سوود و زیانەکانی بەڕۆژوو بوون

سوود و زیانەکانی بەڕۆژوو بوون

396 خوێندراوەتەوە

د. سه‌روه‌ر سالار چوچانی

رۆژوو جگە لە لایەنە رۆحییەکەى کە بەشێک لە موسوڵمانان بە گرتنى ئاسوودە دەبن (بەشێکیشیان نائاسوودە و تووڕە)، لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە سوود و زیانیشى هەیە.

 

لایەنە باشەکانى رۆژووگرتن

- دوای 8 کاژێر لە نەخواردن، جەستە دەچێتە باری برسیبوونەوە لە باری برسیبووندا ئیدی جەستە لە ریخۆڵەدا خۆراکی پێویستی نەماوە هەڵیبمژێ.

نەمانی خۆراک لە ریخۆڵە، هانی جەستە دەدات سوود لە شەکری هەڵگیراوی نێو جگەر و ماسولکەکان وەربگرێ و دوای کەمبوونەوەی شەکری هەڵگیراو، جەستە پەنا بۆ چەوریی هەڵگیراو دەبات و دەیانسووتێنێ وەک سەرچاوەیەک بۆ وزە، ئەوەش گرنگە بۆ دابەزاندنی کێش.

 

 

 

 

،،

ڕۆژوو ده‌بێته‌ هۆی سوتاندنی شه‌كره‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی جه‌سته‌، كه‌له‌ماوه‌ی ڕابردودا له‌ئه‌نجامی زۆر خواردن دروست بووه‌.

 

 

 

- ئەو کاتانەی رۆژوو زۆر دەخایەنێت و بە تایبەت کە چەند رۆژێک دەخایەنێ، جەستە بیر لە تێکشکاندنی ماسولکەکان و وەرگرتنی پرۆتینەکەیان دەکاتەوە وەک سەرچاوەیەکی وزە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە رۆژووی رەمەزان کەمتر لە رۆژێک دەخایێنێ و پێناچێ ئەو مەترسییە دروستبکات.

 

-رۆژووی رەمەزان وا دەکات جەستە ئەو خۆراکانە بەکاربهێنێت کە دەمێکە لە شێوەی شەکر و چەوریدا لە جگەر و ژێر پێستدا هەڵیگرتوون. هەروەها چەندین ماددەی زیانبەخشیش لەکاتی بەڕۆژووبووندا دەکرێنە سەرچاوەی وزە و ئەگەری مانەوەیان لە شانەکانی جەستەدا کەمدەکات.

 

- رۆژوو دەروون ئارام دەکاتەوە، لایەنی رۆحی بەسەر لایەنی جەستەییدا زاڵ دەبێت و زیاتر لە جاران خێزانەکان لەسەر سفرە کۆدەبنەوە، ئەوە جگە لە چەندین کەشی کۆمەڵایەتی دیکە.

 

 

 

،،

  ڕۆژوو، ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی كێش.

 

 

  - توێژینەوەکان دەریانخستووە رۆژوو ئەگەر تەندروستانە بگیرێت، ئاستی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن رێکدەخات.

رۆژوو بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵوودەبوون گرنگە. جگەرەنەکێشان بۆ ماوەی 16 کاژێری بەڕۆژووبوون، رێگاکەت بۆ کورت دەکاتەوە کە لە 8 کاژێرەکەی دیکەش بەسەر حەزی کێشانی جگەرەدا زاڵ ببیت.

 

هەلێکی زێڕینە بۆ رێکخستنی کێش: بۆ ئەوەی کێش داببەزێت، دەبێت بەشێوازێکی تەندروستانە و لەسەر رێنماییە زانستیەکان رۆژوو بگریت، توێژینەوەکان دەڵێن 50-60%ی ئەوانەی بەڕۆژوون، هیچ گۆڕانکارییەک لە کێشیاندا روونادات، چونکە پابەندی رێنماییەکانی پزیشکان نابن سەبارەت بە رۆژووی دروست. لایەنە خراپەکانى رۆژووگرتن

 

1- دڵەکزێ: لەکاتی رۆژووگرتندا، بەهۆی نەخواردنی خۆراکەوە ترشی ناو گەدە دادەبەزێت، چونکە ئەرکی ئەو ترشییە هەرسکردنی خۆراکە، بەڵام کاتێک کەسی بەڕۆژوو بۆنی خواردنێک دەکات، مێشک پەیام بۆ گەدە دەنێرێت بۆ ئەوەی ترشی دەربدات. ئەمەش ئازاری گەدە (دڵەکزێ) دروست دەکات. بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمە، ئەو حەبانەی پێش رەمەزان بۆ دڵەکزێ بەکارتان دەهێنان، لە پارشێوان و کاتی بەربانگدا بەکاریبهێنە. هەروەها پارشێوان دووربکەونەوە لە زۆرخۆری و خواردنی چەور و سوورەوەکراو و پڕ بەهارات.

 

2- لەدەستچوونی کۆنترۆڵی شەکرە: ئەو کەسانەی بەردەوام دەرزیی ئینسۆلین بەکاردێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرەکەیان، باشترە رۆژوو نەگرن. ئەوانەش کە بە حەب کۆنترۆڵیان کردووە، دەبێت بە وردی لەسەر رێنمایی پزیشکەکەیان بڕۆن لەکاتی بەڕۆژووبووندا. مەترسیی گەورەی شەکرە لەکاتی رۆژوودا بریتییە لە دابەزینی کە دەبێتە هۆی گێژبوون و بوورانەوە و تەنانەت مردنیش، ئەگەر زوو چارە نەکرێت.

 

3- سەرئێشە: کەمبوونەوەی شلەی لەش، برسێتی، پشوونەدان و نەمانی ماددە ئاڵوودەکەرەکانی وەک نیکۆتین و کافاین. بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرئێشەی رەمەزان، پارشێو ژەمێکی باڵانس بخۆ و بڕی پێویستی شلەمەنی بخۆرەوە. لە رۆژیشدا خۆت دوور بگرە لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر، چاویلکەی دژەخۆر بەکاربهێنە.

 

4- وشکبوونەوە: کاتێک بەڕۆژوویت، جەستەت بەردەوام شلە و خوێیەکان لەدەستدەدات بێ ئەوەی وەریانبگرێتەوە، ئەویش لەڕێگای میزکردن و ئارەقەکردنەوە و هەناسەدانەوە. ئەمە بۆ کەسانی بەتەمەن سەختترە، هەروەها ئەوانەش کە دەرمانی میز پێکەر بەکاردێنن. گێژبوونی زۆر و بوورانەوە بەهۆی وشکبوونەوەوە مەترسیدارە و دەبێت خێرا ئەو شلەمەنییانە بخۆیتەوە کە ئاو و شەکر و خوێیەکانیان تێدایە وەکوو جۆرە جیاوازەکانی شەربەت. کاتێک کەسێک بەهۆی وشکبوونەوەوە دەبوورێتەوە، دەبێت قاچەکانی بەرز بکرێنەوە تا بەهۆش دێتەوە و خێرا شلەمەنی پێبدرێت.

 

5- قەبزی: بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمە، لەماوەی رۆژوو شکاندندا بڕێکی باشی شلەمەنی و سەوزە و میوە و پاقلەمەنی بەکاربهێنە.

 

6- گوشاری دەروونی: بەهۆی برسێتی و تینوێتی و تێکچوونی ریتمی خەو و ماندووبوونەوە دروست دەبێت. لە شێوەی تووڕەیی و نائارامیی خۆی دەنوێنێ. دەکرێ بەشداری بەکۆمەڵی مەراسیمە رۆحی و ئیمانییەکان و سازدانی بەربانگی جیاواز بۆ ئەندامانی خێزانێک یان زیاتر بکرێتە رێگەیەکی کارا بۆ ئارامکردنەوەی دەروون و رەواندنەوەی گوشارەکان.

 

7- قەڵەوبوون: خواردنی ژەمی قورس و بڕی زۆر، وادەکات ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکیی لە رەمەزاندا نەک کێشیان کەم نەکات، بەڵکو زیادیش بکات. بۆیە دەبێت ئەو کەسەی بەڕۆژووە کوالیتی دوو ژەمەکەی (پارشێو و بەربانگ) باش بکات بە خواردنی خۆراکی پڕ پرۆتین و ڤیتامین و شلەمەنی، نەک بڕێکی زۆری چەوریی زیانبەخش و شیرینیی دەستکرد بخوات.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك