رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دژی كۆمەڵگەی مەدەنی

رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دژی كۆمەڵگەی مەدەنی

1493 خوێندراوەتەوە

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی چوار هەزار رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی مۆڵەتی كاركردنیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتوە، بەڕای بەشێك لەوانەی لەم ساڵانێكە لە رێكخراوە مەدەنیەكاندا كاردەكەن، زۆرێك لەم رێكخراوانە دروستكراوی حیزبەكانن لەژێر ناوی كۆمەڵگای مەدەنیدا و نەك نەیانتوانیوە بە ئەركی خۆیان هەستن بەڵكو خودی خۆیان رێگرن لەكاری ئەو ژمارە كەمە لەرێكخراوی مەدەنی كە بەجدی بەئەركی خۆیان هەڵدەستن.


شۆڕش ئەمین، یەكێك لەو كەسانەی ساڵانێكە لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیدا كاردەكات بە دیپلۆماتیك مەگەزینی راگەیاند، لەدوای شەڕی ناوخۆوە پارتی و یەكێتی هەموو كایەكانی كۆمەڵگایان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد، لەو چوارچێوەیەشدا هەردوولا كەوتنە دروستكردنی سەدان رێكخراو بەناوی كۆمەڵگای مەدەنیەوە، كە ئەم رێكخراوانە هێندەی كارییان ماكیاژكردنی ئەو حیزبانە بوە هێندە كاری رێكخراوی مەدەنیان نەكردوە.

،،

شۆڕش ئەمین: زۆرجار لەناو چالاكی رێكخراوەكاندا ژمارەیەك لە رێكخراوە "بەناو حكومیەكان" جاسوسى بەسەر خەڵك و چالاكانی مەدەنیەوە دەكەن.


شۆڕش ئەمین، پێشیوایە ئەو رێكخراوانەی پارتی و یەكێتی نەك بە ئەركی خۆیان هەڵنەستاون، بەڵكو كۆنتڕۆڵی هەموو ئەو فەندانەشیان كردوە كە لە رێكخراوە بیانیەكانەوە بۆ كاری رێكخراوەیی لەهەرێمی كوردستان تەرخاندەكرێن، زیاتر لەوەش زۆرجار لەناو چالاكیە رێكخراوەییەكانیشدا رۆڵی جاسوسیكردنیان بەسەر خەڵك و چالاكانی مەدەنیەوە بینیوە.


هەر لەوبارەیەوە نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی بە دیپلۆماتیك مەگەزینی راگەیاند، لەكوردستان سیستەمێكی سیاسی خێڵەكی هەیە، ئەمە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو رێكخراوەكانیش، كە لەجیاتی رێكخراوەكان بە ئەركی خۆیان هەستن زۆرجار نوێنەری حیزب بون، هەر بۆ نمونە لەو دۆسیەیەی بەرامبەر نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر كرا لە بەلجیكا، رێكخراوەكان لەهەولێر هاتنە دەنگ لەكاتێكدا دەیان دۆسیەی گەورەی نیشتیمانی پەیوەندیدار بە ژیانی خەڵك و سیستەمی سیاسی و یاسایی هەیە ئەم رێكخراوانە دەنگیان لێوە نەهاتوە.

rekxraw
شۆڕش ئەمین                                                                                نیاز عەبدوڵا


نیاز عەبدوڵا، پێشیوایە نابێت بەشێك لە كارو ماندوبونی ژمارەیەك لەو رێكخراوانە لەبەرچاو نەگیرێت كە لە رابردوودا رۆڵی بەرچاویان هەبوە لە فشاركردن و پێشكەشكردنی پرۆژە بۆ دەركردنی یاسای باش و زۆرجاریش بەرگریكاری راستەقینەی خەڵكی كوردستان بون.
رێكخراوە سەوز و زەردەكان.

،،

نیاز عەبدوڵا: لەو دۆسیەیەی بەرامبەر نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر كرا لە بەلجیكا، رێكخراوەكان لەهەولێر هاتنە دەنگ، لەكاتێكدا دەیان دۆسیەی گەورەی نیشتیمانی پەیوەندیدار بە ژیانی خەڵك و سیستەمی سیاسی و یاسایی هەیە ئەم رێكخراوانە دەنگیان لێوە نەهاتوە.


لەرابردوودا كە هەرێمی كوردستان دوو ئیدارە بوە، رێكخراوەكان لەژێر دەسەڵاتی پارتی لەژێر سێبەری پارتیدا لەدایك بون و لە ئیدارەی یەكێتی لەژێر سێبەری یەكێتیدا لەدایك بون.


لەوبارەیەوە ئەحمەد شێخە، سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵە و رێكخراوەكان بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت، رێكخراوە ناحكومیەكان ئەگەر بەرێژەش بێت 20% ی ئەركی خۆیان جێبەجێ‌ ناكەن، جگە لەوەش سێ‌ رێكخراو لەژێر دەسەڵاتی پارتی و سێ‌ رێكخراو لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی كۆنتڕۆڵی ئەو فەندانەشیان كردوە كە رێكخراوە بیانیەكان دەیدەن بە رێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان.

،،

ئەحمەد شێخە: سێ‌ رێكخراو لەژێر دەسەڵاتی پارتی و سێ‌ رێكخراو لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی كۆنتڕۆڵی ئەو فەندانەشیان كردوە كە رێكخراوە بیانیەكان دەیدەن بە رێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان.


لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 3 هەزار و 800 رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی مۆڵەتی كاركردنیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتوە، كە ساڵانێكە پارەیەكی زۆرییان لە بودجەی گشتی بۆ تەرخاندەكرێت، كە وەكو بەشدارانی ئەم راپۆرتە ئاماژەیان بۆ كرد زۆرینەی ئەم رێكخراوانە هێندەی نوێنەری حیزبن لەم كایەدا هێندە بە ئەركی خۆیان هەڵناستن.
لە چەند ڕۆژی رابردوودا دیپلۆماتیك مەگەزین، راپۆرتێكی وردی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان لەسەر رێكخراوەكان بڵاودەكاتەوە، كە لەم راپۆرتەدا دەیان دۆسیەی گەندەڵی هەیە و كەسانێكیش لەسەر ئەم گەندەڵیانە دۆسیەكانیان رەوانەی دادگا كراوە.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو