پڕۆژەی جیاكردنەوەی سلێمانی_ كەركوك چی بوو؟ چۆن شكستی هێنا؟

48 كاتژمێر بەر لە 16 ی ئۆكتۆبەر، دیوی ناوەوەی ڕوداوەكان

پڕۆژەی جیاكردنەوەی سلێمانی_ كەركوك چی بوو؟ چۆن شكستی هێنا؟

12650 خوێندراوەتەوە

دوو رۆژ بەر لە 16 ی ئۆكتۆبەر و بە دیاریكراوی لە 14/10/2017 د. فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق بە پڕۆژەیەكەوە گەڕایەوە بۆ سلێمانی، دیاربوو پرۆژەكە وەك پێشنیارێك لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هاتبوو، ناوەرۆكی پرۆژەكە بریتی بوو لە گەڵاڵەنامەیەك كە حكومەتی عێراق پشتگیری هەرێمێكی سەربەخۆ دەكات كە لە سلێمانی و كەركوك پێكدێت و خاوەنی حكومەت و پەرلەمانی تایبەت بەخۆی دەبێت و لەژێردەستی یەكێتیدا دەمێنێتەوە، بە مەرجی ئەوەی سەركردایەتی یەكێتی واز لە ڕیفراندۆم و پەیوەستبون بە هەولێرەوە بهێنن. ئەوكاتە حكومەتی عێراق تەنها كێشەی لەگەڵ هەولێر و پارتی دەبێت و هێرشەكانی ڕوو بەناوچەكانی پارتی ئاراستە دەكات.

پرۆژەكە لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی تاوتوێكرا، بەڵام رای زاڵ ئەوەبوو كە ئەمە بەرپرسیارێتیەكی مێژوییە و ناتوانن ڕێكەوتنێكی وەها قبوڵ بكەن و كارێكی مەترسیدارە.

،،

 نێچیرڤان بارزانی لە كۆبونەوەكەى دوكاندا ڕویكردۆتە پاڤێڵ تاڵەبانی و پێی وتووە دڵنیابین هیچ ڕێكەوتنێك لە ئارادا نییە؟ ئەویش وتویەتی دڵنیابن.

سەرنجام ئاراستەی گفتوگۆكان بەرەو رەتكردنەوەی ئەو پرۆژەیە چوو، بڕیاردرا پێكەوە لەگەڵ پارتی رێكەوتنێكی نوێ‌ لەگەڵ بەغدا گەڵالەَ بكەن.

لەسەر ئەو بنەمایە لەلایەن ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیەوە تەلەفۆن بۆ بارزانی كرا و دوای لێكرا كە بێتە سلێمانی بۆ كۆبونەوە. بەڵام بارزانی دوایكردوە وەفدەكەی یەكێتی و سەرۆك كۆمار بچنە هەولێر، سەرنجام لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون کۆبونەوەکە لە هاوینەهەواری دوكان بێت.

وادیارە بارزانی ئاگای لە وردەكاری ڕێكەوتنی نێوان گروپێكی ناو یەكێتی و حكومەتی عێراق بووبێت، چونكە لەو تەلەفۆنەدا كە 14 ی مانگ كردویەتی بۆ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی،بارزانی وتویەتی" هەموو شتێك تەواوبوە، یەكێتی و حكومەتی عێراقی ڕێكەوتنیان كردوە تۆ چۆن ئاگات لێی نییە"

،،

دوو رۆژ بەر لە 16 ی ئۆكتۆبەر و بە دیاریكراوی لە 14/10/2017 فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق بە پڕۆژەیەكەوە گەڕایەوە بۆ سلێمانی، ناوەرۆكی پرۆژەكە بریتی بوو لە گەڵاڵەنامەیەك كە حكومەتی عێراق پشتگیری هەرێمێكی سەربەخۆ دەكات كە لە سلێمانی و كەركوك پێكدێت و خاوەنی حكومەت و پەرلەمانی تایبەت بەخۆی دەبێت

وادیارە ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی ئاگاداری هیچ رێكەوتنێك نەبوە، بەڵام وردەكاری رێكەوتنی نێوان عەبادی و چەند كەسێك لەناو یەكێتی لەلای پارتی هەبووە.

بارزانی هەرچەندە بێ‌ ئومێد بووە لەوەی كۆبونەوەكە سودی هەبێت بەڵام دواجار رازی بوە ئامادەی كۆبونەوەكەی دوكان بێت.

كۆبونەوەی دوكان ئەنجام درا و بڕیاردرا كە نەرمی بنوێنن بەرامبەر حكومەتی عێراق و رازی بن بە ڕێکەوتن لە ناوچەی هێڵی تەماس لە كەركوك و دەوروبەری.


مەرجەكان بریتی بون لەوەی سوپای عێراق بگەڕێتەوە سەربازگەی k1 و ئاسایشی شاری كەركوكیش بەهاوبەشی لە نێوان دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵ بەڕێوەبچێت، لەگەڵ لابردنی پارێزگاری كەركوك و دانان بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم.

لە كۆبونەوەكەى دوكاندا بارازانی دوودڵی زۆری پێوەدیاربوە لە نیەتی یەكێتی و پێی وابوە كە یەكێتی لەژێرەوە هەمووشتێكی لەگەڵ حكومەتی عێراقی بڕاندۆتەوە. بەڵام لە كۆبونەوەكەدا وەفدەكەی یەكێتی بارزانیان دڵنیاكردۆتەوە كە هیچ ڕێكەوتنێك نەكراوە.

تەنانەت نێچیرڤان بارزانی لە كۆبونەوەكەى دوكاندا بە ڕاشكاوی بە پاڤێڵ تاڵەبانی وتووە دڵنیابین هیچ ڕێكەوتنێك لە ئارادا نییە؟ ئەویش وتویەتی دڵنیابن.


بەڵام ئەو خاڵانەی كە لەكۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكە لەسەری ڕێكەوتن بەهیچ جۆرێك عێراق پێی رازی نەبوو، چونكە نە بە ئاشكرا باسی لە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی تیابوو، نە بڕیاری لابردنی پارێزگاری كەركوكیش درا. لەبارەی كەركوكیشەوە بەوجۆرەنەبوو كە عێراق رازی بكات.


هەربۆیە بەر لەوەی بەغدا چاوەڕوانی وەڵامی سەركردایەتی یەكێتی و پارتی بكات كە بە سەرۆک کۆمار،د.فوئاد مەعسومدا رەوانەیان كرد، هەر كە كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكە تەواوبوو بڕیاریدا هێرش بكاتە سەر كەركوك.

،،

لە كۆبونەوەكەى دوكاندا بارازانی دوودڵی زۆری پێوەدیاربوە لە نیەتی یەكێتی و پێی وابوە كە یەكێتی لەژێرەوە هەمووشتێكی لەگەڵ حكومەتی عێراقی بڕاندۆتەوە. بەڵام لە كۆبونەوەكەدا وەفدەكەی یەكێتی بارزانیان دڵنیاكردۆتەوە كە هیچ ڕێكەوتنێك نەكراوە.

سەبارەت بە بەرەنگاربونەوەی سوپای عێراق، یەكێتی و پارتی دوو ڕای جیاوازیان هەبوو، یەكێتی پێی وابوو كە سوپای عێراق پڕچەك كراوە و ئەزمونی شەڕی داعشی هەیە و پێشمەرگە ناتوانێت ڕوبەڕوی ئەو هۆردوەی سوپای عێراق ببێتەوە و لەو شەڕەدا پیشمەرگە دەشكێت، بەڵام بارزانی و پارتی رایان جیاوازبوو، ئەوان پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت سوپای عێراق سوپایەكی فشەڵە و توانای شەڕی پێشمەرگەی نییە، لەكاتێكدا پێشمەرگە بەسەركەتویی لەشەڕی داعش هاتۆتە دەرەوە و ئەوروپا وەك پاڵوان سەیری پێشمەرگە ئەكەن .

پارتی چاوی لەوەبوو ئەگەر سوپای عێراق پەلاماری پێشمەرگە بدات و پێشمەرگە بتوانێت بەرگری بكات ئەوكاتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە دەنگ و هەوڵی ناوبژی و ڕێكەوتن دەدەن لەنێوان هەولێر و بەغدا.


یەكێتیش گومانی ئەوەی هەبوو پارتی شەڕە قورسەكەی كەركوك ئەكات بە توشی سوپاكەی یەكێتیەوە و باكی بە تەفروتونابونی هێزەكانی یەكێتی نییە. ئەوەشیان وەك پیلانێك سەیردەكرد كە لەلایەن فیرقەی ئاڵتونی عێراقەوە كاری لەسەر  کرابێت. كە یەكێك لە گەورە فەرماندەكانی كوردە و زۆرنزیكە لە سەركردەكانی پارتیەوە.

فەرماندەكانی یەكێتی دەڵێن لە كەركوك مەنجەنیقێك بۆ پێشمەرگەكانی یەكێتی داخرابوو كە زیاتر لە 1000 بۆ 2000 كەس تیادەچون.

گومان لەوەدا نییە كە رێكەوتنی پێشوەختە هەبوە، بەڵام ئایا هێرشەكە بەپێی ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكە ئەنجامدراوە یان نا، ئەوە هێشتا ڕون نییە، چونكە ئەگەری ئەوەش هەیە كەلەدوای ڕێكەوتنەكەوە فێڵیان لێكرابێت و ناوەرۆكی ڕێكەوتنەكەی نێوانیان جێبەجێ‌ نەكرابێت.

ئێستا كە بە ئینسافەوە باسی حوكمی مێژوو دەكەین لەسەر ڕوداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر، ڕێكەوتنی گروپێكی نێوان یەكێتی و عێراق تەنها بەشێكی هاوكێشەكەیە، كه بۆ هەتا هەتایە یەكێتی باجەكەی دەدات، بەڵام لایەكی دیكەی هاوكێشەكەش بریتییە لە پلانی ئاراستەكردنی سوپای عێراق بۆسەر هێزەكانی یەكێتی و تەفروتوناكردنیان.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری