پەرلەمانی یان سەرۆکایەتیی کامیان باشترە؟

سیستمی سیاسیی‌و فرەحیزبی

پەرلەمانی یان سەرۆکایەتیی کامیان باشترە؟

326 خوێندراوەتەوە

لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٩ تەنیا ٤٣ وڵاتی دیموکراسی لە جیهاندا هەبوون. سویسراو فینلەندی لێدەرچێت کە سیستمەکانیان تێکەڵەیەکە لە سیستمە باوەکان، ئەوە لەو ٤٣ وڵاتە ٣٤ وڵاتیان سیستەمی سیاسییان پەرلەمانی دیموکراسی‌و دووانیان نیمچە-سەرۆکایەتی‌ دیموکراسی بوون‌و ٥ وڵاتیشیان تەواو سەرۆکایەتی دیموکراسی بوون.

  

،،

نووسه‌ر:  ئه‌زمونی سیاسی وڵاتان، ئه‌وه‌مان بۆ پشت ڕاست ده‌كاته‌وه‌، سیسته‌می په‌رله‌مانی له‌ سه‌رۆكایه‌تی باشتره‌. 

 

 

لە ٣٤ وڵاتە پەرلەمانییە دیموکراسییەکەدا ١١ وڵاتیان لەنێوان ٣ تا ١١ حیزبی سیاسیی چالاکانە کاری سیاسییان ئەنجامدەدا.
لە دوو وڵاتە نیمچە-سەرۆکایەتییە دیموکراسییەکەدا تەنیا ٣ تا ٤ حیزبی سیاسیی لە کۆمەڵگەکانیاندا چالاکبوون. کەچی لە وڵاتە تەواو سەرۆکایەتییەکاندا تەنیا ٢ یان ٣ حیزبی سیاسی لە پێشبڕکێدابوون لە کایە سیاسییەکان.

 
ئەم زانیاریانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سیستمی پەرلەمانیی دیموکراسی جێکەوتە زۆر زیاتر لە سیستمە سەرۆکایەتییەکان‌و، تا ڕادەیەکیش لە سیستمە نیمچە-سەرۆکایەتیەکان، فرەحیزبی بەرهەمدێنن. هاوکات ئەمە ئەوەشی لێدەکەوێتە کە لە سیستمە پەرلەمانییەکان شانسی حیزبە بچوکەکان زیاترە لە بەشداریکردن لە پەرلەمان‌و نوێنەرایەتیکردنی گروپە کۆمەڵایەتییە بچوکەکان. بە واتایەکی دیکە، سیستمە پەرلەمانییەکان چاکتر نوێنەرایەتی گروپە جیاجیاکان دەکات بە زۆرینەو کەمینەوە. لە سیستمە پەرلەمانییەکان شانسی پێکهێنانی حکومەتی ئیئتیلافی زیاترە چونکە زۆربوونی حیزبەکان بەگشتی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە حیزبێک نەتوانێت زۆرینەی دەنگەکان مسۆگەربکات.

 

،،

توێژینه‌وه‌كان: سیسته‌می په‌رله‌مانی زیاتر له‌ پڕه‌نسیپه‌كانی دیموكراسییه‌وه‌ نزیكه‌.

 

 

 
بۆ کوردستان ئەمە بەو مانایە دێتەوە کە حیزبە بچوک‌و گروپە نەتەوەیی‌و ئایینییە بچوکەکان ناکەونە ژێرپێی هێزە گەورەکان‌.
بەگشتیش ئەم داتایانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی فرەرەنگی‌ زیاتر قەبوڵدەکات ئەمەش بۆ کۆمەڵگەیەکی فرەکلتور‌و فرەنەتەوەو فرەئاراستە گونجاوترە لە سیستمی سەرۆکایەتی یان نیمچە-سەرۆکایەتی کە زیاتر حیزبە گەورەکان جێگەیان دەبێتەوە.

 
لەپاڵ ئەمانەدا توێژینەوەکانی ستێپان‌و سکاچ ئەوەش دەردەخەن کە شانسی ژێر-کورتهێنانی (underachiever) سیستمە سەرۆکایەتییەکان لە گەیشتن بە دیموکراسی ٣.٤ جار زیاترە لە سیستمە پەرلەمانییەکان. هاوکات، شانسی بان-سەرکەوتنی (overachiever) سیستمە پەرلەمانییەکان لە گەیشتن بە دیموکراسی ١.٨ جار زیاترە لە سیستمە سەرۆکایەتییەکان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر کوردستانیان مۆدێلی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن ئەوا شانسیان لەگەیشتن بە دیموکراسی ٣.٤ کەمدەبێتەوەو ئەگەریش سیستمی پەرلەمانی هەڵبژێرن ١.٨ شانسیان زیاددەکات. دیارە ئەم ژمارانە نابێت بە رەهایی وەربگیرێن چونکە گۆڕاوەکان (variables) لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێن بەڵام دەکرێت وەک نیشاندەرێک وەربگیردرێن.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك