بارزانی پێی لەسەر تەختەی بۆش دانا

دیوی ناوەوەی ڕوداوەكان

بارزانی پێی لەسەر تەختەی بۆش دانا

6459 خوێندراوەتەوە

بەشی یەكەم


ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەر بەتەنها پاشەكشەی بە ئەزمونی هەرێمی كوردستان نەكرد لەڕوی سیاسی و ئابورییەوە، بەڵكو پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی خودی بارزانیشی كاڵكردەوە و ئەگەر بۆ قۆناغێكی مێژویی دیاریكراویش بێت لە تەختەی شانۆی سیاسی دورخستەوە.

بەڵام ئایا چی لەپشت ئەوەوەبوو كە بارزانی سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و موجازەفەیەكی وا گەورە بە ئەزمونی هەرێمی كوردستان و خودی خۆشیەوە بكات. كە هێندەی نەمابوو سەریشی تیابچێت.

،،

كورد 2500 ساڵە گرێی دەوڵەتی كوردی بۆ ناكرێتەوە، بارزانی لەڕێی ڕیفراندۆمەوە دەستی بۆ كردنەوەی ئەم گرێیە برد، كە هەنگاوێكی گرنگە،بەڵام ئەنجامەكەی بەو شێوەیە نەكەوتەوە، چونكە لەبری ئەوەی گرێكە بكاتەوە كردی بە گرێ‌ كوێرە.

هەمووان بە ئەمریكی و ئێرانیەكانیشەوە سوربون لەسەر ئەوەی بارزانی باجی ڕوبەڕوبونەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات، بەڵام پێیان وابوو نابێت ئەو سزادانە بگاتە ئاستی سڕینەوەی هەرێمی كوردستان و هێنانەخوارەوەی یەكجارەكەی بارزانی و حیزبەكەی. ئەوەی كە ڕویدا زیاتر جۆرێك بوو لە تەمێكردنی سیاسی.

بارزانی لە پرۆژەی ڕیفرندۆمدا كە خۆی پێشنیاركەر و تەنانەت سەپێنەری بیرۆكەكەبوو بەسەر حكومەت و حیزبە سیاسیەكانی دیكەشدا، دەیویست نوێنەرایەتی خەونێكی 2500 ساڵە بكات و لە دەرگای دروستكردنی دەوڵەتەوە وەك پاڵەوانێكی نەتەوەیی بچێتە ناو مێژوەوە.

بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی كوردی لە مێژووی زیاد لە 100 ساڵەی خۆیدا ئامانجە سەرەكیەكەی بریتی بووە لە دروستكردنی دەوڵەت، بەڵام لە زۆر قۆناغیدا هەڵوێستی وەهای نواندووە كە بەتەواوی دژی ئەم ئامانجەبووە. ئەمەش ئەزمونێكە هەمیشە دوبارە بۆتەوە.

كورد 2500 ساڵە گرێی دەوڵەتی كوردی بۆ ناكرێتەوە، بارزانی لەڕێی ڕیفراندۆمەوە دەستی بۆ كردنەوەی ئەم گرێیە برد، كە هەنگاوێكی گرنگە،بەڵام ئەنجامەكەی بەو شێوەیە نەكەوتەوە، چونكە لەبری ئەوەی گرێكە بكاتەوە كردی بە گرێ‌ كوێرە.

،،

نكوڵی لەوەناكرێت كە جیهان بەرامبەر بە كورد ستەمكاربوو، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كوردستان بە گشتی و بارزانی بەتایبەتی،لە كاتێكی خراپ و بەشێوزێكی هەڵە دەستیان بۆ ڕیفراندۆم برد، كەلەزۆر جێگایدا لەبری بەخەرجدانی حیكمەتی سیاسی حەزی بە پاڵەوان بون و چونە ناو مێژوو بەسەریدا زاڵ بوو.

مەسعود بارزانی دەیویست نوێنەرایەتی ئەو خەونە مێژوییە بكات، بەڵام وادیارە كاتێكی هەڵەی هەڵبژاردبوو بۆ كارەكەی.

چونكە ئەو لەكاتێكدا دەستی دایە ئەو پرۆژەیە كە وەك سەرۆكی هەرێم شكستی هێنابوو لە حكومڕانیدا.

قەیرانی سیاسی و ئابوری بەهێز هەرێمی كوردستانی گرتبوەوە و دامەزراوە سیادیەكانی هەرێمێش لەبەردەم پرسیاری شەرعیەتدابون بەخودی سەرۆكایەتیەكەی خۆشیەوە. لەهەمان كاتیشدا كۆمەڵگەی كوردی زیاتر لە هەمووكات دابەش و پەرتەوازەبوون و تەشەنوجی سیاسیش لەوپەڕیدابوو.

راستیەكە ئەوەیە كە بارزانی لەم دۆخەدا ڕیفراندۆمی سەپاند بەسەر حیزبەكانی دیكە و بەسەر كۆمەڵگەشدا، دەستی بردبوو بۆ دواهەمین خەونی مێژوی ویژدانی هەر تاكێكی كورد، كە بە ئاسانی كەس نەیدەتوانی لەبەرامبەریدا نەخێر بكات.

بەڵام ئایا بارزانی بەچی پشت ئەستور بوو؟ هیچ گرەنتیەكی نێودەوڵەتی هەبوو بۆ ڕیفراندۆم؟.

هەموان پێیان وابوو بارزانی بە بێ‌ هیچ پاڵپشتیەكی نێودەوڵەتی پەنهان ئەگەر لەبەر سامان و دەسەڵاتەكەشی بێت موجازەفەیەكی لەوجۆرە ناكات، بەڵام راستیەكەی ئەوەبوو كە جگە لە دەستلەپشدانی كۆمەڵێك كۆنگرێسمان و سیاسی خانەنشین پشتگیریەكی راستەقینەی نێودەوڵەتی بۆ ڕیفراندۆم نەبوو، لەمەدا باڵیۆز و سیاسیە خانەنشینە ئەوروپی و ئەمریكیەكان بارزانیان بەهەڵەدا برد، سەرە ڕای ئەوەی ئەو پارانەی كە مەسرور بارزانی كوڕ لە دروستكردنی لۆبی دۆسیەكەدا لە ئەمریكا خەرجی كرد، ئەنجامێكی وای نەدا بەدەستەوە.

لەوانەیە لەناخی بارزانیدا هەستكردن بە گوناهێكی قوڵ هەبێت ، گوناهی 31 ی ئاب، كە هەمیشە وایدەبینی پێویستی بەكارێكە بتوانێت ئەم گوناهەی بسڕێتەوە. كاركردن بۆ خەونی دەوڵەت و بەدیهێنانی ئەو خەونە لەدیدی بارزانیدا ئەو شتەبوو وایدەكرد بتوانێت لە مێژووی خۆی و خێزانەكەیدا ئەو لەكەیە بسڕێتەوە.

لە ڕۆژانی كۆتایی بەر لە ڕیفراندۆم كاتێك هەڕەشەكان لەسەر هەرێم زیادی كرد، یەكێتی لە ڕیفراندۆم پەشیمانبوو، تەنانەت لە كۆبونەوە فەرمیەكانیش بەڕاشكاوی ئەم ڕایەیان بە بارزانی وتبوو، بەڵام بارزانی پێی وتبون ئەبوایە لەسەرەتاوە ئەم ڕایاتەنان هەبوایە نەك ئێستا كە كار لەكار ترازاوە، گوایە ئەو بەڵێنی داوە و شەرمەزاری خەڵك دەبێت.

،،

 لە كۆتا ڕۆژەكان كۆمیتەیەكی بچوك پێكهات بۆ ئامادەكردنی رەشنوسێك،كە لە هەریەكە لە برێت ماكگۆرك و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و رەشنوسێكیان ئامادەكرد، بڕیاربوو، لەكۆتایدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئیمزای خۆی بخاتە سەر و وەك بیەڵێنامەیەك لە نیوانی ئەمریكاو كورد ئیمزا بكرێت

تەنانەت لە كۆتا ڕۆژەكان كۆمیتەیەكی بچوك پێكهات بۆ ئامادەكردنی رەشنوسێك، كۆمیتەكە لە هەریەكە لە برێت ماكگۆرك و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و رەشنوسێكیان ئامادەكرد، بڕیاربوو، لەكۆتایدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئیمزای خۆی بخاتە سەر ڕەشنوسەكە و وەك بەڵێنامەیەك لە نیوانی ئەمریكاو كورد ئیمزا بكرێت، رەشنوسەكە هەر ئەوەبوو كە دواتر لە میدیا ئەمریكیەكان بڵاوكرایەوە.

بڕیاربوو لەبەرامبەر ئیمزاكردنی ئەو ڕەشنوسە بۆ كورد بەناوی ئەمریكاوە ڕیفراندۆم نەكرێت. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پاڤێڵ تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە كە ڕیفراندۆم دوادەخرێت.

بەڵام لە دواجاردا كە رەشنوسەكە پیشانی مەسرور بارزانی دراوە پێی رازی نەبوە و وتویەتی ئەمە فێڵە لێمان دەكرێت.بەو هۆیەشەوە بارزانی باوكی پەشیمانكردۆتەوە و نەیهێشت بەو رەشنوسە رازی بێت.

تا دواسەتەكانیش لەناو یەكێتی، جگە لە كۆسرەت رەسوڵ و نەجمەدین كەریم كەسیان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبون، بارزانی لەم كارەی یەكێتی نیگەران بوە و پێی وتوون بۆچی پەشیمان بونەتەوە، ئەوانیش وتویانە لەبەر ئەوەی دۆخەكە گۆڕاوە و مەترسیەكان زیادی كردووە، بارزانی رایگەیاندوە كە ئەو شەرمەزاری خەڵك دەبێت و خۆی تەحەمولی بەرپرسیارێتیەكەشی دەكات، هەروەها وتوشیەتی ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە سەری نەگرت دێمە سەر تەلەفزیۆن و دەڵێم یەكێتی لەگەڵ ئەم ڕیفراندۆمە نەبوو.

لە دوا كۆبونەوەدا مەلا بەختیار بە بارزانی وتبوو كە پێشمەرگە توانای ڕوبەڕوبونەوەی سوپای عێراقی نییە، بارزانی وتبوی كە ئەو دڵنیایە شەڕ ڕونادات ، ئەگەر شەڕیش ببێت ئەوا سوپای عێراق دەشكێت.

،،

بەداخەوە بارزانی نەیتوانی بەباشی زەمەن و سیاسەتی نێودەوڵەتی سەردەمەكەی خۆی بخوێنێتەوە، هەربۆیە چارەنوسی خۆی و ئەزمونەكەشی ڕوبەڕوی مەترسی گەورە كردەوە.

تەنانەت وەك دواهەمین داواكاری، یەكێتی داوایكردبوو ئەگەر هەر ڕیفراندۆم دەكرێت با لە كەركوك نەكرێت چونكە دۆخی كەركوك تەحەمولی ڕیفراندۆم ناكات، بەڵام بارزانی و نەجمەدین كەریم پێیان لەسەر ئەوە داگرتبوو كە هیچ شتێك لە كەركوك ڕونادات و دەبێت ڕیفراندۆم بكرێت بە كەركوكیشەوە.

كاتێك كە ئەم دێڕانە دەنوسین لەناو دەرئەنجامە مەترسیدارەكانی ڕیفراندۆمدا دەژین، بەڵام نكوڵی لەوە ناكرێت ڕیفراندۆم سەرباری دەرئەنجامەكانی، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕوداوێكی گەورەبوو، كاتێك مێژوو ڕوداوە گرنگەكانی ساڵی 2017 دەنوسێتەوە، ڕیفراندۆمی كوردستان لەڕیزی ڕوداوە گرنگەكان ئەژمار دەكرێت.

هەروەها نكوڵی لەوەناكرێت كە جیهان بەرامبەر بە كورد ستەمكاربوو، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كوردستان بە گشتی و بارزانی بەتایبەتی،لە كاتێكی خراپ و بەشێوزێكی هەڵە دەستیان بۆ ڕیفراندۆم برد، كەلەزۆر جێگایدا لەبری بەخەرجدانی حیكمەتی سیاسی حەزی بە پاڵەوان بون و چونە ناو مێژوو بەسەریدا زاڵ بوو.

ئەگەر ئەو پرسیارە بكەین بۆچی بارزانی باوك كاتی خۆی ئەم هەنگاوەی نەنا، ئایا مەسعود بارزانی لە باوكی نیشتیمانپەروەرتربوو؟


وەڵامەكەی بە دروستی ئەوەیە كە هەلومەرجەكە رەخساو نەبوو بۆ هەنگاوێكی لەو جۆرە، دروست وەك نەگونجانی هەلومەرجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەو ساتەوەختەدا كە بارزانی ڕیفراندۆمی تێدا ئەنجامدا.

بەداخەوە بارزانی نەیتوانی بەباشی زەمەن و سیاسەتی نێودەوڵەتی سەردەمەكەی خۆی بخوێنێتەوە، هەربۆیە چارەنوسی خۆی و ئەزمونەكەشی ڕوبەڕوی مەترسی گەورە كردەوە.

لەكاتێكدا مەسعود بارزانی بە سەركردەیەكی بە حەزەر و هەستیار دەناسرا لە هەنگاوە سیاسیەكانیدا، بەڵام وادیارە ئەم جارەیان پێی لەسەر تەختەیەكی بۆش دانابێت.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری