قەیرانی تێگەیشتن و زمانی دیپلۆماسی

قەیرانی تێگەیشتن و زمانی دیپلۆماسی

144 خوێندراوەتەوە

د. سەردار عەزیز

زمانی کەسێک هەمیشە زمانی کۆمەڵگا و کەلتور و مێژوو و نەریت و دەرونیەتی. کاتێک دوو کەس دەربارەی هەر بوارێک دەدوێن، لە هەمانکاتدا دوو شارستانی دەدوێت، دوو ئاگایی و دەرون و عەقڵ دەدوێن. بۆیە زۆرجار روودەدات کە گفتوگۆی دوو لایەن یان دوو کەس سەر بە دوو دونیای جیاواز وەک دوو مۆنۆلۆگ دەردەچێت

. بەمانای هەریەک بۆخۆی لە گەڵ خۆیدا قسە دەکات بەبێ ئەوەی ئەویتر لێی تێبگات. یان ئەوەی مەبەستە بگات، پڕاو پر بە شێوازێکی تر دەگات. لێرەدا نمویەک لە دیپلۆماسی جیهانی دەهێنمەوە، پاشان قسە لە دۆخی کورد دەکەم. لە یەکەم دانیشتنی نهێنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان سەرۆکی تیمی ئێرانی علی ئەسغەر خجی بوو، کە ئەو کاتە جێگری وەزیری دەرەوە بوو.

,,

دیپلۆماتى زمانێكى تایبه‌تى پێویسته‌ ته‌نها زمانى قسه‌ كردن نیه‌, بۆنمونه‌ دیپلۆماتكارانى ئه‌وروپا به‌تێگه‌شتنه‌وه‌ باس له‌ڕۆڵ و ئاستى به‌رپرسیارى ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ گیڕانه‌وه‌ى حیكایه‌ته‌كان, به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كورد هه‌میشه‌ باس له‌زوڵملێكراوى خۆى ده‌ستپێى ده‌كات

ئێستا باڵوێزی ئێرانە لە چین. لە لایەنی ئەمریکی ولیەم بێرنس بوو کە ئەویش ئەو کاتە جێگری وەزیری دەرەوە بوو. لە دانیشتنەکەدا سەرەتا ئەمریکیەکان پێشنیار دەکەن کە ئێرانیەکان قسە بکەن، بەڵام ئێرانیەکان وەهایان پێباشە کە ئەمریکیەکان قسە بکەن. کاتێک ئەمریکیەکان لە قسەکانیان دەبنەوە، سەرۆکی تیمی ئێرانی قسە دەکات. یەکێک لە تیما سەرەکیەکانی قسەکانی ڕێزنەگرتنی ئێرانە لە لایەن ئەمریکاوە، ئەمە تێمایەکی بەردەوامی خیتابی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە. لە میانەی نارەزاییەکانی عەلی ئەسغەر خەجی دەڵێت: بەکارهێنانی دەربڕینی گێزەر و گۆچان، لە لایەن ئەمریکاوە مایەی سوکاتیە بۆ ئێران.

خەجی دەڵێت: خۆ ئێران کەر نیە بەو زمانە قسەی لە گەڵدا بکرێت. دیارە دەربڕینی carrot and stick دەربڕینێکی ستارندارە لە زمانی دیپلۆماسی نێودەوڵەتیەدا کە مانای بەکارهێنانی بەرژەوەندی ئابوری لە گەڵ زەبر و هێز. بەڵام لێکدانەوەی ئێرانیەکان بۆ ئەو دەربڕینە وەک جۆرێک لە سوکایەتی، لای ئەمریکیەکان ئێرانیەکان دەکات بە خەڵکێکی جوتیار، پێزینت. خەڵکی جوتیار بە مانای نەشارەزا بە زمان و خەسڵەتی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی. بۆیە لە بڕی ئەوەی پەیامی ئێرانیەکان بگات لەوەی کە سوکایەتییان پێدەکرێت، وێنایەک بۆ خۆیان دروست دەکەن کە بێئاگان لە زمان و دەربڕینی دیپلۆماسی نیودەوڵەتی. بەم پێیە پەیامی ئێرانیەکان نەک خزمەت بە خواستی ئێرانیەکان ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە وێنایەکیان بۆ دروست دەکات کە ئەمریکاییەکان بە چاوێکی ترەوە لێیان بنواڕن. دیارە ئێرانیەکان خەسڵەتی تریان هەیە کە کوردیش بە هەمانشێوە هەیەتی،

بۆ نمونە هەر دیپلۆماتێکی ڕۆژئاوایی ببینن.بەبێ تێگەیشتن لە ڕۆڵ و ئاستی بەرپرسیاری دەست دەکەن بە گێڕانەوەی حەقایەتی زوڵم لێکردنیان. کوردیش بە هەمانشێوە هەمیشە بە گێڕانەوە سەربوردەی خیانەت لێکردن و زوڵم لێکراوی دەست پێدەکات. زمانی دیپلۆماسی، زمانێکی تایبەتە. زمانێک نیە کە تەنها لە ژێر کۆنترۆڵی قسەکەردابێت، بەڵکو زمانێکە لە نیوان دوو دونیادا کە ئیدیوم و ئاماژە و سیمبول و شێوازی دەربڕینەکان جیاوازن. ئێستا با بەکورتی لە ڕێگای نمونەیەکەوە قسە لە سەر قەیرانی زمانی دیپلۆماسی کوردی بکەم. کاتێک بۆ نمونە هاوپەیمانان بە کورد دەڵێت، ئایا ئێوە چەکی و تەقەمەنی زیاترتان پێویستە، کوردەکان دەستوبرد دەڵێن بەڵێ. ئەمە لە سەرەتادا وەها دیارە گفتوگۆیەکی بێ کێشەیە. لایەنێک پێشنیاری هاوکاری دەخاتە بەردەم لایەنێکی تر.

,,

زمانى دیپلۆماتى هه‌میشه‌ زمانى سه‌ره‌كى ده‌ربڕینى خواست و داواكارى نیه‌, خستنه‌ ڕووى حیكایه‌ته‌كان نیه‌ به‌شێوه‌ى سۆزدارى به‌ڵكو تێگەیشتنە لە دۆخی ئەویتر و قسەکردن بە ئاقاری خواست و ئامانج و توانای ئەو.

لە هەموو دۆخێکدا لایەنەکەی تر هەرکەسێک بێت چاوەڕوان دەکرێت کە وەڵام بە بەڵێ بێت. بەڵام ئەم پرسیارە سادەیە، ئێجگار ئاڵۆزە. کاتێک هاوپەیمانان چەک و تەقەمەنی لە گەڵ تەکنەلۆجیای نوێدا پێشنیار دەکەن، بۆ ئەوەی پێشنیار ناکەن کە بیدەن بە کورد بۆخۆیان، وەک هاوکاری یان دیاری، بەڵکو مەبەست لێی ئەوەیە کە لایەنە کوردیەکان ئەم چەک و تەقەمەنیانە هەبێت.

لە هەرکاتێکی رودانی قەیرانێکدا ئەوا دەستبورد بتوانن بەکاری بهێنن. بەم پێیە، یەکەم، دەبێت زەمینەسازی کرابێت بۆ وەرگرتن و ئیدامەدان بەم چەک و تەقەمەنیان. دووەم، دەبێت کادیری پێویست هەبێت کە بتوانێت بەکاریان بهێنێت و ئەوانی تریش ڕابهێنێت کە بەکاری بهێنن.

سێیەم،دەبێت بودجەیەکی دیاریکراو هەبێت کە خزمەتی ئەم چەک و تەقەمەنیانە بکات و لە پەککەوتن بیانپارێزێت و ڕاهێنانی بەردەوام هەبێت بۆ حازرباشی. چوارهەم، دەبێت گەرەنتی ئەوە بدرێت کە بۆ ئامانجی تر بەکارناهێنرێت. بەڵام لە کاتێکدا کە هیچ زەمینەیەکی وەها لە ئارادا نیە و قبوڵکردنی وەرگرتنی چەک و تەقەمەنی جێگای پرسیارە لە لایەن هاوپەیمانان. هەموو ئەمانە دەرخەری ئەو قەیرانە سەختەن کە لە زمانی دیپلۆماسیدا هەیە. بۆیە زمانی دیپلۆماسی ئامانجی سەرەکی دەربڕینی خواستی خۆت نیە، بەڵکو تێگەیشتنە لە دۆخی ئەویتر و قسەکردن بە ئاقاری خواست و ئامانج و توانای ئەو.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك