به‌غدا ده‌توانێت جارێكیتر مووچه‌و بودجه‌ى كوردستان ببڕێت؟

 ئایا ناردنى بودجه‌ى هه‌رێم په‌یوه‌سته‌، به‌ ناردنى 250 به‌رمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌ له‌ ڕێگه‌ى عێراقه‌وه‌؟

به‌غدا ده‌توانێت جارێكیتر مووچه‌و بودجه‌ى كوردستان ببڕێت؟

188 خوێندراوەتەوە

شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان‌و سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت‌و غاز له‌ خولى پێشووى په‌رله‌مان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات  ئه‌گه‌ر هه‌ولێر نه‌وت ڕاده‌ستی سۆمۆ نه‌كات، بارودۆخى كوردستان له‌وه‌ی هه‌یه‌ باشتر نابێت‌و ئه‌گه‌رى بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ هه‌یه‌، له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ چیتر به‌غداد ناتوانێ وه‌ك پێشتر موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببڕێت.

 

 

 

،،

 مافی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان جێگیر كردووه‌‌‌، ئه‌گه‌ربێت و ته‌نانه‌ت هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌ش‌ ڕاده‌ستی عێراق نه‌كات.

 

 

 

به‌بیانووی ڕێكه‌وتنی پێشوه‌خته‌، له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانیه‌كانی نه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێم كوردستان ئاماده‌ نیيه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌  ڕۆژانه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی  به‌غداد بكات، كه‌پێشووتر ڕێكه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد له‌و باره‌یه‌وه‌ كرابوون،  ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی و  ترسی له‌لای هاوڵاتیان وبه‌تایبه‌ت فه‌رمانبه‌ران درووست كردووه‌،   ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارايی له‌په‌رله‌مانی عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ بوجه‌ی ساڵی 2019 عێراق، مافی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان جێگیر كردووه‌‌‌، ئه‌گه‌ربێت و ته‌نانه‌ت هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌ش‌ ڕاده‌ستی عێراق نه‌كات، به‌ڵام شێركۆ جه‌وده‌ت پێچه‌وانه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی به‌غداد، ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌ناڕوون و مه‌ترسیدار ناوده‌بات، بةهۆی مامه‌ڵه‌ی ناشه‌فافانه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان.

 

 

له‌ساڵی  2014 و دوای بڕیاری فرۆشتنی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، بودجه‌و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌بڕیارێكی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاتی عێراق بڕدراو دوای شكست هێنانی سیاسه‌تی فرۆشتنی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌ولێره‌وه‌، به‌ناچاری داوای ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان كرد له‌گه‌ڵ  به‌غدادو ئاماده‌يی خۆشیان نیشاندا، كه‌  ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌كاتی خۆیدا مانگانه‌ دابین بكات.

 

به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو، هه‌ولێر له‌بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌ز بۆته‌وه‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غازی خولی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر خۆمان نه‌وت وه‌ك چه‌ند ساڵی پێشوو بفرۆشین به‌زیانمان كۆتای دێت، و پێویسته‌ ڕاده‌ستی سۆمۆی بكه‌ین، چونكه‌ خۆمان به‌ناچاری هه‌ر به‌رمیلێك نه‌و به‌ ده‌ دۆلار كه‌متر له‌نرخی بازاڕی جیهانی ده‌فرۆشین".

 

شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان

 

 

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری ڕاده‌ست نه‌كردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ دیاریكراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به ‌ناوه‌ندو چاره‌نووسی  موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دوای ئه‌م پاشگه‌زبوونه‌وه‌يةی هه‌ولێر، " دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین"، وتو وێژ له‌گه‌ڵ شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غازی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان  و  ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارای له‌په‌رله‌مانی عێراق دةكات.

 

 

شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و  غاز له‌خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی هه‌ولێر به‌مه‌ترسیدار ناوده‌بات:" ئه‌گه‌ر بێت و وه‌ك ڕابردوو به‌رده‌وام بین، ئاینده‌ی كوردستان له‌وه‌ی هه‌یه‌ باشتر نابێت و پێویسته‌ پابه‌ندبین به‌ڕێكه‌وتنامه‌كه‌مان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وت له‌گه‌ڵ ناوه‌ند، چونكه‌ به‌غداد ئه‌گه‌ره‌ نه‌خوازراوه‌كانی وه‌ك نه‌ناردنی بوجه‌ و موچه‌ی هه‌رێم له‌به‌رده‌م خۆیدا به‌كراوه‌ی ده‌هێڵێته‌وه‌".

 

پێچه‌وانه‌ی جه‌وده‌ت، ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید پێیوایه،‌ چیتر حكومه‌تی ناوه‌ندی ناتوانێ وه‌ك جاران موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بوه‌ستێنێت، چونكه‌  ئه‌و مافه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان له‌ پڕۆژه‌ یاسای ساڵی 2019 چه‌سپاندووه‌و ده‌ڵێت:" حكومه‌تی ناوه‌ندی ناچاره‌، به‌ناردنی  موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ له‌كۆتایدا ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ فه‌رمانبه‌رێكی  عێراقین".

