كادیرێكی باڵای بزووتنه‌وه‌: هه‌ندێك له‌ئه‌ندامانی شوڕا، ده‌یانه‌وه‌ێت بزووتنه‌وه‌ به‌بچووكی بمێنێته‌وه‌.

"ئه‌ندامی شورامان هه‌یه‌،به‌بای شان بووه‌ته‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، و توانای نوسینی داڕشتنێكی نییه‌ "

كادیرێكی باڵای بزووتنه‌وه‌: هه‌ندێك له‌ئه‌ندامانی شوڕا، ده‌یانه‌وه‌ێت بزووتنه‌وه‌ به‌بچووكی بمێنێته‌وه‌.

276 خوێندراوەتەوە

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان، له‌كۆنفڕانسی حه‌وته‌می حیزبه‌كه‌یدا، گۆڕانكاری له‌ هه‌ندێك ‌بڕگه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حیزبه‌كه‌ی كردووه‌، به‌ڵام كادیرێكی باڵای ئه‌و حیزبه‌، هۆكاری لاوازی بزوتنه‌وه‌ و كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانییان بۆلاوازی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌سكاری كردنی بڕگه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ به‌چاره‌سه‌رێكی  بنه‌ڕه‌تی نازانێ.

 

 

له‌سه‌ر ورده‌كاری كۆنفڕانسی حه‌وته‌می بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان، و هۆكاری پاشه‌كشه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ و هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌ی بزوتنه‌وه‌، دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین گفتوگۆی له‌گه‌ڵ سه‌لام عبدالكریم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان و ئاری عبدالتیف سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ له‌خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌.

كۆنفڕانسی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌شاری سلێمانی 

 

 

،،

به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی باڵای حیزبه‌كه‌م، توانای داڕشتنێكیان نییه له‌سه‌ر وه‌رزی  به‌هاروو، كه‌چی له‌ ئێستادا ئه‌ندامی شوڕای بزوتنه‌وه‌یه‌.

 

 

دوای به‌ده‌ست نه‌هێنانی ده‌نگی پێویست بۆ مسۆگه‌ر كردنی كورسییه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌تایبه‌ت سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌،  ڕوبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆری لایه‌نگران و به‌شێك له‌ كادیروو ئه‌ندامه‌ باڵاكانی  ئه‌و حیزبه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، و هۆكاری پاشه‌كشه‌یان بۆ سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و ته‌نانه‌ت خودی ڕابه‌ره‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

 

ئاری عبدالتیف سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان، هێرشی تووند ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌ندامانی باڵای حیزبه‌كه‌ی و به‌نه‌خوێنده‌وار ناویان ده‌بات و ده‌ڵێت:"به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی باڵای حیزبه‌كه‌م، توانای داڕشتنێكیان نییه له‌سه‌ر وه‌رزی  به‌هاروو، كه‌چی له‌ ئێستادا ئه‌ندامی شوڕای بزوتنه‌وه‌یه‌ و كاتێك پرسێك ده‌چێته‌ به‌رده‌ستیان ده‌ڵێن قه‌زا و قه‌ده‌ره‌و بۆ یان چاره‌سه‌ر ناكرێت‌، خۆ ئه‌گه‌ر بێت و سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌مان بگۆڕین ئه‌وا ده‌توانین له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌دا چوار كورسی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ست بهێنین، چونكه‌ كێشه‌ی بزوتنه‌وه‌ كێشه‌ی قاعیده‌یه‌ نه‌وه‌ك قه‌واعید و هه‌ندێك له‌ئه‌ندامانی شوڕای بزووتنه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت بزووتنه‌وه‌ به‌بچوكی بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان به‌گه‌وره‌ی ده‌ربكه‌ون".

 

ئاری عبدالتیف  له‌ناو هۆڵی كۆنفڕانس

 

،،

پێمان وایه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا بڕیاری سیاسی  و دارای بزوتنه‌وه‌ به‌شه‌خسه‌نه‌ و قۆره‌خ كراوه.

 

 به‌ڵام سه‌لام عبدالكریم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه،‌ به‌وته‌كانی ئاری نیگه‌رانه‌ و ده‌ڵێت:" بزوتنه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌باشترین حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ته‌بای و سازان و نزیكیه‌ی له‌  بۆچوونی  ئه‌ندامانی باڵای بزوتنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌كه‌م حیزبی دیكه‌ به‌دی ده‌كرێت".

 

به‌شێك له‌ ڕه‌خنه‌كان كه‌ئاڕاسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌كرێت له ‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌وه‌ ناشه‌فاف بوونی مه‌كته‌بی داراییه، به‌شێوه‌یه‌ك نازانرێت داهات و تێچووی مانگانی ئه‌و حیزبه‌ چه‌نده‌ و هه‌ندێ كاتیش به‌شێك له‌و داراییه‌ نابرێته‌وه‌ به‌رده‌م مه‌كته‌بی دارای.

ئاری گومانی له ده‌ست پاكی ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی دارای حیزبه‌كه‌ی نییه‌، به‌ڵام ده‌ڵێـت:"پێویسته‌ ئه‌گه‌ر دارای حیزب  250دیناری عێراقیش بێت، ببرێته‌وه‌ به‌رده‌م مه‌كته‌بی دارای به‌ڵام له‌بزوتنه‌وه‌دا پاره‌كان له‌ڕێگه‌ی شه‌خس و لای شه‌خسیش كۆده‌بێته‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ نه‌ی توانییه‌وه داراییه‌كی گونجاوی هه‌بێت و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بتوانێت كه‌ناڵێكی ئاسمانی دابنێت، به‌ئامانجی هۆشیار كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌بڕیار و هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ ‌، به‌ڵام پێمان وایه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا بڕیاری سیاسی  و دارای بزوتنه‌وه‌ به‌شه‌خسه‌نه‌ و قۆره‌خ كراوه‌ ".

 

به‌ڵام سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی بزوتنه‌وه، دارای حیزبه‌كه‌ی به‌ سفر ناو ده‌بات و ده‌ڵێت:"بزوتنه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی كۆمه‌كی ئه‌ندامانی مه‌ڵبه‌نده‌كانییه‌وه‌ توانییویه‌تی به‌ڕێوه‌ بچێت و توانای كردنه‌وه‌ی میدیای نییه‌".

 

 

كادری ئافره‌تانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان
،،

یه‌كگرتوو ڕێگه‌ی نه‌دا ئێمه‌ به‌یه‌ك كاندید به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین و ناچاری كردین زیاتر له‌ 15 كاندیدمان هه‌بێت.

 

دوای به‌ده‌ست نه‌هێنانی هیچ كورسییه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌وه‌، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ره‌ی ئیسڵاحی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و له‌ئێستادا  به‌جیا هه‌ردوو حیزب خه‌باتی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هه‌ڵبژاردووه‌.

 

كادیره‌ گه‌نجه‌كه‌ی بزووتنه‌وه،‌  یه‌كگرتوو به‌ئه‌نجامدانی  كوته‌دا به‌سه‌ر حیزبه‌كه‌یدا‌ تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێـت:"یه‌كگرتوو ڕێگه‌ی نه‌دا ئێمه‌ به‌یه‌ك كاندید به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین و ناچاری كردین زیاتر له‌ 15 كاندیدمان هه‌بێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌نگه‌كانی بزوتنه‌وه‌ به‌سه‌ر كاندیده‌كانیدا دابه‌ش بوو، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ نه‌ی توانی كورسییه‌ك به‌ده‌ست بهێنیت و خێره‌كه‌ی بۆ یه‌كگرتووبوو، ئه‌مه‌ش جارێ تر  ئه‌و په‌نده‌ی پشت ڕاست كرده‌وه‌ كه‌ده‌ڵێت ماسییه‌ بچووكه‌كان خۆراكی ماسییه‌ گه‌وره‌كانن ".

 

 

 

"جیاواز له‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان دیكه‌، گه‌نجانی بزووتنه‌وه‌ كۆڵ ناده‌ن  و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ڕێك كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی به‌رپرسه‌كانیان و خوێ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر بریندا بۆ ئه‌وه‌ی  هه‌ونه‌كات" ئاری عبدالتیف وای وت.....

 

 

جیاواز له‌بۆچوونه‌كانی دیكه‌ی ئاری عبدالتیف ئه‌م جاره‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی  هاوڕای كادیره‌ باڵا‌ی حیزبه‌كه‌یه‌تی، و ده‌ڵێت:" ئێمه‌ بۆمان ڕوون بۆته‌وه‌ خه‌باتی هاوپه‌یمانی و یه‌ك لیستی ئیسلامییه‌كان له‌ژینگه‌یه‌كی ئاوادا سه‌ركه‌وت و نابێت و بزوتنه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای په‌شیمان نه‌بوونی له‌و برایه‌تییه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوودا كردی، به‌ڵام‌ ده‌شزانێت هه‌نگاوێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو".

 

سه‌لام عبدالكریم  ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان

 

 بڕیاره‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان، ساڵی ئاینده‌ كۆنگره‌ی 12 یه‌می خۆی گرێ بدات و گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌سیاسه‌ت و هه‌یكه‌لێتی حیزبه‌كه‌یدا ئه‌نجامبدات، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین گۆڕانكاری له‌ڕابه‌ری گشتی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ناكرێت و گۆڕانكارییه‌كان زیاتر له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ ده‌كرێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌كۆتا كۆنفڕانسیاندا ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیان بۆ شه‌ش ئه‌ندام كه‌مكرده‌وه‌.

 

 

      

 

author photo

رۆژنامەنووس