بەنهێنى، لەسەر دواخستنى پێکهێنانى کابینەى نوێ رێککەوتوون

یەکێتى و پارتى، بەمزوانە حکومەت تەشکیل ناکەن

بەنهێنى، لەسەر دواخستنى پێکهێنانى کابینەى نوێ رێککەوتوون

1350 خوێندراوەتەوە

 

بەمەبەستى گۆڕەفشارى زیاترى گۆڕان، تەسفییەکردنى کێشەکانیان، و پابەند نەبوونی حکومەتى هەرێم بە یاساى بودجەى عێراق بۆ ساڵى ٢٠١٩ ، پارتى و یەکێتى رێک کەوتوون کە کابینەى نوێ بەمزوانە پێکنەهێنن.

 

 هەرچەندە، سەرکردەکانى هەردوو حزبى دەسەڵات یەکێتى و پارتى وا خۆیان نیشان دەدا کە ئەوان هێشتا رێک نەکەوتوون و هەندێ وردەکاریان ماوە، بەڵام بەپێى بەدواداچوونى دیپلۆماتیک هەردوولایان لەئێستادا رێک کەوتوون کە جارێ کابینەى نوێ پێک نەیەت و راگەیاندنى دوا بخەن.

 

،،

سوود لەم دۆخە وەر دەگرن بۆ دانەوەى قەرزە کەڵەکەبووەکانیان

 

لەم شیکاریەدا هۆکارە سەرەکییەکانى دواخستنى پێکهێنانى کابینەى نۆیەم لەلایەن پارتى و یەکێیتەوە بەوردى دەخەینە روو.

 

یەکەم: خۆڵکردنە چاوى بەغداد

 

هەرچەندە پارتى و یەکێتى لەچەند مانگى رابردوودا رێکەوتنیان لەبەرچاوى بەغداو کەناڵەکانى راگەیاندن واژۆ کرد، تاکو بە بەغدا بڵێن ئەوە ئەوان رێککەوتوون و حکومەتى نوێ پێک دەهێنن.. بەڵام ئەمە تەنها یارییەکى سیاسی و خۆڵکردنە چاوى بەغدا بوو.

چونکە، دواى ئەو واژۆیە نەک کابینەى نوێ پێک نەهات بەڵکو چوونەوە سەرەتاى گفتوگۆکان و جارێکى دیکە لە کەناڵەکانى راگەیاندنەوە گوتیان: گەڕێکى دیکەى کۆبوونەوە و دانوستانەکانمان دەست پێدەکەینەوە.

 

،،

پارەى بەغدا تەنها کۆى کردنەوە، بەڵام حکومەتى هەرێمیان پێک نەهێنا.

 

ئەم جوڵە سیاسییەشیان دواى ئەوە بوو کە بەجیا سەردانى بەغدایان کرد، بەڵام ئەو پەیامەیان پێدرابوو هەتاکو رێک نەکەون و حکومەتى نوێ پێک نەیەت و پابەند نەبێت بە ناردنى نەوت بەو شێوەى لە یاساى بودجەى ٢٠١٩ هاتووە بەهیچ شێوەیەک بەغدا پارە نانێرێت.

 

بەڵام یەکێتى و پارتى ئەمرۆ دۆخەکە لەبەرژەوەندى خۆیان دەقۆزنەوە، دواى ئەوەى بەغداد پابەند بووە بە ناردنى بەشە بودجەى دیارى کراوى هەرێم، حکومەتى هەرێم پابەند نەبووە بە یاساکەو نەوت رادەستى بەغدا ناکات.

 

چونکە حکومەتى هەرێم ئەمرۆ حکومەتى کاربەرێکەرەو بەپێى یاسا دەسەڵاتى پابەندبوونى بە رێککەوتنەکانەوە نییە، بۆیە پارتى و یەکێتى هەتاکو درەنگتر حکومەت و کابینەى نوێ پێک بهێنن لەبەرژەوەندى ئەوانە.

هەروەکو لێدوانى هەندێ لە پەرلەمانتارە کوردەکانى بەغداش پێشتر ئاماژەیان بەوەدا کە حکومەتى هەرێم پابەند نابێت بە (یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٩ عێراق) بۆیە برینى موچەى فەرمانبەران جارێکى دیکە لە لێوارێکى مەترسیدایە.

،،

دەیانەوێت بەم رێگەیە حەق لە بەغدا بکەنەوە و قەرزەکانیان بدەنەوە.

 

پارەکە چى لێ دەکەن؟

مانگانە حکومەتى ناوەندى پابەندە بە یاساکەو پارەى تەرخانکراو دەنێرێت، بەڵام حکومەت بەهیچ شێوەیەک نەوت رادەست ناکات و تا ئەمرۆش سەربەخۆ دەیفرۆشێت، تاکو بەو پارەیەو بە فرۆشتنى نەوت، ئەو قەرزە کەڵەکەبوانەى کە کەوتۆتە سەرى هەموویان بداتەوە و بەمەش حەق لە بەغدا بکاتەوە کە لە ساڵى ٢٠١٥ بودجەى هەرێمى کوردستانى بڕى.

 

 

 

دووەم: گۆڕە فشارى گۆڕان

گۆڕان بە کۆمەڵێک بەڵێن و مەرجەوە چووە نێو دانوستانەکان و بە دەنگدەرو هەوادارانى گوت، کە لەزووترین کاتدا کابینەى نوێ پێک دێت و موچە لەسەر دەستى ئەوان باش دەبێت و خزمەتگوزارییەکان پەرە پێ دەدەن.

 

بەڵام پارتى و یەکێتى، دەیانەوێت گۆڕان بەتەواوى بکەن بە حزبێکى لاوازى بەردەستى خۆیان و جارێکى دیکە بیر لە ئۆپۆزیسیۆن بوون و گەرمکردنەوەى پەرلەمان نەکەنەوە.

 

،،

دەبێت گۆڕان رۆژانە لەبرى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى، پینەى ئەم دۆخە چەقبەستووە پارتى و یەکێتى بکات.

 

چونکە هەتاکو درەنگتر کابینەى نوێ پێک بهێنرێت ئەوا گۆڕان زۆرتر ئیحراج دەبێت و ناتوانێ وەڵامى پرسیارەکانى شەقام و هەوادارەکانى بداتەوە، ئەمە جگە لەوەش دەبێت رۆژانە پینەى ئەم دۆخە چەقبەستووەى ئێستا بکات.

  

سێیەم: کێشە ناوخۆییەکانیان

پارتى و یەکێتى بەتایبەت یەکێتى، لەگەڵ پێکهێنانى حکومەت دەنگى تەسفییەى باڵ و دەنگە جیاوازییەکانى نێو مەکتەب سیاسییان بەرزە، و هەریەکە و لەبەرژەوەندى خۆى بەڕەکە بۆ ژێر کورسییەکەى رادەکێشێت.

یەکێتى هەتاکو ئەمرۆ لەسەر زۆرێک لە کاندیدەکانى بۆ پشکەکانى حکومەت رێک نەکەوتووە و رۆژ بەرۆژ باڵە نوستووەکانیش زیندوو دەبنەوەو داواى مافى خۆیان دەکەن. 

،،

تەسفییەکردنى کێشەکانیان لە سایەى دواخستنى پێکهێنانى کابینەى نوێ.

  

بۆیە دەیانەوێت زۆر بە شێنەیی حکومەت پێک بێت، تاکو لەسەر کێشە ناوخۆییەکانیان پێک بێن و بە پارچە پارچەکراوى بەشدارى کابینەى نوێ نەکەن.

 

هەربۆیە هەردوولایان( پارتى و یەکێتى) وایدەبینن دۆخى چەقبەستووى ئێستا لە بەرژەوەندى ئەواندایە، بۆیە کەشێکى متبوو باڵى کێشاوە بەسەر گفتوگۆو دانوستانەکانیان و دەیانەوێت جارێ کابینەى نوێ رانەگەیەنن.

 

بۆیە ئەگەر تەداخولى وڵاتانى دەرەکى بەتایبەت ئەمریکا و ئێران لەلایەک و هەڕەشەى موچەبرینى بەغدا لەلایەکى دیکە کێشەیان بۆ درووست نەکات پێدەچێت پێکهێنانى کابینەى نوێ ژمارەى پێوانەیی بشکێنێت و پێش زۆرێک لەو وڵاتەنەش بداتەوە کە ناوبانگیان وا رۆشتووە بەزۆرترین ماوە حکومەتیان پێک هێناوە.

 ئەمە لەکاتێکدا، ٢٠٠ رۆژ زیاترە هەڵبژاردن بۆ خولى نوێى پەرلەمانى کوردستان کراوە، بەڵام تاکو ئێستا هاوڵاتیان چاوەڕوانى پێکهینانى کابینەى نوێ دەکەن. 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان