هێلکەکە لەسەری بزوتنەوەی گۆڕاندا شکا

یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و چەند سەرنجێک

هێلکەکە لەسەری بزوتنەوەی گۆڕاندا شکا

1065 خوێندراوەتەوە

دوای کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا ، قسەوباسێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و  هێلکەکە لەسەری بزوتنەوەی گۆڕاندا شکا ، ئەوەی زۆرتریش بووە چەقی ناڕەزایەتیەکان بابەتی بوون و نەبونی بڕوانامە بوو ، دژایەتیکردنی نێوان گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی گۆڕان هێندە قوڵ بوەوە تا ئەو ئاستەی لە لایەن هەندێ گۆڕانزواز و تەنانەت پەرلەمانتارانی گۆڕانیشەوە ڕاشکاوانە داکۆکی لە نەخوێندەواری بکرێت.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە لەو هەمو خاڵە سلبیانەی یاساکە و لە مەترسی بەرەو چەسپاندنی حوکمی بنەماڵەیی ئاڕاستەی ڕەخنەکان بەرەو تۆخکردنەوەی بابەتی بڕوانامە برا ، بۆ خاڵەکانی تر جێی سەرنج نەبون؟ لە کاتێکدا زۆری دەسەڵاتەکانی سەرۆک و دەنگنەدان بە تەشریفاتی بونی دەسەڵاتەکان جەوهەری کێشەکان و خراپیی یاساکەیە، لەو بارەیەوە پێمخۆش بو چەند سەرنجێک بخەمە ڕو.

بۆ ڕەخنەکان ڕو بە گۆڕانە؟

- گۆڕان لەسەرەتای دروستبون و بەشداریکردنی لە پەرلەماندا ، وەک هێزێکی ئازای پڕچەک بە دژایەتی گەندەڵی و حوکمی بنەماڵەییو قۆرخکاری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەرکەوت و هەر لەبەر ئەوەش بو لەو سەرەمی بێئومێدیەدا بوە ئومێدکی گەورە و متمانەی بۆ دەنگدان و گۆڕانکاری گێڕایەوە.

 - گۆڕان پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی دیکتاتۆری شەیتانی ناساند .

- گۆڕان خاوەنی پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بو بە مەبەستی بە تەشریفاتی دەسەڵاتەکانی سەرۆی هەرێم، هەر گۆڕانیشە ئێستا خاوەنی پڕۆژەی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمە و داکۆکی دەکات بە هەمو دەسەڵاتەکانی پێشویەوە بێت .

،،

بابەتی بڕوانامە شەڕێکی باڵی مەسرور بو بە نێچیرڤان و گۆڕان فرۆشرا  ، پارتی بیویستایە نەیدەهێشت ئەو خاڵە بخرێتە دەنگدانەوە وەک ئەوەی لە زۆر کاتدا کردویەتی ئەوەی مەبەستی نەبێ نایخاتە دەنگدانەوە ، پارتی بەم ماددەیە بە نێچیرڤانی وت تۆ بێ بڕوانامەی ،ئەوەی پێی نەزانیبو زانی، جیاوازیەکەی لەگەڵ مەسرور لەڕوی زانستیەوە پیشاندا

 

بابەتی بڕوانامە

لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەی تا ئێستا بایەخی نەبوبێت بڕوانامەیە، و لە هەمو حاڵەتەکاندا بڕوانامە نەبۆتە هۆکاری ڕۆشنبیرکردنی خاوەنەکانی، چونکە ئاستی خوێندن و ئاستی زانستی زانکۆکان و مامۆستا و بەرپرسانی ئیداری زانکۆ و قوتابخانەکان ڕونە لە چ ئاستێکدایە ، ڕێژەی خوێندەواری و زیادبونی ژمارەی هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان هیچی لە دۆخی چەقبەستوی هەرێم نەگۆڕیوە.

بڕوانامە لەناو کۆی حیزبەکاندا نەبۆتە هۆی کۆیلەنەبونی خاوەنەکانی، دکتۆرا و ماستەر لە قانون نەیتوانیوە ڕێگری بکات لە پێشێلکردنی قانون تەنانەت لەناو پەرلەمانیشدا.

نێچیرڤان بارزانی لەوەتەی حکومەت هەیە یا سەرۆکێتی یا جێگری ، هیج کاتێکیش بڕوانامەی نەبوە ، بۆ کە دەبێتە سەرۆکی حکومەت بڕوانامەی بۆ قوت دەکرێتەوە؟

خۆ ئەگەر بڕوانامە بۆ سەرۆکی حکومەی پێویست نەبێ ئەوا بۆ سەرۆکی هەرێم هەر پێویست نیە.

کەواتە بۆ پرسی بڕوانامە کرایە هەڵڵا؟

بەڕای من کۆمەڵێ هۆکاری هەیە ، لە پێشی پێشەوە شەڕێکی باڵی مەسرور بو بە نێچیرڤان و گۆڕان فرۆشرا  ، پارتی بیویستایە نەیدەهێشت ئەو خاڵە بخرێتە دەنگدانەوە وەک ئەوەی لە زۆر کاتدا کردویەتی ئەوەی مەبەستی نەبێ نایخاتە دەنگدانەوە ، پارتی بەم ماددەیە بە نێچیرڤانی وت تۆ بێ بڕوانامەی ،ئەوەی پێی نەزانیبو زانی، جیاوازیەکەی لەگەڵ مەسرور لەڕوی زانستیەوە پیشاندا، لە هەمان کاتیشدا ئەو دڕکەی( حوکومڕانی بە نەخوێندەوا ناکرێ، چاکسازیش بە نەخوێندەوار ناکرێ) ێی لە ژێر پێی گۆڕان دەرکرد، بە خەڵکی ڕاگەیاند ئەمە ئەو بزوتنەوەیە بو کە ئێمەی بە نەخوێندەوا دەزانی و ئەمڕۆ بە هەمو هێزی داکۆکی لە نەخوێندەواری دەکات.

لە هەمو حاڵەتێکیشدا من پێموانیە بڕوانامە لەم هەرێمەی ئێمەدا گرنگی هەبێ ، ئەگەر گرنگی هەبوایە لەسەر دەنگدانی دەنگدەران ڕەنگی ئەدایەوە .

 

،،

پارتی ئەو دڕکەی( حوکومڕانی بە نەخوێندەوا ناکرێ، چاکسازیش بە نەخوێندەوار ناکرێ) ێی لە ژێر پێی گۆڕان دەرکرد، بە خەڵکی ڕاگەیاند ئەمە ئەو بزوتنەوەیە بو کە ئێمەی بە نەخوێندەوا دەزانی و ئەمڕۆ بە هەمو هێزی داکۆکی لە نەخوێندەواری دەکات.

 

بایکۆتکردنی هەڵبژاردن کار بو یا کاردانەوە؟

یەکێکی تر لەو بابەتانەی وەک بیانو بۆ دەنگدانی گۆڕان بەم یاسایە باس دەکرێت ، بایکۆتکردنی ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران و کەمی کورسیەکانی گۆڕانە کە بۆتە هۆی ناچاربون بە دەنگدان بەم یاسایە و ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی.

بەر لەوەی بەمجۆرە سەیری بایکۆت بکەین ئەبێ بزانین بۆ بایکۆت کرا ، زۆرینەی دەنگدەری گۆڕان بۆ دەنگی نەدایەوە بە گۆڕان؟

ئاشکرایە هەر حیزبێک ، نوێنەرەکانی لە پەرلەمان و حکومەت (ئەگەر بەشدار بێت ) دەبنە پێوانە بۆ زیادکردنی دەنگ یان کەمکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتویدا، بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕێی فراکسیۆنەکەیەوە لە خولی چوارەمدا چەند هەڵەیەکی کوشندەی کرد لەوانە :

دەنگدان بە درێژکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر( کە پاساویان لەو کاتەدا ئەوەبو گوایە بەڵێنیان لە پارتی وەرگرتوە کە یاساکە هەموار بکەنەوە) بەڵام نە گۆڕان پڕۆژەی هەمواری پێشکەشکرد و نە قسەیەکیان ما لە دژی ئەو یاسایە ،لە کاتێکدا کە ئەو یاسایە پارتی و یەکێتی بۆ خنکاندنی ئازادی دەریانکردوە نەک دژایەتی تیرۆر.

-پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای سڕکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم( بە پاساوی ئەوەی کە لە خولی داهاتودا دامەزراوەکە هەڵئەوەشێننەوە)، ئەمە لە کاتێکدا بو کە شەڕی گۆڕان لەسەر هەموارکردنی یاساکە بو و بە هۆیەوە پەرلەمان پەکخرا، سەروکی پەرلەمان و وەزیرەکانی دەرکران، ئینجا لە پاداشتی ئەوەدا فراکسیۆنی گۆڕان ئەو کێشەیەی بۆ پارتی چارەسەرکردو لە پاکەتێکی زێڕیندا سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ بنەماڵەی بارزانی هەڵگرت.

-وەزیرەکانی پێش دەرکردن و دوای دەرکردنیش کەس وشەیەکی لێنەبیستن، لانی کەم وەک (اضعف الایمان )سکاڵایەکیان تۆمار نەکرد، عاقڵانە وەزیر بون و عاقڵانەش هاتنەوە ماڵەوە .

ئەمانە هۆکاری بایکۆتکردن بون

سەرەنجام ئەبو گۆڕان لەو سزایەی دەنگدەرانی تێبگات ، بایکۆتکردن بکاتە خاڵی بەهێزی و وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی گەندەڵی درێژە بە خەباتی پەرلەمانیی خۆی بدات ، چونکە دەیزانی ئەزمونی بەشداریکردنی حکومەتی ئەزمونێکی سەرکەوتو نەبوە و دەریش کەوت دەنگدەرەکانی ئەو شێوازە لە سیاسەتیان ناوێ،هێزی سیاسی بە مانەوە لەسەر بڕواکانی و ڕێزگرتن لەدەنگدەرانی متمانە وەردەگرێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە کەوتەوە هەمان هەڵە و ئەمجارە قورستر چونکە بە دڵنیاییەوە دانوستان بە ٢٤ کورسی وەک دانوستان بە ١٢ کورسیەوە نابێت .

بابەتی سیستمی پەرلەمانی

ئێستا تاکە خاڵێک کە گۆڕان بە دەستکەوتی بزانێت لەم یاسایەدا، سەرکەوتنێتی لە چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانیی، بەڵام ئایا بەم یاسایە سیستم بۆتە پەرلەمانیی؟

ئەگەر لە سەرەتاوە لە وشەی چەسپاندنەوە دەست پێبکەین ، چەسپاندن واتە هەمیشەیی و نەمانی سیفەی کاتیی بۆ هەر بابەتێک، کاتێک لە یاساکە ئەنوسرێت هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە دەبێت تا کاتی نوسینەوەی دەستور ، بۆخۆی سیفەی هەمیشەیی و بەردەوامی لەدەست دەدات و مەعلومە (تا کاتی) هەڵواسراوە بە شتێکەوە کە نوسینەوەی دەستورە، کاتێک چەسپاندن دەبو کە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمیان لە پەرلەمانەوە جێگیر بکردایە و ئاماژە بەوە بکرایە کە ئەمەش لە دەستوردا جێگیر دەکرێ، بۆیە ئەم شێوازی هەڵبژاردنە کاتیە و هیچ گرەنتیەک بۆ چەسپاندنی نیە.

جگە لەوەی کۆی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و باڵا دەستیی ، دورە لە ناوەڕۆکی سیستمی پەرلەمانیەوە ، سیستم، شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم نایکات بە پەرلەمانی، ئەوە دەسەڵاتەکانێتی کە سیستمەکە ئەکاتە پەرلەمانی یا سەرۆکایەتی شارراوە.

بۆیە ئەگەر ئەمە تەنیا دەستکەوتی یاساکە بێ بۆ گۆڕان ، ئەو دەستکەوتە پێویستی بە ١٢ کورسی نیە ، تەنانەت ئەو حیزبانەش کە یەک کورسیان هەیە ئەیانتوانی ئەو دەستکەوتەیان هەبێ چونکە لە بنچینەدا دڵخوازی پارتیە و بە بەرژەوەندی خۆی تەواو دەبێت.

 

هیچ کات ڕێککەوتن و دانوستان عەیبە نیە

هەر لەسەرەتای ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕانەوە ، لەچاوچون و حەسادەت بردن بەو ڕێککەوتنە یەکێک بوە لەو خاڵانەی زیاتر گۆڕانی هانداوە بۆ دەستگرتن بە ڕێکەوتنەکەوە ، هەرچەندە( گۆڕینی بڕوای هەرکەسێک لە پارتی نزیک بێتەوە رسوا ئەبێ بە بڕوای حەسودی بردن بەو نزیکبونەوە لە پارتی ) وەرچەرخانێکی گەورەی سیاسیە لە بیرکردنەوەی گۆڕاندا ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات رێککەوتن و نزیکبونەوەی هێزە سیاسیەکان هەڵە نیە ، بە مەرجێک ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی گشتی بێت  ، کاتێکیش  دەردەکەوێت کە بەرژەوەندی گشتی تیا پارێزراوە کە لانی کەمی هاوسەنگی لەو ڕێکەوتنەدا ببینرێ ، هاوسەنگی لە دان و ستاندنی دەستکەوتە نیشتمانیەکاندا نەک دەستکەوتە حیزبی و پۆستە ئیداریەکاندا.

گۆڕان ئەگەر ئەمەی نەکردایە چی بکردایە؟

ئەمە قسەیەکی مەعقولە بۆ هێزێک کە گرەوی لەسەر دەسەڵات کردبێ بە هەر نرخێک بێ ، بەڵام بڕیار نەبو گۆڕان وابێت.

پرۆسەی سیاسی و گۆڕانکاری تیایدا بە تەنیا نەبەستراوەتەوە بە بژاردەی بەشداریکردن لە حکومەتدا و هێزە سیاسیەکان لە دەرەوەی حکومەت خۆری کارو پەیامی سیاسیان ئاوا ببێ، هەر لەو بوارەدا گۆڕان دو ئەزمونی خۆی هەیە هەم بە بەشدارینەکردن لە حکومەت و هەم بەشداریکردنی لە حکومەتدا، لە کام ئەزمونیدا کاریگەری لەسەر ڕاوەستان دژی گەندەڵی زۆرتر بو؟ لەکامیاندا ئازاتربو بۆ ڕوەستان لەسەر ڕاستیەکان؟

ئەسڵ ئەوەیە بەشداری حکومەت بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵک بێ، بۆ نەهێشتنی گەندەڵی وبەهەدەردانی سامانی گشتی بێ، بۆ دورخستنەوەی حیزب بێ لە دادگاکان ، لە زانکۆکان ، لە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش، بۆ فراوانبونی فەزای ئازادی بێ، ئایا گۆڕان ئەمەی پێئەکرێ؟ لەوەش گرنگتر ئایا پارتی و یەکێتی دەستبەرداری ئەو تاکە شێوازەی حوکومڕانیەیان ئەبن کە ساڵەهایە پایەکانیی بۆ دائەکوتن، نەوەکانیان پێئەگەیەنن بۆ پاراستن و مانەوەی حوکومڕانیان؟

گۆڕان لە یەکەم ئەزمونی بەشداریکردنیدا لە حکومەت نەیتوانی هیچ بکات کە ٢٤ کورسی هەبو ، خۆ ئەگەر بە ١٢ کورسی توانی پارتی ناچار بکات لە دەستوردا هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە جێگیر بکات، ئەگەر توانی هێزی پێشمەرگە لە حیزبیبون دەرکات، ئەگەر داهاتەکانی هەرێمی شەفاف کرد ، ئەگەر ئەو لەشکرە بندیوارەی پارتی و یەکێتی و گۆڕانی هەڵوەشاندەوە ، ئەوا هەق وایە ئەوەی لەم خولەدا دەنگمان نەداوەتەوە بە گۆڕان خەجاڵەتی بکێشین و لە ئێستاوە دەستخۆشیان لێدەکەم.

 

 

 

author photo

نوسەر و یاساناس

ئەندامی پێشوی پەرلمانی كوردستان