بزانه‌ به‌ پێى ته‌مه‌نت پێوویستت به‌ چه‌ند سه‌عات خه‌و هه‌یه‌؟

پێنج پرسیار لەبارەى خەوەوە

بزانه‌ به‌ پێى ته‌مه‌نت پێوویستت به‌ چه‌ند سه‌عات خه‌و هه‌یه‌؟

1141 خوێندراوەتەوە

جەستەی مرۆڤ چۆن پێویستی بە خواردن و خواردنەوەی تەندروستانەیە، خەوێکی تەندروستانەش گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی، بەڵام خەوی تەندروستانە چۆنە؟

 

1- بۆ دەبێ بخەوین؟

 کاتێک دەڵێین سێیەکی ژیانمان خەوە، بەشێک لە خەڵکی ئەمە وەک بەفیڕۆدانی کات دەبینن! بەڵام لە راستیدا لەکاتی خەویشدا ە لە گەرمەی چالاکیی خۆیدایە و ناوەستێ‌و کات بەفیڕۆ نادات.

لەکاتی خەوی قووڵدا، جەستە هاوشێوەی ئامێرێکی کۆمپیوتەر زانیارییەکانی نێو یادەوەری رێکدەخات و دەچەسپێنێ! هەروەک هۆرمۆنەکانی گەشە دەردەدات و کۆئەندامی بەرگری چالاک دەکات.

لەکاتی خەودا مێشک پێداچوونەوە بە زانیارییە وەرگیراوەکانی رۆژی پێشوو دەکات و هەوڵی دابینکردنی رووبەری بەشێک لە مێمۆری خۆی دەدات بۆ ئەو زانیارییانەی لەوانەیە سبەی وەربگیرێن! بەشێک لە پسپۆڕان دەڵێن خەون بینین لێکەوتەیەکی کارکردنی مێشکە بۆ رێکخستنی زانیارییەکان.

2- چەندە بخەوین؟

 

 

ئەمە پەیوەندی بە تەمەنتەوە هەیە! کۆمەڵەی نیشتیمانیی بۆ زانستەکانی خەو لە ئەمریکا دەڵێن منداڵی تازەبوو 14-17 سەعات خەوی پێوویستە، منداڵانی قۆناغی سەرەتایی پێوویستیان بە 9 -10 کاژێر خەوەو کەسانی پێگەیشتووش وا باشە شەوانە 7- 9 کاژیر بخەون و پسپۆڕان رێنماییتان دەکەن شەوانە کەمتر لە شەش کاژێر نەخەون.

چەندین توێژینەوە دەریانخستووە خەوتن بۆ کەمتر لە شەش کاژێر یان زیاتر لە نۆ کاژێر زیانى هەیە و ئەگەرى تووشبوون بە نەخۆشییەکانى دڵ و بۆرییەکانی خوێن زیاد دەکات.

3- چی روودەدات ئەگەر هەرگیز نەخەوی؟

 

تاوەکوو ماوەی نەخەوتن درێژ ببێتەوە، گرفتگەلێکی تەندروستی روودەدەن و روو لە زیادبوونیش دەکەن، وەکو: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان (تەرکیز)، گێژبوون و لەدەستدانی توانا هزری و مەعریفییەکان و کەمبوونەوەی توانای چالاکی و جموجووڵ.

4- چی خەومان دەزڕێنێ؟

 

ئێستا مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان هۆکارێکی سەرەکی خەوزڕانن، بۆیە دەبێ ماوەیەکی بەرچاو بەر لە چوونە نێو جێگای نووستن، واز لە بەکارهێنانیان بهێنین. ئەو تیشکە شینەی لە شاشەکانیانەوە دەردەچێ کار لە هۆرمۆنە خەوێنەرەکانی جەستە دەکات، چونکە چاو کاتێک ئەو تیشکەی پێدەگات، زانیاری دەداتە مێشک کە کاتی نووستن نەهاتووە!

کاتێک مێشک پەیامەکەی چاوی پێدەگات، هۆرمۆنی میلاتۆنین بە بڕی پێویست دەرنادات و بەوەش ئەو دیادە سرووشتییە روونادات کە تێیدا شەوان خەواڵوو دەبین و رۆژانەش چالاک!

جگە لەمانە، خواردنەوەی کحول و ئەو خواردنەوانەی کافاینیان تێدایە لە شەواندا، بوونی رووناکی لە شوێنی خەو و نەبوونی کەشێکی بێدەنگ و ئارام، دەبنە هۆی خەوزڕان یان پچڕپچڕبوونی خەو.

5- چۆن بە باشی بخەوین؟

 
جگە لە دوورخستنەوەی مۆبایل و کوژاندنەوەی رووناکی و دروستکردنی کەشێکی ئارام و نەخواردنەوەی کحول و چاو قاوە لە شەواندا، پێویستت بەوەیە چالاکییەکانی رۆژانە و شەوانەت رێکبخەیت و لەکاتی خۆیان تەواویان بکەیت. دەبێ لە ئۆفیس کارەکانت تەواو بکەیت، لە ژووری دانیشتن سەیرکردنی تیڤی تەواو بکەیت، لە ژووری نانخواردن کاتی پێویست بدەیت بە ژەمەکانت و لە کۆتاییشدا بە دەروونێکی ئارام و لە کەشێکی رێکخراو و گونجاودا بچیتە ژووری نووستن.