ئامانجی توركیا له‌ دروستكردنی دیواری كۆنكرێتی به‌ ده‌وری عه‌فریندا چیه‌؟

ئامانجی توركیا له‌ دروستكردنی دیواری كۆنكرێتی به‌ ده‌وری عه‌فریندا چیه‌؟

269 خوێندراوەتەوە

 و.گۆران قادر

حكومه‌تی توركیا له‌ مانگی ڕابردووه‌وه‌ به‌ بێده‌نگی ده‌ستی كردووه‌ به‌ دروستكردنی دیوارێكی كۆنكرێتی به‌ ده‌وری شاری عه‌فریندا كه‌ له‌ مانگی ئازاری 2018 داگیرى كرد، دروستكردنی دیواره‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ زیادبوونی هێرشه‌كانی هێزه‌كانی ڕزگاری عه‌فرین،بۆیه‌ ئێستا ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كاره‌ی توركیا ته‌نها هه‌نگاوێكی ئه‌منی نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ عه‌فرین بلكێنێت به‌ خاكی توركیاوه‌ و ڕێگریش بكات له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زاران كورد كه‌ به‌هۆی داگیركردنی شاره‌كه‌یانه‌وه‌ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌.

 

 

،،

 جیفر ئۆغڵۆ: به‌دروستكردنی ئه‌و دیواره‌ كۆنكرێتییه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌، عه‌فرین له‌ڕووی جوگرافیی و كلتورییه‌وه‌ له‌سوریا داده‌بڕێت.

 

 

  له‌ باره‌ی دروستكردنی ئه‌و دیواره‌وه‌، مۆتڵۆ جیفیر ئۆغلۆ،كه‌ شیكارێكی كاروباری سوریا و كورده‌ ده‌ڵێت:" ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی تری توركیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌فرین بلكێنێت به‌ سنووره‌كانیه‌وه‌...،" له‌ ساڵی ڕابردووه‌وه‌ عه‌فرین له‌ ژێر كۆنترۆڵی توركیاو ئه‌و گروپه‌ سوریانه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا پاڵپشتیان ده‌كات... كاروباری مه‌ده‌نی شاره‌كه‌ له‌ پارێزگای هاتای توركیاوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

 جیفر ئۆغڵۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ دیواره‌كه‌ به‌ ته‌واوی عه‌فرین له‌ خاكی سوریا داده‌بڕێت، به‌ تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه‌ دراوسێی شاره‌كه‌ن وه‌ك ته‌ل ڕه‌فعه‌ت كه‌ نزیكه‌ی (100) سه‌د هه‌زار ئاواره‌ی كوردی عه‌فرینی تێدایه‌، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ ئاماژه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به‌هۆی ئه‌م دیواره‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ڕێگری بكه‌ن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ بۆ شاره‌كه‌ی خۆیان.

 

،،

توێژینه‌وه‌كان: ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و دیواره‌ جێگیر بكرێت، ده‌بێته‌ به‌ربه‌ستێكی هه‌میشه‌ی و هه‌رگیز توركیا ئاماده‌نابێت لای ببات.

 

 

 ده‌شڵێت:" خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ له‌ دڵه‌ ڕاوكێدان و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی تری توركیا بێت بۆ لكاندنی عه‌فرین به‌ خاكه‌كه‌یه‌وه‌...، ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ حكومه‌تی سوریا به‌ توندی وه‌ڵامی توركیا ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام تاكو ئێستا بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌. له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا ئۆغلۆ ده‌ڵێت: " سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن دروستكردنی دیواره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیادبوونی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر سوپای توركیا له‌و شاره‌دا، كه‌ هێزه‌كانی ڕزگاری عه‌فرین ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت له‌م دوایانه‌دا زیانی گه‌وره‌یان له‌ سوپای توركیا و میلیشیا توندڕه‌وه‌كان توركیا داوه‌.

 

 " هێزه‌كانی ڕزگاری عه‌فرین- لقی عه‌فرین كه‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل پێكی هێناوه‌، به‌رده‌وام هێزه‌كانی توركیا و میلیشیاكان له‌ شاره‌كانی عه‌فرین و ئه‌عزاز ده‌كه‌نه‌ ئامانج، كه‌ ئه‌م شارانه‌ به‌شێكن له‌ خاكی سوریاو توركیا له‌ ساڵانی 2016- 2017 له‌ ئۆپراسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتدا كۆنترۆڵی كردوون، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرشانه‌شدا سوپای توركیا به‌ بۆردومانكردنی شوێنی هێرشه‌كه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌ته‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌. هه‌ر له‌سه‌ر دروستكردنی دیواری توركیا به‌ ده‌وری عه‌فریندا، پڕۆفیسۆر جۆشوا لاندیس، سه‌رۆكی به‌شی توێژینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ زانكۆی ئه‌وكلاهوما ئاماژه‌ به‌ ئامانجه‌كانی توركیا ده‌كات و ده‌ڵێت:" دروستكردنی دیواری كۆنكرێتی به‌ ده‌وری عه‌فریندا بیری كاتی كۆنترۆڵ كردنی شاره‌كه‌مان ده‌خاته‌وه‌، بۆیه‌ بێگومان پێویسته‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و جیهان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ ئه‌وه‌ سنورێكی هه‌میشه‌یی ده‌بێت،چونكه‌ ئه‌نقه‌ره‌ جدیه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ هه‌میشه‌یی له‌ باكوری سوریا بمێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها دیواره‌كه‌ ئه‌منیه‌ت بۆ سوپای توركیا و گروپه‌ هاوكاره‌كانی دابین ده‌كات، كه‌ له‌م دوایانه‌دا هێزه‌كاین ڕزگای عه‌فرین هه‌وڵ ده‌دات شاری عه‌فرین بخاته‌وه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی كورده‌كان.

 جێگه‌ی باسه‌ تاكو ئێستا حكومه‌تی سوریا و ڕوسیا به‌ توندی ڕه‌خنه‌یان له‌م كاره‌ی توركیا نه‌گرتووه‌، هه‌ندێك ئاماژه‌ش هه‌یه‌ كه‌ به‌م كاره‌ی توركیا ڕازین. جیفری ئۆغڵۆ ده‌ڵێت:" بۆچونێك لای كورد و ڕۆژنامه‌نوسان و چالاكوانان هه‌یه‌، كه‌ ڕوسیا ده‌یه‌وێت تاكو كۆتایی هاتنی ڕێكه‌وتنامه‌ی سیسته‌می (ئێس 400)، ڕه‌زامه‌ندی توركیا به‌ده‌ستبهێنێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ مۆسكۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یویست له‌ پارێزگای ئیدلب به‌ ده‌ستی هێنا.

 

 

كاتی هێرشكردنی توركیا، بۆ سه‌ر عه‌فرین

 

 

 له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ ڕۆژی 29/4/2019 ئه‌نجامی دا، سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا ڕایگه‌یاند ئاگاداری هیچ پڕۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ نیه‌ كه‌ توركیا ئه‌نجامی بدات. وتیشی: بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستگۆ بم، هیچ شتێكم له‌سه‌ر دروستكردنی دیوار به‌ ده‌وری عه‌فریندا نه‌بیستووه‌، به‌ڵام فه‌رمانده‌كانی توركیا چه‌ندین جار جه‌ختیان كردۆته‌وه‌ كه‌ ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر له‌ خاكی سوریادا كاتیه‌.

  له‌لایه‌كی تره‌وه‌ فه‌یسه‌ڵ میقداد جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا دژایه‌تی دیمه‌شقی بۆ بوونی سوپای توركیا له‌ خاكی سوریادا ڕایگه‌یاند و وتی: دووباره‌ جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ بست به‌ بستی خاكی سوریا ڕزگار ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌ دروستكردنی دیواره‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه‌ نه‌كرد.

لاندیس ده‌شڵێت: تاكو ئێستا حكومه‌تی سوریا و ڕوسیا له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی توركیا بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌، چونكه‌ هه‌ردووكیان له‌ باكوری حه‌ما دژی ( هیئه‌ تحریر الشام) ئۆپراسیۆنێكیان ده‌ست پێكردووه‌، ئه‌و ناوچه‌یه‌ش له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی توركیادایه‌. ده‌شڵێت: قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ توركیا و ڕوسیا گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكه‌وتنێك كه‌، ڕوسیا ڕێگه‌ به‌ توركیا بدات شوێنی خۆی له‌ باكوری سوریا فراوان بكات، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌ویش ڕێگه‌ به‌ سوریا بدات كۆنتڕۆڵی زیاتری ناوچه‌كانی ئیدلب بكات. لاندیس به‌وه‌ كۆتایی به‌ قسه‌كانی دێنێت كه‌:" له‌وه‌یه‌ سوریا له‌ پارێزگای حه‌له‌ب له‌ باكوری وڵات به‌رگری له‌ كورده‌كان نه‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك تۆڵه‌ كردنه‌وه‌یه‌ك له‌ كورد وایه‌، كه‌ هه‌میشه‌ داوای مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن له‌ ڕۆژئاوای كوردستان.

 

ده‌ستپێكردنی دانانی به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كان، له‌لایه‌ن توركیاوه‌

 

 

 به‌ڵام غۆنی یه‌ڵدز له‌ په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێی وایه‌ كه‌، ئامانجی توركیا له‌ دروستكردنی دیواره‌كه‌ بۆ لایه‌نی ئه‌منیه‌، نه‌ك مانه‌وه‌ی بۆ هه‌میشه‌یی له‌ سوریا یان گۆڕینی دیمۆگرافیانی شاره‌كه‌. یه‌ڵدز ده‌شلێت:" پێم وایه‌ ئامانجی توركیا له‌ دروستكردنی دیواره‌كه‌ بۆ ڕێگری كردنه‌ له‌و هێرشانه‌ی كه‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و هێزه‌كانی ڕزگاری عه‌فرین دژی سوپای توركیا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، چونكه‌ له‌م هه‌فتانه‌ی دوایدا هێرشه‌كان زۆر زیادی كردووه‌، هه‌روه‌ها كورده‌كانیش ده‌ڵێن به‌ هاتنی وه‌رزی هاوین هێرشه‌كانیان چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌ یان لكاندین عه‌فرین به‌ توركیاوه‌ پێویستی به‌ دیواری كۆنكرێتی نیه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ عه‌فرین دواین شوێنه‌ كه‌ توركیا پاشه‌كشه‌ی لێده‌كات.

 

 له‌ كۆتایشدا ده‌ڵێت: ده‌رباره‌ی به‌رپرسانی توركیاش، ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕین له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی باب یان جه‌رابلوس یان ئه‌عزاز و كاركردن له‌گه‌ڵ ڕوسیا بۆ گێرانه‌وه‌ی ئیدلب بۆ ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تی سوریا گرنگتره‌ له‌ وازهێنان له‌ كۆنتڕۆڵ كردنی عه‌فرین، توركیا به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ ده‌یه‌وێت كورده‌كان به‌دوور بگرێت له‌ گه‌یشتنیان به‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك