بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی ١٩٨٧

به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەددام بە چەکی کیمیاوی لە کورد دراوه‌

بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی ١٩٨٧

230 خوێندراوەتەوە

ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی دەوڵەتی عیراق کە هێزەکانی ئەمێریکا دەستیان بەسەردا گرت و دواتر وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە لە سەر تۆڕی ئینتەڕنێت بڵاویکردنەوە، ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو پەلامارە کیمیاوییانەی کرانە سەر گوند و ناوچەکانی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧، واتا بەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە نزیکەی ساڵێکی تەواو. ئاشکرایە کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٣ چەکی کیمیاوی لە دژی هێزەکانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ بەکاردەهێنا.

،،

بەڵگەنامەکان بە ڕاشکاوەیی بەشداربوونی فەرمانگەو دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییە جۆراو جۆرەکان لە نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو قەسابخانە خوێناوییانە دەخەنەڕوو.

 بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان لە ١٩٨٦ و ١٩٨٧ سوپاکەی سەدام پێشمەرگە و ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانی کیمیاباران ئەکرد.

وێنەی بەڵگەنامەکان و دەقە ئەسڵییەکەیانم بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە نامیلکەیەکی (٨٠) لاپەڕەییدا لە ئەکایمیای کوردی لە ساڵی ٢٠١١ بڵاوکردەوە. پوختەی ئینگلیزییەکەشم لە ساڵی دواتردا لە کۆنفرانسێکدا، کە لە پاڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا ڕێکخرابوو پێشکەش کرد. بە پێویستم زانی بیانکەم بە کوردی و بیانخەمە بەردەست خوێنەری کورد.

بەڵگەنامەکان بە ڕاشکاوەیی بەشداربوونی فەرمانگەو دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییە جۆراو جۆرەکان لە نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو قەسابخانە خوێناوییانە دەخەنەڕوو.

 زۆر بە ڕوونیش بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی خودی سەدام حوسێن دەرئەخەن. وردەکاری ئەو پەلامارانە و شوێنەوارە ترسناکەکانی بۆ ساڵانێکی زۆر بە شاراوەیی هێڵرانەوە. لە عیراقی "فیدیراڵ ودیموکراتی" دوای سەدام حوسێنیشدا کەسانێکی زۆر بە کاربەدەستانی تازەشەوە باوەڕ بەم بەڵگانە ناکەن و بە پڕوپاگەندەی کوردی لەقەڵەم دەدەن. هەندێکیشیان بە ئاشکرا خۆزگەی ئەوە دەخوازن، کە بەعس هەموو کوردی لە کۆڵیان بکردبایەتەوە.

،،

شەهیدکردنی ئەوانەی هەوڵیان ئەدا خۆیان لەو دۆزەخە ڕزگار بکەن، کاری حکومەتی ئاسان کردبوو بۆ شاردنەوەی ئەو کارەساتە و هەوڵی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی.

هەموو جیهان بە هۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە لە ١٦ مارتی ١٩٨٨ ئاگاداری لاپەڕەیەکی ڕەشی ئەو تاوانانە بوو کە بەعس لە کوردستان ئەنجامی دەدان. ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ پەردەی لە سەر زۆر لە تاوانەکانی بەعس لە کوردستان هەڵماڵی. بۆ یەکەمین جار لە ناوخۆی کوردستان دەرفەت پەیدا قوربانییەکان بەشێک لەو کارەساتانە بگێڕنەوە کە بەعس بەسەری هێنابوون. پێشمەرگە و دانیشتوانی گوندەکان چیرۆکی بەشێک لەو پەلامارانەیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی بیانی گێڕایەوە. هێشتا کەس دەستی بە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەت نەدەگەیشت بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە پیشان بدات.

 

پرسەکانی ئامادەکاری و نەخشەدانان بۆ ئەو پەلامارانە و میکانیزمی بیرۆکراسییانەی دام و دەزگا هەواڵگری و سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت بۆ جێبەجێ کردنیان تا نیسانی ٢٠٠٣ بە شاراوەیی مانەوە، نەک تەنها بۆ خەڵک، بەڵکو بۆ ئەوانەشی کە خەریکی لێکۆڵینەوە بوون لە وردەکارییەکان. کۆماری ترس و دەوڵەتی ڕێکخراوەی نهێنی هەموو هەوڵێکی گرتبووە بەر بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە بە نهێنی بمێننەوە. هەموو شوێنەوارێک کە دەبووە هۆی ئاشکرابوونی ئەو تاوانانە لە کوردستان و شوێنەکانی تری عیراقیش لە ناودەبران. ڕاگەیاندنی زۆربەی خاکی کوردستان وەک ناوچەیەکی داخراو و قەدەغەکراو، شەهیدکردنی ئەوانەی هەوڵیان ئەدا خۆیان لەو دۆزەخە ڕزگار بکەن، کاری حکومەتی ئاسان کردبوو بۆ شاردنەوەی ئەو کارەساتە و هەوڵی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی.

هەموو ئەو بەڵگەنامانەی زانیارییەکیان تێدا بوو لە بارەی ئەو تاوانانە یا سەبارەت بە میکایزمی بیرۆکراسیانەی ئامادەکاری، نەخشەدانان، جێبەجێ کردنی پەلامارەکان و "چنینەوەی ئەنجامەکان" وەک دام و دەزگا حکومییەکان لە نووسراوە فەرمییەکاندا وەسفیان دەکرد، تا ڕووخانی ڕژێم لە بەغدا هەڵگیرا بوون و بۆ کەس نەبوو بیانبینێت، باسی لێکۆڵینەوە لە بارەویەناوە هەر مەکە.

،،

کاربەدەستانی کورد تا ئێستا هیچ پەرۆشییەکیان بۆ بە ئەرشیفکردنی ئەو تاوانانە بە شێوەیەکی زانستییانە پیشان نەداوە

مایەی خەمگینی و نیگەرانییە ژمارەیەکی زۆر لەو بەڵگەنامانە لە نێوبران، دزران و فرۆشران، هێزەکانی ئەمه‌ریکا و ئەم حیزب و ئەو گروپ دەستیان بەسەردا گرتن و توێژەران هەلێکی دەگمەنیان لە دەستدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی لێیان بکۆڵنەوە و وێنەی تاوانەکانی ڕژێم بکێشن. ئێستاش گوێمان لێدەبێت چەند فەردەی لای ئەم و ئەوە. بەشێکی گرنگی مێژووی کورد لە باشوری کوردستان بە هۆی ئەم کارانەوە لە تاریکیدا مانەوە. دەکرا ئەم بەڵگەنامانە ببنە بەشێکی گرنگ لە ئەرشیفخانەی نیشتمانی کوردستان، کە تا ئێستاش تەنها وەکو بیرۆکەیەک دێت و دەچێت و نەهاتۆتە دی. ئەم بەڵگەنامانە بەشێکن لە یادەوەری گشتی گەلان و لە ڕێگەیانەوە تیشک دەخرێنە سەر ڕووداوەکان و بە شێوەیەکی زانستییانە بۆ خەڵک ڕووندەکرێنەوە.

 

ڕووداو و کارەساتەکانی دوای لە ناوچوونی ڕژێمیش ڕێگەی ئەوەیان نەدا ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان بپەرژێنە سەر ئەو کارە. کاربەدەستانی کورد لەم بارەیەوە زۆر خەمساردن. ئەوان کە ڕۆڵەکانی گەلەکەیان دیارترین قوربانی ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە بوون، هیچ پەرۆشییەکیان بۆ بە ئەرشیفکردنی ئەو تاوانانە بە شێوەیەکی زانستییانە تا ئێستا پیشان نەداوە. ئەوەی کراوە و دەکرێت لەم بوارەدا هەوڵی تاکە کەسییە، کە بەداخەوە لە توانایدا نیە ئەم ئەرکە گەورەیە بەجێ بێنێت.

،،

بەڵگەنامەکان بە زمان و دەستەواژەکانی بەعس نووسراون. گوتاری بەعس گوتارێکی پەلاماردەر و قێزەون بوو

ئ

ئەو بەڵگەنامانەی لێرە دەیانخەینە ڕوو بریتین لەو نووسراوانەی لە نێوان سەرۆکایەتی کۆمار، هەواڵگری گشتیی سەربازیی، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و فەرماندەی هەردوو لەشکری یەکەم و پێنجەمدا لە ( ١٠ ئازاری ١٩٨٧ بۆ ٦ نیسانی هەمان ساڵ) هاتن و چوونە. بەڵگەنامەکان تایبەتن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە ناوچەکانی تەکیە، بەلەکجاڕی سەر بە ناحیەی قەراخ و دۆڵی بالیسان لە سەر ڕێگەی سەرەکی نێوان چوارقوڕنە و خەلیفان.

بەڵگەنامەکان بە زمان و دەستەواژەکانی بەعس نووسراون. گوتاری بەعس گوتارێکی پەلاماردەر و قێزەون بوو. لەو گوتارەدا نەیارانی دەسەڵات هەموو بە تێکدەر و بەکرێگیراو ناو دەبران. تەنانەت لە بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییە نهێنییەکانیشدا قەت بە ناوی خۆیان نێو نەدەبران. هەمیشەش پاساوی گونجاوی هەبوو بۆ ئەو هەڵسوکەوتە دڕندانەیە لە دژی نەیارە سیاسییەکانی. هەمیشە بە مەبەست باسی هێزی پێشمەرگە و سوپای پاسدار لە تەک یەکدا دەکرد بۆ ئەوەی بە لێکدانەوەی خۆی ئەوە لە مێشکی هەموو لایەک جێگیر بکات، کە ئەمانە شەڕی بەعس لە دژی ڕژێمی ئێران و کرێگرتە کوردەکانێتی.

لەو سەردەمەدا نەک تەنها کاربەدەست و بەرپرسی سەربازی، بەڵکو بەرپرسانی فەرمانگە و دامەزراوە مەدەنییەکانیش کاتێک نووسراوێکیان ئیمزا ئەکرد، ناویان لە سەر نووسراوەکە نەدەنووسرا، تەنها ئاماژە بە پلە و پایەی بەرپرسیارێتیان دەکرا. لەم نووسراوانەشدا هەمان شت پەیڕەوکراوە، بۆیە تەنها ئاماژە بە پایە و بەرپرسیارێتی ئەو کەسانە کراوە کە نووسراو و بەڵگەنامەکانیان ئیمزا کردووە. هەڵبەتە کارێکی زەحمەت نیە مرۆڤ بزانێت کێ دەمە کام پلە و بەرپرسیارێتی هەبوو. ئاشکرایە کێ ئەو دەمە سەرۆکی هەواڵگری سەربازی عێراق و فەرماندەی سوپای یەک و پێنج بووە.

 

،،

بە بێ پرسکردن بە سەرۆکایەتی کۆمار و ڕەزامەندی خودی سەدام حوسێن کەس نەیوێراوە بیر لە بەکارهێنان، نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو پەلامارە کیمیاوییانە بکاتە

بەڵگەنامەکان بە ڕوونی دەریدەخەن کە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی کورد بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن بووە. ئەو نووسراوە ڕەسمییانەی لەم بارەیەوە لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەرچوونە و ڵۆگۆی ئەوێ و ئیمزای سکرتێری تایبەتی سەدامیان بەسەرەوەیە ئەم فاکتە پشتڕاست ئەکەنەوە. بەڵگەنامەکان ئەوەش دەردەخەن کە بە بێ پرسکردن بە سەرۆکایەتی کۆمار و ڕەزامەندی خودی سەدام حوسێن کەس نەیوێراوە بیر لە بەکارهێنان، نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو پەلامارە کیمیاوییانە بکاتەوە. کەسانی وەک وەفیق سامەڕایی پێشنیاری ئەم تاوانەیان کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا وردترین وردەکارییەکانیان خستووەتە بەردەستی سەدام و ئەو فەرمانی داوە چی بکرێت. بەڵگەنامەکان ئەو میکانیزمانەش دیار ئەکەن کە سەرۆکایەتی کۆمار لە بەریگرتوون بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە ترسناکە لە دژی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکانی. بەڵگەنامەکان باسی مەودا ترسناکەکانی ئەو پەلامارانە و کۆی فەرمانگە و دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکان دەکەن کە بەشدارییان لە ئەنجامدانیاندا کردووە. با رێگە بدەین بەڵگەنامەکان بە خۆیان لە سەر تاوانانە بدوێن.

 

نووسراوی زۆر نهێنی، تایبەت و بەپەلە کە لە سەرۆکایەتی کۆمار دەرچووە و ئێمزای سکرتێری سەرۆکی کۆماری بەسەرەوەیە، بەژمارە (٩٥٣/ ٩٦٥ ك) لە ڕێکەوتی ٢٩/٣/١٩٦٧ و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی کراوە، لە خانەی بابەتدا نووسراوە ( ب/ بەکارهێنانی چەکی تایبەت). کاربەدەستانی سەربازی و ئەمنی بەعس بۆ شاردنەوەی دەستەواژەی چەکی کیمیاوی هەمیشە دەستەواژەی چەک و تەقەمەنی تایبەتیان بەکارهێناوە (عتاد خاص). ئەو کۆدەش دواتر هەر لە رێگەی نووسراوەکانی خۆیانەوە ئاشکرا دەبێت. لە نووسراوەکەدا هاتووە: نووسراوتان ژمارە (ش٣/ق٢/ ٦٨٨٥) لە ٢٥ / ٣ / ١٩٨٧ "ڕەزامەندی وەرگیرا گورزەگە بوەشێنرێت بە مەرجێک بەرئەنجامی هەبێت... لە بەر ئەوەی مەبەست تەنیا ئەوە نیە زیان بگەیەنن بە تێکدەران. کاری پێویست بکەن بە هەماهەنگی لە گەڵ لەشکری پەیوەندیدار، بەر لە وەشاندنی گورزەکە ئاگادارمان بکەن. لە گەڵ ڕێزدا. سکرتێری سەرۆک کۆمار).

نووسراوەکە بە دەسخەت ئەم پەراوێزەی بە سەرەوەیە: بۆ ئاگاداربوونی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی لە ناوەڕۆکی نووسراوەکە، کە تایبەتە بە بەکارهێنانی (تەقەمەنی تایبەت)، لە چاوەڕوانی فەرمانی جەنابین بۆ ناردنی نووسراوەکە بۆ یاریدەدەرێتی یەکەم بۆ کاری پێویست. هەرچی پەراوێزی هۆبەی سێیەمە پێویستی هەماهەنگی کردن لە گەڵ ئەرکانی سوپا دووپات دەکاتەوە، بەو پێیەی ئەو فەرمانگەی بەرپرسە. بەخەتی دەستیش پێداچوونەوە بە نووسراوەکەدا کراوە سەبارەت بە بابەتەکە و ڕەزامەندی سەرۆکایەتی کۆمار. هەروەها هۆبەی سێیەم لە پەراوێزەکەیدا داوای هەماهەنگی لە گەڵ لێژنەی تایبەتدا کردووە بۆ ئەوەی لە سەر وردەکارییەکان ڕێک بکەون و کاتەکە دیاربکەن و بەر لە جێبەجێکردنی سەرۆکایەتی لێ ئاگادار بکەنەوە. هەموو پەراوێزەکان ئیمزای ئەفسەرە بەرپرسەکانیان بەسەرەوەیە بێ ئەوەی ناوەکانیان بنووسرێن. بەڵا ڕێکەوتیان لە سەرە و ڵۆگۆی سەرۆکایەتی کۆماری عیراقیان هەڵگرتووە (بڕوانە بەڵگەی ژمارە ١).

،،

ئەو بەڵگەنامانە دەریدەخەن کە پێشنیاری لێدانی کوردستان بە چەکی کیمیاوی لە بنەچەدا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازییەوە بووە

لە نووسراوێکی دیکەی زۆر نهێنی، تایبەت و بەپەلەدا، کە لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا نێردراوە و ئیمزای سکرتێری سەرۆکی کۆماری بە سەرەوەیە بە ژمارە (٩٥٣/١٠١٦ك) و لە ڕێکەوتی ٢/٤/١٩٨٧ ئەم چەند وشەیە دەخوێنینەوە (سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، بابەت/ بەکارهێنانی چەکی تایبەت. ئاماژە بە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی ژمارە(٧٣٧١) لە ڕێکەوتی ٣١/٣/ ١٩٨٧، گورزەکە ناوەشێندرێت بەر لەوەی لە چۆنێتی بەرئەنجامەکانی ئاگادارمان نەکەنەوە. لە گەڵ ڕێزدا. ئیمزا سکرتێری سەرۆک کۆمار). وێنەیەکی نووسراوەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی نێردراوە بۆ زانین و ئاماژە بە نووسراوی سەرەوە کراوە. پەراوێزەکان پێشنیاردەکەن فەرمان بە هۆبەی سێیەمی هەواڵگری سەربازی بدرێت، کە پیدەچێت ئەو کاتە وەفیق سامەڕائی سەرۆکی بووبێت، بۆ ئەوەی کاری پێویست و بەدواداچوونی بۆ بکات. ( بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە٢)

ئەو بەڵگەنامانە دەریدەخەن کە پێشنیاری لێدانی کوردستان بە چەکی کیمیاوی لە بنەچەدا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازییەوە بووە، بە تایبەتی هۆبەی سێیەم، کە هۆبەی تایبەتمەند بوو بە ئێران و بە وتەی خۆیان باکوری عیراق، چونکە نووسراوی زۆر نهێنی و تایبەت کە لە سەرۆکایەتی کۆمار دەرچووە و ئیمزای سکرتێری سەرۆک کۆماری بەسەرەوەیە بە ژمارە ( ٧/ج٢/ ٨٠٨/ک) لە ڕێکەوتی ١٢/٣/١٩٨٧ دەق ئاوا دەڵێت: بەڕیوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی، ب/ زانیاری. ئاماژە بۆ نووسراوتان ژمارە(م١/ش٣/ق٢/٥٨٠٩) لە ڕێکەوتی ١٠/٣/١٩٨٧، بەڕێز سەرۆکی فەرماندە فەرمانیدا کە بەڕێوەبەرایەتییەکەتان لێکۆڵینەوە لە گەڵ پسپۆران بکات سەبارەت بە وەشاندنی گورزێکی لەناکاو لە بنکەکانی "پاسەوانانی خومەینی لە ناو بارەگاکانی تێکدەرانی لقی یەکی تاقمی بارزانی بە تەقەمەنی تایبەت" لە ڕێگەی یەکێک لەم ئامرازانەوە: هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانی سوپا یا تۆپ. چی پێویستە بیکەن ... ئاگادارمان بکەنەوە. لە گەڵ ڕێزدا. سکرتێری سەرۆک کۆمار. نووسراوەکە پەرواێزێکی لە سەرە کە ئاراستەی یاریدەدەری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی کراوە و لەم نووسراوە ئاگادار دەکاتەوە و پێشنیار دەکات هۆبەی سێیەم یەکسەر دەست بکەن بە لێکۆڵینەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەی سەدام حوسێن و هیچ ڕێگرییەکیش نیە کە هەماهەنگی لە گەڵ (م/٥) بکەن سەبارەت بە بابەتەکە بۆ ئەوەی کەڵک لە زانیاری و شارەزاییان لەو بوارەدا وەربگیرێت. هەروەها پێشیان دەڵێت کەوا وێنەیەک لە نووسراوەکە هەڵگیراوە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی لێی ئاگادار بکرێت. (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە ٣).

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد