بۆچى پارتى و یەکێتى، لەبرى رێککەوتن گەشتن بە بنبەست؟

پارتى لەنێوان گۆڕان و یەکێتى نازانێت چى بکات

بۆچى پارتى و یەکێتى، لەبرى رێککەوتن گەشتن بە بنبەست؟

851 خوێندراوەتەوە

 

پارتى و خودى بارزانى لەژێر فشارى گۆڕان پەشیمان بوونەتەوە لە پێدانى جێگرى سەرۆکى هەرێم و هەندێ وەزارەتى سیادى بە یەکێتى، یەکێتیش دەیەوێت بەو ژمارە کورسییەوە لەهەموو جومگەکانى دەسەڵاتدا پۆستى هەبێت.

 

دواى رێککەوتنى پارتى و گۆڕان، و پێدانى چەندین پۆستى سیادى و گرنگ بە بزووتنەوەى گۆڕان، یەکێتى بەمە نیگەران بوو و غیرەى کرد، بۆیە داواى دەستپێکردنەوەى جارێکى دیکەى گەڕى دانوستانەکان و بەرزکردنەوەى سەقفى داواکارییەکانى کرد.

 

،،

گۆڕان لەبەردەم پارتیدا هەڕەشەیەکى جدییە، لەحاڵەتى پێدانى پۆست بە یەکێتى لەسەر حسابى گۆڕان، چونکە پەشیمان بوونەوەى بارزانیش لە پێدانى پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم بە یەکێتى دەگەڕێتەوە بۆ فشارى گۆڕان و هەڕەشەکردنى لە هاتنەدەرەوەى لە رێکەوتنەکەیان لەگەڵ پارتى.

 

هەرچەندە پارتى دەیەوێت لەگەڵ یەکێتى نەرمى بنوێنێت و رێک بکەون، تاکو حکومەتى (برا گەورە) پێک بهێنرێت و نێچیرڤان بارزانیش ببێت بە سەرۆکى هەرێم، بەڵام دوو رێگرى سەرەکى دێنە بەردەم پارتى کە ناتوانێ بەهەموو مەرجەکانى یەکێتى رازى بێت ئەوانیش:

 

یەکەم: لەنێو پارتى و بەتایبەت لەنێو ماڵى بارزانى ئاراستەیەکى توند بەرامبەر یەکێتى هەیە، کە نایەوێت هەموو مەرجەکانى ئەو حزبە جێ بەجێ بکرێن، چونکە وا بیر دەکەنەوە ئەو حزبە ((گەردەلولە سەوزەکە))ى جاران نییە و دەبێت مامەڵەى کورسى لەگەڵدا بکرێت چونکە لە هەڵبژاردنەکاندا نیوە کەمترى پارتى بەدەست هێناوە.

 

 

دووەم: گۆڕان لەبەردەم پارتیدا هەڕەشەیەکى جدییە، لەحاڵەتى پێدانى پۆست بە یەکێتى لەسەر حسابى گۆڕان، چونکە پەشیمان بوونەوەى بارزانیش لە پێدانى پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم بە یەکێتى دەگەڕێتەوە بۆ فشارى گۆڕان و هەڕەشەکردنى لە هاتنەدەرەوەى لە رێکەوتنەکەیان لەگەڵ پارتى.

 

 

،،

پۆستى یاریدەدەر، لە لایەن سەرۆکى هەرێمەوە دادەنرێت و هیچ دەسەڵاتێکى ئەوتۆى نییە، تەنانەت ناتوانێ بەناوى سەرۆکایەتى هەرێمیشەوە (لەرووى یاساییەوە) واژۆ لەسەر هیچ نوسراوێک بکات.

 

 

 

پارتى و یەکێتى لەسەر چى رێک ناکەون؟

هەرچەندە کۆبوونەکەى نێوانیان لە سەرەتاى ئەم هەفتەیە، هەردوولا بە باش وەسفیان کردو رایانگەیاند: کە کۆتایی هەفتە کۆبوونەوەى یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدەن، بەڵام دوێنێ بێ هیچ ڕاگەیەندراو و لێدوانێک کۆبوونەوەکەیان کۆتایی هات و وەفدەکەى پارتى بەدەست بەتاڵى گەڕانەوە هەولێر.

 

دەکرێت لەم دوو خاڵەى خوارەوە بەکورتى، خاڵە سەرەکییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى کە بووە بە کێشە لەنێوانیاندا و رێک ناکەون بخەینە روو ئەوانیش:

 

یەکەم: بابەتى سەرۆکایەتى هەرێم

هەرچەندە پارتى لە کۆبوونەوەى پێشوو پێشنیارى پێدانى جێگرى سەرۆکى هەرێمیان بۆ یەکێتى کردبوو، بەڵام لە کۆبوونەوەکەى دوێنێ خودى بارزانى لەمە پەشیمان بووەتەوە و لەبرى جێگر دەیانەوێت یاریدەدەر بدەن بە یەکێتى.

 

یەکێتیش بەمە رازى نابێت، چونکە دەزانێت پۆستى یاریدەدەر، لە لایەن سەرۆکى هەرێمەوە دادەنرێت و هیچ دەسەڵاتێکى ئەوتۆى نییە، تەنانەت ناتوانێ بەناوى سەرۆکایەتى هەرێمیشەوە (لەرووى یاساییەوە) واژۆ لەسەر هیچ نوسراوێک بکات، بەڵکو تەنها دەسەڵاتى نوێنەرایەتى کردنى سەرۆکى هەیە بۆ هەندێ شوێن.

 

یەکێتى دەزانێت بەپێدانى جێگر بە گۆڕان و یاریدەدەر بەوان، بە لاوازکردنی دەشکێتەوە، بۆیە داواى جێگرى سەرۆکى هەرێم دەکات و داواش دەکات لە پرۆژیاساى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم بە یاسا (پۆستى جێگر) رێ بکرێتەوە و دەسەڵاتەکانى لەرووى سەربازییەوە دیارى بکرێت.

 

،،

پارتى پێشنیارى (یاریدەدەرى جێگرى سەرۆکى حکومەت بۆ چاکسازى و نەهێشتنى گەندەڵى) دەکات بۆ گۆڕان.

 

بەڵام جگە لەوەى پارتى بەتەواوى رازى نییە ئەم داواى یەکێتى جێ بەجێ بکات، گۆڕانیش هەڕەشەى کشانەوە دەکات لەکابینەى نوێ، ئەگەر جێگرێک وەک جێگرەکەى ئەوان بۆ سەرۆکى هەرێم زیاد بکرێت و بدرێت بە یەکێتى.

ئەمە لەکاتێکدا پارتى بۆ هاوسەنگى نێوانیان و راگرتنى دڵى گۆڕان پێشنیارى (یاریدەدەرى جێگرى سەرۆکى حکومەت بۆ چاکسازى و نەهێشتنى گەندەڵى) کردووە بۆ بزووتنەوەکە، بەڵام نە گۆڕان بە یاریدەدەر رازییە لە حکومەت نە یەکێتیش بە یاردەدەر رازییە لە سەرۆکایەتى هەرێم.

 

،،

پارتى پێشنیارى پێدانى جێگرى لە هەر چوار وەزارەتەکە بۆ یەکێتى کردووە، بەڵام یەکێتى ئەمەش بە لاوازکردن دەزانێت و قبوڵى ناکات، و دەیەوێت قورسایی خۆى لە کابینەى نوێ دەربخات.

 

 

دووەم: یەکێتى وەزارەتى سیادى دەوێت

 

یەکێتى دەیەوێت لە تەواوى جومگەکانى دەسەڵات بونى هەبێت، بۆیە داوا دەکات لە هەردوو پۆستى ئەمنى (وەزارەتى ناوخۆ و ئەنجومەنى ئاسایش) یەکێکیان بۆ یەکێتى بێت، لە پۆستە داراییەکانى ( دارایی و سامانە سروشتییەکانیش) پۆستێکى دیکەیان بەر بکەوێت.

واتە نایەوێت تەنها لە پۆستە خزمەتگوزاییەکان قورسایی هەبێت و وەزارەتى بەر بکەوێت بەتایبەت کە لە ئێستادا پارتى  وەزارەتەکانى ( پلان دانان و تەندروستى و خوێندنى باڵا)ی بۆ یەکێتى داناوە.

 

 

بەڵام پارتى بەم مەرجەش رازى نییە، بۆیە پێشنیارى پێدانى جێگرى لە هەر چوار وەزارەتەکە بۆ یەکێتى کردووە، بەڵام یەکێتى ئەمەش بە لاوازکردن دەزانێت و قبوڵى ناکات، و دەیەوێت قورسایی خۆى لە کابینەى نوێ دەربخات.

 

هەرئەمەش وایکردووە پارتى و یەکێتى لە گفتوگۆکانیان بگەن بە بنبەست و لەبرى بەرەوپێش چوون بۆ دواوە دەگەرێنەوە، ئەگەر بەم شێوەیەش بەردەوام بن پێکهێنانى کابینەى نوێ بەرەو ئاقارێکى نادیار دەڕوات.!

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان