یاسایەک بە باڵاى سەرۆک

گۆڕان و یەکێتى، دەسەڵاتى گەلیان رادەستى پارتى کرد

یاسایەک بە باڵاى سەرۆک

677 خوێندراوەتەوە

 

لەسەردانەکەیدا نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى، یەکێتى و گۆڕانى رازى کردبوو کە رۆژى چوارشەممە لەنێو پەرلەمان یاسایەک بدورن کە بۆ بەژن و باڵاى ئەو بشێت.

 

 

یەکێتى و گۆڕان، ئەمرۆ کارەکەیان بۆ پارتى ئاسان کردو لەبرى گەڕانەوە بۆ دەنگى خەڵک و هەڵبژاردنى سەرۆک لەلایەن گەلەوە، لە نێو هۆڵى پەرلەمان بەهەمان تام وبۆنى شەقام، نمایشەکەیان  ئەنجامداو بەمەش پارتى ئاواتەکەى هاتەدى.

 

هەرجۆرێک بێت پرۆژە یاساى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم لە پەرلەمانى کوردستان بە کۆى ٨٩ دەنگ پەسەند کرا، کە پێشتر ڕێکەوتنى نێوان پارتى و یەکێتى و گۆڕانى لەسەر کرابوو.

 

،،

  پێشتر یەکێتى و پارتى و گۆڕان بە نهێنى لەسەر ئەم بابەتانە رێککەوتیان کردووە.

 

دەستکەوت بۆ گۆڕان یان پارتى؟

پارتى بەداواکەى گۆڕان رازى بوو بوو کە سەرۆک لەنێو هۆڵى پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام زیرەکانە توانى یارییەکە لە یەکێتى و گۆڕان بباتەوە، بەوەى تەنها وەک تەمسیلێک سەرۆک لەناو پەرلەمان هەڵبژاردنى بۆ بکرێت، گەرنا دەسەڵات و حوکمرانییەکەى وەک سەرۆکێک دەبێت کە گەل هەڵیبژاردبێت و لەبەردەم پەرلەمانیشدا بەرپرسیار نابێت.! لێپرسینەوەشى مەحاڵ بێت.

 

پێدەچێت، ئەم بابەتە پەیوەندى بەو کۆبوونەوە نهێنیانەى نێوان (گۆڕان و پارتى) و (پارتى و یەکێتى) هەبێت، کە ماوەى چەند مانگێکە خەریکن و رێک ناکەون.

بەتایبەت پەیوەندى هەیە بەو سەردانە کۆتاییەى نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى، کە توانى دڵى هەردووکیان (یەکێتى و گۆڕان) رازى بکات و بۆ رۆژى چوارشەممەش بیانهێنێتە نێو هۆڵى پەرلەمان و داوایان لێ بکات کە  یاسای سەرۆکایەتى هەرێم بە کاڵاو باڵاى ئەو بدورن.

 

،،

 گۆڕان و یەکێتى رازى نەبوون بەوەى کە دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم هاوشێوەی بەغداد تەشریفاتى بن.

 

 

کارەساتەکانى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم چین؟

 

شێوازى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم چەندین کارەساتى بەدواى خۆیدا هێنا کە ئەگەرى زۆرە چەند ساڵێکى دیکە و لەداهاتوودا کێشە لەنێوان پارت و را جیاوازەکانى کوردستان بخوڵقێنێت.

چونکە یاساکە هێندەى بۆ کەسێک نوسراوە، نیو هێندە وا دانەرێژراوە کە ئەمە بۆ ئەوەیە دامەزراوەیەکى پێ کارا دەکرێتەوە، و زۆر شتى بە ناروونى هێشتۆتەوە کە ئەمەش شەڕەکە بۆ نەوەکانى دواتر جێ دەهێڵێـت.

 

یەکەم: دەسەڵاتەکانى سەرۆک نابێ تەشریفاتى بن

هەرچەندە سەرۆکایەتى پەرلەمان پێشنیارى ئەوەى خستنە روو کە ئایا چ ئەندام پەرلەمان و فراکسیۆنێک لەگەڵ ئەوەدایە کە دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم لەداهاتوودا وێنەى بەغداد تەشریفاتى و پرۆتۆکۆڵى بن؟ بەڵام تەنها ٢٠ دەنگى لەکۆى ١١١ ئەندام پەرلەمان بەدەستهێنا.

 و٨٨ کەس دەستیان بەرز کردەوە بۆ ئەو برگەیەى کە سەرۆک تەواوى دەسەڵاتەکانى ماوەى رابردووى هەبێت و بتوانێ ممارەسەیان بکات.

ئەمە پێچەوانەى داواکارییەکانى چەند ساڵى رابردووى بزووتنەوەى گۆڕانە کە داواى دەکرد با سیستەمى سیاسی لە هەرێم پەرلەمانى بێت، کۆتا جاریش نەوشیروان موستەفا بە ئامادەبوونى سەرۆکى ئەوکاتەى پەرلەمان (یوسف محمد سادق) ئاماژەى بەم خاڵە کرد.

 

بەڵام ئەوەى ئەمرۆ روویدا نەک سیستەمى سیاسى بەرەو پەرلەمانى نابات بەڵکو بەرەو سیستەمێک دەروات کە سەرۆکایەتییەکى عەیارە ٢٤ دەبێت و بەهیچ شێوەیەک لەبەردەم پەرمانیشدا بەرپرسیار نابێت.

 

 

دووەم: سەرۆک پێویست ناکات شەهادەى هەبێت

 

لەنێو هۆڵى پەرلەمان دەنگدان بۆ ئەو برگەیە دەستى پێکرد کە ئایا پێویست دەکات سەرۆک بروانامەى بەکالۆریۆسى هەبێت؟

ئەوەى روویدا ئەوە بوو کە ٦٩ ئەندام پەرلەمان دەنگیاندا بۆ ئەوەى کە پێویست ناکات سەرۆکى هەرێم ئەو بروانامەیەى هەبێت.

 

ئەم سیناریۆیە کت و مت لەوە دەچوو کە نێچێرڤان بارزانى لەنێو هۆڵى پەرلەمان دانیشتبێت، بۆ هەر برگەیەک پرسى پێ بکەن کە ئایا ئەم مادەیەش لەگەڵ ئەودا دەگونجێت یاخود لاى بدەن.

 

دەبوو گۆڕان لانى کەم رێزى لە قسەى سەرۆکى پێشووى پەرلەمان (یوسف محمد سادق) بگرتایەت کاتێک لەدیدارى سلێمانى گوتى: حوکمرانى بەکەسانى نەخوێندەوار ناکرێت.

 ئەم برگەش لەداهاتوودا کێشە درووست دەکات، چونکە لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت گۆران کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە لەبرى تەنها شەرعیەتى شۆڕشگێرى بۆ دەسەڵاتدارانى هەرێم بروانامە و تواناو لێهاتوویش رۆڵى خۆى هەبێت.

 

،،

کاتێک سەرۆک لە پەرلەمان لێپێچینەوەى لەگەڵ دەکرێت کە تەواوى ئەندام پەرلەمانى پارتى داوایەکى لەو شێوەیە بکەن.

 

سێیەم: سەرۆک چۆن لادەبرێت

 

ئەو برگەیە روون نەکراوەتەوە کە سەرۆک پەرلەمان هەڵیبژاردووە ئایا پەرلەمانیش دەتوانێت کەى و لە چ کاتێکدا دەسەڵاتەکانى لێ وەر بگرێتەوە؟

هەروەها دەبێت دوو لەسەر سێى ئەندامانى پەرلەمان دەنگ بدەن بۆ ئەوەى سەرۆک بێتە نێو هۆڵى پەرلەمان بۆ لێچپێنەوە، بەڵام دیارە کە ئەو دەنگە لە ئێستادا (کە پەرلەمان بە ماڵى پارتى لەقەڵەم دەدرێت) ناتوانرێت بەدەست بهێنرێت، بۆیە لێپێچینەوەى سەرۆکێک کە پارتى بێت مەحاڵە.

 

 

چوارەم: جێگرەکان کێ دیاریان دەکات

 

هەرچەندە سەرەتا سەرۆک یەک جێگرى بۆ دانرابوو کە لاى گۆران دەبێت، گۆرانیش ئاماژەى بەوە دەکرد کە جێگرەکەیان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەکانیشى فراوان دەبن.

بەڵام ئەمرۆ دەرکەوت کە سەرۆک دوو جێگرى دەبێت و هەردوو جێگرەکەشى لەلایەن خۆیەوە دیارى دەکرێن و هەر خۆشى دەسەڵاتەکانیان دابەش دەکات.

 

 

کەواتە ئەوەى ئەمرۆ روویدا هەمووى لەلایەن پارتییەوە نەخشەى بۆ کێشرابوو و گۆڕان و یەکێتى رازى کردبوو بەوەى نەخشەکە وەک خۆى جێ بەجێ بکەن و شەرعیەت بدەن بە سەرۆکێکیش کە دیار نییە تا کەى سەرۆک دەبێت؟

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان