وه‌زیرێكی حكومه‌تی هه‌رێم: گرنتی نیه‌ تا سه‌ر به‌غداد مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت

       "گه‌ڕانه‌وه‌ی مووچه‌ پاشه‌كه‌وت كراوه‌كان بۆ حكومه‌تی ئاینده‌ی جێده‌هێڵین"

وه‌زیرێكی حكومه‌تی هه‌رێم: گرنتی نیه‌ تا سه‌ر به‌غداد مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت

452 خوێندراوەتەوە

 وه‌زیرێكی كابینه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی: ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و  به‌غداد   وه‌ك خۆی جێ به‌جێ بكرێت، ئه‌وا دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بێ پاشه‌كه‌وت مسۆگه‌ره‌، به‌ڵام هیچ زه‌مانێك نییه‌ به‌غداد پا به‌ندی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ بێت ، و دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی حكومه‌تیش،  بۆ كابینه‌ی ئاینده‌مان جێهێشتووه‌.

 

 

 

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، بۆ زیاتر به‌دواداچوون له سه‌ر پرسی دابه‌شكردنی مووچه‌ی بێ پاشه‌كه‌ووتی  فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن كابینه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیه‌وه‌و چاره‌نووسی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانیان گفتوگۆی له‌گه‌ڵ محمود حاجی ساڵح   وه‌زیری شه‌هیدان له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌.

 

محمودی حاجی ساڵح  وه‌زیری شه‌هیدان

 

 

،،

لابردنی پاشه‌كه‌وتیش بۆ هاتنه‌ ژێر باری حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

 

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای دڵنیاكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی  به‌ لابردنی پاشه‌كه‌وت و گه‌ڕانه‌وه‌ی شایسته‌ داراییه‌كانیان، به‌ڵام تائێستا هاوڵاتیان به‌گومانه‌وه‌  له‌توانا و وته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌یان ده‌ڕوانن  و پێیان وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌په‌رچه‌كرداری(رد فعل) برازاكه‌ی بۆ  پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌دوو مه‌به‌ست یه‌كه‌میان وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سكه‌وتی لابردنی پاشه‌كه‌وت له‌ده‌ست مه‌سروور بارزانی كه‌ بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم ناوبراو ڕاسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دووه‌م هۆكاریش حكومه‌تی ئاینده‌ به‌ پێدانی موچه‌ی بێ پاشه‌كه‌وت و گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی حكومه‌ت، سه‌رۆكه‌ نوێكه‌ بخاته‌ ژێر په‌ستانێكی زۆره‌وه‌.

 

محمود حاجی  ساڵح وه‌زیری شه‌هیدان، سه‌ره‌ڕای پشت ڕاستكردنه‌وه‌ی جێهێشتنی دانه‌وای قه‌رزه‌كان بۆ كابینه‌ی ئاینده‌ به‌ڵام ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ بۆ دژایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی ئاینده‌بێت و ده‌ڵێت:"ئێمه‌ كۆبونه‌وه‌ی زۆرمان له‌سه‌ر نه‌مانی پاشه‌كه‌وت له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ و لابردنی پاشه‌كه‌وتیش بۆ هاتنه‌ ژێر باری حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و تا به‌غداد له‌ناردنی پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت گرفت بۆ موچه‌ی بێ پاشه‌كه‌وتی فه‌رمانبه‌ران دروست نابێت"

 

 

 

،،

 حیدر عه‌بادی پێی وتین پاره‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌وتا نانێرین.

 

 

تا ئێستا ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم باسی كردووه‌، دابه‌ش كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانێتی  له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا بێ پاشه‌كه‌وت، به‌ڵام كه‌متر ئاماژه‌ به‌چۆنیه‌تی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌، له‌ ئێستاشدا هاوڵاتیان به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌ چاره‌نووسی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ڕوانن.

 

به‌ڵام وه‌زیری  كابینه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جدی باسیان له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی حكومه‌تییان كردبێت، به‌و پێیه‌ی كاری له‌پێشینه‌یان پێدانی مووچه‌ی بێ پاشه‌كه‌وته‌ به‌مووچه‌خۆران بووه‌ و كه‌متر بیریان له‌و بابه‌ته‌ كردۆته‌وه‌.

 

 

 

 

یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی داهات بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،كه‌ بتوانێت پشتی پێ ببه‌ستێت، نه‌وته‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای داهاتی ناوخۆی و بوونی ئه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌ تا ئێستا حكومه‌ت نه‌یتوانییوه‌ سیاسه‌تێكی  ئابوری سه‌ربه‌خۆ په‌یڕه‌و بكات.

 وه‌زیره‌كه‌ی یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی نه‌وت ڕای ده‌گه‌یه‌نێ:" دوور و نزیك ئاگاداری ئه‌و سێكته‌ره‌ نیم، به‌ڵام پێدانی مووچه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ناردنی مووچه‌ی به‌غداده‌وه‌ نه‌ك فرۆشتن و نه‌فرۆشتنی نه‌وت چونكه‌ حیدر عه‌بادی پێی وتین پاره‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌وتا نانێرین.

 

 

 

"وه‌ك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌وردی دیراسه‌ی لابردنی پاشكه‌وتمان كردووه‌ و چه‌ندین كۆبونه‌وه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئه‌نجام داوه‌، كه‌ كۆتا جار بڕیاڕه‌ ئومێد به‌خشه‌كه‌مان ڕاگه‌یاند هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ڕێكه‌وتنامه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقه‌وه‌ و هیچ زه‌مانێك بۆ جێ به‌جێكردنی به‌نده‌كانی ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه‌  له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌‌ نییه". وه‌زیری شه‌هیدان وای وت ...

 

 

 به‌پێی وته‌ی شاره‌زایانی ئابووری: گه‌ربێت و پلانێكی ورد بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان دانه‌نرێت، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان هه‌ڵئاوسانێكی مه‌ترسیدار ڕوو له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پێویسته‌ به‌وردی و زانستیانه‌  مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ترسییه‌دا بكرێت.

 

 

 

 

author photo

رۆژنامەنووس