‌ی ده‌گه‌ڕێن,ئه‌فسانه‌یه‌ك ڕه‌نگه‌ مه‌لا مسته‌فا به‌درێژای ژیانی بیری لێنه‌كردبێته‌وه‌.

‎به‌ره‌ی دووه‌م ئه‌وانه‌ن كه‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی وه‌كو له‌یبوكێك بۆ گاڵته‌ وپێكه‌نین ده‌بینین,ئه‌وانه‌ ڕقیان له‌ مه‌لا مسته‌فا و پێگه‌كه‌ی گه‌شتۆته‌ ئاستێك ئاماده‌ن سازش بۆ هه‌موو هێز و لایه‌نێك بكه‌ن به‌س بۆ ئه‌وی نه‌كه‌ن .

‎ئه‌و به‌ره‌یه‌ كۆمه‌ڵێك نوكته‌ و به‌زمه‌سه‌تیان له‌باره‌ی مه‌لا مسته‌فا و دیدی ئه‌و بۆ ژیان دروست كردووه هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ بۆ لێدانه‌ له‌ مه‌لا مسته‌فا و لێدانه‌ له‌و كارێزمایه‌ی به‌ره‌ی یه‌كه‌م ده‌یانه‌وێ دروستی بكه‌ن,

‎ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌‌ ڕاسته‌وخۆ كۆمه‌ڵگایان دابه‌ش كردووه‌ به‌سه‌ر خۆیاندا, دابه‌شكردنێك بووه‌ته‌ هۆی دروستكردنی دیوارێك له‌نێوانی بادینان و سلێمانی دیوارێك بۆ ڕوخانی پێویستیه‌كی زۆرمان به‌خوێندنه‌وه‌ و شیكاره‌, هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و دوو گرووپه‌ چونكه‌ له‌نێو سیسته‌می سیاسی بونێكی كاریگه‌ریان هه‌یه‌ بۆیه‌ كاریگه‌ریه‌كانیان به‌سه‌ر ژیان و كۆی سیسته‌مه‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌,

،،

كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌كادیمی و ڕۆشنبیران به‌ بازدان به‌سه‌ر ئه‌و دوو دیده‌ ترسناكه‌ی سه‌ره‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی واقیعی و كۆمه‌ڵناسی بۆ مه‌لا مسته‌فا و كاره‌كانی بكه‌ن

‎ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ ته‌نانه‌ت شار و كلتوریشیان دابه‌شكردووه‌به‌جۆرێك له‌یه‌كتری دوركه‌وتونه‌ته‌وه‌ جیاوازی گه‌وره‌یان له‌نێوانی بادینانیه‌ك و سلێمانییه‌ك دروست كردووه‌, له‌ڕاستیدا مه‌لا مسته‌فا نه‌ ئه‌فسانه‌ و كاریزمایه‌ نه‌ له‌یبۆك و كۆمیدی !

‎سیاسیه‌كه‌‌ كه‌ كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر ڕابردو و ئێستای كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌یه‌ ,باشترین چاكه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ل خۆمان بیكه‌ن خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كاریگه‌ریانه‌یه كه‌ ئه‌و به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردیه‌وه‌ هه‌یه‌تی.‎كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌كادیمی و ڕۆشنبیران به‌ بازدان به‌سه‌ر ئه‌و دوو دیده‌ ترسناكه‌ی سه‌ره‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی واقیعی و كۆمه‌ڵناسی بۆ مه‌لا مسته‌فا و كاره‌كانی بكه‌ن.

‎خوێندنه‌وه‌یه‌ك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان بده‌نه‌وه‌ چی وایكرد مه‌لا مسته‌فا بتوانێ ئه‌فه‌ندی و باڵی مه‌كته‌بی سیاسی و باڵی سلێمانی به‌ ئێستاشه‌وه‌ له‌ نێو سیسته‌می سیاسی ئاوت بكات,به‌بێ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌و كێبركێ و ڕاكه‌ ڕاكه‌ی نێوان هێزه‌كانی سلێمانی تێبگه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ حكومه‌تی پارتی و سه‌ری ڕه‌ش !

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك