شەوی مەرگی خامنەیی

شەوی مەرگی خامنەیی

1905 خوێندراوەتەوە

 دیپلۆماتیك مەگەزین

ئەگەر ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بە رۆژیش بمرێت، کەسە نزیکەکانی بە شەو رایدەگەیەنن، شەوێک کە تیایدا پلانی کودەتا جێبەجێ دەکرێت. کودەتایەکی ترسناک و خوێناوی کە سوپای پاسداران دەستبەجێ موجتەبای کوڕی ئایەتوڵڵای تیادا دەکات بە رابەر. کێن ئەوانەی لەو شەوە دا دەکوژرێن؟

نەیارانی رەوتی زاڵ و زۆر بەهێزی خامەنەیی ژمارەیان کەم نییە. بەڵام کامانەن ئەوانەی نابێ لەو شەودا هەناسە بدەن؟ پێشتر زۆر کەس بە دەستی پیاوانی ئایەتوڵڵا لە مەیدانی رکابەری دوور خراونەوە، بەهێزترینیان عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم بوو کە تا ئێستایش هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا نەبووە، بەڵام هێشتا ماون کەسانێک کە دەستبردن بۆیان ئاسان نییە تەنیا لە شەوی کودەتادا نەبێ. ئەو کودەتایەی چەن ساڵێكە پلانی وردی میلیمەتریی بۆ داڕێژراوە و بەردەوام لە سەر مێزە و هێشتا کاری لە سەر دەکرێت.

,,

موجتەبا خامەنەیی کوڕی دووەمی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ئەو کەسەیە کە زۆرینەی شارەزایانی کاروباری سیاسی ئێران، هاوڕان لە سەر ئەوەی لیژنەی نهێنی دواجار هەر ئەو بە رابەر دادەنێت

هەرچەند پرۆسەیەکی دەستووریی لە ئەنجومەنی شارەزایانی رابەریی لە ئارایە و ناوە ناوە ناوی چەند مەرجەعێک وەک شوێنگرەوەی خامەنەیی باس دەکرێت، بەڵام لە راستیدا ئەوەی رابەری سێیەمی کۆماری ئیسلامی دیاری کردووە، لیژنەیەکی نهێنییە کە پێکهاتووە لە نزیکترین کەسانی ئایەتوڵڵا خامەنەیی .

موجتەبا خامەنەیی کوڕی دووەمی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ئەو کەسەیە کە زۆرینەی شارەزایانی کاروباری سیاسی ئێران، هاوڕان لە سەر ئەوەی لیژنەی نهێنی دواجار هەر ئەو بە رابەر دادەنێت. هەرچەند لە ناو مەرجەعە دەسەڵاتدارەکانی شیعەدا وا باو نەبووە کوڕەکانیان شوێنیان بگرێتەوە، بەڵام وا لێکدراوەتەوە کە بەردەوامبوونی سیاسەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و لە دوای ئایەتوڵڵا خامەنەیی، تەنیا بە رێگەی کودەتا و دانانی موجتەبای کوڕی بە رابەر، دەکرێت.

موجتەبا لە رووی پلەی ئایینییەوە لە ئاستی مەرجەعی باڵا و وەلی فەقیەدا نییە، بەڵام چۆن باوکی لە دوای مردنی خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، لە شەوێکدا لە حوجەتولئیسلامەوە کرا بە ئایەتوڵڵا، دەکرێ هەمان سیناریۆ وەک نەریتێک  بۆ ئەویش دووبارە بێتەوە، نەریتێک کە هاشمی رەفسەنجانی داینا و لە کۆتاییدا سەری خۆی پێ بە با دا.

عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی لە یاوەرانی نزیکی خومەینی و کاراکتێری سەرەکی چوار دەیە دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی کە بە پیاوی چارەسەری قەیرانەکان ناسرابوو و قۆناغە سەختەکانی شۆڕش و جێگیرکردنی رژێم و شەڕی ٨ ساڵەی ئێران – عێراق و گەمارۆی ئابووری و ... ئیدارە کردبوو، رۆڵی سەرەکی هەبوو لە بە رابەرکردنی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ئەویش دوای سەرگرتنی هەوڵە چڕەکانی بۆ لادانی حسێنعەلی مونتەزەری کە جێگری خومەینی بوو، مونتەزەری مەرجەعێکی لیبراڵ بوو و بەرەی موحافزکار زۆر لەوە دەترسان کە دوای مردنی خومەینی ببێتە رابەر، بۆیە بە رۆڵبینینی سەرەکی رەفسەنجانی لای خومەینی تێچێنی زۆریان بۆ کرد و وایان کرد خومەینی لە پۆستی جێگری رابەر لای بدات.

,,

رەفسەنجانی و خامەنەیی کە پێکەوە توانیبوویان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ساڵانێک سەرکەوتووانە کۆماری ئیسلامی بەڕێوە ببەن و لە لایەن ئەورووپییەکانەوە بە هاوەڵی سەرکەوتوو ناویان دەهێنرا، لە قۆناغێکدا ناکۆکی کەوتە نێوانیان و، ناکۆکییەکانیان بە رادەیەک قووڵ بوونەوە کە بوونە مەترسی گەورە بۆ سەر یەکدی

رەفسەنجانی بەو شێوەیە رێگای بۆ بە رابەرکردنی خامەنەیی خۆش کرد و بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە روو رایگەیاند؛ خومەینی کاتێک لە ژیاندا بووە پێی وتووە دوای خۆی خامەنەیی بۆ رابەریکردنی رژێم کەسێکی گونجاوە، رەفسەنجانی جگە لەوە تۆمەتبارە بە کوشتنی ئەحمەد خومەینی کوڕی ئێمام خومەینی کە  لە دوای مردنی باوکی دژی سیاسەتەکانی خامەنەیی رابەر بوو و بەردەوام رەخنەی لە بوونی گەندەڵی لە ئیدارەی وڵات و بەڕێوەبردنی سیاسەتی هەڵە دەگرت، بۆیە رەفسەنجانی بە مەترسییەکی گەورەی بینیوە و پیلانی کوشتنی داڕشتووە، پیلانی کوشتنی ئەحمەدی خومەینی لە سەردەمی ئاشکرابوونی تیرۆرە زنجیرەییەکاندا دەرکەوت کە لە قۆناغی سەرۆک کۆماریی رەفسەنجانیدا و لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە جێبەجێ کران و ریفۆرمخوازەکان بە سەرۆکایەتی ئەحمەد خاتەمی لە قاویان دا. بەڵام لە کۆتاییدا ئەو چاڵەی رەفسەنجانی لە پێناو بە رابەرکردنی خامەنەیی بۆ مونتەزەری و ئەحمەد خومەینی هەڵکەند، خۆی تێی کەوت.

رەفسەنجانی و خامەنەیی کە پێکەوە توانیبوویان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ساڵانێک سەرکەوتووانە کۆماری ئیسلامی بەڕێوە ببەن و لە لایەن ئەورووپییەکانەوە بە هاوەڵی سەرکەوتوو ناویان دەهێنرا، لە قۆناغێکدا ناکۆکی کەوتە نێوانیان و، ناکۆکییەکانیان بە رادەیەک قووڵ بوونەوە کە بوونە مەترسی گەورە بۆ سەر یەکدی، بەڵام ئەمجارەیان خامەنەیی دەستی پێش خست و نەریتەکەی رەفسەنجانی واتە پیلانی کوشتن بە بێدەنگی  لە سەر خۆی جێبەجێ کرد، واتە چۆن کوشتنی ئەحمەد خۆمەینی بە مردنی لەناکاو بە هۆی وەستانی دڵ راگەیەندرا، بە هەمانشێوە کوشتنی رەفسەنجانی بە مردنی لە ناکاو بە هۆی وەستانی دڵ راگەیەندرا، بە تەنیا جیاوازییەکەوە مەرگی ئەحمەد خومەینی هیچ لیژنەیەکی بەدواداچوونی بۆ پێک نەهێندرا، بەڵام مەرگی رەفسەنجانی بە فەرمانی حەسەن رووحانی سەرۆک کۆمار کرا بە دۆسییە و رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران کرا، دیارە بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی بووبێت.

هەرچەند ئێستا رەفسەنجانی وەک مەترسییە گەوەرەکە لە سەر رێگەی دانانی رێبەری سێیەم نەماوە، بەڵام ئێران کەوتووەتە قۆناغێک کە لە ئەگەری مردنی خامەنەیی، دانانی رابەر بەو جۆرەی رەوتی باڵادەست بە سەرۆکایەتی خامەنەیی مەبەستیەتی، ناتوانێ پرۆسەیەکی ئاسایی و یاسایی بە خۆیەوە ببیێت.

,,

موجتەبا لە لایەن کەسانی نزیکییەوە وا باسی دەکرێت کە بیرکردنەوەی ئایینی و سیاسی کوت و مت هاوشێوەی باوکییەتی، ئەم باسکردنەش خۆی هەڵگری نامەیەکە  کە بە شیاو زانینی لە لایەن لایەنگرانییەوە بۆ رابەر پێشان دەدات

ئایەتوڵڵا خامەنەیی نەخۆشی جدیی هەیە، جگە لەوەی بەمدواییە نەشتەرگەری پرۆستاتی بۆ کراوە، گومانی ئەوە لە ئارایە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووبێ، ئەمە لەگەڵ ئەوەی دەست و سنگی لە هێرشێکی چەکداری ساڵانی سەرەتای شۆڕی ٧٩ پێکراون و لە رووی جەستەییەوە پیر و لاواز بووە، پێشبینی تەمەنێکی درێژی بۆ ناکرێت.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی پێشتر لەو بارەیەوە لە وتارێکدا نووسیویەتی؛ ئایەتوڵڵا خامەنەیی چاوی لەوەیە کوڕەکەی ببێت بە رابەری داهاتوو، موجتەبای کوڕیشی بە ئاشکرا ئەو حەزەی تیادا دەبیندرێت.

موجتەبا لە لایەن کەسانی نزیکییەوە وا باسی دەکرێت کە بیرکردنەوەی ئایینی و سیاسی کوت و مت هاوشێوەی باوکییەتی، ئەم باسکردنەش خۆی هەڵگری نامەیەکە  کە بە شیاو زانینی لە لایەن لایەنگرانییەوە بۆ رابەر پێشان دەدات. ئەو لە چاوی میدیا دوورە، هەرچەند دەنگۆی زۆر لە بارەیەوە بڵاو بووەتەوە بەوەیکە لە گەندەڵی داراییەوە گلاوە و رۆڵی هەبووە لە پشتگیریکردنی مەحموود ئەحمەدینەژاد بە سەرۆک کۆمار و دەستی هەبووە لە توندوتیژییەکانی سەر ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵی ٨٨ی هەتاوی کە بزووتنەوەی سەوزی لێ کەوتەوە، بەڵام هێشتا هەر کاراکتێرێکی سێبەرە و روخساری راستەقینەی ئاشکرا نییە.

ئەوەی مایەی سەرنجی جدییە، باڵی موحافزکاری ناو کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی عەلی خامەنەیی، لە ناو جمگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا پێگەی خۆی بە تەواوەتی قایم کردووە، سیاسەتی لە ئاستی ناوخۆدا جێبەجێکردنی ئەحکامی ئیلاهی لە سەر بنەمای تەشەیوع و لە ژێر چاودێری و فەرمانی وەلی فەقیهدایە، جگە لەوەش هیچ شتێکی دیکە قبوڵ ناکات و لەو پێناوەشدا هەموو نەیاران و رەوتە بیرجیاوازەکانی بێدەسەڵات و پەراوێز خستووە، شێلگیرانەش کار دەکات بۆ بەهێزکردن و بەردەوامیپێدانی ئەو سیاسەتە، کە بێگومان زۆر بە خەستی لە پرسی دانانی رابەردا رەنگ دەداتەوە. لە ئاستی دەرەوەشدا لە سیاسەتی پەرەپێدانی هەژمۆنی سیاسی و ئایینی و سەربازی لە وڵاتانی ناوچەکە سوور و بەردەوامە و رابەری باڵا بە وەلی ئەمری مسوڵمانانی هەموو جیهان دادەنێت و شەڕەکانی بۆ بەهێزکردنی هەرچی زیاتری ئەو پێگەیە توندتر دەکات.

,,

لە بەرامبەردا رەوتی ریفۆرمخواز هەرچەند بێدەسەڵات و لاوازە و بەشێکیان هێشتا لە زیندانەکاندان و بەشێکی دیکەیان لە ترسی گیانیان پەرتەوازەی وڵاتان بوون، بەڵام بە ئاسانی لێ ناگەڕێن پرسی دانانی رابەڕی داهاتوو بە سەریاندا تێپەڕێت

لە بەرامبەردا رەوتی ریفۆرمخواز هەرچەند بێدەسەڵات و لاوازە و بەشێکیان هێشتا لە زیندانەکاندان و بەشێکی دیکەیان لە ترسی گیانیان پەرتەوازەی وڵاتان بوون، بەڵام بە ئاسانی لێ ناگەڕێن پرسی دانانی رابەڕی داهاتوو بە سەریاندا تێپەڕێت، ئەوان هێشتا لە هەر دوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە هەندێک کارتیان بە دەستەوە ماوە و لە پێکهاتەی دەوڵەت و حکومەتیشیدا نفوزی سیاسی و مەعنەوییان بە رادەیەک هەیە کە بتوانن کۆسپ و ژانەسەری گەورە بۆ موحافزکاران دروست بکەن. بە تایبەت کە دۆخی ئابووری ئێران بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار دەچێت و فشارەکانی ئەمریکا لە سەر ئەو وڵاتە لە هەموو ئاستێکدا چڕتر دەبێتەوە، ئەمەیش وا دەکات سوپای پاسدارانی سەر بە موحافزکاران کە لە ژێر فەرمانی راستەوخۆی عەلی خامەنەیی رابەردایە هەر جوڵەیەکیان بخاتە ژێر چاودێری وردەوە و ئامادە بێت بۆ ئەوەی لە شەوی مەرگی خامەنەییدا، کوشت و بڕێکی بێبەزەییانەیان لێ بکات و پلانی کودەتاکەی جێبەجێ بکات، تا بە هیچ شێوەیەک نەتوانن رێگر بن لە بە رابەربوونی موجتەبا خامەنەیی. ئەو موجتەبایەی لە خۆپێشاندانەکانی ٨٨ی هەتاویدا دروشمیان لە دژی بەرز ئەکردەوە و دەیانوت: "مجتبی بمیری رهبری را نبینی– موجتەبا بمری و رابەری نەبینی". بەڵام ئایا لەو شەودا موجتەبا دەمرێ یا ئەوان؟!   

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك