بۆچى بارزانى باوک توڕە و بارزانى کوڕ بێدەنگ؟

برا گەورە، شەڕەکە بۆ باوکى جێدەهێڵت

بۆچى بارزانى باوک توڕە و بارزانى کوڕ بێدەنگ؟

1193 خوێندراوەتەوە

 

پێ دەچێت بارزانى  ئەو بەڵێنەى بە کوڕەکەى دابێت کە بۆ کابینەى نوێ هەموو شتێکى بۆ بکات، بەڵام بارزانى کوڕ وەک زاوایەک تاکو دەست ماچکردنى کۆتایی خۆى راگرێت و بێدەنگ بێت، بۆ ئەوەى داخوازییەکانى وەک خۆى بۆ جێ بەجێ بکات.

 

چەند مانگێکە کۆبونەوەکانى نێوان یەکێتى و پارتى بۆ پێکهێنانى حکومەت، چەندین هەڵبەزو دابەزى بەخۆییەوە بینیوە، تا ئەو رادەى کەوا هەڕەشەى دوو ئیدارەیی و جیابونەوەیان لەیەکدى دەکرد، بەڵام کاندیدەکەى پارتى بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەت (مەسرور بارزانى) بێدەنگى هەڵبژاردووە و هیچ ناڵێـت.

 

،،

بارزانى کوڕ، نەفەسى دانوستان و مونارەوەى لاوازە، تاقەتى بێنەوبەردەى نییە، لە ژینگەیەکدا گەورە بووە کە هەمیشە رۆڵى تایبەتى هەبووە و ئاستەنگ لەبەردەم قسەو کردارەکانى درووست نەکراوە.

 

١ـ

پیاوێکى ئەمنى لە تەنیش باوکیدا

 

مەسرور بارزانى، بەکردارەکانى دەیەوێت ئەوە بڵێت کە قسەى کۆتایی بۆ ئەوە، واتە قسەکانى دەکات بەکردار، ئەمەش پاڵپشت بە بنەماڵەو خودى باوکى، بۆیە بەشدارى نەکردنیشى لە زۆرێک لە دانوستانەکان و رێکەوتنەکانیان لەم ماوەیەدا لەگەڵ یەکێتى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە ناکرێت (برا گەورە) بەشدارى لە شتێکدا بکات و دواتر قسەى بشکێنرێت.!

ئەمەش خاڵێکى لاوازە، چونکە  ئەوە دەسەلمێنێت کە ناوبراو نەفەسى دانوستان و مونارەوەى لاوازە، تاقەتى بێنەوبەردەى نییە، لە ژینگەیەکدا گەورە بووە کە هەمیشە رۆڵى تایبەتى هەبووە و ئاستەنگ لەبەردەم قسەو کردارەکانى درووست نەکراوە.

 

واتە ئامادە نەکراوە بۆ رووبەرووبوونەوە قورسەکان و دروستبونى دەنگى نارازى و ئۆپۆزسیۆنى لەناکاوى ، بەڵکو پەروەردەى کەلتورى گوێڕایەڵى و ئەزبەنییە نەک دژایەتى و بەربەست و قۆڵبادان و دەست شکاندن.

 

 

پێ دەچێت بارزانى باوک، ئەمەى باش هەست پێکردبێت کە کوڕەکەى ئەزمونى لەبوارى گفتوگۆو چونە نێو رێکەوتنەکانى نەبێت، بۆیە دەیەوێت خۆى ئەو رۆڵە ببینێت و نەهێڵێت کوڕەکەى بە لاوازى دەرکەوێت، هەربۆیە تا ئەمرۆ لەگفتوگۆو سەردانەکان بۆ پێکهێنانى حکومەت مەسرور بارزانى رۆڵى بەرچاوى نەبووە، لەگەرمەى دانوستانەکانیشیان لەگەڵ گۆڕان و یەکێتى، ناوبراو لەدەرەوەى وڵات بوو.

 

 

تەنها باس لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى دەکرێت لەنێوان مەسرور بارزانى و بەرهەم ساڵح (سەرۆک کۆمارى عیراق) کە لەم کۆتاییانەدا ئەنجام دراوە بەمەبەستى ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان پارتى و سەرۆک کۆمار و رۆڵ بینینى ناوبراو لەنێوان گفتوگۆکانى یەکێتى و پارتى، ئەمە جگە لە چەند دەرکەوتنێکى کورت و کەمى ناوبراو لەتەواوى گفتوگۆکانى ئەم ماوەیە. 

،،

نەهاتنى مەسرور بارزانى بۆ سلێمانى و بێدەنگى، بووبووە جێگەى پرسیارو نیگەرانى سەرکردەکانى یەکێتى، کە بۆچى بنەماڵەى بارزانى و بەتایبەت بارزانى کوڕ لەم کاتەدا بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتى سەردانى سلێمانى ناکەن.

 

٢ـ

برا گەورە بۆچى نایەت بۆ سلێمانى؟

 

ئەگەر سلێمانى وەک چەقى رێکەوتن و گفتوگۆکان سەیر بکەین لە ئێستادا (چونکە هێزى یەکێتى لەوێیە) دەبوو بارزانى کوڕ وەک کاندید بۆ سەرۆکى حکومەت بەگرنگییەوە لەمەى بڕوانیایە، و قسەى جدى هەبوایە.

بەڵام دیارە شەڕەکەى بۆ مەکتەبى سیاسى حزبەکەی و باوکى بەجێ هێشتووە، نایەوێت سەردانى سلێمانى بکات و بەدەستى بەتاڵ بگەرێتەوە، بەمەش سەرەتاى دەرکەوتنى ناوبراو وەک فیگەرێکى سیاسی لاواز دەکات.

 

تەنانەت نەهاتنى مەسرور بارزانى بۆ سلێمانى، بووبووە جێگەى پرسیارو نیگەرانى سەرکردەکانى یەکێتى، کە بۆچى بنەماڵەى بارزانى و بەتایبەت بارزانى کوڕ لەم کاتەدا بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتى سەردانى سلێمانى ناکەن و لە واژۆى رێکەوتنەکانیش دور دەکەونەوە.

 

 

ئەمەش جارێکى دیکە پەیوەندى هەیە بە بارزانى باوکەوە کە پێ دەچێت متمانەى تەواوى نەبێت بە سەرکردەکانى یەکێتى و بۆیە نایەوێت کوڕەکەى بخاتە دۆخێکەوە بە مەوقیفێکى لاوازەوە لێى دەرباز ببێت.

 

ئەمەش دیسان خاڵێکى لاوازى دیکەى کاندیدەکەیە بۆ سەرۆکى حکومەت، چونکە هەر لەسەرەتاوە جۆرێک لە تەشەنوجى ناوبراو بەدى دەکرێت بەرامبەر سلێمانى و ناوچەکانى دیکەى دەرەوەى زۆنى زەرد، کە ئەمەش دووبارەکردنەوەى هەمان ئەزمونى باوکیەتى، کاتێک کە رەخنەیەکى جدی بووە بەرامبەر بارزانى باوک (لەکاتى خۆى) کە وەک سەرۆکى هەرێم مامەڵەى نەکردووە لەگەل هەرچوار پارێزگاکەدا.

 

 ،،

هەڕەشەکەى دوێنێى بارزانى باوکیش، پێ دەچێت سەرەراى توڕەیی خودى بارزانى لەسەرکردەکانى یەکێتى خەمخواردنى بۆ کوڕەکەى، مەسرور بارزانیش هاندەرو هۆکارێکى دیکە بووبێت.

 

٣ـ

باوک توڕەو کوڕ بێدەنگ

 

هەرچەندە خودى مەسعود بارزانى، بەکەسێکى توند و ئینکار وێنا دەکرێت و لەکاتى لێدوان دژى نەیارو بەرامبەرەکانى وتارى ئاگرین و هەڕەشە دەکات، بەڵام پێ دەچێت ئەو وتەیەش راست بێت کە بارزانى کوڕ (مەسرور بارزانى) هەمیشە لە پشتەوە هانى باوکی داوە کە بۆ هەندێ پرسى سیاسی، زۆر توند بێت.

بەتایبەت باس لەوە دەکرێت کە ناردنەوەى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرەکانى گۆڕان لەساڵى ٢٠١٥ لەلایەن پارتى و بارزانییەوە، دەستى مەسرور بارزانى زۆر تێدا بووبێت.

هەڕەشەکەى دوێنێى بارزانى باوکیش لەوەى کە: چى دى یەک چرکە چاوەڕوانى کەس ناکەن بۆ پێکهێنانى حکومەت، پێ دەچێت سەرەراى توڕەیی خودى بارزانى لەسەرکردەکانى یەکێتى خەمخواردنى بۆ کوڕەکەى، مەسرور بارزانیش هاندەرو هۆکارێکى دیکە بووبێت کە بارزانى لەنێو پێشەنگاى کتێبخانەى نێودەوڵەتى هەولێر ناچار ببێت هەرەشە بکات.

 

 

کەواتە “برا گەورە” هەر هێندەى باوکى لە ژیاندا ماوەو داواکارییەکانى بۆ جێ بەجێ دەکات  و لە پشتییەتى، گەورەترین گرێنتییە کە پێویست نەکات لە ماراسۆنى گفتوگۆکان و لێدوانە دژبەیەکەکان بەشدارى بکات، بۆ ئەوەى ئەو وێنایەى کە لەمێشکى خەڵکى درووست بووە ((سەرۆکى داهاتووى حکومەت پیاوێکى ئەمنى و سیاسی دەبێت)) وەک خۆى بمێنێتەوەو نەشێوێت.

 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان