ئەو ڕۆژانەی کەرکوك نیوەی باشووری کوردستان بوو

ئەو ڕۆژانەی کەرکوك نیوەی باشووری کوردستان بوو

257 خوێندراوەتەوە

بە پێی دوا ژمارەی ساڵنامەی عوسمانی ویلایەتی موسڵ، کە ژمارە پێنجەو لە ساڵی ١٩١٢دەرچووە، سنووری باکوری سەنجەقی "لیوای" کەرکوك هەکاری بوو و درێژ دەبووەوە تا سنووری دیالە. لە باکووری لیواکەوە تا باشووری ٧٢ سەعاتە ڕێ بوو و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بۆ ڕۆژئاوای ٣٥ سەعاتە ڕێ بوو بە وتەی ئەو ساڵنامەیە.

 

کەرکوک لە ٦ قەزا، کە قەزاکانی: کەرکوک، هەولێر، ڕەواندز، ڕانیە، سەڵاحیە"کفری" و کۆیە پێکهاتبوو، ١٧ ناحیە و ١٧١٢ گوندیشی هەبوو. پانتایی سەنجەقی کەرکوک ٣٨٠٠٠ کم٢ بوو، كە دەکاتە نیوەی باشووری کوردستان، بە پێی زۆر لە سەرچاوە جوگرافییەکان پانتایی باشووری کوردستان دەوروبەری ٨٠٠٠٠ کم٢.

 

،،

 دوای  داگیرکردنی باشووری کوردستان لە لایەن بریتانیاوە و بە پێی پرۆژەکانی هەولێر و ڕەواندز و کۆیەی لە کەرکوک دابڕاند و لیوای هەولێری لێ دامەزراند، ڕانیەشی خستە سەر سلێمانی.

ژمارەی دانیشتوانی لیوای کەرکوک لەو کاتە ٨٩٥٧٣ کەس بوو، ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە بۆ ئەو سەردمە. بەم پێیە سەنجەقی کەرکوک لە سەنجەقی موسڵ، کە ناوەندی ویلایەتەکە بوو، گەورە تر بوو.

سەنجەقی موسڵ لە ٦ قەزا پێکهاتبوو کە قەزاکانی: موسل، ئاکرێ، ئامێدی، زاخۆ، دهۆک و سنجار بوون. پێنج قەزا لە قەزاکانی موسڵ قەزای کوردان بوون. ژمارەی ناحیە و ئاواییەکانی موسڵیش لە کەرکوک کەمتر بوو، کە ١٥ ناحیە و ١٦٢٧ گوند بوو. دەبێ هۆکارەکان چی بن بۆ ئەوەی کەرکوک لە ویلایەتەوە بکرێت بە سەنجەق وبخرێتە سەر موسڵ؟.

 

بریتانیا دەمێک بوو چاوی بڕیبووە کەرکوک، بۆیە کاتێ ویلایەتی موسڵ بە پێی سایکس - پیکۆ بۆ فرەنسا دانرا، کەرکوک تا زێی بچووک خرایە دەرەوەی ئەو دەڤەرەوە و بە ناوچەی دەسەڵاتی بریتانیا مایەوە، دواتر فرەنسای ناچار کرد دەست لە هەموو ویلایەتی موسڵ هەڵبگرێت.

لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و داگیرکردنی باشووری کوردستان لە لایەن بریتانیاوە و بە پێی پرۆژەکانی هەولێر و ڕەواندز و کۆیەی لە کەرکوک دابڕاند و لیوای هەولێری لێ دامەزراند، ڕانیەشی خستە سەر سلێمانی.

 

بەم شێویە لیوای کەرکوک نیوەی سەزەمینەکەی لە دەستدا. لە ئەنجامی ئەم لەتوپەت کردنە پانتایی کەرکوک لە ٣٨٠٠٠کم٢ بوو بە ١٩٨٧٣کم٢ و ٤ قەزا، کە قەزاکانی کەرکوک، داقوق، کفری و چەمچەماڵ بوون. ١١ ناحیە و ١٢٧٤ گوندیش سەر بەم لیوایە بوون. دوا لەتوپەت کردنی کەرکوک لە ساڵی ١٩٧٦ بوو، کاتێ چەمچەماڵ و کەلار خرانە سەر سلێمانی و کفری درا بە دیالە و خورماتووش خرایە سەر تکریت۰ تەنها ٣ قەزا کە قەزاکانی ناوەندی کەرکوک، داقوق و حەویجە مانەوە لە گەڵ ١١ ناحیەدا. هەرچی گوندەکانە ئەوا ٩٠٪ گوندی کوردی کەرکوک لە کاتی ئەنفالەکاندا وێران کران.

۱ ۰ خشەی یەکەم گەشەکردن و فراونبوونی شاری کەرکوک دەردەخات لە سەردەمی کۆنەوە، بە تایبەتی لە سەدەی ١٣ تا کۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەم.

۲ ۰ دوو نەخشەکەی تریش پێگەی جوگرافی لیوای کەرکوک لە هەردوو سەردەمی عوسمانی و عێراقی دەخەنە ڕوو۰

 

سەرچاوە:

1. موصل ولایتی سالنامەء رەسمیسیدر١٣٣٠سنە هجریەسنە أولمق أوزرە بشنجی دفعە أولەرق، موصل مطبعەسندە طبع أولنمشدر.

2. الجمهوریة العراقیة، وزارة الداخلیة، مدیریة النفوس العامة، المجموعة الإحصائیة لتسجیل عام ١٩٥٧، لوائي کرکوك والسلیمانیة، طبعت بمطبعة العاني، بغداد، بلا.ت

3.المملکة العراقیة، وزارة الشؤون الإجتماعیة، مدیریة النفوس العامة، إحصاء السکان لعام ١٩٤٧، الجزء الثاني، لواء الموصل – لواء کرکوك – لواء السلیمانیة – لواء أربیل، بغداد ١٩٥٤.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد