ئێرە گوندی جەلەمۆردە

لە قۆناغی چواری شاڵاوی ئەنفالدا ٤٧١ کەسـیان ڕاپێچران بۆ سەحرای مەرگ

ئێرە گوندی جەلەمۆردە

432 خوێندراوەتەوە

  کەمال ئەحمەد

 جەلەمۆرد، ئەکەوێتە نێوان گوندەکانی ناوچەی (شوان) و (شێخ بزێنی)ییەو، لە بناری ‌چیای خاڵخاڵاندا قەراری گرتووە، نا.. نەخێر !!!

قەراری نەگرتووە! لە دووریی خەڵکەکەیدا ئــااااااای بێ قەرارە..

جەلەمۆرد، لە ڕووی کارگێڕییەوە‌ سه‌ر به‌ ناحێی ئاغجەلەر-ە لە قەزای چەمچەماڵ.

 

 

جەلەمۆرد، ناوێکی لێکدراوەو پێكهاتووە لە (جەلە + مۆرد). جەلە: بە مانای ملوانکە دێت. بامێ‌و بیبەر و هەرمێ و میوەیتر لە وەرزی خۆیاندا بۆ وشککردنەوەیان ئەکرێنە پەتەوەو هەڵئەواسرێ‌و پێی ئەوترێ (جەلە). جەلە بە مانای ڕیزیش دێت وەک (ڕیزەدار، ڕیزەماڵ، ڕیزەمۆرد یان جەلەمۆرد).

گوندی جەلەمۆرد ڕووەکی مۆردی لێڕوواوە، دۆڵێکی تێدایە سەوزەکاتەوە لە داری مۆرددا. مۆرد ڕووەکێکی خۆڕسکی بنچکدارە، لە شێوەی ژاڵەو تەروو، گەڵایەکی وردی بەئەندازەی نینۆکێک دەگرێ، بەرەکەی هاوشێوەی گۆیژە، بەڵام خڕ نییە، هێلکەییەو لە گۆیژ وردترە، گەڵاو گوڵ و قەدەکەی تام و بۆیەکی خۆشی هەیە، بەکاڵی دەخورێ و دەکرێتە ناو چاییەوە، هاوشێوەی حێل و دارچینی تامێکی خۆش ئەداتە چاییەکە. چایی بە تامی مۆردەوە خۆشە بۆ شەونشینی. دێڕە شیعرێکی گۆرانی فۆلکلۆر هەیە ئەڵێ:

"ورد ورد بمجنن، لەگەڵ دارچینی

بـا بـمـە ڕەفیقـت! بۆ شەونیشی "

 

،،

گوندێکی بچووک.. بەڵام گەورەترین قوربانییە

مۆرد، لە کوردستان بەشدارە لە ناوی چەندین گونددا وەک (مۆردکە -ی بەمۆ، بانی مۆرد-ی سەنگاو، مۆردین-ی هەڵەبجە، مۆردانە-ی جەباری، مۆرد-ی ناوشوان و، جەلەمۆرد).

 

گوندی جەلەمۆرد بەر لە قیامەتەکەی ئەنفال، جمەی هاتووە لە خەڵک. زیاتر لە (130) ماڵی تێدابووە. لە قۆناغی چواری شاڵاوی ئەنفالدا نزیکەی پێنج سەد کەس، دروست ( ٤٧١ )کەسـیان ڕاپێچکران بۆ سەحرای مەرگ و، 10 کەس یان 12 کەس لەوانە ڕزگاریان بوو. ئەوانی تر زیندەبەچاڵ کران، قەرارە حەشری ئەوان جودا بێ، ڕەنگە بە تەپوتۆزی عەرعەرەوە ببنە میوانی عەرشی خودا.

گەورەترین تاوانی خەڵکی ئەم ئاواییە، هەر ئەوە بووە کە کورد بوونە. وەکو ژمارە، زۆرترین کەس لەم گوندە ئەنفالکراون. دەبوو ئەم ئاواییە بکرایەتە گەورەترین عیبرەت بۆ کوردایەتی، دەبوو هەموو جارێ لە شان سروودی (ئەی ڕەقیب)دا شینێکیش بۆ ئەنفال بگێڕین!

گوندێکی بچووک.. بەڵام گەورەترین قوربانییە.

قووڵترین ئـــــازار لێرەیە!

لە مەغریبــا.. کەمێ دواتر

لای کونەواجەی ماڵــێکا.. خۆت مەڵاســدە!

چرپەت نەیەت!

لە پڕێکا.. گوێت لە قیژەی مناڵێکی ئەنفالکراو ئەبێتەوە!

 

درۆی نەبێ!

لە شەوێکی مانگەشەوا..

سورەتی ئەنفـــــااااال بخوێنە و!

جامانەیەک بکە جەفتە و!

لە ژێر پاسارەی ماڵێکا.. لە پشتەوە

ڕەپ..

پشت بنێ بە دیواری گڵینەوە!

مەیکە هەرا..!

سەگی ئاوایی هــــــار مەکە!

نقــقــەت نەیەت!

لە نـاکـاوا.. کچ و کوڕێ بە یەکەوە

بە بەردەمتا تێ ئەپەڕن!

دەستیان لە ملی یەکدایەو، چپە ئەکەن..

دڵی یەکتر ئەپشـــکــنـن..

بۆنی هەناسەی یەک ئەکەن..

تاڵ تاڵ.. هەستی یەک ئەبــژنـن

مـەیکـە هـەرا..!

ئەوە گیانی دوو دەسگیرانی ئەنفالە هاتوونەوە..

 

هـاتوونەوە..

هـاتوونەوە.. تفـاقی زەماوەن ئەگرن..

جـەوەڵ دەنگ ئەکەن بۆ شـــایی و

چـنــار بـانگ ئەکەن بۆ چــۆپی و

قـــامیش، بۆ گـۆرانیی وتــن..

 

قوڕی ســوور بۆ خەنەبەندان..

بـەڕوو.. ئەبێ بە پێـخەسوو

بـنـەمۆردێ.. بـرازاوا و

ئـاوی چەمیش بـادەی عەشق و

لـێوی خۆیان پیاڵەی ناسک..

تەق تەق.. بە یەکیـا ئەکـێشـن

لە نــاااااو پەردەی مــانگـەشــەوا

بەر لــــەوەی پێکــەوە بـمــرن

توند توند.. یەک لە ئامێز ئەگرن.

 

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك