گرژییه‌كانی نێوان نیو ده‌لهی و ئیسلام ئاباد به‌كوێ‌ ده‌گات؟

هه‌ردوو وڵات خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمن و دراوسێن

گرژییه‌كانی نێوان نیو ده‌لهی و ئیسلام ئاباد به‌كوێ‌ ده‌گات؟

287 خوێندراوەتەوە

عه‌لی ڕه‌شید

دوای هێرشه‌كه‌ی هیندستان بۆ ناو خاكه‌كه‌ی، پاكستان هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌كات‌و ئێرانیش داوا ده‌كات هه‌ردوولایان دان به‌خۆیاندا بگرن.

 

چوارده‌ی شوبات كۆمه‌ڵێك چه‌كدار له‌ناوچه‌ی جامۆ و كشمیر هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كاروانێكی ئه‌منی هیندستان و له‌ئه‌نجامدا 44 سه‌ربازی هیندستان گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و 20 تریش بریندارده‌بن ، نیوده‌لهی په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئاراسته‌ی ئیسلام ئابادی دراوسێی كرد.

هیندستان له‌ 26 ی شوبات وه‌ڵامی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌رسوپای وڵاته‌كه‌ی به‌ بۆردومانی سه‌ربازگه‌یه‌كی نزیكی هه‌رێمی كشمیر له‌ناو خاكی پاكستان ده‌داته‌وه‌ كه‌ نیوده‌لهی به‌سه‌ربازگه‌ی تیرۆرستان ناوی برد.

ئیسلام ئاباد نه‌یهێشت وه‌ڵامی ئه‌م هێرشه‌ زۆر بخایه‌نێت له‌ به‌ره‌ به‌یانی 27ی شوباتدا به‌ فرَۆكه‌ی جۆری ئێف 16 دوو فڕۆكه‌ی هیندستانی له‌تۆڵه‌ی هێرشه‌كه‌ی نیوده‌لهی بۆ ناو خاكه‌كه‌ی تێكشاندو دوو سه‌رباز له‌نێو فڕۆكه‌كه‌دا مردن و ئه‌فسه‌رێكی فڕۆكه‌وانیش به‌دیل گیرا.

،،

له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی گرژی نێوان نیوده‌لهی و ئیسلام ئاباد لای خۆیانه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و قه‌ته‌رو ئێران، داوای هێور كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوانیان ده‌كه‌ن

 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی هیندستان ده‌نگۆی خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی ئێف 16ی پاكستانیان له‌ئاسمانی هندستان بڵاو كرده‌وه‌.

له‌دوای ئه‌م هه‌ڵكشانه‌ له‌په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوانیان، هه‌ریه‌كه‌ له‌پاكستان و هندستان چه‌ند ڕێوشوێنێكی ئه‌منی توندیان گرتوه‌ته‌ به‌ر.

ئیسلام ئاباد فڕۆكه‌خانه‌كانی (لاهور و فه‌یسه‌ڵ ئاباد و سیالكوت و ئیسلام ئاباد) ی به‌ڕوی گه‌شتی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا داخست.

له‌به‌رامبه‌ریشدا نیوده‌لهی هه‌مان كاری ئه‌منی گرته‌به‌رو، فڕۆكه‌خانه‌كانی (سیرناگار و جامۆ و كۆشۆك باكۆلا ڕیمبۆتشی و تشاندیگار و ئه‌مریتسار) ی به‌ڕوی گه‌شتیاراندا ڕاگرت.

ئه‌و فڕۆكه‌خانانه‌شی گه‌شت تێیاندا به‌رده‌وامه‌ ڕێڕه‌وی ئاسمانیانی گۆڕیوه‌.

28ی شوباتیش پاكستان گه‌شتی شه‌مه‌نده‌فه‌ری خێرای به‌ئاراسته‌ی هندستان ڕاگرت.

له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی گرژی نێوان نیوده‌لهی و ئیسلام ئاباد لای خۆیانه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و قه‌ته‌رو ئێران، داوای هێور كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوانیان ده‌كه‌ن و هیوادارن هه‌ردو وڵات دان به‌خۆیاندا بگرن.

،،

 پاكستان وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری نیه‌ت پاكی ڕۆژی هه‌ینی ئه‌فسه‌ره‌ هندیه‌كه‌ ئازاد ده‌كات.

له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكاوه‌، سایتی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ نوسیویه‌تی ئه‌سه‌د مه‌جید خانی سه‌فیری پاكستان له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانی خۆی له‌هه‌ڵوویستی واشنتۆن پیشانداوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕۆی چوارشه‌ممه‌ مه‌جید خان بۆ ڕۆژنامه‌نووسان وتی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی واشنتۆن هاندانی هیندستانه‌ بۆ جه‌نگ، ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ،كه‌دوای هێرشه‌كانی هندستان بۆناوخاكی پاكستان نوسیبووی نیوده‌لهی هێرشێكی كرده‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌یه‌كی چه‌كداره‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌لێكدانه‌وه‌ی ئیسلام ئاباد پشتگیری ئه‌مه‌ریكایه‌ بۆ به‌رده‌وامی هێرشه‌كان.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ شه‌رقولئه‌وه‌سه‌تیش له‌ دوای ڕه‌خنه‌كانی پاكستان ده‌ڵێ‌ مایك پۆپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هندستان كردوه‌و وتویه‌تی ئه‌مه‌ریكا هانده‌رتانه‌ بۆ دان به‌خۆداگرتن و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌هه‌موو گرژیه‌ك نرخه‌كه‌ی هه‌رچیه‌ك بێت.

سایتی فه‌رمی پاكستانیش وێنه‌یه‌كی ئه‌فسه‌ره‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی هندستانی بڵاو كردوه‌ته‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن پاكستانه‌وه‌ (دوو فڕۆكه‌ی جه‌نگی دوای ئه‌وه‌ی ئاسمانی ئیسلام ئاباد ده‌به‌زێنن تێكده‌شكێنرێن ) فڕۆكه‌وانێكیان به‌دیل گرتوه‌و هندستانیش داوای سه‌لامه‌تی گیانی ئه‌فسه‌ره‌كه‌و ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ده‌كات به‌وڵاته‌كه‌ی.

وته‌بێژی سوپای پاكستان لای خۆیه‌وه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكردنه‌وه‌و ڕاگه‌یاند به‌گوێره‌ی پره‌نسیپه‌ ئه‌خلاقیه‌ سه‌ربازییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ندیه‌دا ده‌كرێت.

سایتی ئه‌لجه‌زیره‌ له‌زاری عیمران خانی سه‌رۆكوه‌زیرانی پاكستانه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ پاكستان وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری نیه‌ت پاكی ڕۆژی هه‌ینی ئه‌فسه‌ره‌ هندیه‌كه‌ ئازاد ده‌كات.

توانا سه‌ربازییه‌كانی هندستان

سایتی ئه‌لجه‌زیره‌ ڕایگه‌یاندوه‌ سوپای هندستان له‌پله‌ی سێیه‌مدا دێت له‌جیهاندا، ژماره‌ی سه‌ربازانی سوپای ئاماده‌ی یه‌ك ملیۆن و سێسه‌دو بیست و پێنج هه‌زاره‌، ژماره‌ی سوپای یه‌ده‌گ دوو ملیۆن و سه‌دو چل و سێ‌ هه‌زار سه‌ربازه‌.

له‌ڕوی به‌هێزی سوپاوه‌ هندستان له‌ڕیزه‌ندی چواره‌مدایه‌و له‌دوای هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانی ئه‌مه‌ریكاو ڕوسیاو چین دێت.

له‌ڕوانگه‌ی هێزی سه‌ربازییه‌وه‌ خاوه‌نی حه‌وت سه‌د فڕۆكه‌ی جه‌نگی و هه‌شت سه‌د فڕۆكه‌ی هێرشبردن و نزیكه‌ی شه‌ش سه‌د فڕۆكه‌ی له‌جۆره‌كانی تر هه‌یه‌ له‌بواری سه‌ربازیدا.

سوپایه‌كی زه‌به‌لاحی ده‌ریای هه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌یه‌ها جۆر چه‌كی پێشكه‌وتوو به‌هێزكراوه‌.

له‌په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌ستی كردوه‌ به‌دروستكردنی چه‌كی ئه‌تۆم و له‌ساڵی 1974 یه‌كه‌مین چه‌كی ئه‌تۆمی ئاشتیخوازانه‌ی تاقیكرده‌وه‌.

له‌دوای پێنج تاقیكردنه‌وه‌ی ناوه‌كی له‌ئایاری 1998 به‌فه‌رمی هندستان ڕایگه‌یاند خاوه‌نی چه‌كی ناوه‌كیه‌.

هه‌تا ساڵی 2010 هندستان خاوه‌نی 60 بۆ 80 چه‌كی ناوه‌كی بووه‌.

توانا سه‌ربازیه‌كانی پاكستان

بی بی سی ئه‌لعه‌ره‌بی له‌باره‌ی سوپای پاكستانه‌وه‌ نوسیویه‌تی پاكستان خاوه‌نی 637هه‌زار خزمه‌تی سه‌ربازییه‌ و 282 سه‌ربازی یه‌ده‌كه‌.

1280فڕۆكه‌ی هه‌یه‌ له‌ناوئه‌واندا 320 فڕۆكه‌ی بكوژ و 410 فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌رن .

خاوه‌نی 2182 تانك و 2600 زرێپۆشه‌، له‌ڕووی سه‌ربازیه‌وه‌ خاوه‌نی هێزێكی تۆكمه‌یه‌و، خاوه‌نی 90-110 چه‌كی ناوه‌كیه‌و بودجه‌ی سه‌ربازی وڵاتی پاكستان 7ملیار دۆلاره‌.

 

author photo

ماستەر لە زمانی عەرەبی