ئەى راپەرین، کێ لەبارى برد؟

ئەى راپەرین، کێ لەبارى برد؟

312 خوێندراوەتەوە

 

هەموو ساڵێک لەیادى راپەرینە مەزنەکەى گەلى کورد ساڵى ١٩٩١، کۆمەڵێک پرسیار کە وەڵامەکانیان بە پاڵەوان نیشاندانى چەند حزب و کەسایەتییەکە دێنەوە بەرباس و خواس، لەوانە کێ ئەندازیارى راپەرین بوو؟ کێ یەکەم فیشەکى تەقاند؟ ئەى یەکەم کەس کێ بوو چووە نێو ئەمنەسورەکە؟ دەکرێت لەگەڵ ئەم پرسیارانە ئەوەش بوروژێنین ئەى کێ راپەرینى لەبار برد؟!

 

 

پێ دەچێت مانشێتى نوسینەکەمان کەمێ قسە هەڵگرێ، خوێنەرێک ئەو پرسیارە بکات راپەرین لەبار نەچوو چونکە ئامانجى راپەرین دەرکردنى بەعس بوو لەنێو خاکى پیرۆزى کوردستان.

بەڵام گەلى کورد تەنها بۆ دەرکردنى بەعس رانەپەری، چونکە دەیویست لەپشت و لەدواى راپەرینەوە کۆمەڵێک دەستکەوتى دیکە بەدەست بهێنێت بەتایبەت دەستکەوتەکانى ((ژیان و ئازادى)).

 

(١)

ژیانى هاوڵاتى کوردستان دواى راپەرین؟

هاوڵاتییەک تورەدەبێت لەدڵەوە ئاوات بە سەدام حسێن دەخوازێت، هاوڵاتییەکى دیکە باس لە باشى باردودۆخى ئابورى سەردەمى بەعس دەکات، کەواتە ناچارییەکى لەرادەبەرە کە ئەم هاوڵاتییە نیگەران دەکات ئەم جۆرە قسانە بکات، چونکە بەم جۆرە گوتارانە دەبێت ئەوەمان بۆ دەربکەوێت کورد تەنها بۆ دەرکردنى دیکتاتۆرێک راپەرینى نەکردووە بەڵکو داواى ژیانى شەرەفەمندانەش دەکات.

 

ژیانێک لەگەڵ دروشمەکانى راپەرین یەک بگرێتەوە، ژیانێک تاکى کورد قەد ئاوات نەخوازێتەوە بۆ پێش راپەرین، مەعقول نییە ئەگەر ئێستە بچیتە نێو بازارى دەروازەى راپەرین (رانیە) راپرسییەک ئەنجام بدەیت، ئەگەرى زۆرە لە دە کەس نیوە زیادى بێتاقەت بێت لەو بارودۆخە سەختەى دواى راپەرین هاتۆتە ئاراوە.

 

 

،،

ئێستە تاکى کورد کێشەى ئەوە نییە کێ یەکەم فیشەکى تەقاندووە بۆ ئەمنەسورەکە یاخود کێ ئەندازیارو نەخشەدانەرى پرۆسەکە بووە، کێشەى سەرەکى هاوڵاتى ئەمرۆ ئەوەیە کە بەردەوام مێشک و زهنیشى داگیر کردووە، چۆن سەرەتایترین و ئاسایترین مافەکانى بەدەىست بهێنێت.!

 

تۆ سەیر بکە، تەنها ساڵێکى تەواو نابات لەدواى راپەرین ئیدى کێشە لەنێوان حزبەکان درووست دەبێت لەبارەى شێوازى حکومرانى و دابەشکردنى پۆستەکان، لەکاتێکدا هێشتا لەژێر چەترى (بەرەى کوردستانی)شدا ماونەتەوە. بەڵام دەبوو شەرى ئەوە بکەن چۆن دەستەکەوتەکانى راپەرین بۆ خەڵکى کوردستان بچننەوە، پێ دەچێت لە شاخەوە خۆیان بۆ ئەم شەرەى شار حازر کردبێت.

 

 

ئەم شەرە وەک میرات مایەوە هەتاکو ئێستەش بەردەوامە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکى دیکە گوازرایەوە، پاڵەوانەکانى شاخ و ئەندازیارەکانى راپەرین دژى یەکدى وەستانەوە، خەمى خواو خەڵک و خاکیان لەبیر چوویەوە، تەنها ئەوەیان لەیاد بوو چۆن یەکدى بشکێنن.

ئێستە تاکى کورد کێشەى ئەوە نییە کێ یەکەم فیشەکى تەقاندووە بۆ ئەمنەسورەکە یاخود کێ ئەندازیارو نەخشەدانەرى پرۆسەکە بووە، کێشەى سەرەکى هاوڵاتى ئەمرۆ ئەوەیە کە بەردەوام مێشک و زهنیشى داگیر کردووە، چۆن سەرەتایترین و ئاسایترین مافەکانى بەدەىست بهێنێت.!

 

خەمى گەورەى کۆمەڵگا ئەوەیە چۆن موچەى مانگانە دوا نەکەوێت، ئەى بەرمیلە نەوتى ئەمساڵ چۆن وەر بگرێت لەکاتێکدا جیاوازییەکەى لەنێوان ساڵى ١٩٩١ لەگەل ٢٠١٩ تەنها دەبە و بەرمیلە، یان بەرمیل و دەبەیە. هەر ساڵەو بەیەکێکیان نەوت وەر دەگیرێت.

،،

دەسەڵاتێکى کوردى خاڵە هاوبەشەکانى زۆرتربن لە خاڵە جیاوازەکانى بەراورد بە دەسەڵاتى بەعس، ئیدى ئەمە لەبار بردنى راپەرین و ئامانجەکانى راپەرین نەبێت چییە؟

(٢)

ئازادى لە کۆمەڵگەى کوردیدا؟

 ئەم بەشە لەگەڵ قسەی هاوڵاتیەک تێکەڵاو دەکەین کاتێک ئاوات بە سەردەمى سەدام حسێنى دیکتاتۆر دەخوازێت، چونکە دیکتاتۆر رێگەت لێ دەگرێت بیر بکەیتەوە و بە ئازادى قسە بکەیت.

ئەگەر بەخێراى سەیرێکى مێژووى ٢٨ ساڵەى رابردووى حکومرانى حزبە کوردییەکان بەتایبەت یەکێتى و پارتى بکەین، ئەوەمان بە ئاسانى بۆ دەرکەوێت کە چۆن هەموو جوڵانەوەیەکى جوان و دەنگ و قەڵەمێکى ئازادیان لەبار بردووە، بەوەى یان خنکاندویانە یان ئێستە لەتاراوگە دەژى.

 

ئەو وتەیە لەراستییەوە نزیکە کە دەڵێـت:"شەق هەر شەقە، کورد لێت بدات یاخود عەرەب" چونکە دواتر یەک دەرەنجامى هەیە کە شکاندنى کەرامەتى مرۆڤەکانە. بزانە لەدواى راپەرینەوە چەند شەق لە هاوڵاتى بێتاوان دراوە چەند کەرامەتى خاوەن پیشەو کەسى بێگوناه شکێنراوە.

 

دەسەڵاتێکى کوردى خاڵە هاوبەشەکانى زۆرتربن لە خاڵە جیاوازەکانى بەراورد بە دەسەڵاتى بەعس، ئیدى ئەمە لەبار بردنى راپەرین و ئامانجەکانى راپەرین نەبێت چییە؟

 

 

(٣)

کوان ئەندازیارانى راپەرین؟

 

کاتێک ئەو هەموو تاسە رەقەکانە لەبەردەم ماڵى موستەشارەکان راست کرانەوە، ئەوانەى یەکەم فیشەکیان تەقاند لەکوێ بوون بۆچى رێیان لێ نەگرت؟ ئەى ئەو هەموو خانوو ڤێلا تەجاوزانە، دواى راپەرین مەسئول و کوڕە مەسئول دروسیانکرد  ئەندازیارانى راپەرین لەکوێن بوون؟ بۆچى رێگەیان نەگرت.!

  

،،

ئەوانەى کە زۆرترین دەرکەوتنیان هەبووە لە راپەرین و زۆرترین ناویان وەک پاڵەوان دەهێنرێت، دەکرێت لەهەمانکات وەڵامى ئەو پرسیارەش لەوان وەر بگرین کە کێ راپەرینى لەبار برد؟ کوان ئامانج  و دەستەکەوتەکانى راپەرینى گەلى کورد؟

 

ئەو هەمو گردو شوێنە بەرزو راقیانەى کوردستان کە بە زۆردارى داگیرکران، بۆچى ئەوانەى خۆیان لەبەرەى گەل دەزانى و لەشاخ بۆ گەل دەگریان رێگەیان لەمەش نەگرت.

 

لەباربردنى راپەرین چییە؟ مەگەر لەوە خراپتر هەیە کە هاوڵاتى تاکە تروسکایەکى بە سندوقەکانى دەنگدان مابوو، هەرچەندە دەنگى داوە بۆ پەرلەمان و دامەزراندنى حکومەتێکى نوێ بەڵام بۆ شەش مانگ دەروات هێشتا حزبەکان لەسەر دابەشکردنى شیرینى و کێکى حکومەت لە بەرژەوەندى خۆیان رێک ناکەون. ئەى هاوڵاتى؟؟؟!!

 

کەواتە ئەوانەى کە زۆرترین دەرکەوتنیان هەبووە لە راپەرین و زۆرترین ناویان وەک پاڵەوان دەهێنرێت، دەکرێت لەهەمانکات وەڵامى ئەو پرسیارەش لەوان وەر بگرین کە کێ راپەرینى لەبار برد؟ کوان ئامانج  و دەستەکەوتەکانى راپەرینى گەلى کورد؟

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان