به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانى عێراق ده‌كات؟

هه‌ڵوێستى عادل عه‌بدولمه‌هدى‌و به‌رهه‌م ساڵح له‌وباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانى عێراق ده‌كات؟

1007 خوێندراوەتەوە

ئاخۆ ئه‌مه‌ریكا به‌و سه‌ردانه‌ ڕازییه‌، ئه‌گه‌ر ڕازى نییه‌ كاردانه‌وه‌كانى چى ده‌بن، چۆن پارێزگارى له‌و سه‌ردانه‌ ده‌كرێت و كێ پاسه‌وانى سه‌رۆكى سوریا ده‌كات له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق؟

 

كۆتایى مانگى ئازار به‌رپرسانى عێراقى ده‌نگۆى هاتنى به‌شار ئه‌سه‌دیان بۆ عێراق پشتڕاست كرده‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌دوو مانگى داهاتوودا بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى سوریا به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانى به‌غداى پایته‌ختى عێراق بكات.

سایتى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌وباره‌یه‌وه‌ نوسیویه‌تى، عادل عه‌بدول مه‌هدى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق‌و دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحى سه‌رۆككۆمار حه‌ز به‌سه‌ردانه‌كه‌ ناكه‌ن، له‌به‌ر چه‌ندین هۆكارى جیاواز، له‌وانه‌ش نیگه‌رانى ئه‌مه‌ریكا له‌به‌هێزبونى به‌ره‌ى ئێران له‌عێراقدا، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردووه‌ ساڵح و مه‌هدى هه‌ردوو به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كه‌ى عێراق نایه‌نه‌وێ عێراق ببێته‌ لایه‌نى كێشه‌كانى ئه‌مه‌ریكاو سوریاو ئێران.

ئه‌م هه‌واڵه‌ى سایتى عه‌ره‌بى جه‌دید دواى ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ دێت كه‌میدیا عێراقیه‌كان له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى حه‌شدى شه‌عبى عێراق و فاله‌ح فه‌یازه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌یان پشتڕاستكرده‌وه‌ته‌وه‌، ئاماده‌كارى بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێ له‌دوو مانگى داهاتوودا ئه‌سه‌د سه‌ردانى به‌غداد بكات.

 

،،

میدیاكانی هەردو وڵاتی سوریاو عێراق زانیاری پێچەوانە دەدەن

 

 

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ماڵپه‌رى كه‌لیمه‌ش نوسیویه‌تى له‌م نزیكانه‌دا به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانى عێراق ده‌كات. ئه‌و سایته‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ له‌دواى سه‌ردانه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كه‌ى حه‌سه‌ن ڕۆحانى سه‌رۆككۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ عێراق و هاوكات سه‌ردانى فالح فه‌یاز سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى بۆ سوریا له‌ڕێگه‌ى ئاماده‌سازى بۆ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌كرێت و هه‌تا دوو مانگى ئاینده‌ ئه‌سه‌د دێته‌ به‌غداو له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانى عێراق كۆده‌بێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ فه‌رمیه‌كان و میدیاكانى عێراق هه‌واڵه‌ ڕه‌د ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا میدیاكانى سوریا هه‌واڵه‌كه‌یان به‌دروستى ڕاگه‌یاندوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سایتى به‌غداد توده‌ى له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادارى حكومه‌تى عێراقى كه‌ نه‌یویستوه‌ ناوى بهێنێت ڕایگه‌یاندووه‌ ئێمه‌ هیچ زانیارییه‌كى دروستمان له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌ و ته‌نها هه‌واڵێكه‌و ورده‌كارى باش له‌و هه‌واڵه‌دا نیه‌.

،،

لەو كاتەوەی فالح فەیاز سەردانی سوریای كردوە،ئامادەكاری كراوە بۆ سەردانەكە

 

قاسم سوله‌یمانى ڕۆڵى چیه‌؟

لایه‌نه‌كانى نزیك له‌ئێران و خودى قاسمى سوله‌یمانى به‌رپرسى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسداران سه‌رقاڵى دروستكردنى كات و شوێنى له‌بارن بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌.

سه‌ردانه‌كه‌ له‌ژێر چاودێرى و پارێزگارى وردى قاسم سوله‌یمانیدا ده‌بێت، وه‌ك میدیاكانى سوریا و میدیا سێبه‌ره‌كانى ئێران ئاماژه‌یان بۆ كردوه‌.سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌سه‌د بۆ عێراق له‌كاتى سه‌ردانى فالح فه‌یازه‌وه‌ بۆ سوریا ئاماده‌سازى بۆ ده‌كرێت.

 

فالح فه‌یازى گه‌وره‌ ڕواێژكارى و سه‌رۆكى هه‌یئه‌ى حه‌شدى شه‌عبى وه‌ك ئاڕتى عه‌ره‌بى ئاماژه‌ى بۆ كردوه‌ له‌كۆتایى ساڵى 2018 سه‌ردانى دیمه‌شقى كردوه‌و له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌دو به‌رپرسانى سه‌ربازى سوریا و ئێران بۆ تاوتوێكردن‌و پته‌وكردنى هه‌ماهه‌نگى زیاترى سنوره‌كانى نێوان هه‌رسێ وڵات كۆبوونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ك فه‌یاز نامه‌یه‌كى عه‌بدولمه‌هدى گه‌یاندووه‌ته‌ ده‌ستى ئه‌سه‌د، ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌ بریتىبووه‌ له‌هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ردوولا له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى تیرۆردا.

ئه‌سه‌د له‌ودیداره‌دا به‌فه‌یازى ڕاگه‌یاندوه‌ ئه‌م ڕوداوانه‌ى دوایى كه‌خۆى له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى سه‌روه‌رى ده‌بینێته‌وه‌ بۆ زۆربه‌ى شاره‌كانى سوریاو عێراق شكستیان به‌پیلانه‌ ده‌ره‌كیه‌كان هێناوه‌ بۆ نه‌مانى سه‌روه‌رى و یه‌كپارچه‌یى وڵاته‌كانمان.

ڕۆژنامه‌ى " دیار" یش باسى له‌وه‌ كردوه‌ له‌ 18 ى ئازارى 2019 و له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ى كۆنترۆڵكردنى باغۆز له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌و رزگاركردنى له‌ده‌ستى چه‌ته‌كانى داعش به‌رپرسانى عێراق‌و سوریاو ئێران له‌سه‌ر بانگهێشتى سوریا كۆبونه‌ته‌وه‌ و دواپێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌یان تاوتوێكردوه‌.

ئه‌م بانگهێشته‌ى دیمه‌شق و سه‌ردانه‌كه‌ى پێشترى فه‌یازیش ئه‌م هه‌واڵانه‌ى به‌دواى خۆیدا هێناوه‌ كه‌ ئه‌سه‌د بۆ ته‌واوكردنى هه‌ماهه‌نگى و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى تیرۆر سه‌ردانى عێراق ده‌كات.

،،

ئەم سەردانە،ئەمریكا نیگەران دەكات

 

هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكا

بێگومان ئه‌مه‌ریكاو ئێران هه‌ردولا هه‌وڵى چه‌سپاندنى هه‌ژموونى خۆیان له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین به‌گشتى و عێراق و سوریا به‌تایبه‌ت ده‌ده‌ن، هه‌ربۆیه‌ وه‌ك چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریكا به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك له‌و سه‌ردانه‌ نیگه‌ران ده‌بێت‌و ڕه‌نگه‌ وه‌ك په‌رچه‌ كردار ئه‌مه‌ریكا سه‌رله‌نوێ هاوكارى هێزه‌ سونه‌كانى عێراق بكاته‌وه‌ له‌ناویشیاندا داعش و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانى تر به‌هێزبكاته‌وه‌ بۆ لاوازكردنى هه‌ژمونى ئێران له‌عێراق بێت یاخود سوریا.

 

 

ئه‌یاد دوله‌یمى شاره‌زاى سیاسى عێراقى ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ى باسده‌كرێت ئێران هه‌وڵى بۆ ده‌دات هه‌رچه‌ند هه‌واڵه‌كه‌ به‌ته‌واوى پشتڕاستنه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌دوریشى نه‌زانى، هه‌روه‌ك دله‌یمى ئاماژه‌ى بۆ كردوه‌ ئه‌سه‌د سه‌ردانى ئێرانى كردوه‌ دور نییه‌ له‌ڕێگه‌ى ئێرانه‌وه‌ سه‌ردانى عێراقیش بكات.

هاڤپۆستى عێراقیش نوسیویه‌تى سه‌ره‌ڕاى هۆشدارى ئێران به‌هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح و عادل عه‌بدولمه‌هدى كه‌ نه‌بنه‌ ڕێگرى سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕاونكراوه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د بۆ عێراق، به‌ڵام هه‌ردوو سه‌رۆك به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن و سه‌ردانه‌كه‌یان پێخۆش نییه‌.

 

به‌شار ئه‌سه‌د

 

له‌دایكبوى ساڵى 1965، له‌دواى مردنى حافز ئه‌سه‌دى باوكى ساڵى 2000 دا ئه‌بێته‌ سه‌رۆكى سوریا، دواى جه‌نگێكى خوێناوى چه‌ندین ساڵه‌ له‌سوریاو وێرانبونى ژێرخانى ئابورى ئه‌و وڵاته‌و كوژرانى هه‌زاران خه‌ڵكى سڤیل و دواى ئه‌وه‌ى سوریاى كرد به‌ شوێنى ململانێ سیاسى و سه‌ربازیه‌كانى نێوان وڵاتانى زلهێزى دونیا به‌تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكاو ڕوسیاو ئێران و توركیا هێشتا ئاماده‌نیه‌ ده‌سه‌ڵات به‌جێ بهێڵێت، به‌پاڵپشتى سوپاى پاسدارانى ئێران و حیزبوڵاى لوبنان‌و فڕۆكه‌كانى تاران و ڕوسیا هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌و بڵاوه‌پێكردنى هه‌ژمونى خۆى ده‌داته‌وه‌ له‌ته‌واوى خاكى سوریا.

 

 

 

له‌ساڵى 2000 خێزانى له‌گه‌ڵ ئه‌سما فه‌واز ئه‌خره‌سى به‌ریتانى پێكهێناوه‌، خاوه‌نى سێ منداڵه‌ به‌ناوه‌كانى زه‌ین ئه‌سه‌د و حافز ئه‌سه‌د و كه‌ریم ئه‌سه‌د.

به‌شار ئه‌سه‌د چوار خوشك‌و براى هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانى باسل و ماهیرو بوشراو مه‌جد.

به‌شار ئه‌سه‌د له‌ساڵى 1999 كۆتا پله‌ى سه‌ربازى عه‌قید ڕوكن ده‌بێت، ساڵى 2000 كه‌ده‌بێته‌ سه‌رۆككۆمار ده‌بێته‌ فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى سوریا، زمانه‌كانى فه‌ره‌نسى و ئینگلیزى به‌باشى ده‌زانێ.

 

author photo

ماستەر لە زمانی عەرەبی