کام رێباز، نەوشیروانی یان بارزانیی؟

بۆ یادی پیاوەکەی نیشتیمان، ئەوە چی بو رویدا؟

کام رێباز، نەوشیروانی یان بارزانیی؟

1104 خوێندراوەتەوە

عەبدوڵای مەلا نوری

بەشی یەكەم

 (١)

چەند پەڕەیەکی تر بۆ سەر یاداشتەکانی نەوشیروان مستەفا...

   ئەم بابەتە ئاشکراکردنی هەڵگەڕانەوەی گروپێکی ناو گۆڕانە، لە یەکێک لە پرنسیپە چەسپاوەکانی ڕێکخەری کۆچکردوی بزوتنەوەی گۆڕان، کە سەرەتا لە ناو یەکێتییدا خەباتێکی زۆری بۆ کردو پێی نەگەیشت، دواتر لە بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا وەک بنەمایەکی ستراتیجی جێگیرکرا. ئەوەش سیستەمی پەرلەمانی "هاوشێوەی بەغدا"یە، کە جەوهەریترین هێڵ و دیدی جیاوازو، ماوەیەکی زۆر لە تێکۆشانی دیموکراسیخوازانە و، بەشێک لە یاداشتەکانی ئەو زاتە پێک دەهێنێت.

پیشاندانی یەکێک لەو "درۆ کحولکراو" انەیە، کە هەر ساڵێکو چەند مانگێک پاش مردنی، لە ژێر دروشمی درێژەدان بە "رێبازی کاک نەوشیروان"، خەڵکی کوردستان و گۆڕانخوازانی پێ چەواشە و فریو دەدرێت. (نیچە زاراوەی درۆی کحولکراوی بۆ درۆگەلێک بە کار هێناوە، کە بە شێوەیەکی هێندە رازاوە و بە تام دەرخواردی خەڵکی دەدەرێت، گێژو دڵخۆشییان دەکات، بەڵام نازانن فێڵیان لێکراوە).

لەم نووسینەدا (وەک پێویستییەکی ئەم قۆناغە) لە ئاست ئەو سەرکێشی و هەرزانفرۆشییەی بە باوەڕی گۆڕانەوە، لە باری شێوازی سیستمی حکومڕانی و، ڕەنجی ڕابردوی سەدان رۆشنبیرو دەیان هەزار گۆڕانخوازو بەشێکی گەورەی میللەتەکەمان، بە ناوی رێکەوتن لە گەڵ پارتی کرا؛ پوختەی گرنگترین یاداشتی کەمبینراوی خودی کاک نەوشیروان لە  بارەی "سەرۆکایەتی هەرێم" و، کۆمەڵێک رووداو و زانیاری تر، لەگەڵ دیوە شاراوەو دەرئەنجامە سیاسییە خراپ و مەترسیدارەکانی بۆ ئێستاو ئایندە دەخەمە روو. بە پشتبەستن بە بەڵگەو راشکاویی لە دەربڕین و ناوهێنانی کەسەکاندا، هەوڵمداوە ڕەچاوی شێوازی نەوشیروان مستەفا بکەم.

،،

ئەم بابەتە ئاشکراکردنی هەڵگەڕانەوەی گروپێکی ناو گۆڕانە، لە یەکێک لە پرنسیپە چەسپاوەکانی ڕێکخەری کۆچکردوی بزوتنەوەی گۆڕانه، کە سیستەمی پەرلەمانی "هاوشێوەی بەغدا"یە

هەمو بیرو پرۆژەیەکی سیاسی تا ئەو کاتەی بە سودی کۆمەڵگە بێت جێگای رێزە، بەڵام کاتێک حزبێک، باڵێک، نووسەرێک، پەرلەمانتارێک، کۆنە وەزیرێک، سیاسییەک، مەلایەک، مامۆستایەکی زانکۆ، هونەرمەندێک بانگەشە بۆ دونیابینی و پرۆژەیەکی جیاوز دەکات، وەلێ بە تێپەڕبونی کات لە نەفەسکورتی و بێئیرادەییدا، لە کەمی مەعریفەو خۆبەکەمزانیدا، لە چوارچێوەی ئەجێندا یان لە رق و لە ترسی ئەم هێزو ئەو هێزدا، لە ژێر کاریگەری پارەو پۆستدا سەرئەنجام لارەمل و سەرکز دەخزێت و، خۆی رادەستی واقعی خراپ و داسەپاو دەکات، ئەمە تا دوا رادە نیفاق و نا ئەخلاقیە.

کاک نەوشیروان لەو یاداشتەیدا، کە لە بارەی هەوڵەکانی خۆی بۆ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی نوسیویەتی چەند جارێک جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە، کە وتارو زانیاریەکانی بۆ "خوێنەوارانی" کوردە. بە هەمان شێوە ئەم نوسینەی بەردەستان بۆ ئەوانەیە کە وێڵی دوای راستیەکانن. بە تایبەت بۆ ئەو گۆڕانخوازانەیە کە بە وشیاریەوە، دور لە سۆزو کاریگەری کەس و گروپ و حیزب لە سیاسەت و بەرژەوەندی گشتی دەڕوانن.    

(٢)

لە دایکبوونی سەرۆکایەتی هەرێم، وەک منداڵێکی سەرەخۆرە:

٢٠٠٤-٢٠٠٦

نەوشیروان مستەفا لە بەشێک لە یاداشتەکانیدا بە ناوی (پرۆسەی پێکهێنانی سەرۆکایەتی هەرێم) باسی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی دەکات، لە ١ی ١٢ی ٢٠٠٤ ، لە پیرمام. لەو بارەوە دەڵێت: "دوای كۆبوونەوەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دوان. لەبەردەم كامێرای تەلەفزیۆندا، دوو فایلیان گۆڕییەوە گوایا پێكهاتوون لەسەر ئەوەی سەرۆكایەتی بەغداد و كوردستان لەناو خۆیان دا دابەش بكەن".

هەروەها دەڵێت: "تاڵەبانی دەقی رێككەوتنەكەی پیشانی هیچ كام لەهاوڕێكانی: كۆسرەت رەسول، عومەر سەید عەلی، مستەفا سەید قادر، كە لەو سەفەرەدا لەگەڵی بوون نەداوه. وەكو خۆیان وتیان: رەنگە لەناو ئەوانەدا تەنیا عەدنان موفتی و ئازاد بەرواری خوێندبێتیانەوه. رەنگە هەر ئەوانیش ئامادەیان كردبێ! " دەقی رێکكەوەتنەکە ماوەیەک بە شاراوەیی دەمێنێتەوە، تا سەرئەنجام کۆپیەکی دەست نەوشیروان مستەفا دەکەوێت."

لەم بەشەی یاداشتەکانیدا، لە (٦٠) پەڕەدا، بە درێژی و دیقەتەوە، دەگێڕێتەوە لە دوای روخانی رژێمی (سەددام) گرنگترین شتێک مام جەلال بیری لێ دەکردەوە، ئەوە بو پێگەی خۆی لە دەوڵەتی عێراقی نوێدا چی دەبێت؟ پارتیش بە تەواوی لەوە تێگەیشتبوون بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی ئامادەی هەموو جۆرە سازشێکە. بۆیە زیرەکانە ئەم خواستەی تاڵەبانی دەقۆزنەوە و، قۆناغبەقۆناغ پلانەکەیان بە ئاڕاستەی بنیاتنانی سیستمی حکومڕانی بە گوێرەی حەزو ئاستی دەسەڵاتخوازی و بەرژەوندی و هاوسەنگی ناو بنەماڵە دەبەنە پێش. سەرئەنجام کاروانی ئەو مۆدێلە حکومڕانییەی پارتی لە ٢٠٠٤، لە سەر پشتی یەکێتیی خستییە ڕێ، لە ٢٠١٩دا، لە ژێر بەیداخە نیلیەکەی گۆڕاندا گەیەنرایە کەناری ئارامی، سیستمێک کە لە ژێر هیچ ستانداردێکدا جێگای نابێتەوە. کەچی بە ناوی دڵخوازی نەوشیروان مستەفاوە بە خەڵکی دەفرۆشنەوە.

ئەوەی سەرنجی راكێشام لە کاتی ئامادەکردنی ئەم نووسینەدا، گەڕامەوە سەر یاداشتەکانی نەوشیروان مستەفا لە سەر (ماڵپەڕی سبەی)، کە لە بەشێکدا بە ناوی (گەنجینەی نەوشیروان مستەفا) کتێب و یاداشتەکانی دانراوە، بەڵام ئەو بەشەی یاداشتەکەی کە پەیوەستە بە چۆنێتی پێکهێنانی سەرۆکیەتی هەرێم دانەنراوە، لە کاتێکدا پێشتر دانرابو. خۆشبەختانە هەم کۆپیەکی کاغەزی لای خۆم هەبوو، کاتی خۆی بە دەستی لە خۆیم وەرگرتبوو، هەم پاش گەڕانم لە گوگڵ لینکێکی (ماڵپەڕی کوردپیدیام دۆزییەوە، کە لە ٨ی ٧ی ٢٠١٣دا، دەقی یاداشتەکەی بە PDF بڵاو کردوەتەوە.

،،

ئەو مۆدێلە حکومڕانییەی پارتی لە ٢٠٠٤، لە سەر پشتی یەکێتیی خستییە ڕێ، لە ٢٠١٩دا، لە ژێر بەیداخە نیلیەکەی گۆڕاندا گەیەنرایە کەناری ئارامی، سیستمێک کە لە ژێر هیچ ستانداردێکدا جێگای نابێتەوە. کەچی بە ناوی دڵخوازی نەوشیروان مستەفاوە بە خەڵکی دەفرۆشنەوە.

وەک لە سەرەوە لە زاری نەوشیروان مستەفاوە باسمان کرد؛ رێکكەوتنی دوو قۆڵی تاڵەبانی-بارزانی ئەنجام دەدرێت، بە جۆرێک تاڵەبانی ببێت بە سەرۆککۆماری عێراق و بارزانیش بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لە چوارچێوەی ئەو رێکكەوتنەدا بە پشتیوانی بارزانی لە ٦ی ٤ی ٢٠٠٥ تاڵەبانی وەک سەرۆککۆماری کاتی عێراق هەڵدەبژێردرێت.

لە ١٨ی ٤ی ٢٠٠٥، واتە (١٢) رۆژ دوای بوونی تاڵەبانی بە سەرۆککۆمار، وەفدێکی پارتی لە دوکان، پرۆژە یاسایەک بەناوی (یاسای سەرۆکایەتی هەرێم-عێراق) دەخەنە بەردەم وەفدێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. وەفدەکەی یەکێتیش داوا دەکەن ماوەیان بدرێتی بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکەکەی بکۆڵنەوە. دوای لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت بە جۆرێک داڕێژراوە سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتێکی ئێجگار فراوانی دەبێت و لە ناو خەڵکیشەوە هەڵبژاردنی بۆ دەکرێت و، لێپرسینەوەو چاودێریشی ئەستەمە.

نەوشیروان مستەفا لەو کاتەدا لە سەر ئەم پرسە زنجیرەیەک وتار دەنووسێت. بە گەڕانەوە بۆ مۆدێلەکانی سیستمی حکومڕانی بە وردی تایبەتمەندی سیستمی پەرلەمانی و جیاوازی نێوان دیدی پارتی و یەکێتیی روندەکاتەوە و، مەترسییەکانی خۆی لە بوونی سەرۆکێکی دەسەڵاتدار بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات. لە بارەی ناوەڕۆکی پرۆژەکەی پارتییەوە دەڵێت: "پارتی پرۆژەکەیان بە باڵای کاک مەسعوددا بڕی بوو" باسی ئەوەش دەکات ناڕاستەوخۆ داوایان دەکرد بۆ ماوەی (١٢) ساڵ و چەند مانگێک سەرۆک بێت.

(٣) 

سەرەتای تەنگژەیەکی نەبڕاوە:

لە کۆبونەوەکانی دواتردا وەفدی یەکێتیی نیازپاکی خۆیان بۆ پارتی پیشان دەدەن، کە لاریان نییە لەوەی بارزانی سەرۆکی هەرێم بێ، بەڵام بە پێویستی دەزانن سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستان "هاوشێوەی بەغدا" بێ و، پۆستی سەرۆک رەمزی بێت، دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی و لە ناو پەرلەمانەوە متمانەی پێ بدرێ. تا بتوانرێ چاودێری و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت. ئەمەش رێک پێچەوانەی مەبەست و ناوەڕۆکی پرۆژەکەی پارتی دەبێ، کە دەیانەوێ سەرۆک پێگەو دەسەڵاتێکی رەهای هەبێ. لێرەوە سەرەتای کێشەکانی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم لە نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیی سەرهەڵدەدات.

لە ٧ی ٥ی ٢٠٠٥، لە پیرمام، کۆبونەوەیەک لە نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی دەکرێت. پاش کۆبونەوەکە نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەک وڵامێک بۆ بیرو مەبەستی نەوشیروان مستەفا و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەڵێت: "ئێمە پێمان وایە نابێت سەرۆکی هەرێم شتێکی رەمزی بێت، دەبێ دەسەڵاتی هەبێ، پێویست ناکات هەمو شتێکی خۆمان بە بەغداوە ببەستینەوە، شتێک لە بەغدا هەبێ لێرەش هەبێ. سەرکردایەتی پارتی رازی نابێت بە لاساییکردنەوەی مۆدێلی بەغدا."

ئەم بابەتە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بەرەو کێشەیەکی ئاڵۆزو گەورە دەڕوات. وای لێدێ چەند مانگێک کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان دوا دەخرێ، کە پاش شەڕی ناوخۆ بڕیارە سەرۆکایەتیەکی نوێی بۆ هەڵبژێردرێت. هەوڵەکانی یەکخستنەوەی ئیدارەی هەولێر_ سلێمانی پەک دەخرێ. پارتی لە ٨ی ٥ی ٢٠٠٥ دا، بە بروسکەیەک کۆبونەوە هاوبەشەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی رادەگرێ. لە سنووری ئیدارەی پارتیدا لێرەولەوەێ‌ دەسدەکرێت بە لێدان و ئازاردانی لایەنگرانی یەکێتی. ئەم رووداوانە لە سەروبەندی نووسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدایە. نەوشیروان مستەفا بەم جۆرە رای خۆی لە سەر تەنگژەی سەرۆکایەتی هەرێم لەو کاتدا دەردەبڕێ:"خەریکبو مافەکانی کورد لە گێژەڵوکەی سەرۆکی هەرێمدا بەبا بدرێت."

لە ٢٦ی ٥ی ٢٠٠٥ ،  بارزانی بە ئازاد بەرواری و مەحمود محەمەددا نامەیەک بۆ تاڵەبانی لە دوکان دەنێرێت، تێیدا بە شێوەیەکی دبلۆماسی، تێکەڵەیەک لە هەڕەشەو منەتکردن، باسی سەرکەوتنی دانانی تاڵەبانی بە سەرککۆمار دەکات و، پاڵپشتی دووبارەی خۆی بۆ دەردەبڕێتەوە. هاوکات سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەخاتە روو، کە چاوەڕێی نەکردوە هەندێک کەس لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بە هۆی "گرێی دەرونییەوە" کێشە بۆ پرۆژە یاساکەی پارتی دروست بکەن!

،،

لە ٢٦ی ٥ی ٢٠٠٥ ،  بارزانی بە ئازاد بەرواری و مەحمود محەمەددا نامەیەک بۆ تاڵەبانی لە دوکان دەنێرێت، تێیدا بە شێوەیەکی دبلۆماسی، تێکەڵەیەک لە هەڕەشەو منەتکردن، باسی سەرکەوتنی دانانی تاڵەبانی بە سەرککۆمار دەکات و، پاڵپشتی دووبارەی خۆی بۆ دەردەبڕێتەوە. هاوکات سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەخاتە روو، کە چاوەڕێی نەکردوە هەندێک کەس لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بە هۆی "گرێی دەرونییەوە" کێشە بۆ پرۆژە یاساکەی پارتی دروست بکەن!

بارزانی بۆ تاڵەبانی دەنووسێت: "بەڕاستی لەجەنابت ناشارمەوە من بەو تەسەوراتەی برایانی یەكێتیی زۆر ناڕەحەت و نائومێد بووم. دروست من دەمویست لەو گرێیانە دەرباز ببین، بەڵام دیارە هێشتا هەندێك ماون هەر لەناو ئەو گرێیانەدا دەژین و هێشتا نیەتەكان پاك نەبوونەتەوە. دیارە هێشتا هەلومەرج لەبار نییە بۆ ئەوەی كەس مەسەلەی سەرۆكی هەرێم نەكاته بەهانەو، كۆسپێكی وا بخاتەسەر ڕێگاكە زیان لە دۆزی گەلەكەمان بدات، برایانه بەجەنابت ڕادەگەیەنم من ئەسڵەن حەزم نەكردووە ببمە نە سەرۆك كۆمار لە بەغدا، نه سەرۆكی هەرێم، من ئامادە نیم سەرۆكایەتی هەرێم قبوڵ بكەم.  لە ئەنجامی سەفقەیەك لەنێوان پارتی و یەكێتبی، من وامزانی تەفاهوم كراوەو دوایی ئەم هێنان و بردنە چ تامی تێدا نەماوە، و با مەسەلەی سەرۆكی هەرێم دوابخرێت و نەبێتە كۆسپ. ئەگەر بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بو باشە ئەگەر بەسفقە بو پێویست ناكات. با هەمو گەلی كوردستان ڕەئی خۆی بدات نەك تەنها دوو حزب."

(٤)

بە تەنها بۆ پیرمام دەڕوات:

پاش نامەکەی بارزانی، بە دیاریکراوی لە ٢٨ی ٥ی ٢٠٠٥، مام جەلال خۆی بە تەنها و بێ ئەوەی هیچ کەسێکی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی لە گەڵ بێ، بە پاسەوانی دوو ئۆتۆمبێلەوە دەچێت بۆ سەلاحەدین. لەوێ کۆبونەوەیەکی دوو قۆڵی لە گەڵ بارزانی دەکات و، بە هەموو داواکاریەکانیان رازی دەبێت. دواتر بارزانی قسەو باسی ناو گفتوگۆ دووقۆڵیەکەی نێوان خۆی و تاڵەبانی بۆ دکتۆر مەحمود عوسمان باس دەکات و، ئەویش بۆ نەوشیروان مستەفای دەگێڕێتەوە.

نەوشیروان مستەفا لە لاپەڕە ٤٩-٥٠-٥١ی یاداشتەکەی دا، دەیگێڕێتەوە؛ دوای ئەوەی مام جەلال لە سەلاحەدین گەڕاوەتەوە، لە ٢٩ی ٥ی ٢٠٠٥دا، لە قەڵاچوالان کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسییان کردوە، تاڵەبانی، کۆسرەت رەسوڵ، عومەر فەتاح، عەدنان موفتی، ئەرسەلان بایز، عیماد ئەحمەد، محەمەد تۆفیق، عوسمانی حاجی مەحمود، مستەفای سەید قادر، جەلال جەوهەر، مەلا بەختیار، عومەری سەید عەلی، خۆی بەشدار دەبن. لەوێ دەردەکەوێت مام جەلال بە تەواوی داواکاریەکانی بارزانی و پارتی رازی بووە.

لەو کۆبونەوەدا ئەوە بیری مام جەلال دەخرێتەوە، کە یەکێتیی داوای کردووە ئەگەر سەرۆکی هەرێم بۆ چوار ساڵ بە بارزانی بدرێت، لە بەرامبەردا دەبێ سەرۆکی حکومەت، کە لەو کاتەدا نێچیرڤان بارزانی بووە، ئەو پۆستەی لێ وەربگیرێتەوەو بدرێت بە یەکێتی. لە وڵامی ئەمەدا مام جەلال دەڵێت:"بارزانی وتی ئەوە کێشە دەخاتە ناو خێزانەکەمانەوە من ئامادە نیم لە سەر لاشەی نێچیروان ببمە سەرۆکی هەرێم!"

،،

نەوشیرون مستەفا ئاماژە بەوەش دەکات: لەو کاتەدا دەرفەت نابێت هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە ناو خەڵکەوە بکرێت، بۆیە خودی پارتی داوا دەکەن لە چوار ساڵی یەکەمدا بارزانی لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، لە خولەکانی دواتردا لە ناو خەڵکەوە بێ. هەر واش کرا.

نەوشیرون مستەفا ئاماژە بەوەش دەکات: لەو کاتەدا دەرفەت نابێت هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە ناو خەڵکەوە بکرێت، بۆیە خودی پارتی داوا دەکەن لە چوار ساڵی یەکەمدا بارزانی لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، لە خولەکانی دواتردا لە ناو خەڵکەوە بێ. هەر واش کرا.

پاش هەوڵێکی زۆر بەڵام بێ ئاکام، بۆ ئەوەی هەرێم ببێتە خاوەن سیستمێکی حكومڕانی پەرلەمانی راستەقینە، لە ١٢ی ٦ی ٢٠٠٥، بەو شێوەی بەرژەوەندی پارتی و دەسەڵاتخوازی و هاوسەنگی ماڵبات دەیخواست، مەسعود بارزانی لە پەرلەماندا وەک سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا. سەرئەنجام ١٢ ساڵ و چوار مانگ و ٢٦ رۆژ سەرۆکی هەرێم بوو!

نەوشیروان مستەفا دەڵێت:"ئەو شێوە رفتارەی پارتی لە گفتوگۆی لە گەڵ یەکێتیی بە کاری هێنا بۆ سەپاندنی مەرجەکانی خۆی و داڕشتنی رێکكەوتنێکی لاسەنگ، بە عەرەبی  پێی دەڵێن: ئیبتیزازی سیاسی." (واتە ناچارکردنی کەسێک بۆ ئەنجامدانی کارێک لە ژێر گوشارو هەڕەشەی ئاشکراو نهێنیدا.)

(٥)

دار سنەوبەرکانی گردەکە:

٢٠٠٦-٢٠١٧

لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦دا، لە رۆژێکی سارددا، بۆ یەکەمجار لە دوای وازهێنانی لە یەکێتیی چەند خوێندکارێکی زانکۆ لە گردەکە سەردانی نەوشیروان مستەفامان کرد، لە ژورەکەی ئێستای عومەری سەید عەلی دادەنیشت. لەو سەردانەدا زۆر شتی بۆ باسکردین، کە وای لێکردووە لە ریزەکانی یەکێتیی دەستلەکاربکێشێتەوە. سەرەکیترینیان پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و تەسلیمبوون و سازشی زۆری یەکێتیی بۆ پارتی بوو، لەو رۆژەوە بڕیاڕماندا لە هەنگاوە میدیایی و سیاسییەکانی داهاتویدا هاوکاروانی ببین.

لە بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا، کە لە ماڵپەڕی فەرمی بزوتنەوەکە دانراوە لە بارەی شێوازی سیستەمی حکومڕانییەوە. لەو بەشەی پەیوەندی بە بەدیهێنانی ئامانجە دیموکراسییەکانەوە هەیە دەڵێت: پەرەدان بە دیموکراسی، رێزگرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتەكانی یاسادانان‌ و جێبەجێكردن ‌و دادوەریی...

لە خاڵێکی تردا هاتووە: گه‌ڕاندنه‌وه‌ و هه‌موارکردنه‌وه‌ی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان بەشێوازێك كە سیستەمی سیاسیی هەرێم پەرلەمانی بێت. هەر لەو بەشەدا هاتووە: کارکردن به‌و بنەما یاساییەی كە دەڵێت: «لە هەر شوێنێك بەرپرسیارێتی هەبوو لێپرسینەوەش هەیە.» واتە: تا پلەی بەرپرسیارێتی بەرزتربێتەوە، باری لێپرسینەوەی پەرلەمانیش لەسەر كەسی بەرپرس قورستر دەبێت.

هەروەها لە خاڵێکی تردا دەڵێت: لێپێچینه‌وه‌ و پرسیاركاریی پەرلەمانی لە هەموو بەرپرسەكان، لە سەرۆكی هەرێم ‌و سەرۆكی حكومەتەوە تا وەزیر ‌و هەموو پلەدارەكانی بەرپرسیارێتی، سزادان‌ و سەندنەوەی متمانە لێیان لەكاتی سەرپێچیی دەستوریی ‌و یاساییدا.

(٦)

سەرۆک و کودەتای٣٠ی حوزەیران:

٢٠٠٩-٢٠١٣

لە خولی سێی پەرلەمانی کوردستاندا، جیا لە خواستی خۆپیشاندەران، پاشتر بە ڕاوێژو ئاگاداری نەوشیروان مستەفا لە دوو وێستگەی تریشدا کارمان بۆ گێڕانەوەی پرۆژەی دەستورو گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی کرد. لێرە بە کورتی باسیان دەکەم:-

یەک: لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی سەرای ئازادیان کرد، داواکاری خۆپیشاندەرانیان هێنایەوە بۆ پەرلەمان. لە ١٧ی ٣ی ٢٠١١ پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ داواکاری خۆپیشاندەرانی وەک بڕیاری ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١١ پەسەند کرد. لە یەکێک لە خاڵەکانی بڕیارەکەدا هاتووە: پرۆژەی دەستوری هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ هەموار کردنەوە و، سیستەمی حکومڕانی دەکرێت بە پەرلەمانی. دەقی ئەم بڕیارە لە لایەن دکتۆر کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی ئەو کاتەی پەرلەمانەوە لە هەنگاوێکی زۆر نایاسایی و نابەرپرسانەدا کە پێشینەی نەبووە شاردرایەوە و، لە رۆژنامەی وقایعی کوردستان بڵاو نەکرایەوە! پاش (٩) مانگ و، دوای ئەوەی ڤیدیۆی رۆژی دانیشتنەکەی پەرلەمانم دەستکەوت دەقی بڕیارەکم داڕشتەوە و، لە رۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە (٧٩٢)ی رۆژی یەکشەممە ١٨ی ١٢ی ٢٠١١ بڵاوم کردەوە، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە گرنگە کە تاکە دەسکەوتی خۆپیشاندەران بوو، لانی کەم وەک دۆکۆمێنتێکی میژویی بمێنێتەوە.

دوو: بە مەبەستی گێڕانەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێم بۆ دەسکاریکردنی ناوەڕۆکەکەی بۆ سیستمی پەرلەمانی، لە ١٨ی ١ی ٢٠١٢ پڕۆژە یاسای هەمواری سێهەمی یاسای پەسەندکردنی پرۆژەی دەستوری ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ مان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد. (٦٠) پەرلەمانتاری زۆربەی فراکسیۆنەکان بە پێکهاتەکانی تورکمان و کلدو ئاشورییەوە، واژۆیان لە سەر کرد، جگە لە پەرلەمانتارانی پارتی و سۆسیالیست نەبێت. دیسان کەمال کەرکوکی بەربەستی لە بەردەم ئەم هەنگاوەش دروست کردو رێگەی نەدا پرۆژەکە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، هەر بەوەوە نەوەستا گوشارێکی توندی لە سەر نوێنەری پێکهاتەکانی تورکمان و کلدو ئاشوریی و، تاکە نوێنەرەکەی حزبی شوعی دروست کرد، ناچاری کردن واژۆکانییان لە سەر پرۆژکە بکێشنەوە، بەمەش هەوڵەکەمان بێ ئاکام بوو. (کۆپیەکی پرۆژەکەو واژۆکان لای خۆمە)

سێ: لە هەوڵێکی تردا لە ١٨ی ١٢ی ٢٠١٢ پرۆژە یاسایەکی ترمان بە ناوی (پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم) پێشکەش کرد، ئەم پرۆژە یاسایە بە تەواوی رەنگدانەوەی سیستەمی پەرلەمانی هاوشێوەی بەغدا بوو،  (٥٢) پەرلەمانتاری زۆربەی فراکسیۆنەکان واژۆیان لە سەر کرد. دیسان پەرلەمانتارەکانی پارتی و سۆسیالست ئەمەشیان واژۆ نەکرد. سەبارەت بە پێكهاتەکانیش تەنها یەک پەرلەمانتاری تورکمان بە ناوی (یاوز خورشید) کە پیاوێکی ئازاو رۆشنبیر بوو واژۆی خستەسەر، ئیدی ئەوانی تر نەیانویست جارێکی تر خۆیان توشی گوشارو کێشەی جارەکەی پێشو بکەن.

 شەوی ١٧/١٨ی ١٢ی ٢٠١٢ مام جەلال لە بەغدا گیرۆدەی نەخۆشییەکەی بوو. رێکكەوت وابو بەیانی رۆژی ١٨ی ١٢، واتە هەر (١٠) کاتژمێرێک دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی پرۆژەکەمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. لێرشدا بە جۆرێکی تر مێژوو دووبارە دەبێتەوە.

لە مانگی ١ی ٢٠١٣، لە ژێر گوشاری پارتیدا، کۆسرەت رەسول فراکسیۆنی یەکێتیی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لە هەولێر کۆدەکاتەوەو، داوایان لێدەکات واژۆکانییان لە سەر پرۆژەکە بکێشنەوە. لەوێدا سێ پەرلەمانتاریان رازی نابن، چەند دانەشیان لە کۆبونەوەکە ئامادە نابن، ئیدی ئەوانی تر پاشگەز دەکرێنەوە.

رۆژانێک دواتر هەواڵی ئەو پاشگەزکردنەوەیە لە (رۆژنامەی هاوڵاتی) بڵاو بوییەوە، کاتێک پرسیارم لە پەرلەمانتارەکانی یەکێتیی کرد هەواڵەکەیان سەلماند. ئەم پرۆژەیەش لە ژێر گوشاری پارتیی و بە هۆی بێئیرادەیی یەکێتیی و سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە لەو کاتەدا گۆڕابو بە دکتۆر ئەرسەلان بایز  لە باربرا.

لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٣ هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە سەر درێژکرنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی پێکهاتن. رۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دوو پرۆژە یاسایان هێنایە پەرلەمان بە مەبەستی درێژکردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ و دە رۆژ، هەروەها درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی بۆ دوو ساڵ. سەرلەبەیانی هەمان رۆژ پەرلەمانیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەکانی خۆیان بکات.(ئەمە لە کاتێکدا ئێمە ساڵێک زیاتر بو دوو پرۆژەمان بۆ پرسەکانی گێڕانەوەی پرۆژەی دەستورو، پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەشکردبوو، بەڵام دکتۆر کەمال و دکتۆر ئەرسەلان رێگەیان نەدەدا بخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان) ئێوارەی هەمان رۆژ جارێکی تر پەرلەمانیان کۆکردەوە و لە هەنگاوێکی زۆر نا یاسایی و شەرمهێنەردا، هەردوو پرۆژەکەی پارتی و یەکێتی تێپەڕێنرا.

،،

سەرلەبەیانی و سەرلەئێوارەی ئەو رۆژ فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵی زۆرماندا رێگری بکەین، سەرئەنجام خولی سێی پەرلەمان بە کودەتاکەی ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣ی درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی کۆتایی هات. ئەو رووداوە وەک رۆژێکی رەش لە مێژووی حکومڕانی کوردییدا تۆمارە،

سەرلەبەیانی و سەرلەئێوارەی ئەو رۆژ فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵی زۆرماندا رێگری بکەین، سەرئەنجام خولی سێی پەرلەمان بە کودەتاکەی ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣ی درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی کۆتایی هات. ئەو رووداوە وەک رۆژێکی رەش لە مێژووی حکومڕانی کوردییدا تۆمارە، لە پای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە پرۆسەیەکی نا دیموکراسی نا یاساییدا لە لایەن دوو حزبەوە بە کار هێنرا بۆ دەسکاری یاسا بە پێی خواستی کەس و حزبێکی دیاریکراو.

(لێرەدا بە پێویستی دەزانم سەرنجێک بخەمەڕو: هەندێک جار دەوترێت ئەو نهێنیانەی لە نێو حیزبدا رویداوە دەبێت بپارێزرێت، لەم روەوە پەنجە بۆ کاک نەوشیروان وەک نمونەیەکی جوان و پڕ ئەخلاق درێژ دەکرێت، بێگومان ئەمە راستە، بەڵام حەقیقەتەکە ئەوەیە کاک نەواشیرون لە ژیانی خۆیدا تەنها ئەو نهێنیانەی دەپاراست کە پەیوەندی بە ژیانی کەسیەوە هەبو، لە بەرامبەردا هەمو ئەو روداو و زانیاریە نهێنیانەی کە پەیوەندی بە ژیان و چارەنوسی خەڵکەوە هەبوایە لە وێستگەو بۆنەی جیاجیادا یان باسی دەکردن یان وەک کتێب و وتار بڵاوی. خوێنەرانی کتێبەکانی کاک نەوشیروان باش دەزانن بەشێکی گەورەی نوسینەکانی گێڕانەوی ئەو مێژوە سیاسیەیە کە خۆی تێیدا بەشدار بوەو لە گێڕانەوەکانیشیدا باسی کارو هەڵوێستی هاوڕێکانی کردوە. هەر بە تەنها ئەم یاداشتەی کە من کردومەتە بناغەی ئەم نوسینەی بەردەستان گەواهیدەری ئەو راستیەیە کە کاک نەوشیروان بڵاو کردنەوەی زانیاریە نهێنیە پەیوەندیدارەکان بە ژیانی خەڵکی بە ئەرکی خۆی زانیوە)

(٧)

سەرۆک و داخستنی پەرلەمان:

٢٠١٣-٢٠١٨

لە ٩ی ٤ی ٢٠١٥، کاک نەوشیروان بە رویەکی شادو بە چاکەت و چاویلکەیەکی رەشەوە لە دوای کۆبونەوەی لە گەڵ وەفدی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە بەردەم کامێراو مایکی رۆژنامەنوساندا، لە (٢٠) چرکەدا دیدی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سەر سیستەمی حکومڕانی رون کردەوەو، وتی:"گونجاوترین سیستەمی سیاسیی بۆ کوردستانی عێراق سیستەمێکی پەرلەمانییە، هاوشێوەی بەغدا."

بۆ خستنەروی بیروباوەڕی نەوشیروان مستەفا لە سەر سیستەمی پەرلەمانی، لە ناو یەکێتییدا لە سەروبەندی گفتوگۆکانی دروستکردنی سەرۆکایەتی هەرێم، کە هاوکات لەو سەروبەندەدا ئەندامی نووسینەوەی پرۆژەی دەستوری هەمیشەیی عێراق بو، دواتریش لە ناو گۆڕاندا، هەروەها بۆ دەستنیشانکردنی تایبەتمەندی ئەو جۆرە سیستەمەو، پێدانی بەرچاوڕونی زیاتر بە خوێنەر، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو وتارانەی لە ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ دا نووسیونی و، دواتر دەبن بە بەشێک لە یاداشتەکەی. دەشێت پوختەی تێگەیشتنی لە سێ خاڵدا بخەینە روو:-

یەکەم: پێی وایە بۆ هێنانە کایەی سەقامگیری و رووبەرێکی فراوانتر لە ئازادیی و دیموکراسی دەبێت سیستەمی حکومڕانی پەرلەمانی بێت، بە جۆرێک سەرۆکی هەرێم پۆستێکی رەمزی بێت، دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی بێ، نابێت سەرۆکی هەرێم سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێ. نابێت سەرۆکی هێزی چەکدار بێت، نابێت دەزگاکانی هەوڵگری و ئاسایش بە سەرۆکی هەرێمەوە ببەسترێتەوە. نابێت مەلەفی پەیوەندی و ئابووری لای سەرۆک بێت. نابێت سەرۆک دەستێوەردان بۆ کاروباری دەسەڵاتەکانی دادگاو پەرلەمان بکات. داوای جێگیرکردنی مەبدەئی فەسڵی سوڵتات لە نێوان دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکومەت و دادوەری دەکات. بوونی دەسەڵاتی فعلی لای سەرۆکی وڵات بە مەترسی جدی دەزانێت، لەم رووەوە ئاماژە بۆ مۆدێلی میسرو ئێران وەک دوو مۆدێلی خراپ دەکات.

دووەم: بە پێویستی دەزانێ سەرۆکی هەرێم لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژاردنی بۆ بکرێت و، رێوشوێنی لێپرسینەوەو متمانە لێوەرگرتنەوەی روون بێت. ماوەی ویلایەت و خولەکانی مافی خۆهەڵبژاردنەوەی دیاریکراوبێت. 

سێیەم: لە درێژەی نووسینەکانیدا تایبەتمەندی دووانەیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سیستمی پەرلەمانییدا رووندەکاتەوە. لەم سیستەمەدا دەسەڵاتی فعلی لای سەرۆکی حکومەتە و، لە ژێر چاودێریەکی توندی پەرلەماندایە.

ئەو بنەما دەستوریانەی کە بۆ سیستەمی پەرلەمانی پێویستن، لە مادەکانی (٤٨ تا١٠١) دەستوری ٢٠٠٥ی عێراقی فیدراڵدا بە وردەکاری زۆرەوە جێگیر کراوە.

وتارو گفتوگۆکانی سەردەمی یەکێتیی و، بەشداری لە نووسینەوەی دەستوری عێراق و، بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان، گەواهیدەری ئەو راستیەن کە دیدی نەوشیروان مستەفا بۆ سیستەمی پەرلەمانی "هاوشێوەی بەغدا" پێش ئەوەی دیدێکی دەستوری و یاسایی بێت دیدێکی سیاسیی قوڵ و دراسەکراوە، نەک وەک ئەوەی هەندێک کەس رواڵەتیانە، بۆ مەرامی تایبەت بانگەشەی لە پاڵدا دەکەن.

لە خولی چواری پەرلەماندا جارێکی تر هەوڵەکانی گۆڕان بۆ راستکرنەوەی هەڵەکانی رابردوی یەکێتیی و گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی دەستیپێکرد. لەو چوارچێوەیەدا لە ١٠ی ٦ی ٢٠١٥ فراکسیۆنی گۆڕان پرۆژە یاسای هەمواری (یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو)ی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. ئەو پرۆژەیە هەمان پرۆژەکەی خولی سێی پەرلەمان بو، کە لە ١٨ی ١٢ی ٢٠١٥، پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئەرسەلان بایز کردبوو. لە چەند کۆبونەوەیەکدا لە گردەکە دەستکاریەکی کەممان کرد. دواتر هەریەک لە یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ پرۆژەیان پێشکەش کرد، لە هەنگاوەکانی پاشتردا پرۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو، کۆمەڵ، بزوتنەوەی ئیسلامی) ئامادەکراو، پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا، لەم قۆناغەدا بەرەو پێشچوونی باش هەبوو.

شانبەشانی هەوڵ و کۆبونەوە ئاشکراکان، لەو قۆناغەدا بە ئاگاداری هێرۆخان هەردوو پەرلەمانتار (بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی و گۆران ئازاد ئەندامی هەمان فراکسیۆن) بە بێ ئاگاداری فراکسیۆنەکەی خۆیان وەک هەماهەنگییەکی دوو لایەنەی تایبەت، چەند جارێک سەردانی کاک نەوشیروانیان لە ماڵەکەی خۆی لە گردەکە کرد، لەو کۆبونەوانەدا کە منیش بەشدار دەبوم بە دیاریکراوی باس لە سیستەمی پەرلەمانی و قۆناغەکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و هەماهەنگی وردی نێوان گۆڕان و یەکێتیی و کۆسپەکانی سەر رێگە دەکرا. (دیارە لە سەر پرسی سیستمی حکومڕانی و سەرۆکایەتی هەرێم پەیوەندی تایبەت لە نێوان کاک نەوشیروان و هێرۆخان هەبو، بەڵام من ئاگاداری ئاستی پەیوەندیەکان نەبوم.)

،،

لەو سەروبەندەدا (عەلی حەمە ساڵح) پەرلەمانتاری گۆڕان بە کۆبونەوە نهێنیەکان دەزانێت و، بۆ چەند پەرلەمانتارێکی تری یەکێتیی دەگێڕێتەوە، ئەمەش پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە توڕە دەکات لە سەر ئەوەی کە لە پشتی ئەوانەوە سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان کۆبونەوە لە گەڵ گۆڕان دەکات. بەمەش کۆتایی بەو هەماهەنگییە هات. کاک نەوشیروان ئەم هەواڵەی زانی بو، رۆژێک لە ماڵەکەی خۆیدا، کە کاک رێبین هەردیشی لێ بوو بە چەند قسەیەک نیگەرانی خۆی لە ئاشکراکردنی ئەو هەماهەنگی و هەوڵە نهێنیە دربڕی.

لەو سەروبەندەدا (عەلی حەمە ساڵح) پەرلەمانتاری گۆڕان بە کۆبونەوە نهێنیەکان دەزانێت و، بۆ چەند پەرلەمانتارێکی تری یەکێتیی دەگێڕێتەوە، ئەمەش پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە توڕە دەکات لە سەر ئەوەی کە لە پشتی ئەوانەوە سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان کۆبونەوە لە گەڵ گۆڕان دەکات. بەمەش کۆتایی بەو هەماهەنگییە هات. کاک نەوشیروان ئەم هەواڵەی زانی بو، رۆژێک لە ماڵەکەی خۆیدا، کە کاک رێبین هەردیشی لێ بوو بە چەند قسەیەک نیگەرانی خۆی لە ئاشکراکردنی ئەو هەماهەنگی و هەوڵە نهێنیە دربڕی.

گۆڕان لەم قۆناغەدا بە رابەرایەتی نەوشیروان مستەفا وەک جەمسەرێکی بەهێز لە گەڵ هاوپەیمانەکانیدا چ لە ناو پەرلەمان و چ لە گفتوگۆ و دەسپێشخەریەکاندا هەنگاوێکی ئازایانەی نا و رۆڵی سەرەکی بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی حکومڕانی گێڕا، سەرئەنجام بە دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان کۆتایی هات، هەڵوێستی لایەنەکانی تر لە ئاست ئەو هەنگاوەی پارتی لە ئاستی پێویستدا نەبوو!  (لەم قۆناغەدا وردەکاری زۆر هەن هەوڵ ئەدەم لە دەرفەتێکی تردا بە تێروتەسەلی باسی بکەم)

(٨)

ریفراندۆم و کۆتایی بارزانی:

٢٠١٧-٢٠١٨ 

بە پێی یاسا بەرکارەکان دەبوو لە مانگی ١١ی ٢٠١٧ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی هەرێم پێکەوە ئەنجام بدرێت. پێشوەخت و، لە ٢٤ی ١٠ی ٢٠١٧ پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ ساڵێک درێژ کردەوە، واتە تا مانگی ٦ی ٢٠١٨، لە کاتێکدا لە ٦ی ١١ی ٢٠١٧ کۆتایی پێدەهات. لە هۆکارەکانی دەرچواندنی یاسای درێژکرنەوەی پەرلەماندا دوو پاساو هاتبوو. یەکەم: لە بەر ئەوەی ناوچە دابڕاوەکان ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن، لە کاتێکدا بەشداری ریفراندۆمیان کردووە. دووەم: پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە لایەن کۆمسیۆنەوە. هەردوو پاساوەکە بۆ شەرعیەتدان بوو بە دواخستنی هەڵبژاردنەکان، کە پارتی لەو کاتەدا زۆر پێویستی بەم دواخستنە هەبوو. (لە ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ کە هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، نە ناوچە دابڕاوەکان بەشداریان کرد، نە تۆماری دەنگدەران بە باشی پاککرایەوە!)   

پاش ریفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لە ژێر گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا مەسعود بارزانی لە ٢٩ی ١٠ی ٢٠١٧، لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستانی کرد، دەستی لە پۆستەکەی بەردا. هەمان رۆژ پەرلەمان بە خواستی پارتی (یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٧، یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم)ی پەسەند کردوو، بۆ یەکەمجار دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی هەڵپەساردو، دەسەڵاتەکانی سەرۆکیشی بە سەر حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەش کرد.

لێرەدا سەرنج بدەن؛ نەوشیروان مستەفا لەو بەشەی یاداشتەکانییدا باسی ئەوە دەکات هەر لە سەرەتاوە پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بە باڵای بارزانیدا بڕابوو، وەک درێژکراوەی ئەو رابردووە کاتێک لە ٢٠١٧ دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت، لە بری ئەوەی کەسێکی نوێ بۆ شوێنەکەی هەڵبژێردرێ، ئەمە ناکرێت، بەڵکو سەرۆکایەتی هەرێم وەک دامەزراوە "هەڵدەگیرێ". هەڵگرتن وەک ئەمانەتێکی ماڵباتی بارزانی تا لە دەرفەتێکی گونجاودا توانای وەرگرتنەوەیان دەبێت.

بە پێی مادەی (١)ی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم پێکەوە دەکرێت. ئەو کاتەش "هەمان ئەو ساڵەیە کە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ کردوەتەوە".

(٩)

مەرسومێک بە خواستی پارتی:

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت، لە سەر ئەو بنەمایەی لە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمدا دەسەڵاتی دەرکردنی مەرسومی پێ درابوو، لە ٨ی ٥ی ٢٠١٨ بە مەرسومی ژمارە (١)، رۆژی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد. تێیدا داوا لە کۆمسێون دەکات ئامادەسازییەکانی بۆ "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" لە رۆژی دیاریکراودا دەستپێبکات.

لێرەدا سەرنج بدەن؛ لە کاتێکدا بە پێی یاسا بەرکارەکان (یاسای هەڵبژاردن و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم) دەبوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم لە یەک رۆژدا بکرێت، بەڵام مەرسومەکەی نێچیرڤان بارزانی تەنها بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بو، واتە بێدەنگی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم کردبو.

ئەمەش بەڵگەی ئەوەبوو پاش درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک و، هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بۆ هەمان ماوە، جارێکی تر پارتی نایەوێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم لە گەڵ پەرلەمان بکرێ، بەڵکو دەیەوێت لە یەکیان جیا بکاتەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت، بەڵام بۆ جاری دووەم ماوەی هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک درێژ بکرێتەوە، تا کاتێکی نا دیار. 

،،

کاتێک بارزانى لە ٢٠١٧ دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت، لە بری ئەوەی کەسێکی نوێ بۆ شوێنەکەی هەڵبژێردرێ، ئەمە ناکرێت، بەڵکو سەرۆکایەتی هەرێم وەک دامەزراوە "هەڵدەگیرێ". هەڵگرتن وەک ئەمانەتێکی ماڵباتی بارزانی تا لە دەرفەتێکی گونجاودا توانای وەرگرتنەوەیان دەبێت.

سەرنجێکی تریش ئەوەیە، لە نێوان رۆژی دەرکردنی مەرسومەکەی نێچیرڤان بارزانی کە ٨ی ٥ی ٢٠١٨ بو، بۆ رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ی دیاری کردبوو، تەنها چوار مانگ و بیست رۆژ دەرفەت لە بەردەم پارتیدا مابوو، بۆ ئەوەی یان لە سەر چارەنووسی سەرۆکایەتی هەرێم لە گەڵ لایەنەکان بگاتە رێکكەوتن، یان دەبێت جارێکی تریش تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوەو هەڵبژاردن دوابخرێت، تا ئەو کاتەی رێكکەوتن لە سەر چارەنووسی ئەو دامەزراوە هەڵپەسێردراوە دەکرێت.

(١٠)

گرێکانی پارتی:

پاش شكستی ریفراندۆم و دورکەوتنەوەی بارزانی "هەڵگرتن" یان "هەڵپەساردن"ی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و، دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەو ماوەیەدا پارتی لە ژێر گوشاری کاتدا، لە نێو تەنگەژەیەکدا کە راستەوخۆ پەیوەندی بە ماڵباتەوە هەبوو گیریان خواردبوو. ئەم تەنگژەیە وەک سێ گرێکوێرەی پێکەوەگرێدراو لە سێ لاوە گەمارۆی دابون:

گرێی یەکەم: بە پێی یاسا لە پاش ساڵێک جارێکی تر دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەهاتە پێش، کە دەبوو لەو ماوەیەدا پەرلەمان یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم هەڵوەشێنێتەوەو بە پێی یاسا کۆنەکە، واتە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥، لە گەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێمیش بکرێت.

گرێی دووەم: ئەگەر هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێم بکرێت، بارزانی بۆی نەبوو خۆی هەڵبژێرێتەوەو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رازی نەدەبوون.

گرێی سێیەم: وەک ئەوەی بارزانی مافی خۆ‌هەڵبژاردنەوەی نەبوو، لە هەمان کاتدا بۆ پارتی و ماڵبات پێشهاتێکی نامۆ بوو، کەسێکی تر بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ لە ناو خەڵکەوە بەو دەسەڵاتە زۆرەوە بچێتە شوێنەکەی. بە تایبەت پاش بێ ئاکام بوونی ریفراندۆم و بەڵێنەکانی؛ ئەم جۆرە دورکەوتنەوەیە وەک شکست و بچوککرنەوەی هەیبەتی بارزانی دەبینرا.

بە دەر لەو گرێیانەش پارتی دەیزانی پاش کۆتایی مەسعود بارزانی، هەر کاندیدێک دیاری بکات بۆ هەڵبژاردنی لە ناو خەڵکەوە ئەگەری دەرچونی زۆر کەم بو، چونکە پاش ریفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر لە لایەک خەڵکی بە تەواوی لە دەسەڵات توڕە بون، لە لایەک ترەوە ئاڵۆزی وخراپی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی گەیشتبووە ئاستێک، دەرفەتی تێدا نەمابوو وەک جاران لە سەر کاندیدێکی هاوبەش رێک بکەون.

(١١)

بژاردەکانی دەربازبوون:

لەو قۆناغەدا دەبوو پارتی دەرچەی دەربازبوون لەو تەنگەژەیە بدۆزنەوە. بە جۆرێک هەم هەیبەتی بارزانی پارێزراوبێت، هەم دامەزراوی سەرۆکایەتی هەرێمیان بە "هەڵگیراوی" بۆ بمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی دەرفەتی وەرگرتنەوەیان دەبێ. بۆ ئەمەش پێویستیان بە ڕێكکەوتن و سازش بۆ لایەنەکانی ترە.

گوشاری کات و تەنگژەی هەمەلایەنەی سەرۆکایەتی هەرێم وەک چۆن لەو ماوەیەدا بۆ پارتی خاڵی هەرە لاواز بوو، لە بەرامبەردا بۆ هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەرفەتێکی زێڕین بوو، بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر بنەمای سازانی نێوان هەموو لایەنەکان چارەسەری ریشەیی کێشەکە بکرێت. 

لەم قۆناغەدا لانی کەم چوار بژاردە لە بەردەم لایەنەکاندا هەبوو، بۆ ئەوەی رێکكەوتن لە سەر یەکێکیان بکرێت. رێکكەوتن لە سەر هەر یەکەیان بە جۆرێکی جیاواز لەسێ بژاردەکەی تر، کاریگەری لە سەر چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و سیستەمی حکومڕانی و بەرژەوەندی پارتی و هاوسەنگ ناو ماڵباتی بارزانی دادەنا:

بژاردەی یەکەم: کاراکردنەوەی یاسا کۆنەکە (یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ٢٠٠٥): دەکرا پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک، کە لە ٢٩ی ١٠ی ٢٠١٧ دا پەسەندی کردبوو، هەڵوەشینێتەوەو لە بەرامبەردا یاسا کۆنەکە کارا بکاتەوەو، نێچیرڤان بارزانی ناچار بکرێت مەرسومی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێمیش دەرباکات، ئەو کات هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی هەرێم لە ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ یان لە هەر وادەیەکی تردا بکرێت، بە مەرجێک ئەو وادەیە لەو ساڵە درێژکراوەی پەرلەمان تێپەڕ نەکات.

ئەوکات دەتوانرا بەشێک لە لایەنەکان کاندیدێکی هاوبەشیان هەبێت، دەنگی پێویستیشی لە ناو خەڵکدا بۆ کۆبکەنەوە. وەک چۆن پێش درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم محەمەد تۆفیق رەحیم وەک کاندیدی گۆڕان خۆی بەربژێر کرد، لەم گریمانەیەی تریشدا دەکرا کەسێکی گونجاوتر بەربژێر بکرێت.

بژاردەی دووەم: سیستەمی هاوشێوەی بەغدا: دەکرا پەرلەمانی کوردستان بە سازانی نێوان زۆرینە یان هەموو لایەنەکان یاسا کۆنەکە (یاساکەی ٢٠٠٥) بە شێوەیەکی ریشەیی هەموار بکاتەوە یان بە تەواوی هەڵیوەشێنێتەوەو پرۆژەیەکی نوێ یان ئەو پرۆژەیەی کە پێش داخستنی پەرلەمان لە لایەن پێنج لایەنەکەوە پێشکەش کرا، لە پەرلەماندا گفتوگۆو پەسەند بکرێ و، سیستەم هاوشێوەی بەغدا لێبکرێت. دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێ و، پەرلەمانی نوێش سەرۆکی رەمزی هەرێمی هەڵبژێرێت.

لەم بژاردەیاندا ئەو ئەگەرە گەورە بوو پارتی بە تەواوی لە سەرۆکایەتی هەرێم دور بکەوێتەوەو، ئامادە نەبێت جارێکی تر کەسێکی ناو ماڵباتی بۆ کاندید بکەن. چون ئەوان باوەڕیان بە سەرۆکێکی بێ دەسەڵاتی رەمزی نەبوەو نییە. وەک چۆن بۆ بەغدا دکتۆر فوئاد حوسێن یان بۆ سەرککۆماری عێراق بەربژێر کرد، نەک کەسێکی ناو ماڵبات.

بژاردەی سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم: دەکرا پەرلەمانی کوردستان بە یەکجاری دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوەو، دەسەڵاتەکانی سەرۆکیش، بە شێوەیەک دابەش بکات کە رۆڵ و پێگەی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری بەهێز ببێت. ئەم بژاردەیەش شانسی سەرکەوتنی گەورە دەبوو، چونکە لە لایەک گۆڕان ئەمەی پێ باشبوو، هەروەها یەکگرتوش بە رەسمی داوای هەڵوەشاندنەوەیان کردبوو، کۆمەڵیش لاری نەبوو، یەکێتیش بە هەڵوەشاندنەوی سەرۆکایەتی هەرێم هیچ زەرەرێکیان نەدەکرد. "دەسپێشخەرییەکی لەم جۆرەشیان هەبوو"، بەو پێیەی لە بەغدا پۆستی سەرۆککۆمار (دکتۆر فوئاد مەعسوم) یان لابوو، بە هەڵوەشاندنەوی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم کە پێشتر هەڵپەسێردرابوو هیچیان لە دەست نەدەدا.

بژاردەی چوارەم: هەڵپەسارنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم: ئەمەیان درێژەدان بوو بە هەمان ئەو بژاردەیەی کە پارتی لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی بارزانی، لە ٢٩ی ١٠ی ٢٠١٧ پەنای بۆ برد. لەمەدا دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم وەک خۆی "هەڵدەگیرێ" و دەسەڵاتەکانی سەرۆکیش هەر بە دابەشکراوی دەمێنێتەوە.

 

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك