تەسفییەکردنى نزیکەکانى نێچیرڤان بارزانى، لەلایەن "برا گەورە"وە دەستى پێکرد

وەزیرى ناوخۆ، پارێزگارى هەولێر، دەکات بە دۆستەکانى خۆى

تەسفییەکردنى نزیکەکانى نێچیرڤان بارزانى، لەلایەن "برا گەورە"وە دەستى پێکرد

1827 خوێندراوەتەوە

 

نێچرڤان بارزانى بەرەو کۆشکى سەرۆکایەتى هەرێم هەنگاو دەنێت و مەسرور بارزانیش بۆ پتەوکردنى کورسی حوکمڕانى لە ئێستەوە دەستى کردووە بە پاکتاوکردنى نزیکەکانى ئامۆزاکەى، و دانانى دۆستەکانى خۆشى لەجێگەیان.

 

زۆرجار باس لە جەنگێکى سارد دەکرێت لەنێوان هەردوو ئامۆزاکەدا، بەڵام لە وجودى بارزانى باوکدا بەشەرمەوە دەست بۆ یەکدى دەبن و جیاوازییەکانى نێوانیان بەتەواوى بەرجەستە نەکردووە.

 

بەڵام پێدەچێت لێرە بەدوا کە هەردووکیان دەبنە دوو جەمسەرى گرنگ و دیارى سیستەمى سیاسی لە هەرێمى کوردستان، (نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم و مەسرور بارزانیش سەرۆکى حکومەت) بۆ بەهێزکردنى پێگەى کورسییەکانیان ناچار بن نزیکەکانى یەکدى تەسفییە بکەن.

 

،،

بنەماڵەى بارزانى، لەترسى تێکچوونى پەپوەندییەکانى نێوان ئامۆزاکان، لەنێو خۆیان رێکەوتنێک واژۆ دەکەن.

 

 

دەسەڵاتەکان لەماڵى بارزانى چۆن دابەش کراون؟

 

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە رێکەوتنێک لەنێو خودى بنەماڵەى بارزانى ئەنجامدرابێت بۆ پاراستنى هاوسەنگى لەنێوان جووت ئامۆزاکەدا، کە باس لە چۆنیەتى وەرگرتنى دەسەڵات و دابەشکردنیان دەکات.

 

بەتایبەت بڕگەکانى رێکەوتنەکەى نێوانیان باس لە چۆنیەتى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى هەرێم لەلایەن نێچیرڤان بارزانى و وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى حکومەت لەلایەن مەسرور بارزانییە دەکات.

 

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە هەرچى پەیوەندى بە دەسەڵاتەکانى سەرۆکایەتى هەرێم و زۆرێک لە پەیوەندییەکانى دەرەوە هەبێت، ئەوە دەبێت بۆ نێچیرڤان بارزانى بەجێبهێڵرێن، هەروەها دەسەڵاتەکانى حکومەت و دەسەڵاتە ناوخۆییەکانیش دەبێت بۆ مەسرور بارزانى دابنرێن.

 

،،

پۆستە هەستیارو گرنگەکانى ناوخۆى هەرێم دەگۆڕێت بۆ دۆست و متمانەپێکراوەکانى خۆى.

 

مەسرور بارزانى کێ دادەنێت و کێ تەسفییە دەکات؟

بۆ ئەوەى بناغەیەکى بەهێز دابنێت بۆ کابینەکەى و ئەوانەى کە پێشتر بەدۆست و نزیکى نێچیرڤان بارزانى ئامۆزاى ناسراون دووریان بخاتەوە، مەسرور بارزانى ئەم کەسانەى خوارەوە لە کابینەى نۆیەم پۆستیان پێ دەدات کە بە کەسە باوەڕپێکراو گوێڕایەڵەکانى ئەو ناسراون.

 ئەوانیش:

یەکەم: وەزیرى ناوخۆ

نەزهەت حالى، کە بەرپرسى ئاژانس و پاراستنى زانیاریی/پاراستنە،و بە کەسێکى نزیک و متمانەپێکراوى مەسرور بارزانى ناسراوە، وە لەرووى حزبییەوە جێگرى ناوبراوە، دەکرێت بە وەزیرى ناوخۆ لەکابینەى ئایندەدا، لەبرى کەریم سنجارى کە متمانەپێکراوى نێچیرڤان بارزانى بووە.

نەزهەت حالى

 دووەم: سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران

لە ئێستادا نێچیرڤان ئەحمەد کە دۆست و نزیکێکى نچیرڤان بارزانییە، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانە، بەڵام مەسرور بارزانى لەبرى ئەویش (فرسەت سۆفی یان محمد شوکرى) دادەنێت، کە محمد شوکرى بەکەسێکى نزیک لەباوکى ئەژمار دەکرێت، و ساڵى رابردوو بارزانى کردى بە سەرۆکى لیژنەى پاکێجەکانى چاکسازى لەحکومەت.

 

محمد شوکرى

سێیەم: پارێزگارى هەولێر

 نەوزاد هادى بە پیاوە دڵسۆزەکەى نێچیرڤان بارزانى ناسراوە، بەڵام مەسرور بارزانى ئەویش دەگۆڕێت، کە رەنگە فرسەت سۆفى لەبرى دابنێت (ئەگەر نەیکاتە سەرۆکى دیوان)، کە متمانەیەکى زۆرى پێیەتى و لەزۆرێک لە شاندو کۆبوونەوەکاندا پەیامى مەسرور بارزانى گەیاندووە.

 

فرسەت سۆفى

 چوارەم: سکرتێرەکەى مەسرور بارزانى

سکرتێرەکەى مەسرور بارزانى کە ناوى رێبەر ئەحمەدە و لەزۆرێک لە کۆبوونەوە و سەردانەکانى (برا گەورە) دەردەکەوێت، بەپێى زانیارییەکان بریار بوو بیکات بە وەزیرى ناوخۆ بەڵام لە ئێستادا چانسى نەزهەت حالى بەهێزترە بۆ ئەم پۆستە بۆیە پێدەچێت سکرتێرەکەى دانابێت بۆ پۆستێکى ئەمنى دیکە.

 

 

بەڵام دواجار، وەک دەلاقەیەکى بچوک بۆ هەناسەدانى لایەنگرو دۆستەکانى نێچیرڤان بارزانى لە کابینەى نوێدا، پێدەچێت ئەو زانیارییە راست بێت کە باس لەوە دەکات عەبدولسەلام مەدەنى بکرێت بە وەزیرى پەروەردە کە بە کەسێک نزیک لە کوڕەکەى نێچێرڤان بارزانى دەناسرێت.

 

 

نزیکەى ٧ مانگ دەبێت هەڵبژاردنى بۆ پەرلەمانى کوردستان ئەنجام دراوە، بەڵام تاکو ئێستا ئەو حکومەتەى کە بریارە مەسرور بارزانى سەرۆکایەتى بکات پێک نەهاتووە، ئەمەش بەهۆى کێشەى نێوان پێکهێنەرە سەرەکییەکانى کابینەى نوێ (پارتى و یەکێتى و گۆڕان) کە تاکو ئەمرۆش بەتەواوى رێک نەکەوتوون. 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان