ئەوروپا، مەڵبەندی تیرۆركردن‌و ڕفاندنی سەركردەكانی كورد

ئەوروپا، مەڵبەندی تیرۆركردن‌و ڕفاندنی سەركردەكانی كورد

2598 خوێندراوەتەوە


گەلی كورد بە درێژایی مێژوو بەردەوام لە خەباتدا بووە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی، زیاتریش لەو وڵاتانەدا خەباتی كردووە كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوەو ئەو وڵاتانەش بە توندترین شێوە ڕووبەڕووری بوونەتەوەو لە ناوخۆی وڵاتدا بۆتە هۆی ئەوەی كە گەلی كورد توشی زیندانیكردن‌و كۆمەڵكوژی بێتەوەو لە دەرەوەی وڵاتیش پیلانیان بۆ تیرۆركردن‌و دەستگیركردنی ڕێبەرانی داناوە.


لەو چوارچێوەیەدا چەندین سەركردەی كورد لە دەرەوە بە تایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا تیرۆركراون، یان هەوڵی تیرۆركردنیان دراوە، یان دەستگیركراون.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە دیارترین ئەو سەركردە كوردانە دەكەین كە لە دەرەوەی وڵات تیرۆر كراون، یان هەوڵی تیرۆركردنیان دراوە، یان دەستگیر كراون.

،،

لە 13 ی تەمووزی 1989 لە كاتی بانگهێشتكردنی بۆ ڤیەننای پایتەختی نەمسا قاسملۆ سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان، لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر كرا

 

یەكەم:تیرۆركردن

عەبدولڕەحمانی قاسملۆ
لە 13 ی تەمووزی 1989 لە كاتی بانگهێشتكردنی بۆ ڤیەننای پایتەختی نەمسا قاسملۆ سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان، لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر كرا، قاسملۆ بە ئامانجی دانوستان لەگەڵ ئێران سەردانی ئەو وڵاتەی كردبوو، بەڵام ئێران مەبەستی تیرۆكردنی بوو، نەك دانوستان
تیرۆركردنی قاسملۆ لە دوای چەند خولەكێك لە كۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و نوێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، كاتێك كۆبوونەوەی سێیەم لە 13-7-1989 لە باڵەخانەیەك لە ڤییەنا ئەنجامدەدرێت‌و لەو كۆبوونەوەیەدا د. قاسملۆ و دوو لە هاوەڵانی تیرۆر دەكرێن كە عبدالله قادری ئازەر جێگری قاسملۆ و فازڵ رەسوڵ نوسەرو كەسایەتی دیاری كورد تیرۆر دەكرێن، هەر لەو ڕووداوەدا جەعفەر شاهرودی نوێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران بریندار دەبێت،دۆسیەی تیرۆركردنە هێشتا لە نەمسا بە كراوەیی ماوتەوەو هێشتا نەتوانراوە ئەو كەسە دەستگیر بكرێت كە كردەوەكەی ئەنجامداوە.

،،

دوای تیرۆركردنی قاسملۆ، د. سادقی شەرەفكەندی، بووە سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان، رۆژی 17-9-1992 لە چێشتخانەی مایكۆنۆس لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ چەند هاوەڵێكی تیرۆر دەكرێن.

سادقی شەرەفكەندی
دوای تیرۆركردنی قاسملۆ، د. سادقی شەرەفكەندی، بووە سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان، رۆژی 17-9-1992 لە چێشتخانەی مایكۆنۆس لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ چەند هاوەڵێكی تیرۆر دەكرێن.


لە دوای ڕووداوەكە دادگای ئەڵمانیا لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە كردو كەسێكی بە ناوی (كازم دارابی) كە ئەندامی سوپای پاسداران بوو، وە لە ئەڵمانیا دادەنیشت لەگەڵ چوار كەسی بە ڕەگەز لوبنانی دەستگیر كرد.


لە مانگی مارسی 1997 دادگا دۆسیەكەی یەكلایی كردەوەو تاوانەكە بەسەر دەستگیر كراواندا ساغ بوەوە، "دارابی" بە زیندانی هەتا هەتایی "یوسف محمد و محەمەد ئەتریس" بە پێنج ساڵ زیندانی سزا دران.


لەو كاتەدا دادگای ئەڵمانیا عەلی خامەنەیی و هاشمی رەفسنجانی و عەلی فەلاحیانی و عەلی ئەكبەر ویلایەتی تۆمەتبار كرد كە لە پشت ئەو ڕووداوەوەن‌و ئەو كەسانەش لە ترسی دەستگیركردنیان سەردانی وڵاتانی ئەوروپایەن نەكرد، بەڵام دوای هاتنە سەر حوكمی محەمەد خاتەمی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەڵمانیا ئاسایی بووەو و تاوانباری سەرەكی تیرۆركردنەكە لە ساڵی 2007 دوای 15 ساڵ لە زیندانی كرنی ئازادكراو رادەستی ئێران كرایەوە.

،،

ساكینە جانسز دەستەی دامەزرێنەری (پەكەكە) و فیدان دۆغان نوێنەری پاریسی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان‌و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزووتنەوەی گەنجانی كورد لە مانگی 9/12/2013 لە پاریسی پایتەختی فەرنسا تیرۆركران.

 

ساكینە جانسز و دوو ژنە هاوڕێی
ساكینە جانسز دەستەی دامەزرێنەری (پەكەكە) و فیدان دۆغان نوێنەری پاریسی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان‌و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزووتنەوەی گەنجانی كورد لە مانگی 9/12/2013 لە پاریسی پایتەختی فەرنسا تیرۆركران.


بكوژی ئەو سێ چالاكوانە ناوی ( عومەر گونەی )34 ساڵ بوو ،ئەو توركەی كە ڕەگەزنامەی فەرەنسی هەبوو، پێش تیرۆركردنە ماوەی پێنج ساڵ لە فەرەنسا ژیاوەو لە باڵیۆزخانەی توركیا كاری كردووە.


دادگای تاوانە قورسەكانی پاریس لێكۆڵینەوە لەگەڵ گونەی دەكات و بە تۆمەتباری سەرەكی ڕووداوەكە ناوی دەبات، تۆمەتبارەكەش لەبەردەم دادگا دان بەوەدا دەنێت كە خۆی بە تەنهاو بەبێ هاوكاری هیچ لایەك تاوانەكەی ئەنجام داوە.


لە 21/1/2017 دادگای فەرەنسا كەسو كاری هەرسێ چالاكوانەكە ئاگادار دەكاتەوە كە عومەر گونەی بەهۆی نەخۆشی لە مێشكیدا لە زیندان كۆچی دوایی كردووە، لە رۆژی 23ی هەمان مانگ دادگا بە بیانووی مردنی تۆمەتباری سەرەكی دۆسیەكەی داخست و لێكۆڵینەوەكانی ڕاگرت.


هەر لەسەر ڕووداوەكە رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوەو ئاماژەی بە دۆسیەی سێ ژنەكە دا لە دادگای فەرەنسادا و ئاشكرای كرد كە میتی توركی بەشداربووە لە تیرۆركردنەكەداو عومەریش بۆ داخستنی دۆسیەكە كوژراوە.

دووەم: هەوڵی تیرۆركردن

مەسعود بارزانی

لە 8/1/1979 لە ڤییەنای پیاتەختی نەمسا هەوڵی تیرۆركردنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان درا، كە ئەو كات بەرپرسانی پارتی ڤیەننایان كردبووە ناوەندێك بۆ كۆبوونەوەیان.
بارزانی دوای ئەمریكا سەردانی ڤیەننای كردو دەیویست لەوێوە بگەڕێتەوە كوردستان‌و دەست بە خەباتی چەكداری بكات كە ئەو كات شۆڕشی گوڵان دەستی پێكردبوو، لە هەوڵی تیرۆركردنەكەدا هەریەكە لە ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و پیرۆت ئەحمەد كادیری پێشكەوتووی پارتی برینداربوون، لەو هەوڵەدا بارزانی بەسەلامەتی ڕزگاری بوو.
د.پیرۆت ئەحمەد كە لە ڕووداوەكە برینداربوو لە لێدوانێكی رۆژنامەیدا پەنجەی تۆمەت بۆ ڕژێمی بەعس رادەكێشێت كە ئەوان لە پشت هەوڵەكەوە بوون، چونكە دەیانزانی كە بارزانی نیازی گەڕانەوەی هەیەو دەیەوێت شۆڕشی چەكداری دوای شكستی 1975 دەست پێبكاتەوە.

ساڵح موسلیم
بەپێی وتەی بەرپرسانی پارتی یەكێتی دیموكرات ( پەیەدە) حكومەتی توركیا لە ڕێی پلانێكەوە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016 هەوڵی تیرۆركردنی ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی ئەو كاتەی پەیەدەی داوە.


ناوەندی زانیاریی پەیەدە ئاشكرای كرد كە لە ناوەڕاستی مانگی 11ی ساڵی 2016 لە ڕێی پلانێكەوە لە هەردوو وڵاتی بەلجیكاو فەرەنسا هەوڵ دراوە لە ڕێی دەمانچەی بێدەنگەوە ساڵح موسلیم تیرۆر بكرێت، بەڵام پۆلیسی ئەو دوو وڵاتە ئاگاداری ئەو هەوڵە بوون، بۆیە چوار كەسیان بەو تۆمەتە دەستگیر كردووەو هەر ئەوانیش هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەكەی پەیەدەیان ئاشكرا كردووە.


هەر لەو كاتەدا وەزارەتی ناوخۆی ئەو دوو وڵاتە هاوسەرۆكی پەیەدەیان ئاگادار كردۆتەوە كە ئاگاداری خۆی بێت، چونكە چەند كەسێكیان بە تۆمەتی هەوڵی تیرۆركردنی دەستگیر كردووە.

سێیەم: دەستگیر كردن

دەستگیر كردنی ئەندامانی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا 1974
دەوڵەتی چیك لەسەر دەركردنی بەیاننامەیەك لەلایەن كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپادا، دژ بە حكومەتی بەعس‌و هاوكارییەكانی حیزبی شیوعی لەو كاتەدا بۆ بەعس هەستا بە دەستگیر كردنی ئەندامانی كۆمەڵەكە.


سەبارەت بە چۆنیەتی رووداوەكە خۆشەوی كەمال محەمەد مامۆستای زاكۆی سلێمانی‌و خوێندكاری دكتۆرا لە ئەڵمانیا رایگەیاند كە چیك لە ساڵی 1974 هەستا بە گرتنی كۆمیتەی كۆمەڵەی خوێندكاران كە بەیاننامەیەكیان دژ بەبەعس دەكردبوو، یەكێك لە گیراوەكان خاڵی من بوو بە ناوی ( كەمالی حاجی رەشیدی مەلا ئیبراهیم) كە ئێستا كۆچی دوایی كردووە، وتیشی چیك بە نیاز بوو سەرجەمیان رادەستی حكومەتی عێراق بكاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی داوای لەو ئەندامانە كرد كە لە بەیاننامەكە پەشیمان ببنەوە، لەبەر ئەوەی ئەندامانی كۆمیتەكە بەمە ڕازی نەبوون، هەموویانی دەستگیر كرد" كۆمەڵەكە بە پەلە كۆمیتەیەكی تریان هەڵبژاردو ئەندامانی ئەم كۆمیتەیە لەوانە( ئازادی مستەفا خۆشناو) بەداڕشتنی سیناریۆیەك لەگەڵ باڵیۆزی سویسرا دەوڵەتی چیكیان مەجبور كرد لە رادەستكردنیان پەشیمان ببنەوە"، بەڵام دواتر هەستان بە دەكردنی ئەمان و دواتریش ئەندامەكانی تریشیان بۆ بەرلینی رۆژئاوا دەركرد

،،

لە 15/2/1999 لە كینیا لە پرۆژەیەكی چەكداری هاوبەشی دەزگای سیخوری ئەمریكی (سی ئای ئەی) و دەزگای سیخوری توركیا( ئێم ئای تی) دەزگای سیخوری ئیسرائیل (موساد) دەستگیر كرا، پاشان بە فرۆكە گوازرایەوە بۆ توركیا.

 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان
پاش ئەوەی توركیا هێزەكانی بردە سەر سنوری سوریا، ئەم وڵاتە بە ناچاری عەبدوڵڵا ئۆجەلانی راسپارد كە سوریا جیبَهێڵت، بۆیە ئۆجەلان رووس كردە روسیا، پاشان روویكردە چەند وڵاتێكی تر وەك ئیتالیاو یۆنان، لەو كاتەی كە لە یۆنان بوو حكومەتی توركیا داوای رادەستكردنەوەی دەكرد، لە 15/2/1999 لە كینیا لە پرۆژەیەكی چەكداری هاوبەشی دەزگای سیخوری ئەمریكی (سی ئای ئەی) و دەزگای سیخوری توركیا( ئێم ئای تی) دەزگای سیخوری ئیسرائیل (موساد) دەستگیر كرا، پاشان بە فرۆكە گوازرایەوە بۆ توركیا.


لە كاتی دەستگیر كردنیەوە خراوەتە ژوورێكی تاكە كەسی، لەسەرەتادا حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، پاشان لە ساڵی 2002 بە مەرجەوە ئەم حوكمە گۆڕا بۆ هەتاهەتایی و ئێستا لە دوورگەی ئیمڕالی لە سەر دەریای مەڕمەڕە لە توركیا زیندانی كراوە.

،،

رۆژی ٢٥/٢/٢٠١٨ ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدەو بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتی ( تەڤدەم) لە شاری پراگی پایتەختی وڵاتی چیك دەستگیر كرا.

ساڵح موسلیم
رۆژی ٢٥/٢/٢٠١٨ ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدەو بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتی ( تەڤدەم) لە شاری پراگی پایتەختی وڵاتی چیك دەستگیر كرا.


موسلیم لەو هۆتێلەی لێی دەمایەوە، لەلایەن هەواڵگری توركیا چاودێری كرابوو و وێنەكانی لە میدیاكانی توركیادا بڵاو كرایەوە، پۆلیسی چیكیش ڕێوشوێنی ئەمنی لە هۆتێلەكە گرتە بەر " بەڵام دواتر چوونە هۆتێلەكەو دەستگیریان كرد، دەستگیر كردنەكەش بەهۆی سكاڵای توركیاوە بووە، هەرچەندە ساڵح موسلیم خەڵكی توركیا نییە، بەڵام توركیا داوای ڕادەستكردنەوەی لە چیك كردووەو چیكیش داوای لە توركیا كردوە بەپەلە پەڕاو و دۆسیەی پێویست لە بارەی رادەستكردنەوەی رەوانە بكەن.

تیرۆر و هەوڵە تیرۆرستییەكان بۆ كوشتنی سەركردەكانی كورد و هەروەها دەستگیر كردنیان، ئەو راستیە دەسەلمێنێت كە وڵاتانی ئەوروپا دۆزەخێكن بۆ سەركردەكانی كوردو ناوچەیەكی ئارام نین، بەڵكو ژینگەیەكی لەبارن بۆ تیرۆرو ڕفاندنی سەركردە كوردەكان، لەوەش خراپتر بەپێی یاساو مافی مرۆڤ مامەڵە ناكەن و جدی نین لە دۆزینەوەی تاوانباران و هەندێك جاریش كاری نایاسایی دەكەن، وەك لە دۆسیەی كوشتنی سێ چالاكوانەكەو رفاندنی ئۆجەلان و ئازادكردنی بكوژی د. سادقی شەرەفكەندی بەدیمان كرد.

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان