کەمە نەتەوه‌ییەکان چۆن بونەتە هاوهەڵوێستى پارتى؟

ئێمە ده‌مانەوێ نەتەوه‌کەمان بپارێزین، ئیدى لەگەڵ ده‌سەڵات هاوپەیمانى ده‌کەین

کەمە نەتەوه‌ییەکان چۆن بونەتە هاوهەڵوێستى پارتى؟

461 خوێندراوەتەوە

 به‌شێكی زۆری كه‌مه‌ ئاینی و ته‌نه‌وه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، نیگه‌رانن له‌مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵیاندا ، و پێیان وایه‌ به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یان  له‌حكومڕانی هه‌رێمدا پێنه‌كراوه‌، و ناشیشارنه‌وه‌ كێشه‌ی جدیان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه‌.

 

 

 

 

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، بۆ به‌‌دواداچوون  له‌سه‌ر ڕۆڵی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ و ئاینییه‌كان، له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ باس  له‌پاشكۆ بوونی ئه‌و حیزبانه‌ ده‌كه‌ن، بۆ لایه‌نێكی دیاری كراو ، و سه‌رچاوەکە‌ی له‌كوێوه‌ گرتووه‌؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته،‌ وتوێژمان  له‌گه‌ڵ ئایدن مه‌عروف سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له‌په‌رله‌مانی  كوردستان و  ڕوبینا تیاری په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ی(مه‌سیحیه‌كان)، و  محمد سه‌عته‌دین ئیلخائی سه‌رۆكی فراكسیۆنی  پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان له‌په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌.

 

 

 

کەمە نەتەوەییەکان و پارتى چۆن پەیوەندیان هەیە؟

به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، نیگه‌رانن له‌ سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌هه‌مبه‌ر پارته‌ كه‌مینه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان،كه‌ گوایه‌ دژی لایه‌نه‌كانی تر به‌كاریان ده‌هێنێت، ته‌نانه‌ت ده‌شڵێن:" له‌بنه‌مادا پارتی خۆی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ی و ئاینییه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات و هه‌ڵیان ده‌بژێرێت بۆ په‌رله‌مانی كوردستان".

 

 

ئایدن مه‌عروف سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ره‌ڕای ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه باس له‌پاشكۆبوونیان ده‌كه‌ن‌ و ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ر لایه‌نێك بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری حیزبی حكومڕانه‌وه‌، ئه‌وا ناتوانێت نوێنه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌بكات كه‌متمانه‌یان پێبه‌خشیووه‌".

ئایدن مه‌عروف سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان

 

 

،،

هه‌وڵ ده‌ده‌ین مافی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ده‌ست بهێنین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ حیزبی حكومڕاندا هاوپه‌یمانی ده‌كه‌ین، جا ئه‌و لایه‌نه‌ هه‌ركه‌س و تاقمێك بێت.

 

 

 

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان محمد سه‌عته‌دین ئیلخائی، سه‌رسوڕمانی خۆی نه‌شارده‌وه‌، له‌و لایه‌نانه‌ی باس له‌پاشكۆبوونی كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن بۆلایه‌نێكی دیاری كراو به‌تایبه‌ت پارتی و وتی:"ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین مافی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ده‌ست بهێنین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ حیزبی حكومڕاندا هاوپه‌یمانی ده‌كه‌ین، جا ئه‌و لایه‌نه‌ هه‌ركه‌س و تاقمێك بێت، و ئێستاش كه‌ هه‌وپه‌یمانیمان له‌گه‌ڵ پارتی  كردووه‌ به‌مانای پاشكۆیه‌تی نایه‌ت".

 

محمد سه‌عته‌دین ئیلخائی سه‌رۆكی فراكسیۆنی  پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان له‌په‌رله‌مانی كوردستان

 

 

،،

"نابێت هاوپه‌یمانی سیاسی بۆ كۆمه‌ڵێك حه‌ڵاڵ بێت و بۆ كۆمه‌ڵێكی تر حه‌رام و بڤه‌ بێت‌".

 

 

ڕوبینا تیاری په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی(مه‌سیحیه‌كان)ئاماژه به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وان به‌ده‌نگی پیرۆزی خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزیی كوردستان هه‌ڵبژێردراون و ته‌نها جه‌ماوه‌رو ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌یان به‌مه‌رجه‌عی خۆیان ده‌زانن و ده‌شڵێت:"وه‌ك هه‌موو هێزه‌كانی تر، به‌ مافی خۆمانی ده‌زانین‌  هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌دا ببه‌ستین كه‌بڕیار و هه‌ڵوێستی سیاسیان له‌ئێمه‌وه‌ نزیكه،  و كه‌ ده‌زانین داواكاریه‌كانمان جێ به‌جێ ده‌كات و نابێت هاوپه‌یمانی سیاسی بۆ كۆمه‌ڵێك حه‌ڵاڵ بێت و بۆ كۆمه‌ڵێكی تر حه‌رام و بڤه‌ بێت‌"

 

ڕوبینا تیاری په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ی(مه‌سیحیه‌كان)

 

لایەنەکانى دیکە لەچى نیگەرانن؟

له‌م خوله‌ی ئێستادا، كه‌خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانه‌، كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان سه‌ره‌ڕای مسۆگه‌ر كردنی وه‌زاره‌تێك له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستانیشیان پێدراوه‌ و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی به‌شێك له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌ ناڕازیه‌كانی پارتی به‌دوای خۆیدا هێنا، وه‌ك له‌نووسینێكیدا سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانی كورردستان نوسیبووی:"له‌ باكوری كوردستان كوردێكی وه‌ك ده‌میرتاش به‌ حه‌وت ملیۆن ده‌نگه‌وه‌ له‌ زیندانه‌، له‌باشوری كوردستانیش توركمانێك به‌194 ده‌نگه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانه‌!". وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆهێنانه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌م كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ییانه‌ به‌مه‌رامی سیاسی له‌لایه‌ن لایه‌نێكی دیاری كراوه‌وه‌.

 

كابینه‌ی هه‌شته‌می ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

 

به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌وه‌ ئیلخانی به‌شداری توركمانه‌كان له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕه‌مزی ده‌زانێت، و پێی وایه‌ به‌شداری ڕاسته‌قینه‌یان پێنه‌كراوه‌ و به‌ڵگه‌ش بۆ وته‌كانی به‌وه‌دێنێته‌وه‌ ته‌نها وه‌زیرێكیان پێدراوه‌ و له‌ڕێگه‌ی دیپلۆماتیكه‌وه‌ په‌یامێك ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت پارتی ده‌كات، كه‌ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ی و ئاینیه‌كان بڕه‌خسێنن و زیاتر ده‌ستیان له‌به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، به‌گوته‌ی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌تێكی زیاتری هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن".

 

ئافره‌ته‌‌ مه‌سیحییه‌كه،‌ سه‌ره‌ڕای پشتگیری كردنی په‌رله‌مانتاره‌ هاوڕێكه‌ی، به‌ڵام ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات، له‌م خوله‌ی پێنجه‌می په‌رله‌مان زیاتر له‌جاران ڕۆڵیان پێدراوه‌ و ئه‌وانیش وه‌ك نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی كلد و ئاشور و سریانه‌كان هه‌وڵی خزمه‌تكردنی ته‌واووی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن.

"ئێمه‌ پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ی و ئاینی ڕه‌سه‌نی ئه‌م خاكه‌ین، كه‌زێدی باو باپیرانمانه‌‌".په‌رله‌مانتاره‌ مه‌سیحییه‌كه‌ وای وت ...

 

پرسی كه‌ركوك

یه‌كێك له‌ سێ پێك هاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یی پارێزگای كه‌ركوك توركمانه‌كانن،  به‌ڵام توركمانه‌كانی باشوور كوردستان بۆچوون و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك هه‌یه‌، به‌شێك له‌هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌نزه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، "توركمانه‌كانی  له‌ هه‌ولێر و دهۆكه‌وه‌ هاوار بۆ كوردستانی نه‌بوونی كه‌ركوك ده‌كه‌ن".

كه‌ركوك شاری زێڕی ڕه‌ش

 

ئایدن مه‌عروف كه‌ركوك به‌لای توركمانه‌كانه‌وه‌ زۆرگرنگه‌ و پارێزگاری كه‌ركوك به‌مافی خۆیانی ده‌زاننن و داواده‌كه‌ن:"كه‌ركوك بكرێته‌ ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و به‌و شێوه‌یه‌ ده‌توانرێت كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكرێت"، به‌ڵام ئیلخائی وته‌ی هاوتا تووركیه‌كه‌ی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێـت:" ئێمه‌ وه‌ك پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان، باوه‌ڕمان به‌سازانی نیشتیمانی له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك هه‌یه‌، و گرنگ نییه‌ به‌لایانه‌وه،‌ چ نه‌ته‌وه‌یه‌ك پۆسته‌كه‌ بۆخۆی مسۆگه‌ر ده‌كات".

په‌یوه‌ندی توركمانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی هه‌رێمی(توركیا)

 

،،

ئێمه‌ توركمانێكی عێراقین و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ كاری سیاسی خۆمان له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌ و ده‌كه‌ین.

 

 

به‌درێژای حكومڕانی حیزبه‌كه‌ی‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردانی باكوری كوردستان له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به‌م ئاسته‌ی ئێستا خراپ نه‌بووه‌،‌ و له‌ئێستادا به‌شێكی زۆری سیاسییه‌ كوردییه‌كان له‌ زینداناندان، له‌ گرنگترین ده‌ستگیر كراوه‌كان، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌یه‌‌، ئایدن مه‌عروف ده‌ڵێت ئێمه‌ توركمانێكی عێراقین و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ توركیا ته‌نها له‌چوارچێوه‌یه‌كی دیبلۆماسی سیاسیدایه‌، به‌ڵام ئیلخائی ئه‌ندامی گه‌شه‌پێدانی توركمانی ده‌ڵێـت:"په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیای دراوسێ زۆر باشه‌و هیوادارین كێشه‌ی كورد له‌و وڵاته‌ له‌ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و سه‌نگه‌ری قه‌ندیل بۆ‌ هۆڵی په‌رله‌مان بگوازنه‌وه‌".

 

 

 

كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ی و ئاینییه‌كان كه‌ به‌كورسییه‌ كۆتاكان له‌په‌رله‌مانی كوردستان ناسێنراون، 11 كورسی په‌رله‌مانیان بۆ ته‌رخان كراوه‌، و به‌ره‌ی توركمانی له‌ دوو پارتی توركی پێك دێت و زیاتر ده‌كه‌ونه‌ سنووری پارێزگای دهۆك و شاری هه‌ولێره‌وه‌ و ئه‌و نزیكیه‌ جوگرافیه‌ له‌ بارزانییه‌كانه‌وه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ بووه‌ زۆر كات توشی تانه‌ و ته‌شه‌ری ڕكابه‌ره‌ سیاسییه‌كانی پارتی بن و كه‌ گوایه‌ زیانی له‌زۆنی سه‌وز داوه‌ و له‌به‌شێكی زۆری پڕۆژه‌ یاساكانی پارتیدا هاوهه‌ڵوێست و پشگیربوون.

 

 

author photo

رۆژنامەنووس