ئه‌مه‌ریكاو ئێران له‌سه‌ر لافاوه‌كه‌ش شه‌ڕیانه‌

ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت حكومه‌تى ئێران كه‌مته‌رخه‌مه‌و ئێرانیش ئه‌مه‌ریكا تاوانبار ده‌كات

ئه‌مه‌ریكاو ئێران له‌سه‌ر لافاوه‌كه‌ش شه‌ڕیانه‌

358 خوێندراوەتەوە

زیاتر له‌نۆ شارى ئێران كه‌وتنه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى لافاو و په‌نجا كه‌سیش بونه‌ قوربانى و ده‌یه‌ها برینداریش هه‌یه‌، حكومه‌تى واشنتۆن زیانه‌ زۆره‌كانى خسته‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى ئێران و به‌كه‌مته‌رخه‌م له‌قه‌ڵه‌میدا.

به‌رپرسانى ئێرانیش هۆكارى زۆرى زیانه‌كه‌ ئه‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ى ئه‌مه‌ریكا خستویه‌تییه‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان.

مایك پۆمپیۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا قورسى زیانى لافاوه‌كه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوى بۆ خراپى پلانى حكومه‌تى تاران گه‌ڕانده‌وه‌ له‌ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ى كاره‌ساتى سروشتى و حاڵه‌ته‌ له‌ناكاوه‌كاندا.

پۆمپیۆ هاوسۆزى بۆ خه‌ڵكى ئه‌و وڵاته‌ ده‌ربڕى و ئاماده‌یى واشنتۆن بۆ هاوكارى لێقه‌ومانى كاره‌ساته‌كه‌ ده‌ربڕى به‌مه‌رجێ له‌ژێر چاودێرى خاچى سور و مانگى سورى نێو ده‌وڵه‌تیدابێت.

لاى خۆشیه‌وه‌ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ڕایگه‌یاند سزا سه‌پێنراوه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ى وایكردوه‌ نه‌توانرێت به‌گوێره‌ى پێویستى كاره‌ساته‌كه‌، ده‌وڵه‌تى ئێران هاوكارى بگه‌یه‌نێته‌ خه‌ڵكه‌ لێقه‌وماوه‌كه‌ به‌تایبه‌تى كه‌ زۆر پێویستمان به‌ فڕۆكه‌ى فریاكه‌وتن هه‌یه‌.

،،

 بڕى 710 ملیار ریاڵى ته‌رخانكراوە وه‌ك قه‌ره‌بوو بدرێت به‌زیانلێكه‌وتوانى لافاوه‌كه‌ى شاره‌كانى ئێران .

چه‌ند ساڵی ڕابردوو ئێران ڕوبه‌ڕووى وشكه‌ ساڵى بوه‌وه‌، ئه‌مساڵیش لافاو ته‌نگى به‌خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كه‌ى هه‌ڵچنی.
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ موسته‌فا سه‌لیمى سه‌رۆكى ڕێكخراوى به‌هاناوه‌چونى لێقه‌ومانى ئێران بۆ ماڵپه‌ڕى فارس ڕایگه‌یاند هه‌ریه‌ك له‌شاره‌كانى ئازه‌ربایجان و لوڕستان و كرماشان و خوزستان و خوراسان و به‌ختیارى و ئیلام و ئه‌رده‌بیل و چارمه‌حال له‌شاره‌ زیان لێكه‌وتوه‌كانن.

سه‌لیمى ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه‌ كه‌ پێشكه‌شكردنى هاوكارى به‌ زیانلێكه‌وتوانى لافاو به‌رده‌وامى هه‌یه‌، هه‌روه‌ك باسى له‌وه‌ش كردووه‌ ژماره‌یه‌ك بریندار ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌كراون و هه‌زاران كه‌سیش به‌شێوه‌یه‌كى كاتى گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنى سه‌لامه‌ت.
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ سایتى سبوتنیك عربی له‌زارى موحه‌مه‌د باقر نه‌وبه‌ختى سه‌رۆكى ڕێكخراوى پلان و بودجه‌ى ئێران ڕایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ى بڕى 710 ملیار ریاڵى ته‌رخانكردوه‌ وه‌ك قه‌ره‌بوو بدرێت به‌زیانلێكه‌وتوانى لافاوه‌كه‌ى شاره‌كانى ئێران .

,,

وه‌زیرى گه‌یاندن و ته‌كنۆلۆژیاى ئێران فه‌رمانى كردوه‌ هاوڵاتیان پێشوه‌خته‌ له‌ڕێگه‌ى كورته‌نامه‌وه‌ ئاگادار بكرێنه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌رى ڕودانى لافاو هۆشدارى به‌شوێنه‌ مه‌ترسیداره‌كانیش بدرێت

ئه‌و سایته‌ عه‌ره‌بیه‌ نوسیویه‌تى حه‌سه‌ن ڕۆحانى سه‌رۆككۆمارى ئێران یه‌كه‌مین دانیشتنى ساڵى نوێى ئێرانى تایبه‌ت بوو به‌ قه‌ره‌بووى زیانلێكه‌وتوه‌كانى ئێران به‌گشتى و پارێزگاكانى گولستان و مازه‌نده‌ران و خوراسان به‌تایبه‌تى.

بڕیاره‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى ڕۆحانى خۆى له‌ لێخۆشبونى قه‌رزه‌كانى سه‌ر لێقه‌وماوانیش هه‌یه‌ به‌ بڕى له‌ 50% كۆى گشتى قه‌رزه‌كانیان.


سایتى ئیرناى ئێرانیش باسى له‌و ڕێنماییانه‌ كردووه‌ كه‌ خامنه‌یى ڕێبه‌رى شۆڕشى ئیسلامى ئێران ده‌ریكردووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ زیانلێكه‌وتوانى لافاوه‌كه‌، هه‌روه‌ك فه‌رمانى كردوه‌ به‌ موحه‌مه‌د باقرى سه‌رۆكى هه‌یئه‌ى ئه‌ركانى هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌گه‌یاندنى هاوكارى پێویست به‌خه‌ڵكى زیانلێكه‌وتووى شاره‌كانى ئێران.

له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ وه‌زیرى گه‌یاندن و ته‌كنۆلۆژیاى ئێران فه‌رمانى كردوه‌ هاوڵاتیان پێشوه‌خته‌ له‌ڕێگه‌ى كورته‌نامه‌وه‌ ئاگادار بكرێنه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌رى ڕودانى لافاو هۆشدارى به‌شوێنه‌ مه‌ترسیداره‌كانیش بدرێت.

ئاژانسى ئێرناى ئێرانى ژماره‌ى قوربانیه‌كان 791 كه‌سه‌ 70 له‌وان مردون و 40 كه‌سیشیان هه‌تا ئێًسته‌ له‌ژێر چاودێرى ورددان.

 

author photo

ماستەر لە زمانی عەرەبی