شەڕ یا ئاشتی

شەڕ یا ئاشتی

229 خوێندراوەتەوە

 تەمەنم ٦٢ ساڵە، لەوەتەی هەم شەڕە. شەڕ وزەکان قوت دەدا، ماسولکەکانی مێشک گرژ دەکات، رێچکەکانی زاکیرە کوێر دەبنەوە، رابردوو دەبێتە مۆتەکە و ئایندەش دەبێتە وەهم. ئاوارەی زیاتر دروست دەبێ، خانووی خاپوور زۆرتر دەکا، پەیوەندییەکان دەقرتێن، نەوەکان لەیەک دەترازێن.

 

،،

نووسه‌ر: جه‌نگ ده‌بێته‌ هۆی لاوازی یاده‌وه‌ری.

 

 

 شەڕ درێژکراوەی سیاسەتە، بەڵام ئەمە سیاسەت نییە، بەڵکو گرێکوێرەی چین و توێژێکە دەیانەوێ دەست بەسەر جوگرافیای ناوەکی زەمیندا بگرن. ستراتیجییەتی زلهێزەکانە کە چەند سەدەیەکە بەڕێوەیە، لەو دەمەی کە شۆڕشی پیشەسازی سەریهەڵدا بۆ دۆزینەوەى بازار، لەم ئانەی کە جەمسەر و پۆلەکان چڵێسانە هەنگاو دەنێن بۆ داگیرکردنی دنیا. گرژیی و ناکۆکییەکان لە ئۆفیسی وڵاتە دەستڕۆیشتووەکان، بە ئەقڵێکی ساردوسڕەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، کەچی رەنگدانەوەکانی لەسەر زەمینی رۆژهەڵاتی ناوینە، شوێنی کۆنترین شارستانیی لە رابردوودا، شوێنی داوەشاوترین پاشماوەی شارستانیی لەسەر گۆی زەمین، دەکاتە مەیدانی خۆی. ئەمەریکا نمایندەی دنیای ئازاد دەکات لەم ململانییەدا کە روخسارە دیموکراسییخوازەکەی دەکەوێتە پاشکۆی ئەم هەڵمەتەوە، کەڵبە تیژەکانی لیبرالیسمێکی بێ جڵەوییش پیادەی دەکات.

 

 جارێکی دیکە کەشتییەکان ئۆقیانووسەکان دەبڕن و لەسەر پشتیان نوێترین چەک کە تەنها مایەی ماڵوێرانی زیاترن و چەکی نوێتر کە نمەکحەرامەکان دەیانەوێ لەسەر قەنەفەکانیان بە ئیسراحەت دانیشن و لە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانییەوە ببینن چۆن تیشکی لیزەر دەبێتە رێپیشاندەری ئەو سارۆخە داغبووانەی کە لە کارخانەکانی دنیای ئازاد دروست دەکرێن کە یەک دووانێکیان کێشەی ئابووری وڵاتێکی وەکو سۆماڵ یا مالی چارەسەر دەکات. شەڕ زاکیرە لاواز دەکات، ئەگەر بە تەواویی کوێری نەکاتەوە.

 

،،

د. ئه‌حمه‌د مه‌لا: هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له‌ناوچه‌كه‌ماندا، هیچ خێرێكی بۆ كورد تێدا نییه‌.

 

 ئەم جبەخانە دۆزەخییەی کە ئەمەریکا ئامادەی کردووە بۆ لە ناودانی ئاخوندەکانی ئێران، کەچی لە ناوەڕۆک و ناواخندا تەنها شەڕێکی ئابوورییە، لەمەش زیاتر هیچی دیکە قبوڵ ناکا، شەڕێکە بە بێ پەیام وەک هەموو شەڕەکانی دیکە. کوێ وێران دەبێ؟ مرۆڤی لای ئێمە وێران دەبن.

 

 ئەوەی سبەینێ دێتەوە سەر حوکم لەوانەی ئێستا باشتر نابن، چونکە جەنگ هیچی بەسەر هیچەوە نەهێشتووە تاکو مرۆڤی روونبین، سیاسەتمەداری ئاقڵمەند، حاکمەڕەوای ئاییندەبین بێنە سەر حوکم. نموونەکانی لای خۆمان بەڵگەی تەواون. چڵێسەکان دێنەوە سەر حوکم، قاتوریباتی بێ عەمامە، بەڵام هەمان یاریی، هەمان گەمە دووبارە دەبێتەوە، چونکە لە هیچ شوێنێک شتێکی دیکە نە نووسراوە، نە دەخوێندرێتەوە.

 

 هیچ سنوورێک لە نێوان وڵاتانی ئێمەدا نییە. ئەوەی وا بیر دەکاتەوە کە لەم شەڕانە کورد دەیباتەوە و کورد دەباتە دۆخی سەقامگیریی و بەدەستهێنانی دەسکەوتی سیاسیی و سەرهەڵدانی زەمینە بۆ ماف و یاسا، زۆر بەهەڵەدا چووە، لە ناو منداڵدان و رەحمی شەڕەکاندا لە پاشاگەردانیی زیاتر هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە. لە شەڕەکاندا هەمیشە لاوازەکان دەسووتێن، هەمیشە ئەڵقە تەنکەکان دەتوێنەوە، ئێمەش لە بەرەی لاوازین و ئەو ئەڵقانە پێکدەهێنین کە ناسکترین رەشەبا دەیانپچڕێنێ. نە ئاشتی لە دوای ئەم شەڕانەوە دروست دەبێ، نە سەقامگیریی زیاتر، نە خۆری کوردیش گەشاوەتر دەبێ.

 

 

 

 

 ئەگەر بێت و جەنگە کۆلۆنیالەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای بیست خاوەن پەیامێکی رۆشنگەریی و مۆژدەی شارستانییەتێکی نوێی لە هەگبەدا بوو، ئەوە جەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم بێ پەیامە، بێ موژدەیە، بێ ویژدانە ؛ تەنها لە پێناو دەستبەسەرداگرتنی جیهان و هەژموونخوازییەکی خۆڕاییە. چونکە رۆژئاوا بێ پەیامە، خۆشمان کاوێژی گوتاری تۆزلێنیشتووی چاخەکان دەکەین و رابردوویەکی مردوو دووپات دەکەینەوە، بە بێ ئەوەی بزانین، بە دوای شەمەنەفەرێکەوەین کە هێڵە ئاسنینەکانی دیار نین.

 ئێمە نە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە جەنگەکان راگرین، نە هەڵیانگیرسێنین، بەڵام با لە ناخەوە دڵمان بەم جەنگانە خۆش نەبێ، چونکە توێژێ گرێکوێرەی دیکە لەسەر رۆحە ماندووەکانماندا دادەنێ.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك