ئایا ئۆپۆزسیون چی لێهات؟

ئایا ئۆپۆزسیون چی لێهات؟

391 خوێندراوەتەوە

 بیر و کردەی ئۆپۆزسیون بوون لە دونیادا نوێیە و لە کوردستاندا هەر زۆر نوێیە. لەم نوسینەدا دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، ئایا ئۆپۆزسیون پاش دەیەیەک لە تەمەنی لە کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات؟

بەڵام پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە بە پێویستی دەزانم پرسی ئۆپۆزسیون بوون لە ئاستی فیکری و سیاسیدا بوروژێنم. سەرەتا دەپرسین، بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیون هەبێت؛ دەبێت چی هەبێت، ئەو بنەمایانە چین کە ئۆپۆزسیون بوون پێویستیەتی بۆ ئەوەی فەراهەم بێت، بتوانێت بە ئەرکی ئۆپۆزسیون بوونی هەستێت؟ 

 
ئێمە کاتێک دەڵێین ئۆپۆزسیون، چی دەڵێین؟ ئۆپۆزسیون بە کورتی یانی بوونی جیاوازێکی دانپیانراو. بەم پێیە لە هەناو کایەی سیاسیدا خەڵکانێکی تر هەن، بە دەر لە پارتی یان پارتەکانی دەسەڵات، خۆیان ڕێکدەخەن، لە هەناو کایەی سیاسیدا، بۆ ئەوەی وەک، رکەبەرێک، نەیارێک، جیاوازێک، موخالیفێک، بە کارەکانیان هەستن. بۆ ئەوەی باشتر لە ئەم دۆخە تێبگەین، دەبێت بپرسین بۆچی جیاواز بوونی هەیە؟ 

،،

ئایا کۆمەڵگای کوردی هاوبەش و جیاوازەکانی دیاریکردوە هەتا بە سیاسیان بکات. نەخێر. مەترسی ئەم پۆلێنەکردنە ئەوەیە کە سنور نامێنێت لە نێوان هاوبەش و جیاوازدا.

 
لێرەدا دەبێت قسە لە سەر کۆمەڵگا بکەین. کەواتە بوونی کۆمەڵگایەک، پێویستە بۆ هەبوونی کایەی سیاسی و پارتی سیاسی جیاواز. لەم ڕوانگەیەوە، کۆمەڵگا ئەو یەکەیەیە کە کۆمەڵێک جیاواز، لە سەر بنەمای هاوبەشیەکانیان لە گەڵ پێدانی بوار بە پراکتیزەکردنی جیاوازیەکانیان بەرجەستە دەبێت.

ئەم بنەمایە لە کوردستاندا بە باشی بوونی نیە. ئایا کۆمەڵگای کوردی هاوبەش و جیاوازەکانی دیاریکردوە هەتا بە سیاسیان بکات. نەخێر. مەترسی ئەم پۆلێنەکردنە ئەوەیە کە سنور نامێنێت لە نێوان هاوبەش و جیاوازدا. ئەم دۆخە ئۆپۆزسیون لە رکەبەر و جیاوازەوە دەگۆرێت بۆ دوژمن. رەنگە ئەگەر لە ڕوانگەی مێژوییەوە لیی بنواڕین، دەتوانین بڵێین کۆمەڵگاکانی تریش بەم قۆناغەدا ڕۆشتوون.

لە ساڵی ١٧٣٣ بۆ ماوەی ساڵێک بیرمەندی فەرەنسی ڤۆلتێر لە بەریتانیا دەبێت، کە دەتوانین بە لانکەی بیری هاتنە ئارای ئۆپۆزسیون بوون بیبینین. ڤۆلتێر دەڵێت، حیزب کۆمەڵگای کردوە بە دوو بەرەی دژ بەیەک. دیارە ئەمە دەتوانرێت بە شێوازی جیاواز لێی تێبگەین، یەکەم، ڤۆلتێری فەرەنسی ئاشنا نەبوو بە بیری لیبرالیزم، دووەم، وەها بیبینین کە رکەبەری وەک دوژمنایەتی دەرکەوتوە لە سەرەتادا، سێیەم، وەک فەرەنسیەک بە توانجەوە لە ئینگلیز دواوە.

 
بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەم دیدی دوژمنایەتیە تەنها تایبەت نیە بە ڤۆلتێر، بەڵکو ئەوانی تریش جەختی لە سەر دەکەنەوە، نەک تەنها لە بەریتانیا، بەڵکو لە ئەمریکاش.
ئەگەر دانپیانان بە جیاواز پێویست بێت بۆ بونی ئۆپۆزسیون، ئەوا دوو پرسی گرنگ دێتە ئاراوە: یەکەم، ئایا بۆچی جیاوازی هەیە و پێویستی بە دانپیانانە، دووەم، ئەو سیستەمە چیە کە دان بە جیاوازیدا دەنێت؟


کۆمەڵگا بۆئەوەی بتوانین پێی بڵێین کۆمەڵگا ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێین کە هەرگیز ناتوانرێت بە یەک جۆر و یەک شێواز و یەک مۆدێل رێکبخرێت. خەڵک نیشتەجێی شوێنی جیاوازن، تەمەنی جیاوازیان هەیە، جێندەریان جیاوازە، جۆری کار و پێداویستیان جیاوازە، هەروەها لە ڕووی خواست و ئارەوزوو و داهاتەوە جیاوازن. ئەمە ئەگەر جیاوازییە باوەڕی و بەهایی و ئەخلاقیەکان باس نەکەین. 

،،

بەم پێیە بوونی ئۆپۆزسیون تەنها بریتی نیە لە بوونی هێزێکی جیاواز یان چەند هێزێکی جیاواز بەڵکو بریتیە لە جۆرێکی تایبەت لە سیستەمی سیاسی کە بوار بە ئۆپۆزسیون بوون دەدات. 

 
بەڵام تەنها لە بەر بوونی جیاواز لە کۆمەڵگادا ئۆپۆزسیون بوونی نیە. بەڵکو بۆ ئەوەی کاری حوکمداری بەباشی بەڕێوە بچێت، دەبێت حوکمدار چاودێرێکی هەبێت، هەتا حوکمدار بیری نەچێت کە ئەو لە بڕی خەڵكێک حوکم دەکات کە مەرج نیە هەمویان ئەویان قبوڵ بێت.

ئەمە بەزیندو راگرتنی سروشتی کۆمەڵگایە لە میانەی حوکمڕانیدا. بۆیە دەبێت حیزبی سیاسی هەمیشە وەها لە شوناسی خۆی بنواڕێت کە حیزبی بەشێک لە کۆمەڵگایە. ئەم جۆرە ڕوانینە هاوکارە بۆئەوەی دیدی خاوەندارێتی و گشتگیری باڵادەست نەبێت. بەم پێیە ئۆپۆزسیون، ئۆپۆزسیون بوونە بۆ چۆنێتی حوکمداری، لە هەناو کایەی سیستەمی سیاسیدا. ئەم تێگەیشتنە بەباشی نەڕسکاوە لە کوردستان. 

 
ئەو سیستەمەی کە دەتوانێت ئەمە فەراهەم بکات لیبرالیزمە. هەموو سیستەمەکانی تر رێگرن لە بوونی ئۆپۆزسیون، تەنانەت ئۆپۆزسیون بە دوژمن و مەترسی و کافر لە قەڵەم ئەدەن. ئەمە وەها دەکات کە بنەمای ئۆپۆزسیون بوون بریتی بێت لە رێژەیی و سنگفراوانی و خۆ بە خاوەن نەبینینی سیستەم. 


بەم پێیە بوونی ئۆپۆزسیون تەنها بریتی نیە لە بوونی هێزێکی جیاواز یان چەند هێزێکی جیاواز بەڵکو بریتیە لە جۆرێکی تایبەت لە سیستەمی سیاسی کە بوار بە ئۆپۆزسیون بوون دەدات. 


بەڵام لە کوردستان وناوچەکەدا کۆمەڵگا بە مانا مۆدرێنەکەی بوونی نیە، لیبرالیزم بوونی نیە، ئایدیالۆجیە زاڵەکان بریتین لە ئایدەلۆجیای گشتگیری تۆتالیتاری، سیستەمی حوکمرانی وەها دوراوە کە تەنها بە بەری چەند کەسێک دەکات. 


ئەمە هەموی بەلایەک و قەیرانی ئەکتەری ئۆپۆزسیون بوون یان ئەکتەری حوکمکەر کە حیزبە بە لایەکی تر. حیزب لە دونیادا لە قەیراندایە. لە هەشتاکانەوە حیزبی سیاسی لە خەڵک دوور دەکەوێتەوە، هەموو حیزبەکان بە هۆکاری تاکبوون و جیهانگیری وەک یەکیان لێدێت. بەڵام لە وەڵامی ئەمەدا خەڵک سەرهەڵئەدات وەک هێزێکی دژ، کە لە مۆدێلی توندڕەوی و فاشیزمدا دەردەکەوێت. 

،،

لە ئەنجامدا ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرەو مۆدێلی پارتی سیاسی کاچ-ئۆڵ catch all دەڕۆن ئەو چەمکەی کە بیرمەندی ئەڵمانی ئەمریکی ئۆتۆ کریشهایمەر دایتاشی. 

 
لە کوردستان حیزبی سیاسی ئەکتەرێکی تەواو جیاوازە و مێژووی تایبەتی هەیە. ئەگەر پارتی ئۆپۆزسیون لە شەستەکانی سەدەی رابوردوەوە دەبیتە دیاردەیەکی جیهانی ئەوا تەمەنی ئۆپۆزسیون بوون لە کوردستان بە فیعلی تەنها یەک دەیەیە. بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیون هەبێت دەبێت حیزب بونێکی جیاوازی هەبێت، پەیوەندی لە گەڵ چەک و خەڵک و ساماندا جودابێت. 


بەڵام ئەگەر سود لە ئەدەبیاتی سیاسی یان زانستی سیاسی کە بۆخۆی ئەدەبیاتێکی ئەمریکیە، وەربگرین ئەوا حیزبی کوردی دەتوانین بیکەین بە دوو جۆرەوە، حیزبی شەڕ، ئەو پارتە سیاسیانەی کە توانای سودبینینیان هەیە لە شەڕ وەک دیاردەیەکی فرە ئاستی ئاڵۆز، لە گەڵ پارتی سیاسی شار، یان جەماوەری.

ئەم دوو مۆدێلە پێویستی بە کاری فیکری زیاترە. بەڵام هەردوو لە جۆرێک لە پەیوەندیدان، کە لە ئەنجامدا ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرەو مۆدێلی پارتی سیاسی کاچ-ئۆڵ catch all دەڕۆن ئەو چەمکەی کە بیرمەندی ئەڵمانی ئەمریکی ئۆتۆ کریشهایمەر دایتاشی. 


ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکیشت، پرۆژەی شەش مانگی داهاتووم تیوریزەکردنی ئۆپۆزسیونە لە کوردستان لە توێی کتێبێکدا، بۆیە دێمەوە سەر ئەم پرسە.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان