هه‌ڵسوڕاوێكی گۆڕان: پارتی بۆڕازی كردنی یه‌كێتی، پێشێلی ڕێكه‌وتنامه‌ی پیرمامی كردووه‌

"له‌م قۆناغه‌دا باوه‌ڕمان به‌كاری پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا نه‌ماوه‌"

هه‌ڵسوڕاوێكی گۆڕان: پارتی بۆڕازی كردنی یه‌كێتی، پێشێلی ڕێكه‌وتنامه‌ی پیرمامی كردووه‌

276 خوێندراوەتەوە

سه‌ره‌ڕای دڵخۆشبوونیان به‌ ڕێكه‌وتنى پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وه‌ك براوه‌ی دووه‌م، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ناشیشارێته‌وه‌ نیگه‌رانه‌ له‌پارتی، كه‌ له‌ پێناو ڕازی كردنی یه‌كێتی ڕێكه‌وتنامه‌ی پیرمامی نێوانیانیان پێشێل كردوه‌.

 

به‌مه‌به‌ستی به‌ئاگابوون له‌دواین زانیاری له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت ڕێكه‌وتنامه‌ی پارتی و یه‌كێتی و هۆكاری ساردبونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كایی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان كه‌ماوه‌ی 10ساڵ خه‌باتی ئۆپۆزسیۆن بوون و كاری سیاسیان پێكه‌وه ییان هه‌یه‌‌، دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین گفتوگۆیه‌كى له‌گه‌ڵ هاوار شێخ ڕه‌ئوف هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ساز كردوه‌.

 

،،

هاواری شێخ ڕه‌ئوف:

ئێمه‌ نیگه‌ران نین، له‌ ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی، چونكه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ له‌به‌رژه‌وه‌نیمانه‌.

 

 

هاوار شێخ ڕه‌ئوف هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

  دوای یه‌كلای بوونه‌وه‌ی به‌شداری كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌كابینه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی بۆ چوار ساڵی ئاینده‌، تائێستا لای به‌شێكی هاوڵاتیان و چاودێران ڕوون نییه‌ گۆڕان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێكه‌وتووه‌، و به‌شێك پێیان وایه‌ گۆڕان بۆ په‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی یه‌كێتی و له‌مپه‌ر دروستكردن بۆ یه‌كێتی بڕیاری به‌شداری كردنی له‌كابینه‌ی نۆیه‌م داوه‌ و له‌و پێناوه‌شدا به‌ته‌واووی مه‌رجه‌كانی پارتی ڕازیبووه‌.

 هاوار شێخ ڕه‌ئوف هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و ده‌نگۆیانه‌یی باس له‌ سازشی گۆران ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر پارتی، به‌ بێ بنه‌ما ناویان ده‌بات و ده‌ڵێت:"ڕاسته‌ گۆڕان نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی پارتی بۆ ڕازی كردنی یه‌كێتی پێشێلی به‌نده‌كانی ناو ڕێكه‌وتنامه‌كه‌یان نێوانیانیان كردووه، و له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌ستكاری هه‌یكه‌لی حكومڕانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت گۆران به‌ڕێكه‌وتنی ئه‌و دوو لایه‌نه دڵخۆش نه‌بوبێت، و به‌ڵكو ڕێكه‌وتنی ئه‌و دولایه‌نه‌ ده‌بێته‌ سه‌قامگیری لایه‌نی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ش خزمه‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات چونكه‌ ئه‌و كارنامه‌ی گۆڕان كه‌ده‌یه‌وێت له‌ناو حكومه‌ت جێ به‌جێ بكات، پێویستی به‌كه‌شێكی ئارام و سه‌قامگیر هه‌یه".

 "پارتی دیموكراتی كوردستان له‌وه‌ تێگه‌یشت، گۆڕان هێزێكی خاوه‌ن ڕوئیاو جه‌ماوه‌ره‌ و ته‌همیش كردنی هه‌ر وا ئاسان نییه‌" هاورى شێخ ڕه‌ئوف واى ووت ...

 

لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

 شێخ ڕه‌ئوف، ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كابیه‌نه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت:"ئه‌مانه‌وێت هاوكێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه‌به‌سه‌ر زۆنی زه‌رد و سه‌وزدا دابه‌ش كراوه‌ تێك بده‌ین و ڕۆڵ بۆدامه‌زاره‌وه‌ شه‌رعییه‌كانی وڵات بگه‌ڕیننه‌وه‌ و ده‌ستی حزب له‌ كاروباره‌كانیان ببچڕێنین.

  له‌هه‌مانكاتیدا لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ یه‌كێك بوو له‌داواكارییه‌كانمان كه‌ جێبه‌جێ كراو له‌ئاینده‌دا كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ین". به‌گوته‌ی ناوبراو هه‌موو ئه‌م بنه‌مایانه‌ بنه‌مایی كاركردن و داواكارییه‌كانیان بوون له‌قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بووندا، تائێستاش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ لایان نه‌داوه‌ و كار بۆ جێ به‌جێ كردنی ده‌كه‌ن له‌ناو حكومه‌تدا.

،،

هه‌ڵسوڕاوه‌كه‌ی گۆڕان:

یه‌كێتی خاوه‌نی سیاسه‌ت و ڕێبازی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی و ڕێزی لێده‌گرین، به‌ڵام  له‌م قۆناغه‌داباوه‌ڕمان به‌كاركردن له‌گه‌ڵیان نییه‌.

 له‌دوای نزیك بوونه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌دورییه‌كی یه‌كسان به‌رامبه‌ر به‌لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌بینرێت، به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان.

  هه‌ڵسوڕاوه‌كه‌ی گۆڕان، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات بزوتنه‌وه‌كه‌ی شه‌ڕێكی كۆنه‌قین له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك و به‌تایبه‌ت یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ناكات، ئه‌وان پێشووتر ڕێكه‌وتنامه‌ی سیاسیان له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌دا هه‌بووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ بوون بوونه‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ و ترازانی ئه‌و دووهێزه‌، هه‌رچی ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵیشه‌ ده‌ڵێت:"ئه‌ندامانی باڵای گۆڕان و ده‌نگده‌رانیش خۆشه‌ویستییه‌كی زۆریان بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و خودی مامۆستا علی پاپیر هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هه‌ڵوێست و خۆشه‌ویست و هاوڕێی ڕه‌وان شاد بووه‌ و هیوادارین كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان باشداری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات چونكه‌، دڵنیاین كۆمه‌ڵ ده‌ست بارێكی باشده‌بێت بۆ سه‌رخستنی پاكێجی چاكسازی له‌ناو حكومه‌تدا".

 

 ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ى گۆڕان، به‌هێزی و كاریگه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌نادیده‌ ناگرێت، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ باوه‌ڕیان به‌كار كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا نه‌ماوه‌،و ئه‌وان بزانن له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌نێكدا ده‌توانن خزمه‌ت بكه‌ن بێ گوێدانه‌ ڕوداوه‌كانی ڕابردوو هاوپه‌یمانی سیاسی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

  بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ڕێكه‌وتنامه‌ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان واژۆ بكرێت، و یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم زیندوبكه‌نه‌وه‌ و دواتر سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕاسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سبه‌ینێ بڕیاره‌ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر هه‌مان پرس كۆببێته‌وه‌.

 

author photo

رۆژنامەنووس