ماندێلا گه‌وهه‌ره‌ ڕه‌شه‌كه‌ى ئه‌فه‌ریقا

ماندێلا گه‌وهه‌ره‌ ڕه‌شه‌كه‌ى ئه‌فه‌ریقا

251 خوێندراوەتەوە

و. لاوان عوسمان

سیاسیی و خەباتگێڕێک لەباشووری ئەفریقاوه‌، یەکەم سەرۆکی ( ڕەشپێست)ی ئەو وڵاتە. ستەمی ڕەتکردەوەو دژی ڕەگەزپەرستیی جەنگاو زیاد لە چارەکە سەدەیەکی لە زییندان گوزەراند. کاتێکیش ئازادبوو بەرگریی لە زییندانەوانەکەی کرد، وە سوور بووە لەسەر تێپەڕاندی کیینە کەڵەکەبووەکان، لەپێناو یەکدەستیی نیشتیمانیی.

لەدایکبوون و پێگەیشتن

نێلسۆن ماندێلا لە۱٨/۷/۱۹۱٨ لە شارۆچکەی "مفیزۆ" ی ناوچەی ترانسکای لە باشووری ئەفریقا لە دایکبووە، باوکی ناوی نا "دۆلیهلاهلا" بە زمانی ئەفریقایی واتە (شەڕانگێز!) بەڵام لە خوێندنگەی سەرەتایی دوای ئەوەی مامۆستا سپیپێستەکانی نەیانتوانی ناوەکەی دەرببڕن ناونرا " نێڵسۆن" .

تەمەنی ۹ ساڵبوو کاتێک باوکی کۆچی دواییکرد، دواتر لەگەڵ حاکمی گەلی " پامبۆ"( جۆنجینتابا دالییندیبۆ) ژیا، چونکە ئەو چاکەی باوکی ماندێلای دایەوەو گرتیە خۆی بەهۆی ئەوەی کە پێش چەند ساڵێک باوکی ماندێلا چاکەی لەگەڵ کردبوو وە کردبووی بەسەرۆکی هۆزی "پامبۆ".

،،

باوکی ماندێلا  ناوی نا "دۆلیهلاهلا" بە زمانی ئەفریقایی واتە (شەڕانگێز!)

خوێندن و درووستبوون

یەکێکبوو لەو منداڵە ئەفریقییە کەمانەی کە توانیبوویان بچنە بەر خوێندن لە خوێندنگە سەرەتاییەکاندا، لە خوێندنگە سەرەتاییە بەڕێکەرەکاندا خوێندنی تەواو کردووەو، سەرکەوتنی بەرچاویشی بەدەستهێناوە، دواتر لە کۆلێژی "فۆرت هاریی" وەرگییراوه.

بەڵام دواتر دەرکرا لەگەڵ هاوڕێکەی بەناوی "ئۆلیڤەر تامبۆ" بەهۆی بەشدارییکردنی لە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران لەبەرامبەر سیاسەتی جیاکاریی ڕەگەزپەرستانە ، بۆیە نەیتوانی خوێندنەکەی بە ڕێکوپێکی تەواو بکات، بۆیە بەشێوەی ئۆنلاین لە جۆهانسبۆرگ تەواویکرد و لێسانسی لە یاسادا بەدەستهێنا.

ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان

خۆی خەریک نەکرد بەکاروباری حکومیی و کارگێڕییەوە ، چونکە کاری وا بەردەست نەبوو بۆ ئەوان (ئەو ڕەشپێستانەی سیاسەتی جیاکاریی ڕەگەزییان ڕەتدەکردەوە )، هەر بۆیە لە ساڵی ۱۹٥۲ لەگەڵ ئۆلیڤەر تامبۆی هاوڕێی بیرۆیەکی پارێزەریی کردەوە، کە یەکەمیین بیرۆی پارێزەریی (ڕەشپێستەکان) بوو لە باشووری ئەفریقادا.

ئەزموونی سیاسیی

گەشتی لەگەڵ سیاسەت لە بیستەکانی تەمەنیەوە دەستیپێکرد، لە ساڵی ۱۹٤۲ چووە ناو حیزبی ـ کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقیی ـ بەرهەڵستکاری سیاسەتی جیاکاریی ڕەگەزپەرستیی و تیایدا چالاک بوو، وە هەوڵیدا له‌ گۆڕینیدا بۆ جووڵانەوەیەکی جەماوەریی کە لە هەموو چیینە ئەفریقییەکان لە خۆبگرێت، وە یەکێکبوو لە دامەزرێنەرانی "یەکێتیی شەبیبە" لەناو حیزبدا.

وەک کاتێکیش حیزب دەستیکرد بە " هەڵمەتی ئاڵنگاریی" ماندێلا لە ناو وڵاتدا دەگەڕا و هانی خۆگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی دەدا لە بەرامبەر یاساکانی جیاکاریی ڕەگەزپەرستیی ، بڕیاری زییندانییکردنی دەرچوو ، بەڵام جێبەجێکردنەکە ـ مەبەست بڕیارەکەیەـ وەستاو ڕێگریی لێکرا کە بۆ ماوەی شەش جۆهانسبۆرگ جێبهێڵێت، ئەویش سوودی لەوکاتە وەرگرت بۆ ئامادەکردنی پلانێک تا لقەکانی حیزب بگۆڕێت بۆ شانەی بەرگریی نهێنیی.

وە دوای ڕووداوەکانی کوشتارگەی "شاریفیل" لە ساڵی ۱۹٦۰ کە تیایدا پۆلیس تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردو تیایدا سەدان کەس کوژران و بریندارکران ، و دەسەڵات هەموو چالاکییەکانی حیزبی کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقیی قەدەغە کردو ماندێلا دەستگیرکرا.

وە دوای ئازادکردنی لە ساڵی ۱۹٦۱، سەرکردایەتیی بەرگریی نهێنیی کردووه ، وە لە ساڵی ۱۹٦۲ سەفەری کردووە بۆ جەزائیر بۆ ڕێکخستنی مەشقدانەوەی چەند یەکەیەکی باڵی سەربازیی حیزب، وە دوای گەڕانەوەی دەستگیرکرا بەتۆمەتی جێهێشتنی وڵات، بەڕێگەی نایاسایی، و هاندان بۆ مانگرتن و ئەنجامدانی کاری توند و تیژیی، وە کاتێکیش دادگایی کرا، بەرگریی لەخۆی کرد.

لەکاتی دادگایکردندا بەم شێوەی باسی حاڵی خۆی دەکات:( لەکاتی دادگاییکردنمدا، بە جلوبەرگی ـ کۆسای درووستکراو لە پێستی پڵنگـ چوومەژوورەوە وە ئەم جلوبەرگەشم هەڵبژارد بۆ زەقکردنەوەی مانایەکی ڕەمزیی ـ بەوەدا کە پیاوێکی ڕەشپێستم و لەدادگای کەسێکی سپیپێستدا دادگایی دەکرێم، وە من لە سەر شانم مێژوو و کولتوری گەلەکەمم هەڵگرتبوو، وە من دڵنیابووم دەرکەوتنم لەو جلوبەرگەدا ترس دەخاتە دڵی دەسەڵاتەوە لەبەرامبەر کولتوری ئەفریقا و شارستانییەتەکەی).

سزای پێنج ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێنرا، وە پێش تەواوکردنیشی لەساڵی ۱۹٦٤ سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، ئەوە سەرەتای ڕێگای خەبات و توانا و ئارامگرتنێک بوو کە بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک تولی کێشا، کە لەڕێگایەوە ماندێلا گۆڕا بۆ هێمایەک بۆ ئازادیی وە هێمایەک بۆ بەرخودان و خەبات.

،،

لەماوەی زییندانییکردنیدا بوو بە سیمبولێکی نێودەوڵەتیی بۆ خەبات دژی ڕەگەزپەرستیی، وە حکومەتی باشووری ئەفریقیی ملی دا لەبەرامبەر پەستانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و لە ساڵی ۱۹۹۰ و دوای زیاتر لە ۲۷ ساڵ لە زیندان ئازادکرا.

ئیرادەی بەرنەداو سەرەڕای ستەم و تاریکیی زیندان و وازی نەهێناو نەگەڕایەوە لەوەی کە بڕوای پێیهەبوو، پێشنیارێکی ئازادکردنی ڕەتکردەوە لەبەرامبەر گەڕانەوەی بۆ ناو هۆزەکەی و وازهێنانی لە بەرەنگاریی، وە دواتریش پێشنیارێکی تری ڕەتکردەوە لەبەرامبەر ڕاگەیاندنی کۆتایپێهێنانی توندوتیژیی.

وە لەماوەی زییندانییکردنیدا بوو بە سیمبولێکی نێودەوڵەتیی بۆ خەبات دژی ڕەگەزپەرستیی، وە حکومەتی باشووری ئەفریقیی ملی دا لەبەرامبەر پەستانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و لە ساڵی ۱۹۹۰ و دوای زیاتر لە ۲۷ ساڵ لە زیندان ئازادکرا.

دوای ئازادکردنی وەستاندنی خەباتی چەکداریی ڕاگەیاندو ڕێبەرایەتیی گفتوگۆکانی کرد لەگەڵ سەرۆکی سپییپێستی باشووری ئەفریقیی" فریدریک ویلیام دیکلیرک" بۆ کۆتاییپێهێنانی جیاکاریی ڕەگەزپەرستییانە، وە بەدیهێنانی ئەو خواستانەی کە لە کتێبەکەیداـ گەشتە دوورودرێژەکەم لە پێناو ئازادییداـ ئاماژەی پێکردبوو، " دوای دەرچوونم لە زیندان ئەرکم ئەوە بوو کە ستەمکار و ستەملێکراو پێکەوە ئازاد بکەم."

باشووری ئەفریقا لە سیستمی جیاکاریی ڕەگەزپەرستییانە هاتە دەرەوەو دەستوورێکی نوێی فرەڕەهه‌ندیی دانا، وە لەساڵی ۱۹۹٤ ماندێلا وەک سەرۆک هەڵبژێردرا کە یەکەم سەرۆکی " ڕەشپێست" بوو لەو وڵاتەدا.
وە لە ساڵی ۱۹۹۹ دا بڕیاری خانەنشیینبوونی دا و کاندید نەبوویەوە بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتیی، بەڵکو خەریکبوو بە کاری خێرخوازییەوە لە ڕێگەی " دامەزراوەی ماندێلای خێرخوازیی بۆ بەرگرتن لە ئایدز و سندوقی نێلسۆن ماندێلا بۆ منداڵان."

خەڵات و نیشانەکان " ویسامەکان"

خەڵاتگەلی زۆری جیهانیی و ویسام و بڕوانامەی فەخریی بەدەستهێناوە، لە دیارتریینیان: خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی بوو کە لە ساڵی ۱۹۹۳ بەهاوبەشیی لەگەڵ کۆتا سەرۆکی ڕژێمی جیاکاریی ڕەگەزپەرستییانە لە ئەفریقیای باشوور " فریدریک ویلیام" بەدەستیهێناو نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەک باڵوێزی نییەتباشیی لە ساڵی ۲۰۰٥ هەڵیانبژارد.

کۆچی دوایی

نێلسۆن ماندێلا لە ٥ی۱۲ی ۲۰۱۳ لە باشووری ئەفریقا دوای ململانێیەکی دوورودرێژ لەگەڵ نەخۆشیی کۆچی دواییکرد، گەلەکەی بە فرمێسک و گوڵ بەڕێیانکردو زۆر سەرکردەی جیهانیی ئامادەی بەخاکسپاردنی بوون، وە ژمارەیەکی زۆریش لە وڵاتان ماتەمگرتنیان ڕاگەیاند.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك