چى له‌پشت بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سونیه‌كانه‌وه‌ بۆ عێراق ده‌گوزه‌رێت...؟

چى له‌پشت بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سونیه‌كانه‌وه‌ بۆ عێراق ده‌گوزه‌رێت...؟

931 خوێندراوەتەوە


شاهۆ فایه‌ق
ڕۆژی 28 ی شوبات كه‌ناڵی (الشرقیه‌) كه‌ سه‌ر به‌ (سه‌عد به‌زازه‌) له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ڕایگه‌یاند، كه‌ دادگای عێراقی ڕێوشوێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تمه‌داری عێراقی ته‌واو كردووه‌ كه‌ به‌هۆكاری سیاسی چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق.


وه‌ به‌پێی كه‌ناڵه‌كه‌ ، ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ كه‌ بریتین له‌ (جێگری سه‌رۆك كۆماری پێشوو تاریق هاشمی، وه‌زیری دارایی پێشوو ڕافع عیساوی، و پارێزگاری پێشووی نه‌جه‌ف ئه‌سیل نوجه‌یفی، له‌گه‌ڵ حاتم سلیمان) كه‌ داواكراون له‌لایه‌ن دادگاوه‌، ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ دوای ئه‌و نێوه‌ندگیرییه‌ی له‌لایه‌ن به‌رپرسی باڵای عێراقییه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ .

،،

سه‌رۆكی ڕێكخراوی نیشتیمانی عێراقی، ڕایگه‌یاند ، كه‌ به‌هۆی نێوه‌ندگیری چه‌ند لایه‌نێكی سیاسییه‌وه‌ كه‌یسی سه‌ركرده‌ سونیه‌كان سفر كراوه‌ته‌وه‌ و ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق


هه‌روه‌ها كه‌ناڵی (ئاسیا) كه‌ سه‌ر به‌ (ئاراس حه‌بیب كه‌ریمه‌) سه‌رۆكی ڕێكخراوی نیشتیمانی عێراقی، ڕایگه‌یاند ، كه‌ به‌هۆی نێوه‌ندگیری چه‌ند لایه‌نێكی سیاسییه‌وه‌ كه‌یسی سه‌ركرده‌ سونیه‌كان سفر كراوه‌ته‌وه‌ و ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق.
به‌ڵام له‌دوای ڕۆژێك له‌و هه‌واڵانه‌ ، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری باڵای عێراقی به‌یان نامه‌یه‌كی ده‌ركرد ڕۆژی هه‌ینی (1 مارس) تێیدا ئه‌و هه‌واڵانه‌ی به‌درۆ خسته‌وه‌ كه‌ باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌ سونیانه‌ ده‌كات بۆ عێراق.


وه‌ به‌پێی به‌یان نامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری " هه‌ر كه‌سێك داواكراو بێت بۆ دادگای عێراقی له‌ناوه‌وه‌ یان له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌توانێت ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كان بگرێته‌ به‌ر بۆ تانه‌دان له‌ بڕیاره‌ ده‌رچوه‌كان به‌حه‌قی، وه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها ڕێگه‌یه‌ دوور له‌ هه‌ر ڕێوشوێنێكی سیاسی ".


یه‌كێك له‌و سه‌ركردانه‌ ئه‌سیل نوجه‌یفی پارێزگاری پێشووی موسڵ له‌ تویته‌ر ده‌ڵێت : "ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی شه‌رقیه‌ بڵاوی كرده‌وه‌ له‌ بوونی نێوه‌ندگیری سیاسی بۆ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی سونی كه‌ هیچ هاوبه‌شیه‌ك و هه‌ماهه‌نگیه‌ك له‌نێوانیاندا نیه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ی هه‌موویان سونین، مه‌به‌ست لێی ئیحراج كردنی دادگایه‌ و هه‌وڵدانی نیشاندانی چاره‌سه‌ره‌ یاساییه‌كانه‌ له‌شێوه‌ی گرێبه‌ستی سیاسی گوماناوی و تێكه‌ڵكردنی كارته‌كانه‌ ".

سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ دكتۆر عومه‌ر عه‌بدولسه‌تار په‌رله‌مانتاری پێشوی عێراق و كه‌سایه‌تی نزیكی تاریق هاشمی و یه‌كێك له‌وانه‌ی به‌هۆی گرفتی سیاسییه‌وه‌ عێراقی به‌جێهێشتووه‌ و له‌دادگاكانی عێراق داواكراوه‌، به‌ ووردی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ ده‌دوێت بۆمان .


ئایا بۆچی له‌م كاته‌دا ئه‌م بابه‌ته‌ وروژێنراوه‌ ؟
د.عمر: كاتی وروژاندنی ئه‌م بابه‌ته‌ خزمه‌ت به‌ ئێران ده‌كات به‌بڕوای من، چونكه‌ ئێران له‌م كاته‌دا له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌ شیعه‌كان ده‌ترسێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌شیعه‌كان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ سونه‌ و داعش و به‌عسیه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق، به‌وه‌ش ئێران بۆمبێكی سیاسی ده‌ته‌قێنێته‌وه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شیعه‌كان سه‌رله‌نوێ و ترساندنیان به‌فۆبیای به‌عس و سونه‌.


هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ره‌كانی به‌دیهێنانی ئه‌م بابه‌ته‌ د.عمر ده‌ڵێت ململانێكه‌ ململانێیه‌كی (سونی-سونیه‌) له‌ ڕاستیدا، ( سه‌عد به‌زاز ) له‌ پشتی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی كه‌ناڵی شه‌رقیه‌یه‌، كه‌ هاوپه‌یمانیه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان (محمد حه‌لبوسی) نوێكرده‌وه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی له‌نده‌ن و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردولایان ، به‌پێی زانیارییه‌كان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی (جه‌مال كه‌ربولی) پاڵپشتی (حه‌لبوسی) كرد بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ڵام ئێسته‌ ناكۆكی كه‌وتۆته‌ نێوانیانه‌وه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش (جه‌مال كه‌ربولی) هه‌وڵی بنیات نانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی (ڕافیع عیساوی) به‌ته‌نها ، چونكه‌ (عیساوی) وه‌كو سه‌ركرده‌كانی تر نیه‌ و حوكمی تیرۆری له‌سه‌ر نیه‌ و زۆربه‌ی شیعه‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن (نوری مالیكی) ناحه‌قی به‌رامبه‌ر (رافع عیساوی) كردووه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ عێراق (جه‌مال كه‌ربولی) به‌هێز ده‌كات و به‌ره‌ی (حه‌لبوسی و سه‌عد به‌زاز ) لاواز ده‌بن له‌ هاوكێشه‌ی سونی دا.

،،

د.عمر ده‌ڵێت : پێش ئێران و شیعه‌ ، ئه‌و سه‌ركرده‌ سونییانه‌ی ئێسته‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عێراقیدان ، هه‌ست ده‌كه‌ن گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سونیه‌كان بۆ عێراق مه‌ترسی دروست ده‌كات له‌سه‌ر نفوز و ده‌سه‌ڵاتیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش قبوڵی ناكه‌ن ، چونكه‌ ده‌بنه‌ ڕكابه‌ری ئه‌مان


له‌به‌ر ئه‌وه‌ش سه‌عد به‌زاز له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵی شه‌رقیه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ی وروژاند و كارته‌كانی تێكه‌ڵكرد بۆ ڕێگری كردن له‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌ڕانه‌وه‌ی (رافع عیساوی) بۆ عێراق جارێكی تر .
سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سونیه‌كانیش د.عمر ده‌ڵێت : پێش ئێران و شیعه‌ ، ئه‌و سه‌ركرده‌ سونییانه‌ی ئێسته‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عێراقیدان ، هه‌ست ده‌كه‌ن گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سونیه‌كان بۆ عێراق مه‌ترسی دروست ده‌كات له‌سه‌ر نفوز و ده‌سه‌ڵاتیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش قبوڵی ناكه‌ن ، چونكه‌ ده‌بنه‌ ڕكابه‌ری ئه‌مان، هه‌روه‌ها "تاریق هاشمی" و ئه‌وانی تر ڕازی نین به‌ گرێبه‌ستی سیاسی بگه‌ڕێنه‌وه‌، دادگایه‌ك به‌ خراپی حوكمی به‌سه‌ردا داون پێویسته‌ ئه‌و بڕیاره‌ ڕاست بكرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ ، تاریق هاشمی و عه‌لی حاته‌م قبوڵی ناكه‌ن به‌م شێوه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ ملیۆنه‌ها سونی هێشتا له‌ خێمه‌دان و ئاواره‌ن یاخود له‌ زیندانه‌كاندان و میلیشیاكانی قاسم سوله‌یمانی ناوچه‌ سونیه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌واته‌ چیمان كردووه‌ و چیمان به‌ده‌ست هێناوه‌؟


"ئه‌سیل نوجه‌یفی و رافع عیساوی له‌وانه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و كه‌یسه‌كانیان ئاسانتره‌ ، به‌ڵام ئێران قه‌ت ڕازی نابێت به‌پڕۆسه‌یه‌كی ئاشته‌وای گشتی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سونیه‌كان، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مریكا بیه‌وێت ئه‌و كاره‌ بكات ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌ هێز و په‌ستان ده‌كرێت و پێویسته‌ هێزه‌ توندڕه‌وه‌كانی شیعه‌ له‌ناوببرێن وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ، پێویسته‌ هاوكێشه‌ سیاسی و سه‌ربازیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت بۆ جێبه‌جێ كردنی پڕۆسه‌یه‌كی ئاشتی به‌رفراوان كه‌ كۆتایی به‌هه‌موو گرفته‌ سیاسیه‌كان بهێنێت و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵداته‌وه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عێراقی.".
ته‌حه‌دیه‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سونیه‌كان بۆ عێراق:.


1.ئێران: چونكه‌ ئه‌م سه‌ركردانه‌ گوتارێكی توندیان هه‌بوه‌ دژی ئێران و هه‌تا ئێسته‌ش هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئێران و به‌ به‌رپرسی سه‌ره‌كی داده‌نێن له‌ نانه‌وه‌ی جه‌نگی تائیفی و پشتیوانی كردنی نوری مالیكی بۆ سه‌ركوت كردنی سونه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێكی دووره‌ كه‌ ئێران قبوڵی بكات ئه‌م سه‌ركردانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌.


2.میلیشیا شیعیه‌كان: میلیشیا و گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعیه‌كان ئه‌م سه‌ركردانه‌ به‌ تیرۆرست و داعشی ناوده‌به‌ن، له‌به‌رامبه‌ریش دا سه‌ركرده‌ سونیه‌كان میلیشیا شیعیه‌كان به‌ كه‌ره‌سته‌ی ئێران ده‌زانن.


3.لایه‌نه‌ سونیه‌كان:ئه‌و لایه‌نه‌ سونیانه‌ی به‌شداری پڕۆسه‌ی سیاسین زۆربه‌یان نزیكن له‌ ئێرانه‌وه‌ و چه‌نده‌ها پۆستیان وه‌رگرتووه‌ له‌ده‌وڵه‌ت دا و ده‌زانن به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركردانه‌ قورسایی ئه‌وان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆر ِێگری كردن و په‌ك خستنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌.

،،

سیناریۆی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ بریتی بن له‌ ململانێی ناوماڵی سونی بۆ ڕێگری كردن له‌ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ ، و ئێران بتوانێت بابه‌ته‌كه‌ بقۆزێته‌وه‌ بۆ ترساندنی شیعه‌كان و دووباره‌ كۆكردنه‌وه‌یان

سیناریۆكان :.
سیناریۆی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ بریتی بن له‌ ململانێی ناوماڵی سونی بۆ ڕێگری كردن له‌ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ ، و ئێران بتوانێت بابه‌ته‌كه‌ بقۆزێته‌وه‌ بۆ ترساندنی شیعه‌كان و دووباره‌ كۆكردنه‌وه‌یان له‌ده‌وری خۆی و هاندانی جه‌ماوه‌ری شیعی بۆر ِێگری كردن له‌هه‌ر هه‌نگاوێكی له‌م جۆره‌.


سیناریۆی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا باس له‌ چالاك كردنی پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی گشتی كرایه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی (نوری مالیكی) بودجه‌یه‌كی زۆری بۆ ته‌رخان كرا به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كرا، پاشان (ئه‌یاد عه‌لاوی) كاتێك جێگری سه‌رۆك كۆمار بوو ویستی چالاكی بكاته‌وه‌ به‌ڵام نه‌یتوانی، ئێسته‌ له‌دوای پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی (عادل عه‌بدولمه‌هدی) له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2018 دیسان باس له‌چالاك كردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌كرێته‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ به‌شێك بێت له‌ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌، وه‌ك چۆن پێش هه‌ڵبژاردن لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی سونی (خه‌میس خه‌نجه‌ر) سه‌رۆكی پڕۆژه‌ی عه‌ره‌بی ڕێكه‌وتن و گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غداد و ئێسته‌ كاری سیاسی خۆی ده‌كات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین به‌رهه‌ڵستكاری پڕۆسه‌ی سیاسی بوو له‌كاتی خۆپیشاندانی سونه‌كان له‌ (2012 بۆ 2013).