..دیوە تاریک و ناشیرینەکەی شۆڕشی نوێ

تاڵانییەکەی بێتواتە

..دیوە تاریک و ناشیرینەکەی شۆڕشی نوێ

682 خوێندراوەتەوە

ئاكام عه‌لى

بێتواتە گوندێکە کەوتۆتە بناری چیای ماکۆک‌و چیای شیشار بەسەریدا ئەڕوانێ، جێگایەی خۆش‌و ئاو و هەوایەکی سازگارى هه‌یه‌، گوندێک لەبن ساباتی سەوزاییدا، مێرگێک لەباوەشی شاخێکی بڵندا، لەزستاندا خۆی بەبەفر دادەپۆشێ‌و لەهاویندا دەبێتە کوێستانێکی بچکۆلانە.

 

پێ ئەچێ زۆر لەکۆنەوە ئاوەدان بووبێ، چونکە هەندێ شوێنەواری دێرینی تێدا دۆزراوەتەوە، خەڵکی بێتواتە شارەزایی باشیان هەبوو لەبەخێوکردنی مەڕو بزندا، هەر لەزەمانی شۆڕشی ئەیلولەوه‌ ئەو ناوچەیە توشی زوڵم و ستەمی عه‌لی شه‌عبان بووبونەوە، کە باوەڕپێکراوی مەلاستەفابوو، هاوسەفەری سۆڤیەتى بوو، دەورانی عه‌لی شەعبان تەواو دەبێ و دەورانی ئەنوەربه‌گی بێتواتە دەست پێدەکا.

 

،،

 ئەو تاڵانیە گەورەیەی بەشێک لەفەرماندەکانی یەکێتی ئەنجامیاندا جێگەی سەرنج بوو

بەهاری 1983مینێک لەژێر ئۆتۆمبێلی یەکێک لەکوڕەکانی ئەنوەربەگدا ئەتەقێتەوەو هەرلەوێدا دەیکوژێ، لێرەوە ئەنوەربەگ توڕە ئەبێ و پێیوایە کەکوێخا ڕەسول ئەمکارەی کردووە گەرچی کوێخا خۆی ئەگەیەنێتە ڕانیەو دەچێتە بنکەیەکی بەعسەوە، بەڵام دەری دەهێنن‌و بە بەرچاو ئەمنەکانەوە ئەیکوژن.

خەڵکێکی زۆرى دەوروبەری بێتواتە بەزۆر چەکی جاشایەتی دەکەنە شانیان و چەندین زەڕبە لەیەکێتی دەدەن، ئەمە تاڵەبانی بێزار دەکات و بڕیاردەدا هێرشک بکەنە سەر بێتواتەو بیگرنەوە، بۆیە خودی تاڵەبانی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوە بێتواتە دەکات.

لەکۆتای مانگی دەی 1983 پەلاماری بێتواتە ئەدەن و ئەیگرنەوەو دەستکەوتێکی گەورەبوو بۆ یەکێتی و مۆڵگەیەی بەعس لەیەکێتی دوورکەوتەوەو، ئەم سەرکەوتنە دەنگدانەوەیەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو تاڵانیەبوو لەگرتنەوە بێتواتەدا بەشێک لەفەرماندەکانی یەکێتی ئەنجامیاندا.

 

هەڤاڵ کوێستانی ئاوا وێنای گرتنەوەی بێتواتەمان بۆدەکا" ئەوەی ئاوێنەی سەرکەوتنەکە لێڵکرد ڕەفتاری نابەجێی هەندێ بەرپرس بوو، هێشتا جاشەکان لەشکان هەڵنەهاتبوون، لەبری ئەوەی لەئەگەری هێرشی پێچەوانەدا سەنگەرەکان قایمتر بکەن، ڕاو ڕووت‌و ماڵتاڵانکردن دەستی پێکرد، بەماڵی ئەو ئەندامانەی ڕێخستنی نهێنی ناوبێتواتەشەوە کەلەداڕشتن‌و جێبەجێکردنی نەخشەی سەرکەوتنەکەدا بەشداری کاریگەریان هەبوو، لەوتاڵان‌و بڕۆیەدا دەرگای داخراوی ماڵان شکێنران هەرچیەک هەبوو لەو ماڵانەدا بەرشاڵاوی تاڵانکردن کەوت، دەیان ڕەزوو باخ سوتێنران، ژمارەیەکی زۆر خانو ئاگریان تێبەردرا، مریشک و مانگاو بزن‌و مەڕو ماڵات بران، فەرش و یاخچاڵ بەکۆڵ بۆپشتەوەی بەرەی شەڕگوازرانەوە، چەک و تەقەمەنی زۆر وەلانرا، ژمارەیەک دیل کوژران بەشێک لەودیلانە ئەوانەبوون بەزۆر چەکی جاشایەتیان پێکرابووە شانیان".

 

،،

هەرچەندە گوندی(نێوە)پێشتر جێگەی حەوانەی پێشمەرگەبوو،بەڵام پاش گرتنی لەلایەن یەكێتیەوە،قەسابخانە و ئەنفالی تیا ئەنجامدرا

 

برایم جەلال ئاوا وێنای گرتنەوەی بێتواتە دەکات" ڕژێمی بەعس لەناوچەکە نەما هەم تابوری پێنجەمی پارتی تەفروتوتابوو، دەستکەوتی شەڕ زۆربوو مادی و مەعنەوی، ورەی جەماوەری بەرز کردەوە گرتنی لوتکەی سەخت‌و بەرزایی زۆر عاسی بۆ یەکێتی دەستکەوتی گەورەبوو، بەڵام جێی داخە دوو ڕەفتاری ناپەسەند ڕوویدا لەوگرتنەوەدا.

یەکەم: کوشتنی بەناحەق‌و دیل، بۆیەکەم جاربوو پێشمەرگەی یەکێتی پەلاماری ڕەبایەی جاش بداو تەسلیمبووەکان کەدەستیان بەرزکردبێتەوە واتە دیل بیانکوژن، بەڕاستی لەگوندی (نێوە)کە کەوتبووە قۆڵی یەکەمی شەڕەکەوە قەسابخانەیەکیان دانا، شەڕ کەڕو ناشەڕکەڕو خۆڕاگر و خۆتەسلیم کەرییان بەیەکەوە کوشت، تەنیا لەوجێگەیە 40 چەکدار کوژران، ئەو دێیە پێش هاتنی سوپای بەعس جێگای حەوانەوەی پێشمەرگەبوون، بەدرێژای شۆڕش ناندەرو یارمەتیدەری شۆڕش بوون. کەچی بەو جۆرە بەناحەق قڕیان تێخستن و هەرچی کەلوپەل ماڵی چەن دساڵەی ژیانیان بوو نەما، واتە بەسەرو ماڵو داروبەردەوە ئەنفال کران.

دووەم :تاڵانکردن ودزیکردن

ئەمەشیان بەو ئاشکرایی و بەو فراوانیە لەناویەکێتیدا ڕووی نەدابوو، بەڵام ئەم جارە دەیان فەرشی ماڵیان دزی و ئاودیویان کرد، دەیان دەرگای ماڵان شکێنران و شتی بەنرخ‌و بێنرخیان بردو ئاودیوکرا، دەیان مریشک و کەڵەشێریان کوشت و سەربڕی، دەیان سەر بزن‌و مەڕو مانگاو گوێرەکەیان بردوو سەریان بڕین‌و ئاودیویان کرد، تەنانەت ماڵی دۆستانی یەکێتیان تاڵانکرد، کەتا ڕۆژی هێرشەکە هەواڵیان پێدان ڕانگ و چۆغەی شاڵ‌و چەندین پارچە ئاڵتونی ژنان تاڵانکراو دزراو ئاودیوکرا".

،،

جەلال تاڵەبانی : ئەمە لەشکری هۆلاکۆیە نەک لەشکری ڕزگاری کوردستان! من بەچاوانی خۆم سەلاجەو مجەمیدەم بەکۆڵی مسئولەوە بینیوە! 

 

کێ بەرس بوو لەم تاڵانی و بڕۆیە؟

نەوشیروان مستەفا کە کەسی دووەمی یەکێتی بوو، ئاوا باسی ئەو ڕوداوە ئەکات" ئەمە شەڕێکی گەورەبوو هێزێکی گەورە تێدا بەشداریکرد توانای یەکێتی بۆ شەڕی گەورە دەرخست، ورەی خەڵکی بەرز کردەوە، بەڵام تاڵان‌و ڕاو ڕووت ڕەونەقی ئەم سەرکەوتنەی کەمکردەوە، ڕاستەیەکەی ئۆباڵی ئەم کارە بەپلەی یەکەم ئەکەوتە سەر دەزگای ڕاگەیاندن بەتایبەتی ڕادیۆ نەک پێشمەرگەکان، چونکە دەزگای ڕادیۆ وەک بەشی لەڕاگەیاندنی شەڕ بۆ بەرزکردنەوەی ورەو تاودانی هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی پێشمەرگەکان هانی دابوون، دەستیان لێنەپارێزن و ماڵیان تاڵان بکەن، خانوبەرەیان ئاگر تێبەربدەن".

 

کەچی برایم جەلال پێیوایە هۆکاری ئەم تاڵانییە دەگەڕێتەوە بۆ "دەرون پیسی هەندێ بەرپرس کەدزی و گەندەڵی شڕەخۆری دەرخست، لێنەپێچانەوەو لێکۆڵینەوە نەکردن لەوکەسانەو سزانەدانیان و دواتریش دەستخۆشی سەرکەوتنیان لێکردن، بووە هۆی درووست بوونى ڕەفتاری ناجوامێرانەو لەوێوە نەریتی ڕاوڕووت و شڕەخۆری دزی و گەندەڵی دەستیپێکرد، دوای ئەوە لەچەندین شەڕی تردا ئەم ڕەفتارە دووبارە بوویەوە، تەنانەت هۆی ئەمەش بوو کە لە دوای ڕاپەڕین و لەسەردەمی حکومڕانی خۆشماندا بووە کارێکی شیاو، مایەی ڕێزلێنان، بردنی تەلارو باڵەخانە بەئاسماندا، تێرنەبوون لەخانوویەک‌و دوان و سیان و تەلارێک و دەیان سەیارە، دەستبەسەرداگرتنی دەیان‌و سەدان دۆنم زەوی، دەیان پارچە زەوی ئاڵتونی لەناو جەرگەی شاردا، هۆکاری ئەوەبوو لەتاڵانیەکەی بێتواتەدا کەس سزا نەدراو کەس ڕیسوانەکرا، لەسەر ئەوکارە ناجوامێرانە"

چونکە خودی مام جەلال سەرپەرشتی پرۆسەکەی کردووە، ئەم ڕوداوە زۆر بێزاری دەکات، لیژنەی لێکۆڵینەوە دروست دەکات و چەندین کەس لەسەر ئەوبابەتە چەککران، بەڵام بایی تاڵانیەکە نەبوو.

پشکۆ نەجمەدین و ئاوا باسی ئەو بێزارییەی تاڵەبانەی دەکات" لەدوای لەکۆنفرانسی سێی کۆمەڵەی ڕەنجەداران لەهاوینی 1984لەمێرگەپان بەسترا، ئاوا بێزاری خۆی دەربڕی لەڕوداوەکەی بێتواتەوەو بۆچی درێژە بەمفاوەزات ئەدات. بەشیعرێکی شاعیری عەرەب " موزەفەر نەواب"، ئاماژەی بەلێپرسراوەکانی هێرشەکەی بێتواتە کرد و گوتی( هیچ کامێکتانى لێنابورم، ئەمە لەشکری هۆلاکۆیە نەک لەشکری ڕزگاری کوردستان! من بەچاوانی خۆم سەلاجەو مجەمیدەم بەکۆڵی مسئولەوە بینیوە! من ئەم لەشکرەم هەیە بۆیە ناچارم درێژە بەمفاوەزات بدەم".

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە

  • نەوشیروان مستەفا، پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن
  •  برایم جەلال، چەپکێک لەمێژووی کۆمەڵە
  •  هەڤاڵ کوێستانی، ئەوڕۆژانەی نیشتیمان هی هەمووان بوو
  •  پشکۆنەجمەدین، ئەزمون و یاد