 

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارای له‌ ئه‌نجومه‌نیی نوێنه‌رانی عێراق 

 

 

 

،،

 حكومه‌تی هه‌رێم ڕۆژانه‌ 250هه‌زار به‌رمیل نه‌وت  رۆژانه‌ ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، له‌ته‌واووی ساڵه‌كه‌دا به‌غداد له‌به‌رامبه‌ردا 11 ترلیۆن دۆلار ده‌به‌خشێت به‌هه‌ولێر.

 

 

ئه‌گه‌ر بێت و حكومه‌تی هه‌رێم ڕۆژانه‌ 250هه‌زار به‌رمیل نه‌وت  رۆژانه‌ ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، له‌ته‌واووی ساڵه‌كه‌دا به‌غداد له‌به‌رامبه‌ردا 11 ترلیۆن دۆلار ده‌به‌خشێت به‌هه‌ولێر،سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو مامه‌ڵه‌ی فرۆشتنی نه‌وت، له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شكست خواردوو ناوده‌بات ده‌ڵێت:" له‌هه‌رێمی كوردستان 57 كێڵگه‌ی نه‌وتیمان هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا خه‌ڵك له‌ئاستێكی بژێووی خراپ ژیان ده‌گوزه‌رێنێت ‌ و حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌هۆی فرۆشتنی نه‌وتی  پێشوه‌خته‌ به‌كۆمپانیا بیانییه‌كان ،هه‌رێمی  هێنده‌ی تر گیرۆده‌كردووه‌.

 

  به‌ڵام ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارای له‌په‌رله‌مانی عێراق  مزگێنی پێیه‌و ده‌ڵیت:" ئه‌م ساڵ جیاوازه‌ له‌پێنج ساڵی ڕابردوو، بارودۆخی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران باش ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بێت و بوجه‌ی 2019 له‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند بكرێت.

 

 

 

له‌مانگی پێنجی ساڵی 2015 پڕۆژه‌ بڕیاری دروست كردنی  سندوقی كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی و غازییه‌كان  له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوو، ماوه‌ی سێ مانگ بۆ دروستكردنی ئه‌و سندوقه‌ دیاری كرا، كه‌ كاری سه‌ره‌كی ئه‌و سندوقه‌ وردبینی و شه‌فافیه‌ت و  ئاڕاسته‌كردنی داهاتی نه‌وته‌ بۆ خزمه‌تی ئابووری هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام  دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی چوار ساڵ به‌سه‌ر   ده‌رچوونی دانانی ئه‌و سندووقه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستانتا ئێستا نه‌چۆته‌ بواری جێ به‌جێ كردنه‌وه‌.

 

 

 

 

جه‌وده‌ت دروست نه‌بوونی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان و به‌تایبه‌ت لیژنه‌كانی نه‌وت و گاز، به‌هۆكارێكی دیكه‌ی ناڕونی و خراپی ئیداره‌دانی نه‌وت ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌كه‌سه‌ كه‌م ته‌رخه‌مه‌كان له‌ئیشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانن.

 

 

 

پاراستنی بیره‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركوك، له‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش له‌لایه‌ن  هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌

 

 

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید بڕه‌ بوودجه‌ی ئه‌مساڵی به‌غداد به‌گرنگ بۆ كورد هه‌ژمار ده‌كات  و به‌گوته‌ی ناوبراو:" تائێستا له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ (عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌) له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م كاره‌كانمان دروست نه‌كراوةو ئێمه‌ش وه‌ك‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان سوورین و سورده‌بین له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی زه‌وت كراوی هاوڵاتیان باشووری كوردستان ".

 

هۆڵی دووه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

 

 

 

" به‌ ڕاشكاوی به‌حكومه‌تی ناوه‌ندیمان وتووه‌، پرسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وپێشمه‌رگه‌، له‌كێشمه‌ كێشمه‌ سیاسییه‌كان دوور بخه‌نه‌وه‌". ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید وايووت.

 

له‌كۆتا ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆت، ئاماری سێ مانگی كۆتای ساڵی 2018 ئاشكرا كردووه‌و به‌پێی ئه‌و ئاماره‌،  هه‌رێمی كوردستان، له‌و سێ مانگه‌دا زیاتر له‌  35  ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتووه‌ و داهاته‌كه‌شی دوو ملیاروو260 ملیۆن دۆلاره بووه‌‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یویستووه‌ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ لابدات، و بیانووی  بوونی جه‌نگی دژی داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وتی خاو و بڕینی بودجه‌و مووچه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌، چه‌كوشێكی ئاماده‌ بووه‌ بۆ ئه‌و هاوڵاتی و فه‌رمانبه‌ر و چالاكوانانه‌ی هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌ زه‌وت كراوه‌كانیان  له‌حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی دابێت.

 

author photo

رۆژنامەنووس