ئایا نەوه‌ى نوێ، ده‌توانێ ئەندام پەرلەمانەکانى ده‌ربکات؟

“بەپێى پەیره‌وى ناوخۆ، حزب ده‌توانێ ئەندام پەرلەمانەکانى لابدات”

ئایا نەوه‌ى نوێ، ده‌توانێ ئەندام پەرلەمانەکانى ده‌ربکات؟

298 خوێندراوەتەوە

جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ تا ئێستا كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌و حزبه‌ش په‌رله‌مانتاره‌ ناڕازییه‌كانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق دوور بخاته‌وه‌،‌ و یاساناسێكیش ده‌ڵێت:"په‌یڕه‌وی نێوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان پاڵپشت به‌یاسای ژماره‌110 حزب ده‌توانێت په‌رله‌مانتاری ده‌ربكات و به‌ئه‌ندامی دیكه‌ پڕی بكاته‌وه‌ به‌مه‌رجێك ده‌نگی 50 زائید یه‌كی په‌رله‌مانتاران له‌ناو په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت".

 

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، له‌به‌دواداچونێكیدا بۆ كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كازم فارووق سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ و شادییه‌ نه‌وزاد په‌رله‌مانتاری نارازى هه‌مان فراكسیۆن و دانا دارا یاسا ناس و شاره‌زا له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌.

 

ئه‌وه‌ی تائێستا جێگه‌ی قسەوباسى هاوڵاتیان و خودی به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانه‌ كه‌ ئایا حزب ده‌توانێت په‌رله‌مانتاره‌کانى خۆی دوربخاته‌وه؟! له‌كاتێكدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ده‌نگی خه‌ڵك هه‌ڵبژێردراون‌.؟

 

دانا دارا مافناس ڕایده‌گه‌یه‌نێت: به‌پێی یاسای نوێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ماده‌ی 110 به‌وردی باس له‌ شێوازه‌كانی دورخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار ده‌كات و ده‌ڵێت:"حزب ده‌توانێ داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكات و داوا له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكات كه‌ دورخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مناتاره‌كه‌یان بخه‌نه‌ كارنامه‌ی كاره‌وه‌ و له‌هه‌ڵبژاردنێكی كراوه‌دا و دوای به‌ده‌ست هێنانی 50زائید یه‌كی په‌رله‌مانتارانی ناوپه‌رله‌مان په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان دوربخه‌وه‌ و كه‌سێكی دیكه‌ له‌هه‌مان حزب بكرێته‌ جێگره‌وه‌ی".

دانا دارا ماف ناس

 

،،
دانا دارا:

په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ڕێگه‌ به‌حزبه‌كان ده‌دات په‌رله‌مانتارانیانیان بگۆڕن.

 یه‌كێك له‌و په‌رله‌مانتارا‌نه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی دورخسته‌وه‌ی لێده‌كرێت له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وه‌ی نوێوه‌ شادییه‌ نه‌وزاده‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ئاشكرای كرد له‌لایه‌ن سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڕەشه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ی ده‌سكاری كراوی سێكسی ناوبراوی لێكراوه‌،و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندییەكانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌و سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ له‌خراپترین ئاستدایه‌.

 

شادییه‌ بۆ دیپلۆماتیك:"به‌ڵێ ئێمه‌ش ده‌نگۆی  ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وه‌ی نوێمان پێگه‌یشتووه‌، كه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره‌ ناڕازییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا سه‌رده‌گرێت په‌رله‌مانتاره‌ ناڕازییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ بڕیاری ده‌ست له‌ئه‌ندامێتی له‌نه‌وه‌ی نوێ یاخود دروست كردنی فراكسیۆنێكی نوێ له‌ژێر چه‌تری سه‌ربه‌خۆیدا بده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نین ده‌ست له‌كاربكێشینه‌وه‌ و چوار ساڵی ئاینده‌مان له‌ناو په‌رله‌ماندا له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی نه‌وه‌ی نوێدا ده‌بێت".

 

 

شادییه‌ نه‌وزاد په‌رله‌مانتاری نه‌وه‌ی نوێ(ناڕازی)

"كاتێك حزبێك ده‌یه‌وێت په‌رله‌مانتارێكی بگۆڕیت چ پێویست ده‌كات په‌رله‌مانتارانی نێو په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن؟! پێم وایه‌ ئه‌وه‌ شتێكی زیاده‌و ناپێویسته‌، به‌پێویستیشی ده‌زانم ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانتارنه‌ی كه‌ناڕازین له‌سیاسه‌تی حزبه‌كه‌یان فراكسیۆنی سه‌ربه‌خۆ له‌نێو په‌رله‌ماندا دروست نه‌كه‌ن چونكه‌ ئه‌وانه به‌بۆنه‌ی حزبه‌كانیانه‌وه‌ چونه‌ته‌ ئه‌و پۆسته‌ نه‌وه‌ك خودی خۆیان". مافناسه‌كه‌ وای وت..

 

كازم فاروق سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ دهش‌ڵێت:"ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بێته‌وه‌ و  بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ ده‌دات، و با هه‌مویان چاوه‌ڕوانی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ بكه‌ن".

 

كازم فاروق سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌په‌رله‌مانی كوردستان

،،

كازم فارووق:

سه‌عات چواری ئه‌مڕۆ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وه‌ی نوێ ئه‌نجام ده‌درێت و بڕیاری یه‌كلاكه‌ه‌ره‌وه‌ ده‌درێت.

 به‌شێك له‌و ئه‌ندامانه‌ی نه‌وه‌ی نوێ كه‌ناڕه‌زایاییان له‌هه‌مبه‌ر مامه‌ڵه‌كانی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌یان ده‌ربڕی كه‌متر له‌پێشووتر له‌ئێستادا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و گومان ده‌كرێت به‌شێك له‌و په‌رله‌مانتار و خۆبه‌خشانه‌ له‌هه‌وڵ و وته‌كانیان په‌شیمان بوبنێته‌وه‌.

 

به‌ڵام ئافره‌ته‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی نه‌وه‌ێ نوێ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ په‌شیمان بێت له‌بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاری و نهێنیانه‌ی ناو جوڵانه‌كه‌ی و ئامانجه‌كه‌شی بۆ هۆشیاری كردنه‌وه‌ی ڕای گشتی له‌دۆخی جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و به‌ خه‌ڵكی بڵێت چاوه‌ڕێی چی له‌سه‌ركرده‌یه‌ك ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ ‌كاره‌كانیه‌تی وچۆن متمانه‌ی پێده‌كه‌ن  له‌ئاینده‌دا خزمه‌تی هاوڵاتیان بكات، و ده‌شڵێت:" له‌ئێستادا هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك          ( ته‌له‌فوونی، نامه‌ ، سه‌ردان) له‌نێوان ئه‌وان و شاسوار عبدووالواحیدا نه‌ماوه‌و له‌دوای ئه‌م ڕوداوانه‌وه‌ هیچ ڕاسپارده‌یه‌كی ناوبراومان وه‌رنه‌گرتووه"‌.

 

له‌ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین په‌رله‌مانتارن له‌حزبه‌كه‌یان وازیان هێناوه‌ و وه‌ك فراكسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ناوپه‌رله‌مان درێژه‌یان به‌كاره‌كانیان داوه‌ به‌ڵام دوای هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئه‌و ماده‌یه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ر دا هاتووه‌ و دانا دارا ده‌ڵێت:"به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هیچ لایه‌نێكی سیاسی داوای پێدانی ده‌سه‌ڵاتی به‌حزبه‌كان  نه‌داوه‌ كه‌ بتوانێت هه‌ركات ویستی په‌رله‌مانتاره‌كانیان بگۆڕن،  به‌ڵام به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان ویستێكی له‌و شێوه‌یان هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دوای ئه‌م ڕوداوانه‌ی به‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێدا هات داواكاری له‌وشێوه به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكرێت".

                                                                     

 

سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ پێی وایه‌ به‌شێكی زۆری كێشه‌كان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وه‌ی نوێدایه‌و به‌گوته‌ی ناوبراو ئه‌و ناوه‌نده‌ مه‌عنین به‌چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی حزبه‌كه‌ی و به‌شێكی زۆر خۆبه‌خشانی نه‌وه‌ی نوێ زانیاری وردیان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ر و گرفته‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ نییه‌.

 

جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ خاوه‌نی هه‌شت كورسی په‌رله‌مانییه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان و چوار كورسی په‌رله‌مانییه‌ له‌په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام به‌یه‌كه‌م حزب داده‌نرێ له‌كاتێكی زه‌مه‌نی كورتدا، پاش دروست بونی توشی لێكترازانی له‌مشێوه‌یه ‌ببێت به‌ئاستێك به‌شێكی زۆری نوێنه‌رانی ئه‌و حزبه‌ له‌په‌رله‌مان داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

 

author photo

رۆژنامەنووس