بولبولەکەی خومەینی دوای شەڕ چی بە سەر هات؟

بۆچی حاشای لە کوڕی خۆی کرد؟

بولبولەکەی خومەینی دوای شەڕ چی بە سەر هات؟

1341 خوێندراوەتەوە

 

 

لە شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا، کە ماوەی ٨ ساڵی خایاند، لە ناو سوپای ئێرانیدا دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش سەری هەڵدابوو کە زۆر مایەی تێڕامان و لێوردبوونەوە بوو. نەوحە بێژێک دەرکەوتبوو کە ورە و حەماسێکی سەرسووڕهێنەری بە پاسدار و سەربازەکان دەبەخشی.

دەنگ و بەستەکانی بە رادەیەک لە سەر مێشک و دەروونی پاسدار و سەربازەکان کاریگەر بوون کە شەیدای خۆ بە کوشتدان و بە واتای خۆیان شەهید بوونی دەکردن و لە سەر بەرەکانی پێشەوەی شەڕ و (شەهادەت) پێشبڕکێیان دەکرد.

 

سادق ئاهەنگەران، ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە پارێزگای عەرەبنشینی خووزستان لە دایک بووە، لە تەمەنی ١٢ – ١٣ ساڵییەوە سەردانی حسێنییەی شارەکەیان دەکات و بە هۆی دەنگە خۆشەکەی هەر زوو تێکەڵ بە دەستەکانی نەوحە بێژی دەبێ کە لە رێوڕەسمە ئایینییەکانی شیعەدا شینگێڕی دەکەن.

،،

  ئاهەنگەران بەو هۆیەوە لە ماوەیەکی کورتدا دەگاتە ئەو کۆبوونەوە گشتیانەی کە خومەینی لە ماڵەکەی خۆی بۆ هێزە تایبەتەکانی شەڕ رێکیان دەخات و وتاریان بۆ دەدات.

 

ماوەی شەش مانگی دەمێنێ خزمەتی سەربازییەکەی تەواو بکات کە خومەینی رابەری شۆڕش، فەرمان دەکات ئەفسەران و سەربازان پشت لە حکومەتی پاشایەتی بکەن و سەربازگەکان چٶڵ بکەن، بۆیە بە فەرمانی خومەینی سەربازگە بەجێ دێڵێ و دەچێتە ریزی شۆڕشگێڕانی دژ بە رژێمی پاشایەتی و وەک پێشەنگی خۆپێشاندەران دروشمەکانیان پێ دووبارە دەکاتەوە.

 ئەو لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕش دەستبەجێ دەچێتە ناو یەکەم دەستەکانی پاسداران کە سەرەتا بە کۆمیتەکانی شۆڕشی ئیسلامی ناسرابوون. لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، زۆر ناخایەنێت کە یەکەم بڵێسەکانی شەڕ لە پارێزگاکەی ئەو واتە خووزستانەوە هەڵدەگیرسێت و رەوانەی بەرەکانی شەڕ دەبێ و لە رۆژانی سەرەتای شەڕ لە کاتی نەوحە بێژی لە پرسەی ئەو پاسدار و سەربازانەی کوژراون، چیرۆکی کوژرانیان تێکەڵ بە چیرۆکی ئیمام حوسێن لە دەشتی کەربەڵا دەکات، ئەوە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەنگ دەداتەوە و بە خێرایی گرنگی کاریگەربوونی خۆی لە سەر حەماس و دەروونی پاسدارەکان دەسەلمێنێ.

  ئاهەنگەران بەو هۆیەوە لە ماوەیەکی کورتدا دەگاتە ئەو کۆبوونەوە گشتیانەی کە خومەینی لە ماڵەکەی خۆی بۆ هێزە تایبەتەکانی شەڕ رێکیان دەخات و وتاریان بۆ دەدات.

بەو شێوەیە ئاهەنگەران یەکەم نەوحەی بەناونگی بۆ کوژراوانی خووزستان لە بارەگای خومەینی چڕی و هەر ئەو ررۆژە چوار جار لە تەلەفزیۆنی ئێران بڵاو کراوە.

ئیدی لەو رۆژە بە دواوە سادق ئاهەنگەران ئەو نەوحە بێژە ئەفسووناوییەوە بوو کە بە درێژایی ٨ ساڵ شەڕی قورس لە نێوان عێراق و ئێراندا، تەنیا بە بڵند گۆیەک (موکەبەرە) و پارچەیەک کاغەزەوە بە هەزاران هەزار پاسدار و سەربازی لە گوند و شارەکانی ئێرانەوە رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد و شەیدای شەهیدبوونی کردن.

 

ئەو جگە لەوەی بۆ کۆکردنەوەی هێزی شەڕ شارە و شار دەگەڕا و نەوحەی دەخوێند، شەوانی پێش هێرش لە بەرەکانی شەڕ لە ناو خێمەکاندا تا بەرەبەیان و کاتی فەرمانی هێرش، چیرۆکی "کوژرانی مەزلوومانەی ئێمامی حسێن و یاوەرانی" بە نەوحە بۆ پاسداران دەچڕی و سەدامی بۆ دەشوبهاندن بە یەزید و مەعاویە و شمر، نەوحەکانیشی بەردەوام هەڵگری وشەی نهێنی هێرش بوون و لەو رێگەیەوە پێ دەوتن وشەی نهێنی هێرشی ئەمشەومان بۆ نموونە (یا حوسەینە) بۆیە کاتێک لە دەستپێکی هێرشدا دەوترا یا حوسێن، ئیدی ئەو پاسدارانەی تا بەرەبەیان نەوحەی شەهیدبوونیان بە گوێدا خوێندرابوو بە گوڕم و حەماسێکی واوە بەرەو پێش دەڕۆیشتن و خۆیان دەخستە باوەشی (شەهادەت) کە لە راستیدا شێوەی ئەفسانەی وەردەگرت.

،،

ئەو لە ماوەی ٨ ساڵەکەدا تەنیا بەشداری دوو هێرشی نەکردووە، ئەویش لە بەر ئەوەی لەو کاتانەدا چووە بۆ حەج، دوای گەڕانەوەی لە حەج تا ئێستا هەر بە حاجی سادق بانگی دەکەن.

 

ئەو حاڵەتە بەرادەیەک کاریگەر بوو کە هێزەکانی بەعسی تووشی سەرسووڕمان کردبوو، بۆیە بۆ شکاندنی ورەی پاسدارەکان لە کاتی شەڕدا، رادیۆی رژێمی بەعس رایدەگەیەنێت ؛ "هێزەکانیان لە بەرەکانی شەڕ بولبولە خۆش ئاوازەکەی خومەینیان بە دیل گرتووە"، بەڵام لە راستیدا ئەوە تەنیا فێڵێک بووە و ئاهەنگەران لە ماوەی ٨ ساڵ شەڕدا کە بەردەوام لە بەرەکانی پێشەوە و لە ناو سەنگەرەکان و خەنەدەقەکاندا بووە و سەرقاڵی نەوحە بێژی بووە، تەنانەت بۆ جارێکیش بریندار نەبووە و هیچ کات تەڵزمێکیشی بەر نەکەوتووە، خۆی پێیوایە "میهری ئالی بەیت پاراستوویەتی بەشکوو تا کاتی هاتنی ئیمامی مەهدی بمێنێ و خزمەتی ئاشقانی رێبازەکەیان بکات".

 

دوای ئەو رووداوە ئیدی سادق ئاهەنگەران بە بولبولەکەی خومەینی ناوبانگ دەردەکات، ئەو لە ماوەی ٨ ساڵەکەدا تەنیا بەشداری دوو هێرشی نەکردووە، ئەویش لە بەر ئەوەی لەو کاتانەدا چووە بۆ حەج، دوای گەڕانەوەی لە حەج تا ئێستا هەر بە حاجی سادق بانگی دەکەن.

 

 

ئاهەنگەران لە قۆناغی دوای شەڕدا

لە دوای شەڕ حاجی سادق درێژە بە خوێندن دەدات و لە زانکۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی ئەدەبی فارسی وەردەگرێت، دەبێت بە بەرپرسی ناوەندی دەستەکانی نەوحەی هێزە چەکدارەکان، هەموو نەوحەکانی کۆ دەکاتەوە و لە چەند ئەلبوومێکدا بڵاویان دەکاتەوە، هەروەها بیرەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ تێکستی نەوحەکانی لە کتێبێکدا بڵاو کردووەتەوە.

لە بارەی ئاوازی نەوحەکانی دەڵێت؛ ستایلەکەی عەرەبی باشووری ئێرانە و هەندێکجار شێوازی لۆڕی تێ دەکەوێت، ئەو هیچ شتێک لە بارەی مۆسیقا نازانێ و لاری نییە لەوەی هەندێک نەوحە لەگەڵ مۆسیقادا رێک بخرێن و چەند کارێکی لەو شێوەیەشی کردووە، وەک خۆی دەڵێت؛ بۆ ئەوەی بۆ نەوەی نوێ نامۆ نەبن، بەڵام دژی ئەوەیە کە ریتم و شێوازی رۆژئاوایی تێکەڵ بە نەوحە بێژی بکرێت و پێیوایە  دوژمنانی ئیسلام دەستیان بردووەتە ناو شێوازەکانی نەوحە بێژی و بە مەبەست هەوڵی تێکدانی دەدەن و دەبێ رێگرییان لێ بکرێت.

 

سادق ئاهەنگەران بەردەوام خۆی لەوە بە دوور گرتووە کە بۆ پۆستە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی کاندید بێت و بەشداری هەڵبژاردن بکات، ئەو سەرباری ناو و ناوبانگی زۆر و ژمارەی لە رادەبەدەری لایەنگرانی دەڵێت: " تەنیا خزمەتکاریی ئیمام حوسێن و ئالی بەیتم بەسە". کادێری سوپای پاسدارانە و بە پلەی عەمید خانەنشین کراوە. بەڵام لە نەوحە بێژی بەردەوامە و لە یاد و ساڵانەی (شەهیدانی شەڕدا) بەشداری دەکات.

 

جەخت لەوە دەکات کە لە کێشە و ململانێکانی باڵەکانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی بە دوورە، بەڵام لە راستیدا سەر بە باڵی موحافزکار و رەوتی عەلی خامەنەیی رابەرە و باڵباڵێنی ناو کۆماری ئیسلامی بە رادەیەک داوێنی خێزانەکەی گرتووە کە ناچاری کردووە حاشا لە کوڕە گەورەکەی بکات.

 

محەممەد عەلی کوڕە گەورەی ریفۆرمخوازێکی توندڕەوە و راشکاوانە رایگەیاندووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی بە هاشمی رەفسەنجانی و حەسەن روحانی داوە و بەردەوامیش هاتوچۆی محەممەد خاتەمی سەرۆک کۆماری ریفۆرمسیتەکان دەکات. ئەو لە ناو موحافزکارەکاندا بە تانە و تەشەر پێی دەوترێت کوڕەکەی نووح.

 

 

کوڕی ئاهەنگەران یا کوڕی نووح؟

سادق ئاهەنگەران بڕوای تەواوی بە ویلایەتی فەقیه و رابەرایەتی رەهای عەلی خامەنەیی هەیە و دژی ئەو کرانەوەیە کە ریفۆرمخوازان دەیانەوێ لە سیستەمی سیاسی ئێران لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە جێبەجێی بکەن، ئەوەیش خاڵی ناکۆکی نێوان ئەو و محەممەد عەلی کورە گەورەیەتی.

 

ئەو ناکۆکییە بە رادەیەک لە نێوان باوک و کوڕدا قووڵ دەبێتەوە کە دەگاتە میدیاکان و بە گوێی عەلی خامانەیی رابەری ئێرانیش دەگات، حاجی سادق بۆ ئەوەی دڵی رابەری لێ زویر نەبێت و پێشان بدات پابەندبوونی بە بنەماکانی بیروباوەڕی موحافزکاران خەوشی تێنەکەوتووە، لە رێوڕەسمێکدا کە بە ئامادەبوونی رابەر بۆ خانەنشینانی سوپا رێکخراوە و بۆی دانراوە نەوحەبێژی بکات، لە کاتی نەوحە بێژیدا روو دەکاتە رابەر و شیعرێک دەڵێ کە تێیدا جەخت دەکات ؛ ئەو وەکوو نووحی پێغەمبەر وایە کە لە پێناو راستیدا پشتی لە کوڕەکەی کرد، ئاهەنگەران لەو شیعرەدا بە خامەنەیی دەڵێ: نووحی ئاسمانی من ئاماژەیەک بکەی، نەک هەر کوڕ بگرە گیانی خۆم و هەموو جیهانت لە پێناو دەبەخشم. لەو کاتەدا هەموو ئامادەبووان دەست دەکەن بە گریان و قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسیش کە بەشدارە بە کوڵ دەگری.

،،

من دەوڵەتی ئیسلامی وەکوو کەشتییەکەی نووح دەبینم کە کەشتیوانێکی شارەزای هەیە و بە رادەیەک فراوانە کە هەر مرۆڤێکی بە هەر رەگەز و رەنگێک تیادا جێ دەبێتەوە.

 

 ڤیدیۆی ئەو رووداوە بە شێوەیەکی فراوان لە تٶڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبێتەوە و موحافزکاران بۆ دزێوکردنی سیمای محەممەد عەلی بەکاری دەهێنن و دوای ئەوە چیدی بە کوڕەکەی نووح ناوبانگ دەردەکات. باوکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند ئەو لە بیروبۆچوونەکانی کوڕەکەی بێبەرییە و حاشای لێ دەکات.

 ئەوەیش کاریگەری دەروونی لە سەر کوڕی گەورەی حاجی سادق دادەنێ و وای لێ دەکات نامەیەک بۆ عەلی خامەنەیی رابەر بنووسێت و لە نامەکەیدا بۆ خامەنەیی ئەوە روون دەکاتەوە کە هۆکاری تۆمەتبارکردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وەکوو زۆر ئێرانی دیکە لە ئەنجامی بەدواداچوون و بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا رێبازی ریفۆرمخوازی هەڵبژاردووە، ئەو لە نامەکەیدا بۆ رابەر بە جۆرێکی دیکە ناوی نووح دەهێنێ و بە دیوێکی دیکەدا گوزارشتی لێ دەکات و نووسیویەتی:

من دەوڵەتی ئیسلامی وەکوو کەشتییەکەی نووح دەبینم کە کەشتیوانێکی شارەزای هەیە و بە رادەیەک فراوانە کە هەر مرۆڤێکی بە هەر رەگەز و رەنگێک تیادا جێ دەبێتەوە، هەروەها دەڵێت: من کوڕی نووح نیم، زۆربەی ئەو کوڕانەیش بیرکردنەوەیان هاوشێوەی باوکە موجاهیدەکانیان نییە کوڕی نووح نین، ئێمە لە ناو کەشتییەکەداین و زریان و گێژاوەکان تێدەپەڕێنین.

 

محەممەد عەلی ئاهەنگەران بە پێچەوانەی باوکی هەستێکی باشی بەرامبەر جەنگ نییە و لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێ: جیهاد و خۆڕاگری شتێکی باشە، بەڵام کەسانێک هەن دەڵێن گەنجەکانمان بە دەنگی باوکی تۆ خۆیان بە مینەکاندا تەقاندەوە. هەروەها لە بارەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دەڵیت: نابێ لەو شەڕە ئەفسانە دروست بکرێ، ئێران لە هەندێک لە هێرشەکاندا شکستی هێناوە، پێویستە بزانین هۆکاری شکستەکان چی بووە و هۆی چی بوو کە لە دوای گرتنەوەی خوڕەمشار شەڕ بەردەوام بوو و بۆچی بڕیاری ٥٩٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان قبوڵ کرا و پێویستە راستگۆیانە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە، ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە ناتوانین بەرگری لە بەهاکانمان بکەین.

،،

کوڕە گەورەکەی حاجی سادق خۆی بە رۆڵەی شۆڕش دەزانێ و دەڵی ئێستایش ئەو پارە ئاسنانەم ماوە کە ئیمام خۆمەینی لە منداڵیمدا بە جەژنانە پێی داوم.

 

هەروەها رەخنە لە سانسۆر دەگرێ و ناوی کەسایەتییە سیاسییەکانی وەک حسێنعەلی مونتەزەری جێگری پێشووی خومەینی ، ئایەتوڵڵا تاڵەقانی مەرجەعی ناڕازی و مەهدی بازرگان سەرۆک وەزیری پێشووتری ئێران دەهێنێت کە بە هۆی دژایەتیکردنی خومەینی لەگەڵیان پەراوێز خراون. باس لەوەیش دەکات کە تەلەفزیۆنی ئێران لە دۆکیۆمێنتارییەکدا لە بارەی باوکی کە ئەویش تیادا دەرکەوتووە، وێنەکانی ئەویان سانسۆر کردووە.

محەممەد عەلی ئاهەنگەران لە کاتێکدا هاتووەتە دنیا کە باوکی لە نەخۆشخانە دایکی بە دووگیانی جێ هێشتووە و بۆ نەوحە بێژی چووەتە حسێنییەی شارەکەیان، دایکی دەڵێ لە کاتی منداڵبوونیدا دڵی بەوە خۆش بووە کە دەنگی مێردەکەی لە بڵندگۆی مزگەوتەوە بیستووە.
کوڕە گەورەکەی حاجی سادق خۆی بە رۆڵەی شۆڕش دەزانێ و دەڵی ئێستایش ئەو پارە ئاسنانەم ماوە کە ئیمام خۆمەینی لە منداڵیمدا بە جەژنانە پێی داوم.

 

بەو شێوەیە باوک و کوڕ هەر یەکە و بە رێگەی خۆیدا دەڕوا و حاج سادقی ئاهەنگەران یا بولبولەکەی خومەینی سەرباری خانەنشینبوونی لە نەوحە بێژی بەردەوامە و بە نەوحەکانی هێز بۆ بەرەکانی شەڕ لە سووریا و لوبنان و ناوچە شیعە نشینەکانی دیکەی جیهان کۆ دەکاتەوە و لە حسێنییەکاندا بەردەوام قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس و عەلی خامەنەیی رابەر دەخاتە قوڵپی گریان.

محەممەد عەلی کوڕیشی بە توندی لە سەر رێبازی ریفۆرمخوازی بەردەوامە و چالاکییە سەرنجڕاکێشەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکاتەوە و ئەو وێنانە پێشان دەدات کە لەگەڵ سەرکردە ریفۆرمخوازەکان دەیانگرێ و لە سەریان دەنووسێ "من شەیدای ئێوەم".